مامۆستا جەبار،وەک رۆماننووسێکی خاوەن ئەزموون، لێرەشدا جارێکی دیکە لە قاڵبی هونەرێکی بەرز و تەکنیکی سەرکەوتووانەدا،بەدەست پێک و کۆتاییەکی کاریگەر دێتە مەیدانەوە و پەردە لەدوای پەردەی باسەکان دروست پێکەوە تەقەڵ تێهەڵدەدات.
ئاسمان دەروخێ، زەوی شەق دەبات، ئەستێرەکان تار دەبن و رۆژ رووی خۆی دادەپۆشێ و مرۆڤەکان کەڕ و لاڵ و نا بینا دەبن،رۆژی حەشر بەرپا دەبێت...کەچی لەم رۆژگارە پڕ لە کوێرەوەرییەدا، نووسەرێکی بە سەلیقە و هیوابەخش و باوەڕ پتەو، بە ژیان و مرۆڤ و خۆشگوزەرانی، دێ و نایەڵێ چۆک دابدەین و نائومێد بین و زۆر جەربەزانە، بە قەڵەمەکەی دەستی دەکەوێتە راستکردنەوەی ئاسمان و پێکەوە بەستنەوەی زەوی و ئاشتکردنەوەی ئەستێرەکان و راماڵینی تەمی بەردەم خۆر و هەڵچنینەوە و خولقاندنی مرۆڤ وەک بوونەوەر بە (گوێ و چاو و دەم)ێکی دروست و تەواوەوە،تاوەکو هەموو پێکڕا هاوشانی لەشەقەی باڵدانی کۆترە رزگاربووەکەی دەستی، تاوان و نامرۆڤایەتی،دەست لە ملی ژیانێکی ئازاد و هەڵهاتنی ئاسۆیەکی نوێ و ئاییندەیەکی تژی لە بەختەوەریی و خۆشەویستی ببینەوە.
شایانی ئاماژە پێدانە، ئەم بەرهەمە هونەرییە نازدارە،دوای ئەو سەرکەوتنە،گەورەیەی لە نێوخۆی کوردستاندا بەدەستیهێنا،وا بڕیارە،دەزگای ئەندێشە خۆی، وەریبگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی. دڵنیام،لە نێوەندە جیهانییەکاندا، پێشوازییەکی بێ وێنەی لێدەکرێت و دەبێتە مایەی شانازی کتێبخانە و ئەدەبی کوردی هەتیو و ژیکەڵە... ئاخر ئەم باس و رووداو و چارەنووس و دیاردە ترسناک و مەترسی و هەڕەشەیەی کەرەسەی ئەم رۆمانەن، گرێدراون بە ژیانی رۆژانەی هەمووان و لەم سەردەمەشدا بوونەتە باس و خواست و خەمی سەرتاسەری دنیا..
هاوسات،وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە بۆ زمانە زیندووەکانی تری دنیا،ئەڵمانی و فەرەنسی و رووسی ...هتد،ئەرکێکی پیرۆز و خزمەتێکی بێ هەژمارە..تکا لە نووسەرە زمانزانەکان دەکەم،ئاوڕی بە پەرۆش لەم بوارە بدەنەوە،چونکە سەنگ و پێگە و بایەخی رۆمان،لە دنیادا،هێشتا هەر لە برەودایە.. ئەم رۆمانەش پەیامێکی بە پێزی روون و بێگەردیی کوردییە.
قەڵەمەکەی مامۆستا جەباریش، بە بیری وورد و چاوی زیت و مرەکەبی خەستەوە، لە نێزیکەوە و لە جەرگەی رووداوەکانەوە، چاودێر و خەمخۆر و هیوابەخشێکی هەڵکەوتووی،تێکڕای باسەکانە...