چارەسەر لە دەرەوەی خۆپیشاندانە

Thursday, 20/10/2016, 22:30

6236 بینراوە


پێناسەیەک بۆ داعش و دەسەڵاتی کوردی (دەسەڵاتی دوژمن)
دەسەڵاتی کوردی (بە واتا دەسەڵاتی دوژمن) مۆدێلێکی نوێی بەڕیوەبردنە، کە داگیرکەر وەک دەوڵەتێکی کۆلۆنیالی حوکمی نەتەوەیەکی بندەستی پێدەکات، بێ ئەوەی راستەوخۆ داگیرکەرەکە خۆی بچێتە ئەو شوێنە، سیخوڕ و خائینانەکان بە وەکالەت بۆی بەڕێوە دەبەن.
(داعش)یش دوا قۆناغی تەواوکردنی سیستەمی دەسەڵاتی کوردییە لە باشور، ئامانجی لەناوبردنی کورد و تەواوکردنی ئەرکی دەسەڵاتی کوردییە. نهێنیی ناولێهێنانی داعش بە (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و لە شام)، پەیوەندیی بەو دوو وڵاتەوە هەیە، کە کوردی تێدایە، پرۆژەیەکی ئیسلامییانەیە بۆ لەناو بردنی کورد، تورکیاش  بە ناوی ئیسلام و لە رێگای داعشەوە پێشڕەوی دەکات، کە ئەمڕۆ ناتوانێت راستەوخۆ وەک ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان ژینۆسایدی کوردیش بکات.
تێبینی: مەبەست لە دەسەلاتی کوردی، (پارتیی و یەکێتیی) و هەموو ئەو حیزبانەیە کە لەناو کابینەی حکومەتی هەرێم و پەرلەماندا کار دەکەن و نوێنەریان هەیە.
--------------------------------------
ئەو چەند دێڕەی سەرەوە پێناسەی سیاسیی منە بۆ داعش و دەسەڵاتیی کوردیی، کە مێژووی ئەو چەند ساڵە توانیوێتی ئەو پیناسەیەم لا دروست بکات، ئەوەشم کردۆتە دەستپێکی باسەکەم تا لەسەر خۆپیشاندانەکانی باشوور هەڵویست و قسەی خۆم بکەم، بە تایبەت ئەو خۆپیشاندانانەی،  لە ٢٧ - ٩٠-٢٠١٦ەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامییان هەیە، دەمەوێت لە رێگای ئەم پێناسەیەوە وشیارییان بدەمی، کە سیستەمی دەسەڵاتی کوردی (واتا دەسەڵاتی دوژمن) بۆ ئەوە دروست نەبووە گۆڕانکاریی بەرەو باشبوون بکات، گوێ بۆ داخوازییەکانییانی خەڵکی بگرێت، بەڵکو برسییکردن و بڕینی موچە بەشێکی گرنگە لە سیاسەت و پرۆژەی داگیرکەران، کە دەسەڵاتی کوردی بەجێی دەهێنیت، مانگرتن و داخستنی دائیرە و شوێنە فەرمی و خزمەتگوزارییەکان، بە دواییدا قوتابخانە و زانکۆکان، هەموو ئەمانە پرۆژەی داگیرکەرە، تا خەڵکەکەی ناجار بکرێت نیشتیمانی خۆی جێبهێڵێت و کۆچ بکات، کورد لە نیشتیمانی خۆیدا نەهێڵن!، ئەوەشی مایەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆیان بەرەوە رووی داعشیان بکەنەوە و بەکوشتیان بدەن.
هەرچەندە ئەوانەی خۆپیشاندان، و رێپیوان دەکەن، کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری ئەو میللەتەن، بەڵام ئەرک و ئامانجی خۆپیشان دەبێت کارکردن بێت بۆ نەهێشتنی ئەو دەسەلاتە، نابێت کەسێک داخوازیی دیکەی لە سەر ئەو دەسەڵاتە هەبێت، رێگاچارە تەنیا بەرەو رووبوونەوەیە بۆ نەهێشتنی سیستەمی وڵاتفرۆشی کورد و دادگاییکردنی ئەو بەرپرسانە، کە ئەم رۆژەیان بۆ کورد خوڵقاندووە. بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بە شێوەیەکی هێمنانە داخوازی دەسەڵات و ئەوانەیە، کە لە پشت دەسەلاتەوە وەستاون، ئەو داخوازییە نابێت بچێتە هزری ئەوانەوە، کە دەیانەوێت چارەسەرێکی بنەڕتی بۆ کێشەکەیان بکەن. لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایەدا و بۆ لابردنی دەسەلاتێکی دیکتاتۆر و ستەمکار، دیکتاتۆرەکان بە مەرجی هاوڵاتیان دەسەڵاتیان جێنەهێشتووە.
---------------------------------------
لە خۆپیشاندەکانی باشووردا چەند داواکارییەک خراوەتە بەردەم دەسەڵاتی کوردی لە باشوور، بە تایبەتی داواکارییەکانی فەرمانبەرانی ناڕازیی:
1. هەڵوەشاندنەوەی سیستمی نوێی سەپێندراوی مووچە .
2. گەڕاندنەوەی سەرجەم شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و پێدانی گرەنتی فەرمی تا کاتی گەڕاندنەوەیان بەتەواویی .
3. بەهیچ شێوەیەک نابێت بڕی پاشەکەوتکراوی مووچەکان بخرێتە بری قەرز و قیستەکانی حکومەت لای فەرمانبەران .
4. هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی زیادکردنی باج و رسومات و بە تایبەتکرنی کەرتەکانی خزمەتگوزاری تا دوای جێبەجێ کردنی هەردوو خاڵی (2,1).
5. داهاتی ناوخۆی هەر پارێزگایەک تەنها بۆ خودی پارێزگەکە بەکاربهێنرێت و تەنها لە کاتی بوونی زیادە لەسەرو پێویستیەکانی بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەت لە هەولێر.
6. لەژێر هیچ ناوێک و بەهەر پاساوێک نابێت لێپێچینەوەو سزای هیچ فەرمانبەرێک بدرێت بە هۆکاری هاندان یان بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیەکان و دەوام نەکردن تا ئەو کاتەی خاڵی یەک و دوو جێ بەجێ دەکرێت .
هەروەها داواکارییەکی دیکەی خۆپیشاندەرەکان ئەم خاڵانەی دیکەشیان بۆ زیادکردووە:
1. دادگاییکردنی تەواویی گەندەڵکاران
2. لە کاتی جێبەجێ نەکردنی ئەو داخوازیانە، هەڵوەشاندنەوەی حکومەت.
---------------------------------
ئەو چەند خاڵەی سەرەوە داواکاریی و سروشتی خۆپیشاندانەکانەکانی باشوورە، ئەویش لەبەر بڕینی موچە ئەو خەڵکە رژاونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن، ئەمەش تورەبوونێکی کاتییە، بیروباوەڕ و فیکرێک لە پشتییانەوە نابینرێت، بۆیە دروشمەکانیشیان ئەمەی لێدروست دەبێت، کە بڵێن:
سەربەخۆییم بۆ چییە... میللەت هەمووی برسییە
خۆپیشاندانەکان بۆ چارەسەری دزیی و تاڵانی نیشتیمان نییە، بەڵکو بۆ چارەسەری کێشەی برسیکردن و بێموچەییە، ئەگەر دەسەڵات بە پیر داواکارییانەوە بچێت، ئەوا خەلکەکەش لەگەڵ دەسەلاتدا ئاشت دەبنەوە، کێشە لە نیوانیاندا نامێنێت، هەڵبەت ئەم جۆرە خۆپیشاندان و تورەبوونانەش مەترسیی بو سەر دەسەڵات نییە، لێرەدا خەڵکەکە ئەو ئەرکە مێژووییە فەرامۆش دەکەن، کە کاتێک دەسەڵات ئەو هەموو خیانەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییە دەکات، تاکە دروشمێک هەڵیبگرن دەبێت رووخاندن و نەمانی بێت، دژی ئەو دز و خائینانەی نیشتیمان بێت، داوای روخاندن و بەرەو رووی دادگای گەل بکرێنەوە، لەوێوە خەڵکیی و خۆپیشاندەران دەتوانن چارەسەری برسێتیی و قەیرانەکانی دیکەش بکەن. هەوڵدان بێت بۆ خۆڕێکخستن و دروستبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی دەسەڵات، منیش دەزانم بە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیکی وەک ئەمڕۆدا ئەو ئاواتە نایەتە دی، بەلام ئەگەر ئەمە بکرێتە سەرەتایەک بۆ خۆکۆکردنەوە و خۆڕێکخستن، لە خۆپیشاندانەوە بەرەو راپەڕین هەنگاو بنێت. دەسەلات و پیاوە حیزبییەکان، بازرگان، نووسەر و راگەیاندنەکانی هەرێم داوای هێمنیی خۆپیشانداان دەکەن، ئەمەش حیزبەکان لێی دەترسن دەیانەوێت بەم شێوەیە دەست بەسەر خۆپیشاندانەکاندا بگرن، رێڕەوەکە بگۆڕان بەرەو وتارخوێندنەوە و هەڵپەڕکێ، هەروەک لە ١٧ شوباتدا روویان دا.
خۆپیشاندان لە باشووردا هیچ بەهایەکی نابێت، ئەگەر سروشتی گۆرانکاریی پیوەدیارنەبێت، پێویستە لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە رێکخراوێک دروست هەبێت، رادیکاڵ بێت دەسەڵات و حیزبەکانی باشوور توانای کۆپیکردنی داواکاریی خۆپیشاندەرانیان نەبێت، خۆیان بکەنە خاوەنی، رێکخراوێک بێت لە رەحمی هیچ بەرپرسێکی ئەم حیزبانەوە لە دایک نەبێت، رێکخراوێک ببێت، سەنگەری خەڵکی لە سەنگەری دەسەڵات جیابکاتەوە، نیشتیمانپەروەر لە خائین دووربخاتەوە، توانای بەڕێوەبردنی هەبێت کە لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بوەستێت و بەرگری لە خەڵکەکەی بکات، ئەوانەی رابەرایەتیی خۆپیشاندانەکانیش دەکەن، دروشمێک بەرەو راپەڕیین هەڵبگرن، دروشمیان بۆ هەنگاوی گەورە و کۆتایی هێنان بێت بە دەسەڵاتی بەرپرسە خائینەکانی کورد، رێگا نەدرێت گروپ و کەسانی سەر بەو حیزبانەی باشوور خۆیان تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکان بکەن، ببنە رابەر و دەمراستی خەلکی، هەروەک لە ١٧ شوباتدا روویان دا. ئەگەر بەو شێوەیە کاربکرێت، هەوڵی خۆکۆکردنەوە و رێکخستنی بۆ بدرێت، هەڵبەت ئەو کات دەسەڵات نایەت گاڵتە بە خۆپیشاندەران بکات، فەرمانبەر و مامۆستایان بگرێت، سوکایەتییان پێ بکات، ئەوەتا وەک رابواردن بە خۆپیشاندەران و لە زمانی ئەدهەم بارزانیی، گاڵتە بە خۆپیشاندانەکان دەکات و کە بە زمانی خۆی ددان بە ناپیاوی خۆیدا دەنێت، تەنیا بە هەڵگرتنی دەمانچەوە خۆی بە پیاو دەزانێت. ئەدەهم بارزانی دەڵێت:
ئەندام پەرلەمەنتارێکی بێکاری گۆڕانیش، خۆی تێکەڵ بە دەنگە ناڕازییەکان دەکات و دەڵێت: سبه‌ینێ له‌ خۆپیشاندانم ... هاونیشتیمانیانی ئازیز، سبه‌ینێ بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی مه‌ده‌نیانه‌ له‌ سه‌رشه‌قام له‌گه‌ڵتاندام.هیوادارم خه‌ڵکی به‌رپرس رێگا نه‌ده‌ن، به‌و پیلانانه‌ی که‌ دانراوه‌، به‌ سوتاندنی یه‌گ - دوو باره‌گا، دۆسیه‌ی نه‌وت و موچه‌ و خراپی ژیانی خه‌ڵک له‌بیرببرێته‌وه‌.
ماوێتی لەگەڵمدا بن بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە