لە سێبەری شاخ، زنجیرەی ٤٩،٤٨

Friday, 07/10/2016, 5:55

20181 بینراوە


ناوچەی ئازادیکراو بۆ سەرکردەکان! جێگە حەوانەوەی دڵڕفێن، ژیانی تێروپڕ و بوونی پاسەوان، گیرفان پڕ لە دۆلار، پێگەی کۆمەڵایەتی و خۆ بادان. بۆ خوارەوە! نەهامەتی، شەڕ و پێکدادان، نادادوەری، کوشتنی بە ناهەق و تاوان ئەنجامدان! 
لە سێبەری شاخ و ناوچە ئازادیکراوەکاندا چی دەگوزەرا!؟
گواستنەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لە سەر سنوورەکان بۆ نزیک شارەکانی باشوور کوردستان  لە بەهاری ساڵی ١٩٨٢دا هەنگاوێکی گرنگ بوو لە نزیک بوونەوەی سەرکردایەتی  شۆڕشی تازە  لە هێزی پێشمەرگەی هەموو ناوچەکانی کەرکوک، سلێمانی و هەولێر، شارەکان، رێکخستنە نهێنیەکانی ناوەوە، جەماوەر، ئاسان بوونی پەیوەندی نێوان هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سەرکردایەتی، پەیوەندی نێوان شاخ و شار. 
سەرکردایەتی یەکێتی، ئەو ناوچانەی کە تیایدا نیشتەجێ بوو، ناوی نابوون ناوچە ئازاد کراوەکان! لەو ناوچانەدا دەسەڵاتدار بوو حوکمی دەکرد، گومرگی سەر سنوورەکانی وەردەگرت. زیندان، دادوەر و دادگای دامەزراند بوو.  سەرکردایەتی یەکێتی خوازی بوو لە خەڵک بگەیەنێت کە ئەو خاوەن هێزێکی قەبەیە و توانیویەتی ناوچەی ئازادی کراوی هەبێت. لە ڕاستیدا ئەو ناوچانە لە لایەن حکومەتی بەغداد ئەو کات زۆر گرنگی پێنەدەدرا، بەهۆی سەرقاڵ بوونی سەدام بە شەری عیراق و ئێران، لە کۆتای ساڵی ١٩٨٢وە ئەو ناوچانە تا سەر سنووری ئێران چۆڵ کرابوون، تەنیا رەبیەی سوپای عیراقی لەسەر چەند بەرزایەک دانرابوو، بنکەیەکی سوپای عیراقی لە کارێزە هەبوو جارە جارە تۆپبارانی دەکردین. ئەو ناوچانە زیاتر لە ژێر مەترسی  جاش دا بوون کە پێکهاتبوون لە چەکداری کوردی خۆفرۆشی سەر بە رژێمی بەغداد کە ژمارەیان ٣٥٠ هەزار جاش بوو. پێشمەرگەی خوارەوەی یەکێتی ئەو کات شەڕی پڕ لە قارەمانانەی پارتیزانییان دەکرد، هەر کە لە شوێنێک شەڕیان دەکرد توانای پاراستنی ناوچەکەیان نەبوو، توانای شەڕی گەورەی رووبەرووی سوپای عیراقیان نەبوو،  ئەگەر توشی شەڕی لەو جۆرەدا بوونایە ئەوە بێ گومان بەردەوامی سەرکەوتن تەنیا بۆ چەند رۆژێک بوو نەک پاراستنی ناوچەکان بە مانگان و بە ساڵان.

بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە بۆ کوشتنی رەزاق وەهاب ناسراو بە "وریا"، ئەندامی لیژنەی ئیختیالاتی کۆمەڵە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە نێو شاری سلێمانی
دوای شەهید کردنی "عەلی عەسکەری" و هاورێکانی، سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە بڕیاریاندا لە تۆڵەی ئەوەدا هەوڵبدەن ئەندام و لایەنگرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو شارەکاندا تیڕۆڕ بکەن. لە دوای قوڵبونەوەی ناکۆییکانی نێوان سەرکردایەتی ینک، حشح، حسک و پاسۆک لە ساڵانی نێوان ١٩٨١-١٩٨٣ دا بە تایبەتی پێش شەڕی قرناقە و پشتئاشان سەرکردایەتی یەکێتی هەوڵیدا ئەو بڕیارە فرەوان بکات و دەست لە ئەندام و لایەنگری پارتەکانی تریش بووەشێنێت لە نێو شارانی باشووری وڵات.
نزیک کەوتنەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لە ناوچەکانی شاری سلێمانی، هۆکاری ئەوە بوو کە خەڵکی سلێمانی دەنگیان بگات بە سەرکردایەتی و ناڕەزایی خۆیان دەرببرن بەرامبەر بە هەندێک کەس کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان تیرۆرکرابوون بە ئەمری سەرکردایەتی ناوەوەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە شاری سلێمانی لە ساڵانی نێوان دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێدا تا ساڵی ١٩٨٣.  گلەی خەڵک لەوەدا نەبوو کە پێشمەرگە دەست لە سیخور، جاش و خۆفرۆش، سوپای عیراقی و دامودەزگا ئەمنییەکانی سەدام  بوەشێنێت. گلەیەکە لەوەدا بوو لە نێو ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە تیرۆر کرا بوون ئەندام و لایەنگری پارتە کوردییەکانی تری باشووری تیدا بوو،  کە ئەو کات هەموویان سەنگەریان دژ بە سەدام گرتبوو، خەڵک خوێندنەوەی بۆ ئەو جۆرە تیرۆر کردنانە ئەوە بوو کە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە بەشێکە لە براکوژی و دوورە لە هەموو خورەوشتێک کە پارتە کوردییەکان لە نیو شارەکاندا لە ژێر رەحمەتی سەدام دا دژ بە لایەنگر و ئەندامی یەکتر ئەنجامیان دەدا.
کوشتنی ئەندام و لایەنگری پارتە کوردییەکان لە ژێر دەسەڵاتی سەدام دا کارێکی ئاسان تر بوو لە دەستوەشاندن لە دامودەزگا حوکمیی، ئەمنی، ئیستخبارات، سیخور و سەڕۆکجاش. ئەوانەی سەر بە رژێمی بەعس بوون خاوەن پارە، چەک و پاسەوان بوون دەیانتوانی پارێزگاری لە خۆیان بکەن، بەڵام ئەندام و لایەنگری هەر پارتێکی کوردی (حشع، پاسۆک، ینک، حسک، کۆمەڵەی رەنجدەران، پدک) لە نێو شاراندا چەکدار نەبوون، خاوەن پارە، پاسەوان نەبوون، سەڕەڕای ئەوەش حکومەتی بەعس گرنگی نەدەدا بە گەڕان بە دوای ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە تاوانانە، وە پێی خۆش بوو لە نێو شاراندا ئەو کەسانەی کە لە سەنگەردان دژ بە خۆی بکەونە قڕ کردنی یەکتر. 
سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە بە تایبەتی تاڵەبانی بۆیان دەرکەوت کە ئەنجامدانی کوشتنی ئەو کۆمەڵە کەسە بە خراپ کەوتۆتەوە لە نێو جەماوەر کاردانەوەی خراپی هەبووە لەسەر ناوبانگی ینک. لە ئەنجامدا سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە وەڵامیان بۆ خەڵک ئەوە بوو کە گوایە ئەوان نە لە نزیک نە لە دوور ئاگاداری کوشتنی ئەو کەسانە نین و کوشتنیان پەیوەندیدار نییە بە سەرکردایەتی  یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران.
سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی بۆ ئەوەی خۆیان دەرباز بکەن لە هەڵگرتنی لێپرسراوەیی کوشتنی ئەو کۆمەڵە خەڵکە کە هەندێکیان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی عیراقی، حزبی سۆشیالیستی کوردستان و هەندێک لە سیخور و ئەوانەی سەر بە بەعس بوون. تاڵەبانی و سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەران هەوڵیاندا بە رێگەی رێکخستنی ناو شاری سلێمانی داوای ئەو نامانە بکەن کە بۆ لیژنەی ئیختیالاتی نێو شاری سلێمانی ناردرا بوون کە مۆڕی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی  لەسەر بوو بۆ ئەنجامدانی کوشتنی ئەو کۆمەڵە خەڵکە.
لیژنەی ئیختیالاتی شاری سلێمانی، بەو داواکاریە نیگەران بوون،  ڕازی نەبوون ئەو نامانە ڕادەستی سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە بکەن، لەو نێوەدا کێشە دروست بوو. لیژنەی ئیختیالاتی شاری سلێمانی لە یاریەکە گەیشتن کە سەرکردایەتی یەکێتی دەیەوێت نامەکان وەربگرێت، خۆی لە لێپرسراوەیی کوشتنی کۆمەڵە کەسێک رزگار بکات، دواتریش بە نهێنی تیڕۆریان بکەن. 
یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی ئیختیالاتی شاری سلێمانی کوڕێک بوو بە ناوی "رەزاق"ی وەستا وەهاب ناسراو بە "وریا"، لە دایک بووی ساڵی ١٩٥٧ی شاری سلێمانی، ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران، خێزاندار، خاوەن منداڵێکی کچ، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٣دا پەنای بۆ سێبەری شاخ هێنا لە گوندەکانی دۆڵی جافەتی و مێرگەپان نیشتەجێ بوو، لە بەرواری ١١/٩/١٩٨٣دا بە دەستی جەبار فەرمان لە ژێرخانی ماڵی جەبار فەرمان لە گوندی "هەڵەدن"ی دۆڵی جافەتی سەر بە پارێزگای شاری سلێمانی دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا. 
لە دوای ئاشکرا بوونی مەسەلەی ئیختیالاتی نێو شاری سلێمانی و بوونی بە مەوزوع لە نێو خەلکدا، وریا رووی لە شاخ کرد، لە  مێرگەپان و دۆڵی جافەتی نیشتەجێبوو و لەو ناوە زۆر دەبیندرا، بەڵام نەبوو بە پێشمەرگە. وریا بە ئاشکرا، بە دەنگی بەرز پێداگری کرد لە نەدانەوەی نامەکان و بە سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەرانی گوتبوو " ئەگەر من ئەو نامانە ڕادەستی ئێوە بکەم، کوشتنی ئەو خەڵکانە دەکەوێتە ئەستۆی من، ئەو چالاکییانەی کە لە نێو شار ئەنجامدراون لە لایەن لیژنەی ئیختیالاتی شاری سلێمانی کۆمەڵەی رەنجدەران بە ئەمرو نامەی سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە بووە، ئەگەر من ئەو نامانە ڕادەستی ئێوە بکەم، دواتر  من توشی دوژمنایەتی دەبم لەگەڵ کەسوکاری ئەو کوژراوانە، بۆیە ئەو نامانە لای خۆم وەکو بەڵگە دەهێڵمەوە". سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران لە وەڵامدا هەرەشەیان لە وریا کرد و گوتیان "ئەگەر نامەکان رادەستی ئێمە نەکەی دەتکوژێن".  وریا گوتی "بمکوژن ئەو نامانە ڕادەستی کەس ناکەم".
 جگە لە کێشەی ئەو مەسەلەیە، وریا ماوەیەک بوو پەشیمان ببووەوە لە یەکێتی و کۆمەڵە،  رۆحێکی موعارەزەی تیادا بەدی دەکرا، لە دەور و خولی کۆمەڵێک کەسدا بوو کە خۆیان بە چەپ دەزانی وە پێیان وابوو کە سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی لەو بیروباوەرە لایانداوە. سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران زانیارییان هەبوو دەربارەی ئەو مەسەلەیە و پێیان خۆش نەبوو یەکەم بەهۆی ئەوەی پێیان وابوو ئەو کۆمەڵە کەسە دژیان کار دەکەن. دووم، ئەو کۆمەڵە کەسە بە تایبەتی "وریا" زانیاری تەواوی هەبوو دەربارەی ئیختیال کردنی کۆمەڵێک کەس لە نێو شاری سلێمانی بە ئەمری سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران. 
وریا، کاتێک لە هەر بارەگایەکی یەکێتی لە ناوچەکانی شەدەڵە، دۆڵی جافەتی و بەرگەڵوو میوان دەبوو یان لە ماڵی ناسیار و هاورێ، ئەو قسانەی بە دەنگی بەرز دەکرد، مەبەستی بوو ئەو هەڵوێستە ناشرینەی سەرکردایەتی بەرامبەر بە خۆی و لیژنەی ئیختیالات بە هێزی پێشمەرگە، رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و جەماوەر بگەیەنێت. 
پێداگرتنی ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان "وریا" بە ئاشکراو بە دەنگی بەرز، بووە هۆکاری ئەوەی کە هەموو کەس گوێی لەو روداوە بێت و پشێوی دروست بکات لە ناوچەکانی سەرکردایەتی لە نێو کادیرانی کۆمەڵەی رەنجدەران ببێت بە مەوزوعی ناو پێشمەرگەی دۆڵی جافەتی، خەڵکی ئەو ناوچانە و بەشێک لە رێکخستنەکانی نێو شاری سلێمانی. لە ئەنجامدا ئەو جۆرە دۆخە پڕ هەستیارە دەرکردنی بڕیاری گرتنی"وریا"ی لە لایەن سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لێکەوتەوە. 
گرتنی "وریا" گرتنێکی ئاسایی نەبوو وەکو هەر زیندانیەکی تر لە زیندانی بەرگەڵو زیندانی بکرێت. "جەبار فەرمان" ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی سەر بە تاڵەبانی ئەرکی گرتن و لێکۆڵینەوە لە  "وریا"ی پێسپێردرا لە گوندی هەڵەدن لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٣ دا.  لە سەرەتادا دەنگۆی ئەوە بڵاوببوەوە کە لە دۆڵە رووتە "زیندانی کرابێت" بە تەنیا بەڵام بەهێزترین دەنگۆ کە بڵاوبووەوە  ئەوە بوو کە لە کۆتاییەکەدا لە ژێر خانی ماڵی جەبار فەرمان لە گوندی هەڵدەن زیندانی بێت.
جەبار فەرمان، پێش ئەوەی بێتە شاخ مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بوو، کابرایەکی پسپۆر نەبوو لە بواری یاسا، دادوەری، دادگا، لێکۆڵینەوە لە کەیسی تاوان و تاوانبار، رۆشەنبیر و خاوەن زانیاریی نەبوو دەربارەی هیچ بوارێک تەنیا کابرایەکی عەسکەری مەیدانی بوو نەک کابرایەکی عەسکەری فەرمیی و ئەکادیمی، لە دوور یان لە نزیک پەیوەندی نەبوو بە دادگای شۆڕش، بەڵام وەک ئیمرۆ ئاسا لە قۆناغی شاخیش دا دادگا و داد بە ئارەزووی سەرکردەکانی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا. کەیسی "وریا" لە دادگای شۆرشدا یەک لای نەکرایەوە بەڵکو لە ژێرخانی ماڵی جەبار فەرمان یەکلایی کرایەوە!
"وریا" لە ژێرخانی ماڵی جەبار فەرمان لە گوندی" هەڵەدن" لە دۆڵی جافەتی سەر بە پارێزگای شاری سلێمانی زیندانی کرا. "وریا" رۆژانە ئەشکەنجە دەدرا بۆ ئەوەی نامەکانی لێبسەنن، بەڵام " وریا" بە هیچ شێوەیەک نامەکانی ڕادەستی کەس نەکرد، دڵنیام کە ئەو نامانە دوای کوژرانی وریا ماون بەڵام لای کێیە و چی بەسەر هات؟ ئەوە نازانم. لە ساڵی ٢٠١٢دا مەلا بەختیار ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ینک کۆمەڵێک نامەی لە دژ نەوشێروان مستەفا ئەمین لە گۆڤاری "لڤین" بڵاو کردەوە دەربارەی ئەو مەسەلەیە، لە کاتێکدا مەلا بەختیار خۆی یەکێک بوو لەوانەی کە لە سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدران و یەکێتی نیشتمانی بوو ئەو کات کە لێپرسراوەی هەر دوو مەسەلەی، ئەنجامدانی تێرۆڕەکانی ناو شاری سلێمانی  و کوشتنی "وریا"ی لە  ئەستۆدایە وەک ئەوانی تر. دوای کوشتنی "وریا" لە سالی ١٩٨٣دا، بەو شێوەیە هیچ یەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەلەی رەنجدەران، هەڵوێستیان وەرنەگرت دژ بەو تاوانە و وازیان لە پۆستەکنیان نەهێنا، جگە لەوەش هیچ یەکیان بەیانێکیان دژ بەو کردارە دەرنەکرد و خۆیان خراپ نەکرد. دەڵێن گوایە مەلا بەختیار لە کۆنفرانس سێدا ئەو مەسەلەیەی باس کردوە، بەڵام لەوە زیاتر مەلا بەختیار بە کردار هێچ هەڵوێستێکی نەنواند وەک وازهێنان لە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی نیشتمانی یان وازهێنان لە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، بەو جۆرە مەلا بەختیار هەر بەردەوام بوو.
لە ماوەی گرتن و وون بوونی وریا، باوکی "وریا" عەوداڵی گەران بوو بە دوای کوڕەکەی و هات بۆ شاخ، لە  یەکەم هاتنی چوو بوو بۆ گوندی سێروان لە ناوچەکانی مەرگە بە مەبەستی دیتنی سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران "نەوشێروان مستەفا ئەمین" لەوی پێیان راگەیاند بوو کە نەوشێروان لە ناوچەکانی خۆشناوەتیە. دواتر باوکی وریا چوو بۆ  ناوچەکانی خۆشناوەتی بۆ دیتنی نەوشێروان مستەفا ئەمین. پرسیاری شوێنی کوڕەکەی کرد بوو.  هەندێک وا دەیگێرنەوە، کە نەوشێروان و وەستا وەهاب باوکی وریا دەبێت بە دەمەقاڵیان بە دەنگی بەرز دەکەونە شەڕە قسە و باوکی وریا بە نەوشێروان دەڵێت "تۆ توشی ئیفلاسی سیاسیی بووی، تۆ کوڕەکەی منت وونکردوە".  نەوشێروانیش لە وەڵامدا دەڵێت "ئێمە کوشتومانە بڕۆ چی دەکەی بیکە". هەندێکی تر وای دەگێرنەوە نەوشێروان بە باوکی وریا دەلێت من "زانیاریم نییە دەربارەی ئەو مەسەلەیە بڕۆ بۆ لای تالەبانی". من ئاگام لەوەیانە بەبێ ئەوەی بگەرێمەوە بۆ هیچ سەرچاوەیەک کە باوکی شەهید "وریا" دووبارە هات بۆ ناوچەکانی دۆڵی جافەتی، "وریا" ئاسا بە ئاشکرا نارەحەتی خۆی دەردەبڕی، قسەی دەکرد و جنێوی بە سەرکردایەتی دەدا بە تایبەتی بە "نەوشێروان و تاڵەبانی" و چوو بۆ لای تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ سۆراخی  "وریا"ی کوڕی. تاڵەبانی سوێندی خوارد بوو گوتبووی" من بە هیچ شێوەیەک ئاگام لەو مەسەلەیە نییە و نازانم وریا لە کوێیە. تاڵەبانی دەستی بۆ سمێڵی خۆی برد بوو و گوتبووی "ئەو موە لە قەحبە هاتبێت ئەگەر من بزانم کوڕی تۆ لە کوێێە؟".
ئەندامی لیژنەی ئیختیالاتی نێو شار "وریا"، کاتێک هەستا بوو بە ئەنجامدانی ئەو کارانە ئەو کاتانە بوو کە بڕوا و متمانەی بە رێکخراوی کۆمەڵەی رەنجدران، یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی هەبوو، ئەو کاتانە بوو کە ئەو سەرکردە رێویانە دەیان زانی چۆن سۆزی خەڵک بە کاربهێنن بۆ مەرامە تایبەتییەکانی خۆیان، کوڕی خەڵکیان فڕیو دەدا و کاری کوشتن و تێڕۆڕیان پێ ئەنجامدەدان.
سێبەری شاخ، ئەو ڕاستیەی بۆ دەرخستم کە ئەو سەرکردانە کەسیان هەوڵیان نەدەدا کەسوکار، برا، ئامۆزا و زاوای خۆیان بەکار بهێنن بۆ ئەنجامدانی کاری تێڕۆر و شەڕی سەربازی دژ بە رژێمی بەعس.  لە کاتێکدا تاڵەبانی خاوەن چەند زڕ برازایەک بوو، خوشکەزا یەکێک لە برازاکانی ناوی شێخ عەلی بوو لە بارەگای خۆی بوو. کوڕەکانی شێخ جەنگی ناوەکانیان(ئاراس، لاهور و دوو برای تریان) هاتن بۆ شاخ لەوێوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. نەوشێروان مستەفا ئەمین سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران، برایەکی بە ناوی بەختیار. دوو ئامۆزای بە ناوی مەحمود رەزا و خالید رەزا.  زاوای بە ناوی "محەمەد حەمە تۆفیق ڕەحیم" لە ناوچەکانی سەرکردایەتی لای خۆی بوون. فەرەیدون عەبدولقادر برایەکی و باوکی لای بوو. جەبار فەرمان ئامۆزایەکی و چەند ناسیارێکی لە دەوەر بوو، هەموو سەرکردەکانی تر بە هەمان شێوە. لە قۆناغی شاخدا سەرکردەکانی ینک و کۆمەڵەی رەنجدەران کەسوکاری خۆیان  ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرد یان لە دەوروبەری خۆیان نیشتەجێیان دەکردن و خەریکی نوکەتە و چڵێسی بوون. بەڵام دوای قۆناغی شاخ، ڕاپەرین و کۆڕەوەی ساڵی ١٩٩١ دا، هەموویان ئەو خزموکەسوکارەی خۆیان هێنایەوە پۆستی حزبی و حکومیی باڵایان پێبەخشین لە سەر هەر دوو ئاستی عیراق و هەرێم، هەندێکیان خانە نشینکران بە پلەی باڵا.  
گرفتەکە ئەوەندە ئاڵۆز بوو بۆ "وریا" کار لە کار ترازا بوو، ئەگەر لە ژێر ئەشکەنجە دا ئەو نامانەی ڕادەستی  جەبار فەرمان بکردبا ئەوا چارەنووسی هەر کوشتن بوو، بەهۆی ئەوەی وریا خۆی بەڵگەیەک بوو بەبێ نامەکانیش. ئەگەر وریا ئەو نامانەی ڕادەستی سەرکردایەتی یەکێتی بکردبا  لە میژوودا ئۆباڵی کوشتنی ئەو خەڵکانەی لادەبرد لە ئەستۆی سەرکردەکانی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران. 
وریا، سەنگەری بەعسی هەڵنەبژارد لەگەڵ ئەوەی دەیزانی سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە هەر دەیکوژن. ئەو کات وریا دەیتوانی تەسلیم بە رژێم ببێت، ببێت بە جاش، یان قوە خاسە وەک هەزاران هەزار کوردی تر، بەڵام  "وریا" ئەو رێگەیەی هەڵنەبژارد وەک ئەوەی کە کۆنە جەلالییەکان لە ساڵی ١٩٦٦دا هەڵیانبژارد بوو، سەڕەرای بوونی خەڵکێکی زۆری چەکدار لە دەوریان، بوونی لایەنگرێکی زۆر لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمووی تێکرا بوو بوون بە جاشی حکومەتی بەغداد بە بیانوی ئەوەی مەلا مستەفای بارزانی دەیانکوژێت!  هەندێکیان لە بەغداد نیشتەجێبوون هەندێکی تریان لە "بەکرەجۆ"!  
" وریا"، زۆر بە نامرۆڤانە ئەشکەنجەدرا، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە هەر دوو چاویان دەرکرد بوو، بە دڕندانە شەهید کرا بە دەستی جەبار فەرمان لە ژێر خانی ماڵی جەبار فەرمان لە گوندی هەڵەدن لە بەرەواری ١١/٩/١٩٨٣دا. دەنگۆی ئەوە بڵاو بووە کە جەبار فەرمان بە تەوڕ شەهیدی کردبێت و لایەکی لەشی لای قۆڵی بە تەور لێکرابێتەوە. 
باوکی شەهید "وریا"، کە هات بۆ بردنەوەی تەرمەکە، بە ئاشکراو بە دەنگی بەرز لە نێو دێیەکان جنێوی بە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی دەدا بە تایبەتی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرکردەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران.  
بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران بۆ کوشتنی "وریا" و ئەنجامدانی ئەو بڕیارە لە لایەن "جەبار فەرمان" لە گوندی هەڵەدەن، دەنگۆی دایەوە لە نێو هێزی پێشمەرگەی ناوچەکانی شاری سلێمانی  بە تایبەتی لە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران و رێکخستنەکانی نێو شاری سلێمانی.
سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران، کەوتنە کۆڕ و کۆبوونەوە رێکخستن بۆ ئەندامانی کۆمەڵەی رەنجدەران بۆ کپ کردنی ئەو دەنگۆیە لە نێو کادیرانی کۆمەڵەی رەنجدەران  و هەڵبەستنی  بوختان بۆ "وریا" و بە خائن ناویان دەبرد. لە لایەکی ترەوە ئەو جۆرە کوشتنیەیان بە کوشتنێکی شۆڕشگێرانە لە قەڵەم دەدا، دەیان گوت هەر کەسێک کە دەبێت بە ئەندامی پارتێک، دەبێت گوێڕایەڵی سەرکردایەتیەکەی بێت، هەر کاتێک پێویست بکات هەرچی نامەو بەڵگەی لا بێت، دەبێت ڕادەستی  سەرکردایەتی بکات، نابێت لاملی بکات ئەگەر ئەوە بکات ئەو دەچێتە خانەی خەیانەت کردن لە گەل و شۆڕش لە ئەنجامدا دەبێت سزای شۆرشگێرانە بدرێت وەک ئەوەی "وریا"مان بە سزای گەل و نیشتمان گەیاند! 
گرنگی هەڵویستی "وریا" لە وەدا بوو، یەکەم، نەبوو بە جاش و قوە خاسە. دووەم، بەڵگانامەکانی ڕادەست  نەکرد،  فرسەتی ئەوەی نەدا سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران لە نێو جەماور و مێژوودا دەربازیان بێت لە هەڵگرتنی لێپرسراوەی کوشتنی ئەو کۆمەڵە کەسە وئەنجامدانی ئەو تاوانانە، کوشتن و تیڕۆڕ کردنی ئەندامی پارتە کوردییەکانی تر لە نێو شاردا تەنیا بۆ رقابەری کینورقی نێوان خۆیان و سەرکردایەتی ئەو پارتانە. سێیەم،  لە ئەنجامدا جۆری شەهید کردنی خۆشی "وریا"چووە نێو مێژوو بوو بە رووداوێکی سەرنج راکێش و مۆرێکی عەیبە بە نێوچەوانی ئەو سەرکردانەی باشوور کە ئیمڕۆ بوون بە ملیاردێر لە سەر حیسابی ئەو میللەتە و لافوگازی شۆرشگێری لێدەدەن. 
لە سێبەری شاخ زنجیرەی ٤٩
کوشتنی "زین و مەمێکی تر" لە ناوجەکانی ژێر قەڵەمرەویی ینک

زۆرینەی سادەی میللەتی کورد تێڕوانینی تایبەتیان هەبوو بۆ ناوچەکانی سەرکردایەتی و ناوچە ناسراوەکان بە ناوچەی ئازادیکراوی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی. تێگەیشتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە وا بوو کە ئەو ناوچانە بۆ خەڵکی لێقەوماو دەبێت بە داڵدە،  سێبەری شاخ قەڵخانێکی قایمی دروست کردوە بۆ پارێزگاری کردن لە خەڵکی بێ تاوان، لێقەوماو و دەربەدرە. ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە هەتا لە کێشە کۆمەڵاییەتیەکاندا هەندێک کەس پەنایان بۆ سێبەری شاخ دەهێنا بۆ ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. 
کچ و کوڕێک، دوو دڵدار چێرۆکێکی خۆشەویستی پاکیان لە نێواندا هەبوو، کچەکە تەمەنی لە نێوان ١١ساڵ تا چواردە بوو، کوڕەکەش تەمەنی لە نێوان ١٤سال تا ١٦ ساڵ دەبوو. کەچکە لە ئاغایەکانی کارێزەی سەر بە پارێزگای شاری سلێمانی بوو، کوڕەکە لە خێزانێکی جوتیار بوو لە هەمان ناوچە. 
کوڕەکە، چەند جارێک دەنێرێت بۆ خوازبێنی ئەو کچە، بەڵام کەسوکاری رازی نابن کچ بدەن بە کەسێک کە ئەو کەسە لە پشتەوەی کەسوکاری پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچەکەیان بەستبێت. هەروها رازینابن کچ بدەن بە کوڕە جوتیار . لە کۆتایدا کچەکە لەگەڵ کوڕەکە ڕێکدەکەون پەنا بۆ پەناگەیەکی سێبەری شاخ بهێنن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکیتی نیشتمانی کوردستان، بە هیوای داڵدەدانیان، لێک مارەکردنیان و گەیشتن بە هیوای خۆیان. 
کە هاتن بۆ نێو یەکێتی، سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری گرتنی کوڕەکەی دەرکرد، لە زیندانی گوندی بەرگەڵوو زیندانی کرا. کچەکەش لە ماڵی یەکێک لە لێپرسراوەکانی یەکێتی داندرا لە گوندی "سەرگەڵوو". لە گوندی سەرگەڵوو چەند جارێک لە کاتی پیادەڕەویدا ئەو کچەم دەبینی لەگەڵ منداڵانی گوندی سەرگەڵوو لە کۆڵان یاری دەکرد. 
گرفت کەوتە نێوان بنەماڵەی ئاغاکان، خێزان و کەسوکاری کوڕەکە. لە ئەنجامدا ئاغاکان شوێنی هەر دوو دڵداریان دۆزیەوە. پێشوەخت ئاغاکانی کارێزە لەگەڵ تاڵەبانی ئاشنایەتیان هەبوو، دڵنایا بوون لەوەی کە هەر چ پێشنیارێکیان هەبێت بۆ جۆری چارەسەری ئەو کێشەیە تاڵەبانی خاتریان دەگرێت و ڕەتی ناکات. سەڕەڕای ئەوەی کە  کوڕەکە لە زیندانی شۆڕش زیندانی کرابوو، ئاغاکان خاترجەمبوون لەوەی کە تاڵەبانی لەوەشدا خاتریان دەگرێت و رێگر دەبێت لە دانی ئەو کێشەیە بە دادگای شۆرش و مامەڵە کردن لە گەڵیدا بە رێگەی یاسایی یان بەرەو ئەوە بردنی کە سوڵحێکی هێمنانە کۆتای بە کێشەکە بهێنن.  
ئاغاکان هاتن بۆ لای تاڵەبانی لە گوندی یاخسەمەر لە دۆڵی جافەتی لە ساڵی ١٩٨٤، داوایان کرد ئەو دوو دڵدارە هەرزەکارە ڕادەستی ئەوان بکرێت، لە یەک شوێن و کاتدا بە دەستی خۆیان هەر دووکیان بکوژن، بۆ ئەوەی کێشەکە گەورە تر نەبێت، دوژمنایەتی نەکەوێتە نێوان کەسوکاری هەر دوو لا. 
 دوای دیداری تاڵەبانی، کۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی بە هەر دوو باڵیەوە شۆڕشگێران و کۆمەڵەی رەنجدەران ئەو بابەتە تاوتوێ کرا. لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەدا هەموو لایەکیان گەیشتبوون بەو بڕوایە کە ئەمە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە دەبێت یەکێتی نیشتمانی خۆی دوورەپەرێز بگرێت بە تایبەتی کە کچەکە لە خێزانی ئاغاکانی کارێزەیە هەر بڕیارێک بە دڵی ئەوان نەبێت دەبێتە هۆی زویر بوونیان. بە کۆی دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی باڵی شۆڕشگێران، کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی، ئەو دوو دڵدارە ڕادەستی مرۆڤکوژەکانی هەر دوو بنەماڵەکە کران.
 ئەوەی لە یادم بێت ڕۆژێک  لە نزیک نیوەڕۆی پایزی ساڵی ١٩٨٤دا بوو، لە گوندی بەرگەڵوو، لە زیندانی یەکێتی نیشتمانی، کچە و کوڕە ڕادەستی هەمان ئەو کەسانە کران کە چوو بوون بۆ لای تاڵەبانی. بە دەنگەدەنگ و قەڵەباڵخی کەچە و کوڕە ڕاپێچ کران، ئەوەندەی نەبرد لە بەرگەڵوو کەمێک دوورکەوتنەوە، دەوری نێوەڕۆ بوو گوێم لە تەقە بوو، دواتر بۆم دەرکەوت لە نزیک گوندی "چاڵاوە" کچە و کوڕە گوللەباران کرا بوون لە لایەن کەسوکاری هەر دوو لا،  تەرمەکانیان لەو ناوەدا بەجێهێشترا بوو، بکوژەکانی هەر دوو لا گوتبوویان با لاشەکانیان سەگ بیخوات. 
لە نێو کۆمەڵگایی کوردەوارییدا کولتوورێکی جوان هەیە، کە رێز لە لاشەی مردوو دەگرن، ئەگەر ئەو مردوە نەناس یان بێکەس بێت، مردنەکەی هۆیەکەی هەرچی بێت دەڵێن "مردوو، شەیتان دەستی لێ شووشتوە" و خەڵک ئەرکی بە خاكسپاردنی مردووەکە لە ئەستۆ دەگرن بە گوێرەی دابونەریەتی خوازیاری گونجاو لەگەڵ ئاین وکولتووری نێو کۆمەڵگایی کوردی.  خەڵکی گوندی چاڵاوە لە دۆڵی جافەتی ئەرکی بە خاک سپاردنی ئەو دوو دڵدارەیان گرتە ئەستۆ و لە گۆڕستانی گوندی چاڵاوە نێژران.  
کێشەی ئەو کوڕ و کچە لە دادگای شۆڕش یەک لای نەکرایەوە بەڵکو لە کۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی بە هەر دوو باڵی کۆمەڵە و شۆڕشگێران لە ماڵی تاڵەبانی ئەو کێشەیە یەک لای کرا. لە شاخیشدا وەک ئیمرۆ ئاسا یاسا، دادگا، دادوەری شۆڕش توانای تێکەڵاو بوونی ئەو کەیسانەیان نەبوو کە سەرکردایەتی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دەربارەی دەردەکرد!  
ئەو بابەتە بوو بە جێگە سەرنجی کادیرانی کۆمەڵەی رەنجدەران و رەخنەی زۆر گیرا لەو هەڵوێستەی سەرکردایەتی یەکێتی بە تایبەتی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەران کە خۆی بە رێکخراوێکی چەپی پێشکەوتووخواز دادەنا. وەڵامی سەرکردایەتی بۆ ئەو رەخنانە ئەوە بوو کە گوایە ئاغاکانی کارێزە گوتویانە" ئەگەر ئەو کوڕ و کچەمان ڕادەست نەکەن ئەوا ئێمە هەموومان دەبین بە جاش". ئەم وەڵامەی سەرکردایەتی ئەوەندە کارێگەر نەبوو لە گٶڕێنی رایەکان بەرامبەر بەو هەڵوێستە نامرۆڤانەی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی نواندبوویان بەرامبەر بەو دوو خۆشەویستە. بەهۆی ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی ئەگەر هیچی بۆ نەکرابوایە دەیتوانی بوار هەڵخا بۆ هەر دوو کچ و کوڕە بۆ ئەوەی ڕاکەن بۆ لایەکی تر نمونە ئێران، عیراق یان پەنابردن بۆ بنەماڵە و پیاوماقوڵی ناوچەیەکی تر،  بەڵام تاڵەبانی و سەرکردایەتی شۆرشگێران و کۆمەڵەی رەنجدەران مەبەستیان بوو دڵی دۆستەکانی تاڵەبانی رابگرن کە ئاغاکانی کارێزە بوون، ئەو دڵراگرتنەش نرخەکەی زۆر گرانکەوت کە خوێنی ئەو دوو مرۆڤە بێتاوانە بوو.
ئەو مەسەلەیە تا ڕادەیەک جەرگبڕ بوو هیچ ویژدانێک بۆی قبوڵ نەدەکرا، دوو منداڵی بێ تاوان لەو دۆڵەدا لە ناوچە ئازادکراوی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دا، رێگەی بدرێ ئەو تاوانە دەرهەقیان ئەنجامبدرێت؟! دوای نیوەڕۆ لەگەڵ رێبواری هاوسەرم دانیشتبووین باسی ئەو مەسەلەیەمان دەکرد، زۆر پێمان ناخۆش بوو، تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر بێزاری کردین، ئەوەندەم زانی هاورێمان پێشمەرگە و هونەرمەند رێبوار خالید ناسراو بە "ئەردەلان" خۆی کرد بە ژوورا زۆر گریا بۆ ئەو کچ و کوڕە، دەیگوت خەریکە شێت دەبم ئەو تاوانە لەبەرچاوی هەموومان ئەنجامدرا، کوا خوا؟ کوا هەق! چۆن دەبێت هێزێک کە خەرێکی شۆڕشکردن بێت بیەوێت کۆمەڵگا بگۆڕێت و رزگاری بکات ئینجاش نەیانتوانی بە عەقڵیەتی جیا لە عەقڵیەتی عەشایری مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوەدا بکات؟ چۆن ئەو سەرکردایەتیەی کە لافی کۆمۆنیەستی و شۆرشگێری لێدەدات نەیانتوانی داڵدەی ئەو دوو منداڵە بدات؟ ئەی کوا پێشکەوتن و هەوڵدان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا! کوا رۆحی شۆرشگێری و عەدالەت!؟
ئاشتی، رێبوار، پشتیوان و هاووڵاتی فاروق کەڵوڕی، گوندی بەرگەڵوو ساڵی ١٩٨٥
لەگەڵ پێشمەرگەکانی رادیۆ نانخواردنمان پێکەوە بوو، ئەو ئیوارەیە چووم بۆ ژووری نانخواردن کەسی لێ نەبوو هەمووی بێ تاقەت کەس لە ژوورەکەی خۆی نەهاتبووە دەرەوە. 
هاورێی و برای ئازیزم هونەرمەند "رێبوار خالید" ناسراو بە ئەردەلان، مرۆڤێکی پێشکەوتووخواز، پاک، خاوەن ویژدان، بڕوای بە مافی مرۆڤ و رێز گرتن لە هەڵبژاردەی تاکەکان لە کۆمەڵگادا هەبوو بە تایبەتی ئەگەر ئەو هەڵبژاردەیە پەیوەست بوایە بە پەیوەندیە مرۆیەکانی نێوان دوو خۆشەویست.  سەرنجمدابوو ئەو تاوانە لە هەموومان زیاتر کاری لەو کردبوو، کاردانەوەی ئەو هەستەی ئەردەڵان بەرامبەر بەو تاوانە لە  تابلۆیەکی هونەری بەرجەستە بوو.
تابلۆکە،
" لە بایابانێکدا ئاسمانێکی پڕ لە تەمومژی سوور هەڵگەراو، دوو داری درێژ بە تەنیشت یەکەوە لە ئەرز چەقاندرابوو، بەرز ببونەوە بە ئاسماندا، دارێکیان لە وی تر بەرز تر، دارە بەرزەکە کچێک بە کوژراوی  پێوە هەڵواسرابوو سەری شۆر ببوەوە بۆ خوارەوە قژی دەموچاوی داپۆشیبوو. دارە نزمەکەش کوڕێکی رووتورەجاڵی بە کوژراوی پێوە هەڵواسرابوو و بە لایە سەری شۆرببوەوە. تاوانباران سەریان لە ژێر پێڵاوی هەر دوو عاشقە کوژراوەکە بوو. دڵۆپە خوێن بە درێژای باڵای هەر دوو دار ڕژابووە سەر ئەرز، ئەرزەکە دەموچاوێکی توڕە بوو، دەمی کرا بووە وە بە بەرزی باڵای دارەکان  قیژەیەکی توند لە دەمی دەموچاوەکە بەرز ببووە وە بەرەو ئاسمان و گەرەدلوولێکی توندی دروست کردبوو. لە سوچێکی تابلۆکەدا سەری کۆترێک کێشرابوو چاوی ئەبڵەق ببوو وەکو شاهێدی مێژوو لە تاوانەکەی دەڕوانی".
خوێنی گەرم و پاکی دوو دڵدار و سەوداسەر، یا وەک هێمن دەڵێ "زین و مەمێکی تر" شاخوداخی کوردستانی نەخشاند. تووڕەیی و ڕقی پەنگخواردووی هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، بەتایبەتی لە ناوچە ڕزگارکراوەکان، گەیشتە لووتکە. دوو گیانی لێوانلێو لە کەفوکوڵی لاوی، هیوا و ئەڤین، لە شەقەی باڵیان دا و بەسەر قەد وباڵا و تۆقەڵەی کەژ وکێوەکانی کەرکەر، ژیلوان، تاشەلووشە و گردەقووچەدا بەرزتر و بەرزتر فڕین.ئەو دوو گیانە پاک و بێگەردە نەک هەر ئەوسا و ئێستا، بەڵکوو هەتا دنیا دنیا بێ هەر بە ئاسمانەوەن و تانە و تەشەر لەو ڕێباز و پرینسیپانە دەدەن، کە سەرۆکە درۆزن و ساختەچییەکانی پارتەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد. ئەوانەی بە قسان و لەسەر کاغەز هیچ نەما دەربارەی جوانی و دادپەروەری و ئازادی یەکسانی نەڵێن، کەچی کە هاتە سەر کردەوە، بەرگەی ئەڤینی دوو لاوی خێرلەخۆنەدیویان نەگرت. 


تێبینی یەکەم: لە ساڵی ٢٠١٢دا ئەو نامانە لە گۆڤاری لڤین بڵاوکرایەوە،، لە ئەرشیفی کوردستانپۆست پارێزراوە, ئەمەش لینکەکەیەتی

نامه‌کانی مه‌رگ، که‌ له‌ گۆڤاری لڤیندا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار پێی داون

تێبینی دووەم، سوپاسی برایەکی دڵسۆز دەکەم کە هەردەم بە تەنگ هەڵەی زمانەوانی "لە سێبەری شاخ"ە و پێیخۆشە دەربرینەکان جوانتر بکرێن.

تێبینی سێیەم، بە داخەوە ئەو تابلۆیەی کە باسی دەکەم، لە بەرگەڵوو دوای گرتنی ئەو ناوچانە لە لایەن سوپای عیراق ئەویش وەکو هەر شتێکی جوانی ئەو دێیانە شەهید بوو. هونەرمەند "رێبوار خالید" لە ژیان ماوە، کە دەتوانێت ببێت بە شایەد حاڵی ئەو کارە هونەریەی خۆی لەگەڵ رێزم بۆی. ناونیشانی رێبوار خالید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Rebwar K Tahir

تێبینی چوارەم، بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەریەکانی شاخدا کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستانپۆست"ە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە