دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان، سایکۆلۆژیای رێزگرتن یا رێزنەگرتن لە منداڵە چاوگەشەکانمان، چ کاریگەری و رەنگدانەوەیەکیئەرێنی و نەرێنیان لە ژیانی ئەمڕۆ و ئایندەی منداڵان لێدەکەوێتەوە ؟
منداڵ مرۆڤێکی بچووکە، خاوەنی هەست و نەستێکیناسک و پاک و بێگەردە ..ئەوەی کە لەسەر زمانیدایە هەر ئەوەیە کە لە دڵیدایە .. هەست بە خۆشییەکان و بە ناخۆشییەکان دەکات .. هەست بە باشەکان و بە خراپەکان دەکات .. هەست رێزگرتنەکان و بە بێڕێزییەکانیش دەکات .. تەنانەت هەست بە زەردەخەنە رووکەشییەکان و، بە زەردەخەنە خۆشەویستییە ناخییەکانیش دەکات .
لە ئەمڕۆدا، پەروەردەکردنی راست و دروستی منداڵان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە هەست و نەست و لە خواست و هیوا و خەونەکانی منداڵان بنیات دەنرێت .. تا زیاتر و زیاتر رێز و خۆشەویستی ببنە یاسای خێزان .. تەبایی و ئاسوودەیی و بەختەوەری و شادی دەبنە ناسنامەی خێزان، تا دایکان و باوکان و مامۆستاکانیش لە رێزگرتندا نموونە و پێشەنگبن بۆ منداڵەکانیان و،بۆ قوتابییەکانیان .. زیاتر سەرکەوتوودەبن لە پەروەردەکردن و، لە پێگەیاندنی منداڵانی ژیر و زرنگ و بڕوابەخۆ .. زیاتریش گەشبین دەبن لەهێنانەدی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتربو کورد و کوردستان.. رێزگرتن هۆکارێکی گرنگیشە بۆ پێگەیاندنی تاکی بەسوود و خێردەرەوەی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و تەبا .. فاکتەرێکیشە بۆ داهێنان و گۆڕان و، گەڕان بە دوای نوێخوازیدا.
زانایانی پەروەردە و پزیشکانی دەروونناسی منداڵان، کۆدەنگن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان لە ناخی دڵیانەوە، رێز لە را وراز و بۆچوونەکانی منداڵان بگرن، لەو کار و بڕیارانەش کە پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی ئەمڕۆ و داهاتوویانەوە هەیە، ، لە ناوەندی بڕیاریدا، رەنگ و دەنگیان فەرامۆش نەکەن، پێویستە کە بەشداربن و، را و بۆچوون وهیوا و خواستەکانیان بە هەند وەربگرن .. ئەم مافەش لە ( جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ ) دا ئاماژەیان پێکردووە .
لە ئەمڕۆدا، کە سەردەمی شۆڕش و پێشبڕکی داهێنان و تەکنۆلۆژیای تازەیە .. کە رۆژانە بە دەیان داهێنانی بابەتهەمەجۆرەی تازەی سەیر و سەمەرە دێنەکایەوە .. پشکی منداڵانیش لەم داهێنانانەدا کەم نین .. پەروەردەکردن و پێگەیاندن و ئاراستەکردنی دروستی منداڵانی چاوکراوەی فرەخواست و فرەزان، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان و بێ ئەرک نییە .. زۆر لە سەردەمەکانی رابردوو گرانتر و بە ئەرکترەو، پێویستییان بە بەڵەدی هەیە .. خوێندنەوەی تیۆرە پەروەردەییەکان زۆر ئاسانە .. بەڵام پراکتیزەکردنیان هێندە ئاسان نین .. بۆ جێبەجێکردنیان پێویستییان بە پلادانانو،بە شارەزایی و وردبینی و دووربینی و وریایی هەیە .. پێویستییان بە دەمارخاوی و بە پشوودرێژی هەیە .. ئەوەش راستە کە منداڵەکانمان خۆشەویستن و شیرینن و لەبەر دڵانن .. بەڵام هەردەم پەروەردەی دروست لەپێشتر و شیرینترە .. لەم پێودانگەوە، پێویستە کە دایکان و باوکان و مامۆستاکان بەڵکو تەنانەت نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانیش ئەو بزانن کە چ ئەرکێکی پیرۆز و هەستیاریان لە ئەستۆدایە .
زانایانی پەروەردە، رەوشت و رەفتارەکانی هەموو تاکێکی مرۆڤ، شێوازەکانی هەڵسوکەوتکردن و رەفتارەکانیان لەگەڵ خەڵکیدا، بە پوخت و بە کاکڵەی کارتێکردن و رەنگدانەوەی شێوازەکانی ئەو ئەو پەروەردەکردنە دەزانن، کە لە تافی مندالییاندا، لە لایەن دایکان وباوکانیان لە نێو خێزاندا، یا لە لایەن مامۆستاکانیانەوە لە قوتابخانەدا، لە سەریان راهێنراوان و، دەقیان پێوەگرتوون .. کەواتە هەر رەفتارێکی باش و پەسەند، یا بەد و خراپ، دەگەڕێنەوە بۆ شێوازی ئەو پەروەردە کردنە و، ئەورەفتارانەی کە لە دایکان و باوکانیانەوە، لە رۆژگارەکانی منداڵییاندا فێریان کردوون، یاچاویان لێکردوون ..بە کورتی دۆخی دەروونی و رەوشتی و رەفتاری و هەڵسوکەوتی خەڵکی لە هەموو سەردەمێکادا، بەری ئەو تۆوانەن کە لە رۆژانی ژیانی منداڵییاندا، لە هۆشیاندا تۆویان کردوون . کورد وتەنیش : " چـی بچـێنین .. ئـەوە دەدوورینـەوە "
رێزگرتن لە منداڵان، لە لایەن دایکان و باوکانیانەوە، ئەوەش ناگەیەنێت، کە ملکەچی هەموو داوا و پەڵپ و وڕکگرتنێکی منداڵەکانیان ببن .. پێویستە لە سنووری توانایاندا خواستەکانیان دابین بکەن .. بە شێوازێکی هێمنانە و ژیرانە قەناعەت بە منداڵەکانیان بکەن .. زیادەڕۆییش لە خۆشەویستی و سۆز و نازپێدان و جێبەجێکردنی هەر داوایەکی منداڵ .. یا چاوپۆشین لە لە رەفتارە نابەجێیەکانیان، لەپاڵ سوودەکانیاندا، زیانیشیان بە دواوە دێن .. زۆر شیرین و زۆر تاڵ هەردووکیان زیانبەخشن .. بۆیە پێویستە هاوسەنگییەک دروستبکەن و، مامناوەندی بن لە رەفتارەکانتان لەگەڵ منداڵەکانتاندا .
بە کورتی پێویستە دایکان و باوکان، لە سەرتاوە بە شیوازێکی دروست و پەسەند رێز لە کەسێتی منداڵەکانیان بگرن .. لە ئەمڕۆدا رێزگرتن بووە بە بابەتێکی لێکۆڵینەوەی پەروەردەیی و بە سەدان لە زانایانی پسپۆری پەروەردە و، دەرووناسانی منداڵانو، پزیشکانی دەروونی منداڵان، پێوەی سەرقاڵن .. تا ئێستا چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پراکتیکی و مەیدانیان لەسەر کارتێکردن و رەنگدانەوەی رێزگرتن یا رێزنەگرتن لە منداڵان ئەنجامدراون، هەر هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە رێزگرتن پێداویستییەکی گرنگی دەروونی منداڵانە و، نابێت پشتگوێ بخرێت .