شکستی عوسمانیەکان لە ڤییەنا

Saturday, 22/10/2016, 11:05

11341 بینراوە


لە ساڵی ١٦٨٣ ز دا عوسمانیەکان پلانێکیان دانا بۆ داگیرکردنی تەواوی خۆرئاواو پاشان کۆتایی هێنان بە دینی مەسیحیەت.
پلانەکە ئەوەبوو کە سوپاکەیان  لە نزیکترین کاتددا ڕوو لە ڤییەنا بکات کە  لەو کاتەدا بە ( سێوی ئاڵتونی) ناسرابوو ، پاش داگیرکردنی ڤییەنا بڕیار بوو بڕۆن بەرەو ڕۆما  بۆ لەناوبردنی مەسیحیەکان و دینەکەیان. ئەو کاتە قەیسەر لیۆپۆڵدی یەک Liopold I  لەسەر تەختی دەسەڵات بوو لە نەمسا، کەسایەتیەکی ساویلکەو کەم ئەزموونی هەبوو لە بواری سەربازی و سیاسیدا.

کەسایەتییە دیارەکانی جەنگەکە

١) قەشە مارکۆ دا ئەڤیانۆ:
قەشە مارکۆ ( ١٦٣١ - ١٦٩٩  ) پیاوێکی دینداری ئیتاڵی بوو هەر لەوێش دەژیا، ڕێزێکی زۆری لێ دەنرا لە ناو کۆمەڵگەی ئیتاڵی و دیندارەکاندا.
قەشە مارکۆ لە تەمەنی لاویدا لە لایەن گەنجێکی بە ڕەگەز تورکەوە لە مردن ڕزگار دەکرێت لە ڕوداوێکی کوتوپڕدا لە شاری ڤێنیسیای سەربە ئیتاڵیا، پاش ڕزگار بونی لە مردن ناوبراو ملیوانکەیەکی بەنرخ دەکاتە دیاری بۆ گەنجە تورکە کە لە مردن ڕزگاری کرد.
ئەو گەنجەش کە ژیانی قەشەکەی پاراست لە کۆتایدا بوە سەرکردەی ئەو سوپایەی عوسمانیەکان کە ویستی ڤییەنا داگیر بکات، ناوی موستەفا قەرە بوو.
ئەم قەشەیە ڕۆڵێکی تایبەتی هەبوو لە بەرز کردنەوەی وڕەی سەربازەکان لە کاتی جەنگدا، یەکەم کەسیش دەبێت کە پاشای نەمسا ئاگادار دەکاتەوە لە پلانی تورک دژ بە نەمسا و مەسحیەت، بەڵام پاشای نەمسا ئەوکات ساویلکە بوو باوەڕی بەوە نەکرد. هەر ئەم قەشەیەش بوو توانی سوپای پۆڵۆنیاو ئەڵمانیا و دیندارەکانی نەمساو ئیتاڵیا ڕێک بخات بۆ بەرەنگاربونەوەی عوسمانیەکان.
قەشە مارکۆ پێشبینی ئەوەی کرد کە شەڕێکی خوێناوی ڕوودەدات و دینی مەسیح دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە. سەرچاوەیەک لە مێژووی ئیتاڵیەکان باس لەوە دەکات کە ئەم قەشەیە  جاوی کوێری چاک کردۆتەوە و توانای هەبوە لە یەک کاتددا لە دوو شوێن بێت.

قەشە مارکۆ Marco Da Aviano

٢) موستەفا قەرە:
موستەفا قەرە  لە سالی ١٦٣٤ز لە دایک بووە، لە ١٦٧٦ تا ١٦٨٣ سەرکرادایەتی سوپای عوسمانی کردوە. کەسێکی داگیرکارو شەڕەنگێز بووە چەندها دێهاتی سوتاندوە وە خەڵکی سڤیلی کوشتوە و سوتاندوە. چەندەها ئەفسەری خۆشی کوشتوە بە تۆمەتی شکست هێنان لە ئەرکەکانیاندا.
موستەفا قەرە هاوپەیمانی هەبوو لەگەڵ پاشای فەڕەنسا، هەر بۆیە بە سوڵتان محمەدی سەرکردەی ئەوکاتەی دەوڵەتی عوسمانی وتووە کە فەڕەنسا دەوڵەتێکی گەورەی مەسیحیەو بەشداری ئەم جەنگە ناکات چونکە هاوپەیمانی ئێمەیە  و لەگەڵ ئەوەشدا  وڵاتانی هاوسێی بە دوژمنی خۆی دەزانێت. بەڵام نازانێک کە ئێمە هەموو دوژمەنکانی ئەو لە ناو دەبەین و پاشان ئێمە دەبینە تاکە دوژمنی ئەو، تا ئەو کاتەی ئەو بە ئاگا دێت ئێمە هەموو پاریس دەکەینە مزگەوت.
موستەفا قەرە چەند شەوێک پێش هێرشەکەی بۆ ڤییەنا خەو دەبینێت کە بە ئەسپەوە  لە شاخێکەوە دێتە خوارەوە بەرامبەر سوپایەکی زەبەلاح ئەسپسواری دەکات، کە تیروکەوان بەسەریدا دەبارێنن و  دەیکوژن، لە هەمانکاتدا هاوسەرەکەشی کە کۆیلە بوو کاتی خۆی بە شەش ساڵی لە ئیتاڵیاوە هێنابووی بۆ ئەستەنبوڵ هەمان خەون دەبینێت ، هەرلەبەر ئەوە داوا لە موستەفا قەرە دەکات کە نەچێتە ئەو جەنگەوە و بۆی هەیە ئەم جەنگە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت..
موستەفا قەرە زۆر نیگەران دەبێت لەم خەونانە، هەربۆیە دەچێتە لای کەسێکی جادوگەرو داوای دەکات ئایندەی بۆ بخوێنێتەوە، کەسەکە پێی دەڵێت ئەو شوێنەی تۆی بۆ دەچیت خوێنێکی زۆری لێ دەڕژێت  بەڵام خوێنی تۆ ناڕژێت.. موستەفا قەرە ئەم قسەیەی جادوگەرەکە کاری لێ دەکات و وا دەزانێت جەنگەکە دەباتەوە،  بۆیە بڕیاری دا ڕۆژی دوایتر بەرەو ڤییەنا بەڕێ بکەوێت.
دەوڵەتی عوسمانی لە بسەرەتای سەدەی ١٦ دا تەواوی وڵاتانی باڵکانی داگیر کردبوو ئەوانیش پێک هاتبون لە ( بولگاریا ، ئەلبانیا، ڕۆمانیا،کۆسۆڤۆ، بۆزنیە، کراوەتیا،سێربیە و مەسەدۆنیا) لە ساڵی ١٥٢٩ دا هەنگاریاشیان بە تەواوی داگیر کرد.
پاش داگیر کردنی هەنگاریا تورکەکان بە جۆرێک لە خۆبایی بوون ویستیان ڤییەناش داگیر بکەن ئەمەش لە سەردەمی سوڵتان سولەیمان یەکدا بوو. پاش ئەوەی چەند جەنگێک لە ناوچەکەدا ڕووی دا عوسمانیەکان جەنگی ڤییەنایان دواخست،  تا لە ساڵی ١٦٨١دا هێزێکی بەرگری دروست بوو لە هەنگاریا کە دژایەتی دەوڵەتی عوسمانیان دەکرد، ئەمەش وای کرد کە سوڵتان محەمەدی پێنج فەرمان بکات بە  موستەفا قەرە کە سوپایەکی  سێ سەد هەزار ٣٠٠٠٠٠ کەسی ببات و بڕوات بەرەو مەرزی نەمسا  و فەرمانی پێ کرد یەکسەر ڤییەنا داگیر بکات.
.
موستەفا قەرە

٣) جان سێ سۆبیسکی Jan III Sobieski( ١٦٢٩-١٦٩٦)
جان  سێ سۆبسکی پاشای ئەو کاتەی پۆڵۆنیا بووە و ٢٢ ساڵ حوکم ڕانی کردوە ، ئەم پاشایە خوازیار بوە لیتاوا بخاتە سەر پۆڵۆنیا..بۆ ئەم مەبەستەش تا مردنی کاری بۆ کردوە.
لە لایەن موستەفا قەرە بە پاشا نەخۆشەکە ناسرابوو کە گوایە توانای ئەوەی نیە خۆی سواری ئەسپەکەی خۆی ببێت دەبێت دوو کەس یارمەتی بدات تا سواری ئەسپەکەی ببێت..
جان پاشایەکی خۆشەویست بوە لای میلەتی پۆڵۆنی و سەرکردەیەکی سەربازی شارەزا بووە. پاش جەنگەکە عوسمانیەکان نازناوی شێری پۆڵۆنیایان لێ نا و لە لایەن پاپا وە نازناوی ڕزگارکەری ئەوروپا پێ بەخشرا.

دەستپێکردنی شەڕی ڤییەنا
شەڕی ڤێنا لە ڕۆژی ١٤ جوڵای ١٦٨٣ دا دەستی پێ کردو لە ١٢ سێبتەمبەری ١٦٨٣ دا کۆتایی پێهات.


وێنەی سوپای عوسمانی لە چواردەوری ڤێننا

عوسمانیەکان ویستیان ڤییەنا داگیر بکەن و بیخەنە ژێر سوڵتەی پاشایەکی هەنگاری بە ناوی ئیمرا تۆکۆڵی .Imre Thokoly.
نەمساویەکان لە سەرەتای ساڵی ١٦٨٣دا هێزێکی وایان نەبوو کە بتوانێت لە مەیدانی جەنگدا ڕوبەڕوی تورکەکان ببێتەوە ناچار خەڵک و سوپاکەیان کۆ کردەوە لە ناو دیوارەکانی ڤییەنادا تا خەڵکەکە بپارێزن لە دڕندەیی تورکەکان.
هێزی نەمسا لەو کاتەدا بە پۆلیس و سەربازو  سوپای پاشاوە دەگەیشتە پازدە هەزار کەس.
هێزێک لە ئیتاڵیاوە هات بۆ یارمەتی پاشای نەمسا کە  ژمارەیان دەگەیشتە  هەزار کەس.
هێزێک لە پاشای پۆڵۆنیاوە هات کە پاشا خۆی سەرکردایەتی  ئەو هێزەی دەکرد  ئەو هێزەش پێک هاتوبوو لە بیست هەزار سەرباز.
ئەڵمانیاش هێزێکی دە هەزار سەربازی ناردبوو
هێزێکیش دروست کرا لەو کەسە دیندارانەی کە دەیانویست پارێزگاری لە دینەکەیان بکەن، واتە سەربازی جەنگ نەبوون.
لە کۆتایدا بە تەواوی هێزی بەرگری نەمساو هاوپەیمانەکان ژمارەی سەربازەکان گەیشتە شەست هەزار سەرباز.
موستەفا قەرە کە سەرکردایەتی سوپای توکی دەکرد کە سوپاکەیان پێک هاتبوو لە ٣٠٠،٠٠٠ هەزار سەرباز و دەیویست لە ماوەیەکی کەمدا ڤییەنا داگیر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش مەوادی تەقینەوەی هێنا بوو تا بتوانێت دیوارەکانی ڤییەنای پێ بتەقێنێتەوەو بە زووی بچێتە ناو شارەکە، چەندەها خەنەقیان لێ دابوو بۆ ئەوەی بە زووی لە دیواری شاری ڤێننا نزیک ببنەوە و لە ژێرەوە تەقینەوەی تێدا دابنێن تا دیوارەکان بڕوخێنن و ڕێگا خۆش بکەن بۆ سەربازە تورکەکان تا بچنە ناو شاری ڤییەناوە.
ئەم بیرکردنەوەیە کە تەنها پێک هاتبوو لە هێرش کردن، وای کرد لە موستەفا قەرە سەرکردەی سوپای تورک هیچ بیر لە بەرگری نەکاتەوە و تەنها چاو مێشکی لای هێرش کردن بوو بۆ سەر دیوارەکانی ڤییەنا و داگیرکدنی شارەکە بە نیاز بوو لە ماوەی سێ ڕۆژدا تەواوی شارەکە داگیر بکات و هەمووی بسوتێنێت.


وێنەی هێرشی سەر ڤێننا

خاڵێکی تریش کە لە سودی ئەوروپیەکان بوو ئەوە بوو ئەوروپیەکان چەکی تازەیان پێ بوو کە بریتی بوو لە تفەنگ، ئەو کاتە تازە تفەنگ دروست کرابوو لە ئەوروپا. تورکەکان تەنها شمشێریان پێ بوو لەگەڵ تیر و کەوان، هەندێک تۆپ و کەرەسەی تەقاندنەوە بۆ ڕوخاندی دیوارەکان.
لە سەرەتایی مانگی سێبتەمبەردا شاری ڤییەنا لە کەوتندا بوو، ئەو کاتە هێزی فریادڕەسی  پاشای پۆڵۆنیا گەیشتنە مەیدانی جەنگ و ئاڕاستەی جەنگ کەمێک گۆڕدرا، هێزەکە بریتی بوو  لە بیست هەزار سەربازو ئەسپسوارو چەند تۆپێک.
ئەم هێزە سەرکردایەتی دەکرا لە لایەن  پاشای پۆڵۆنیا جان سێ سۆبیسکی(Jan III Sobieski) .


وێنەی پاشای پۆڵۆنیا کاتی یەکەمین هێرش

لە ڕۆژی ١٢ سێبتەمبەردا ئەم هێزە دوای شەڕیکی زۆر توانیان بەرگری تورکەکان تێک بشکێنن لە نێوان کۆلنبۆرگ و دۆناودا ، ئەمەش وای کرد هێزی باڵای تورک کەوتنە ڕاکردن. تەواوی سوپای تورک لەو شەڕەدا تیا چوون، زۆرێک بە دیل گیران و  زۆرێک لە مەیدانی جەنگدا کەلەپاچە کران. پاش ئەم هەڵاتنەی سوپای تورک کە موستەفا قەرە خۆشی یەکێک بوو لەوانەی رایکرد، جەنگ لە زۆرینەی ناوچەکان دژ بە تورک بەرپا بوو ، دەوڵەتی عوسمانی هەنگاریای بە تەواوەتی لەدەست دا.
ئەم تێکشکاندنەی تورک لە پێش دیوارەکانی ڤییەنا بە کۆتای دەسەڵاتی عوسمانی هەژماردە دەکرێت.
لە ساڵی ١٦٨٤دا لە لایەن پاپای ئەوسەردەمە جەنگی دژ بە عوسمانیەکان پیرۆزکرا و وەک جەنگی مەسیحیەکان دژ بە ئیسلامی تورک ناوبرا. لەو کاتەدا بەهێزترین دەوڵەتی مەسیحی فەڕەنسا بوو بەڵام بە داخەوە فەڕەنسا هاوپەیمانی دەوڵەتی عوسمانی بوو، تێکشکاندنەکەی تورک لە ڤییەنا دڵگرانی پاشا لەودەروایکی ١٤ی لێ کەوتەوە کە ئەوسەردەمە پاشای فەڕەنسا بوو.

دەستپێکردنی تێکشاندنە یەک لە دوای یەکەکانی تورک
لە سەدەی ١٧دا دەوڵەتی عوسمانی ڕووی لە بچوک بونەوە دەکرد و بە زۆری وڵاتانی ئەوروپا ڕزگاریان بوو لە داگیرکاری تورک، سەرەتایی شکاندنی عوسمانیەکان لە شەڕی عوسمانی و پۆلۆنیاوە سەری هەڵدا ئەمەش لە ساڵی ١٦٧١ بۆ ساڵی ١٦٧٦ ی خایاند، بە گرتنەوەی پۆدۆلیا (Podolie) ، دوای ئەم شەڕە تورک کۆمەڵێک ناوچەی لەدەست دا کە پێشتر داگیری کردبوو.
پاشان شەڕی تورک دژ بە ڕوسیا بۆ بڵاو کردنەوەی دەسەڵاتی عوسمانی لە ساڵی ١٦٧٦ بۆ ساڵی ١٦٨١ درێژەی کێشا ، ئەمەش بە شکستی تورکەکان کۆتایی هات و کار گەیشتە ئەوەی کە تورک دەست لە ئۆکرانیا هەڵگرێت بۆ ڕوسیا، دوبارە تورک شکستی هێنا بەرامبەر ڕوسیاش.

شەڕی نیوان تورک و ئەوروپیەکان درێژەی کێشا تا ساڵی ١٦٩٩

پاش تێکشکاندنی سوپای تورک لە ڤێنا پاشای پۆڵۆنیا ( Jan III Sobieski) بە نامە هەواڵی سەرکەوتنی مەسیحیەکانی بە پاپا ڕاگەیاند.


وێنەی پاشای پۆڵۆنیا کە نامە دەنێرێت بۆ پاپا.

هەربۆیە پاپای مەسیحیەکان گوتی شەڕ دژ بە تورکی داگیرکار تەنها بە یەکگرتووی دەکرێت. یەکگرتنی ئەوروپا دژ بە سوپای تورک وای کرد تورک بە تەواوەتی دەسەڵاتەکانی لە دەست بدات و دەوڵەتی عوسمانی بچوک کرایەوە تا جەنگی جیهانی یەک  دەوڵەتی عوسمانی تەنها کوردستان و ئەنقەرەو ئەستانبوڵی بەدەستەوە مابوو.

پاش شکستی ڤییەنا موستەفا قەرە چی بەسەرهات؟
پاش هەواڵی تێکشکاندنی سوپای تورک لە ڤییەنا سوڵتان محمەدی پێنج چەند پیاوکوژێکی نارد بۆ لای موستەفا قەرە و هەواڵی ئیعدام کردنی خۆیان پێ ڕاگەیاند.. لە نامەکەدا چەند مەرجێک نوسرابوو بۆ کاتی ئیعدام کردنی موستەفا قەرە:
١-دەبێت موستەفا قەرە بە گوریس بخنکێنرێت لە هەر لایەکی گوریسەکەوە دوو کەس گوریسەکە ڕاکێشێت تا دەخنکێت و ملی دەشکێت.
٢- دەبێت ژن و کوڕەکەی موستەفا قەرە کە کوڕەکی ٨ ساڵان بوو  سەیری خنکاندنەکەی  موستەفا قەرە بکەن تا ئەو کاتەی بەتەواوەتی ڕۆحی دەردەچێت.
٣-دەبێت تەواوی سوپا بەزیوەکەی تورک سەیری ئەم خنکاندنە بکەن.
ئەوەبوو لەبەر چاوی سوپاکە موستەفا قەریان خنکاند و  ژن و کوڕەکەی تا کۆتا ساتەکانی ژیانی سەیریان دەکرد و بەم جۆرە کۆتایی  بە تەمەنی موستەفا قەرە هات.


وێنەی خنکاندنی موستەفا قەرە.

ئەم سەرکەوتنەی ڤییەنا لە مێژودا تۆمار کراوە بە ناوی پاشای پۆڵۆنی ( Jan III Sobieski) وە قەشەیەکی ئیتاڵی کە هەواڵی هێرشەکەی برد بۆ ڤێناو پشتگیری سەربازەکانی دەکرد بە دوعا بە ناوی  (Marco Da Aviano).
ئێستا دەتوانین بڵێین لە کۆتایدا کۆتایی زۆردارەکان هەمیشە بە زۆرداری دەبێت، تێکشکاندنی دوژمن تەنها بە یەکگرتووی دەبێت.

کەواتە ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە کورد یەکبگرێت و یەکڕیز بێت دژ بە داگیرکارەکانی کوردستان و کوشتنی ڕۆڵەی کورد لە کوردستاندا، کورد دەبێت زیاتر گرنگی بدات بە مێژووی دەوڵەتان و وانە وەرگرێت لە سەرکەوتن و شکستەکانی ئەو وڵاتانە، نۆکەری و بێگانە پەرستی تاکە چەک بوە کە دوژمن هەمیشە بەکاری هێناوە دژی میلەتی کورد.

لەگەل ڕێزو سوپاس بۆ ستافی کوردستانپۆست و خوێنەران.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە