پارتی دەیەوێت بە سوڵحی عەشایەری دۆسیەی وەدات دابخ

Sunday, 02/10/2016, 17:14

4026 بینراوە


نزیکەی دوو مانگ بەسەر تیرۆری ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن دا تێپەڕدەبێت و تا ئێستا هیچ کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیرنەکراوە، برایەکیشی دەڵێت پارتی هەوڵی سوڵحی عەشایەری دەدات.

دوای نزیکەی دوو مانگ لە تیرۆرکردنی پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە شاری دهۆک وەدات حسێن، لە ئێستادا لە ڕێگەی ناڕاستەوخۆوە پارتی هەوڵ دەدات بە سوڵحی عەشایەری کەیسەکە دابخات، برایەکیشی دەڵێت، ئێمە هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەین، چونکە وەدات لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی تیرۆر نەکراوە.
لەو بارەیەوە سەمەد حسێنی برای وەدات بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"ڕاستە و هەوڵێک هەیە لە لایەن پارتیەوە بۆ ئەوەی بە سوڵحی عەشایەری کەیسی وەدات یەکلابکرێتەوە، بەڵام ئەوە لای ئێمە مایەی قبوڵ نییە و هەرگیز بەوە رازی نابین".
وتیشی:"پارتی خۆی حزبێکی عەشایەرە، بۆیە دەیەوێت کەیسی وەدات بە عەشایەری یەکلابکاتەوە، لە کاتێکدا وەدات لەسەر کێشەی عەشایەری نەکوژراوە، بەڵکو ئەو وەک ڕۆژنامەنووسێک و لەسەر بیروڕای ئازاد بەدڕاندەترین شێوە تیرۆرکراوە.
ئەو برایەی وەدات ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی دەیەوێت کێشەکە بچوک بکاتەوە، لە کاتێکدا جگە لە ناوخۆی دهۆک و کوردستان، دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیهانی هەبوو، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەو حزبەدا نەبووە.
دەربارەی هەوڵەکان بۆ سوڵحی عەشایەری سەمەد ڕونیکردەوە:"کەسوکاری ئێمە هەمووی پارتین، یان نزیکی پارتین، لە ڕێگەی چەند کەسێکی دۆستمانەوە پارتی ناڕاستەوخۆ ئەو هەوڵە دەدات، بەڵام وەک پێشتریش وتوومانە ئێمە لە خوێنی وەدات خۆشنابین و داوای بە سزا گەیاندنی تاوانباران دەکەین بەپێی یاسایەکی دادپەروەرانە".
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر تارق حسێن براگەوەرەی وەدات بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندبوو:"ئێمە وەک بنەماڵەی وەدات تەنها شکمان لە پارتیە، چونکە دەسەڵاتی یەکەمن لە سنورەکەدا، و بیانەوێت بە ئاسانی بکوژان دەدۆزنەوە".
13ی ئاب رۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوز وەدات حسێن، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لە گەڕەکی ماڵتای دهۆک ڕفێندراو لەژێر ئەشکەنجەیەکی زۆردا تیرۆرکرا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە