گرەیندایزەرەکانی پارتی و یەکێتی نزیکی موسڵ و کەرکوک جمەیان دێت

Sunday, 23/10/2016, 21:26

5825 بینراوە


 ئەو وێنەیە: مارشاڵەکانی" قەبیلەی بارزان و چوار دوربین هەریەکەیان سەیری جێگایەک دەکەن
هەموو چرکە ساتێک کە هەواڵی شەهیدێک دەبیستم لەناخەوە ئازار دەچێژم و دەڵێم : "ژیان چەندە ماناتر دەبوو ، ئەگەر قوربانییەکان بۆ ئازادیی ئەم گەل و خاکە بوایە، نەک بۆ ئەم بەرپرسە خوێڕی و بازرگانی حیزبانە".
 ئێوە ٢٥ساڵە کات دەگوزەرێنن، بەڵام ئێستا ئەم بەرپرسانە و مندالەکانیان دەتانەوێت دوایی لەسەر شانۆی نەهامەتێکانمان خۆیان نمایش بکەن. 
 شاڵاو ی کوڕی کۆسرەت زۆری پێخۆشە، کەوا وێنەی گیراوە و زوو بڵاو بێتەوە، چاک لەو وێنەیە بڕوانن، بزانن ئەمە وێنەی بریدارە، یان هی کەسێکە خوێنیان لێدەرهێناوە؟ ئەو دەموچاوە لەوە دەچێت خۆی دابێت بەسەر زەوییدا و خۆی خشاندووە، برینەکەی هی گوللە و ساچمە و هیچ شتێکی دیکە نییە، هەردو قۆڵی لە یەک شوێندا بۆیان بەستووە، کەی ئەمە شوێنی گوللەیە؟ دەموچاوی شاڵاوی کۆسرەت بخوێنەرەوە، بزانە ئەمە دەموچاوی کەسێکی مەرد و ئازایە، یان هی کەسێکی ترسنۆکە، کە و مانایە دەدات، کە لە ترساندا تامی مردن و شەڕی نەکردووە و بۆ یەکەمجارە ئەو دیمەنانەی دیبێت و شۆکی کردووە!؟ باشە کابرا تۆ بە چ هەقێت دەچیتە بەرەی شەڕەوە، خۆ تۆ پلەیەکی سەربازییت نییە! یان کەربازاڕییە و هەرچی کوڕە مەسئولە بۆ وێنەگرتن و کەشخەیی خۆیانی پێدا دەکەن!؟ تا بەشێک لە قارەمانێتی ئەو پێشمەرگانە بۆ خۆتان بدزن!؟
با لەکوڕە قارەمانەکەی کۆسرەتەوە "شاڵاوکۆسرەت" دەستپێبکەین، رووداوەکە وەکو ئەوەی سەریشەوە نەبێت! کەلەیەکەم ڕۆژی هێرشەکانی موسڵ لەناو ئۆتۆمۆبێلە گوللەنەبڕەکەیدا و لە گرتنی ئیستۆپێکی سەر شێتانەی شۆفێرەکە، شاڵاو سەری دای لە داشبڵەکە و ڕوومەتەکانی ڕووشا، لەو کاتەدا لیواکەی کۆسرەت، کە چەندە پێکەنیناوییە دەکەونە ناو شاڵاوی تەقینەوەی چەتەکانی داعشەوە و کوژراو برینداریان دەبێت . کوڕی کۆسرەتیش خۆی تێکەڵی برینارەکان دەکات و ئیتر مێدیاکان کە بەناو ئازادن دەکەونە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بریندار بونی" شاڵاو کوڕی کۆسرەت رەسوڵ".
فەرەیدوون عەبدول قادر بۆئەوەی لەبیر خەڵکی بەرێتەوە دزی و داگیرکردنی سلێمانی پاڵاس و چەند ئوتێل و سۆزانی راگرتووە، کە وەک "نەوشیروان مستەفا" دای بەگوێیدا، دێت ووتار لەسەر کۆسرەت و ئازایەتی ئەولادەکانی دەنوسێت . وەک ئەوەی کوڕەکانی کۆسرەت کوڕەشەهیدەکەی "ساڵح مسلیم " بێت لە شەڕدا شەهید بووبێت . لەکاتێکدا دووکوڕی لە سماقولی بەتفەنگی دەستی ئەولادێکی خۆی کوژراو ڕێبازیشی هەموو مان دەزانین بۆ وەرگەڕا لای دوکان ، ئەمەشیان کە نازانین چۆن بوو بەسەرکردایەتی یەکێتی وا پیشان دەکەن کە بریندار بوە لەبەرەکانی شەڕدا . سەمەرە لەوەدایە لڤین لەوڕۆژەدا چەند جار هەواڵی ئەم ئەولادەی کۆسرەتی بڵاو کردەوە، لەکاتیكدا هەمان ڕۆژ ٩پێشمەرگە گیانیان بەخشی و ٢٥ تر زامار بوون . کەچی شاڵاو سەرتۆپی هەواڵەکان بوو.
 مەسعودو ئەولادەکانی و قەبیلەکەی زۆرترین تروتفاقی شەڕیان پێوەیە، کەچی نەمان دی ڕۆژێک جوامێریەک تۆمارکەن 
 پەندێکی باوی چینی هەیە دەڵێن " کەهەورەتریشقە هات ئیتر گوێگرتن بێسودە" مەسعودو قەبیلەکەی هەمیشە بەدوربینی سەربازێوە لە سەر قەنەفەش سەیری دوردەکەن ، ڕەنگە لەپەنجەرەی ماڵەکانیشیانەوە سەیری کۆڵان بکەن .
 
 خۆزگە لەمەسعودیان دەپرسی "ئەرێ تۆ هیچ مێژووی دوربین دەزانیت"؟
 ئاخر ئەمانە هێندە عەشقی خۆ نواندنن هێندە جوامێریان تێدا نی یە. ئەوە جگە لەخیانەت و خۆفرۆشی و دزی و سوکایەتی کردن بەپیرو ژن و منداڵ و پەک کەوتەو خەڵکی هەژار . ئەولادەکانی مەلامستەفا لەم ڕۆژانەدا یەک دوانێکیان خۆی بەکوشت نەدات ئیتر کەی ئەم تڕوتفاقەی وێنەی پێوە دەگرن کەی بەکاری دەهێنن ؟ ڕەنگە ئەم تڕوتفاقەشیان وەک خەنجەری کابرابێت "بۆکاتی لێقەومان هەڵیان گرتبێت". لەهەموویان کۆمێدی تر"سیروان مامزو مەنسوری کوڕێتی " بەس لە فیسبوکەکەیان هەزاران وێنەی جۆراو جۆری کۆمەندۆییان بڵاو کردۆتەوە کە پێیانەوە دیارە چەندە داماون؟ سەمەرە لەوەدایە هەزاران لایکیان بۆ چووە کە بڕوام وایە لایکی کۆڵێ پارە لەسەر گیرفانی کوردو نەوت و کانەکان کەوتوە کە ئاودیو ئام دیوو دەکرێت .
 لەهەمووی کۆمیدی تر" لاهوری شێخ جەنگی "ە ئەم جەنەڕاڵەی بۆ کورد هەڵتۆقی و هاتنی داعش بوە خێروبەرەکەت بۆی و بوە ژمارەو لێرەو لەوێ کۆنفرانس دەبەستێت و شەکر دەشکێنێت و هەڕەشە دەکات، نمونەی قسە قۆڕەکانی کە بیرمان مابێت ووتی: 'لەڕێگەی ئێمەوە ئوساما جێگەکەی دەسنیشان کرا" ماوەیەک هەڕەشەی لەنەوشیروان و گۆڕان دەکرد، لەم ڕۆژانەشدا لە لەندەن ڕەقەمی لێدا ووتی "ئێمە نازانین داعش چ جۆرە تاکتیکێکی نوێ بۆ شەڕ بەکار دەهێنێت ؟" ئەم باوک بەشەرە گەر برازای تاڵەبانی نەبوایە ئایا دەکرا بەم بەرپرسە ؟ دوێنێ هێندە مەحمود سەنگاوی بەرپرسە سەربۆیاخکراوەکانی تر هێندە گوناح بوون لە دەوری کۆ ببونەوە ئەم لاورەش  قسەی دەکرد وەک ئەوەی ئەم زاتە  داعشەکانی ڕاوەدوونابێت ؟
 سەمەرە لەوەدایە کەسمان نازانین ئەم چەکلانە دەرچووی کامە ئەکادیمیای سەربازین ، ئەوان وادەزانن کە ژمارەی قوربانی زۆربوو ئیتر تۆ براوەیەت. قوربانییەکان چەندە زۆربن کەس نییە لەسەر خوێنی ڕژاویان ئەم چەکلانە بداتە دادگا بۆیە ئەوان قوربانییەکان وەک بەردەباز سەیر دەکەن .
هەڵتۆقینی داعش بۆ ئەم دەسەڵاتە خیانەتکارە بووە خێروبەرەکەت و درێژە بەداگیرکاری بێڕێزی و دزی کردن دەدەن ، ئەوان خۆشحاڵن کە داعش بونی هەیە ، چونکە گەر وانەبێت ئەوانە بەڕاستی شەڕی داعشەکانی کورد پێویستە بکەن ، داخۆ هێندە ئازایەتیان تێدایە وەزارەتی ئەوقاف کڵۆم بدەن و دەرکی هەموو مزگەوتەکان داخەن و بڵێن خەڵک لەماڵی خۆیدا نزاکانیان بکەن و هەموو ئەومەلاو حیزبە ئیسلامیانەش بێنن لەسەر داعش و چەتەکانی خۆیان ساغکەنەوە ، داخۆ ئەوان ئیسلامن یان داعش ؟ 
هیچ یەکێک لەم چەکلانە ناتوانن ببنە پاڵەوانی ڕووداوەکان ،چونکە هەموویان دەستکردن و خۆڕسک نین، بەداخەوە مێژووی ئەو هەموو گیان بازییەی کۆمەڵە و یەکێتی کەوتۆتە دەست ئەم تڕۆو ترسنۆکانە .....!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە