ئایا ڕێگایەکی تر بۆ بەدەستهێنانی موچە هەیە؟

Saturday, 29/10/2016, 20:46

2655 بینراوە


"حکومەت وەڵام ناداتەوە ڕێگاچارە ئەوەیە یان درێژە بەمانگرتن و کار راگرتن بدەین یان لیژنەیەکی ١٥٠ کەسی پێکبێنین و لەداهاتی خۆمان موچە دابین بکەین و زیادەکەی بنێرین بۆ سەروی خۆمان. " 
ئەمە قسەی نوێنەرانی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی بۆ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی. ئەم وەڵامە پڕبەپێستی حکومەتی ئەم دوو مافیا گەنجەیە کە بڕیاریان داوە سفرەی کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستای ئەم هەرێمە خاڵی بکەنەوە تاکو دڵی بانکی نێودەوڵەتی ڕازی بکەن بۆ قەرزوەرگرتن و پارەی داهاتی نەوت و وەزارەتەکانی ئەم هەرێمە لە حسابی شەخسی خۆاین لە بانکەکانی دەرەوە و ژێرزەمینەکانی ناوەوەی کوردستاندا تا بن دیوار هەڵچنن. ئەم هۆکاری ئەم کەمکردنەوەی موچەیەیە بەناوی درۆی پاشەکەوتەوە. هەربۆیە نە بەرزبونەوەی نرخی نەوت و نە تێپەڕبونی قەیران کۆتایی بەم بڕیارەی حکومەت ناهێنێ و تاکو داهات لەژێردەستی ئەمانەدا بێت بەشی خەڵک دەبێتە نێچیری دەستی ئەم ڕاوچیانەی موچە. 
بێگومان ئەم وەڵامەی فەرمانبەران ،کە خۆیان داهاتی فەرمانگەکان دابەش بکەن ،بێ قوربانی نابێ و هەربۆیە دوای زیندانی کردنی بەشێک لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی ئێستا بڕیاری تەرحیلیان داون. 
کرێکار و فەرمانبەر زۆر جار توشی شەڕی سەختی لەم جۆرە دەبنەوە. ئێمە کۆمەڵێک کرێکاری کارگەی ساردەمەنی گوڵزار بوین لە هەشتاکاندا مانمان گرت و خاوەن کار دەرگای کارگەی لێ داخستین و ناردینیەوەبۆ ماڵەوە. کاتێ بەم بڕیارە ڕازی نەبوین چوینەوە ناو کارگە و وتمان خۆمان کارگە ئیش پێ دەکەین و موچەی خۆمان پەیدادەکەین ، خاوەن کارگەی کورد ئەوکات وەک ئەم بەڕیوەبەرانەی باج بەم بڕیارە بوێرانەیەی ئێمە شێت بوون و پۆلیسی بەعسی بۆ هێناین و زیندانیان کردین و توانیان دەرمان بکەن. ئەمە پیشەی هەموو دەسەڵاتێکی سەرمایەدارە، جا خاوەن کارگەیەکی بچوک بێت یان خاوەن حکومەتێکی گەندەڵ، بەعسی بێت یان یەکێتی و پارتی. ئەم پیشەیە بریتیە لە دزی و پاوانی داهات و هەڕەشەی گرتن و ترحیلی کریکار و کارمەند و مامۆستا. بەڵام ئایا حکومەتی هەرێم چەند نوێنەر سزا دەدا و ترحیل دەکا. ئایا بە ترساندنی چەند نوێنەرێک دەتوانێ کۆتایی بەم مانگرتن و بایکۆت و ناڕەزایەتیانە بهێنێ؟
بێگومان ناڕەزایەتیەکان لەوە بەرفراوانترن کە بەم جۆرە هەڕەشە و سزایانە تەواو بن و کۆتاییان پێ بێت بەڵام نابێت ڕێگە بەم حکومەتە بدرێ کە سەرەڕای نەدانی موچە هێرش بکاتە سەر نوێنەرەکانمان. ئەمڕۆ دیفاع کردن لەم نوێنەرانە دیفاعە لە موچە و مافی مانگرتن. دەبێ خواستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ترحیل و سزادانی کارمەندانی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی ببێتە داوای ئەو تۆڕە سەراسەریەی لە دەستەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دروست بوە و بەرامبەر بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی وپیشەسازی و حکومەتی هەرێم بوەستنەوە. ئەمە شەڕی دیفاعە لە سەنگەرێکی ئەو جەبهەیەی کە ئەمڕۆ بەدرێژایی شاروشارۆچکەکانی کوردستان کارمەندان و مامۆستایان و خەڵکی هەژار دژ بە بڕیاری حکومەت بۆ برسیکردنی خەڵک ڕاوەستاوە. 
سەرەڕای ئەم پشتگیریە لە فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی گرنگە ئەو داخوازەی ئەوان بۆ سەرپەرشتی داهات لە فەرمانگە و کارگە و وەزارەتەکاندا ببێت بە خواستی ناڕەزایەتیەکان. ئەگەر ئەو سەدان هەزار کارمەندەی کوردستان داوابکەن کە پێویستە لیژنەی کارمەند و مامۆستا و کرێکار پێک بێت بۆ سەرفکردنی موچە لەداهاتی وەزارەتەکان و فەرمانگەکان ئەوا ئەم دۆخەی ئێستا بەرەو باشتر دەگۆڕێت کە حکومەت زۆرباکی نیە بە وەستانی کەرتی خوێندن و خزمەتگوزاریەکان و دەیەوێت خەڵک خۆی بەناچاری و بەبێ دەستکەوت کۆتایی بە مانگرتن و بایکۆت بهێنێ. 
ئەمڕۆ ئەم پێشنیارەی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی کە با خۆیان سەرپەرشتی داهات بکەن پێویستە هێزی هەمو دەستە و گروپەکانی ڕێکخەری ناڕەزایەتیەکانی لەدەور کۆببێتەوە و ڕێگای چۆنیەتی بەشداری کارمەندان پەیدا بکەن لە ئیدارەی داهات و وەرگرتنی داهات لە حکومەتی مەرکەزی و ناچارکردنی بەڕیوەبەرایەتیەکان بە دابینکردنی موچە لەداهاتەکان . ئاشکرایە کە ئەمە شەڕێکە دەبێ لەگەڵ دەسەڵاتێکی مافیا و دەزگا سەرکوتگەریەکانی بکرێ بەڵام لەگەڵ ئەم حکومەتەدا نابەرپرس و گەندەڵەدا تەنیا ڕێگای دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و ڕانەوەستانی خوێندن و خزمەتگوزاریە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و گشتیەکان شەڕە لەسەر ئەوەی خەڵک چۆن دەبێ خۆی دەوری هەبێ لە سەرپەرشتی داهاتی کوردستاندا. لەگەڵ حکومەتێکدا کە مانگرتن بە لەکٶڵ بونەوەی مەسرەف دەزانێ ڕێگاچارە دەستبردنی ڕاستەوخۆ و فشار دروستکردنە بۆ لێسەندنەوەی داهاتی خەڵک. ئەمە تەجروبەی ٢ ساڵی ڕابردوی بایکۆتە کە لە حاڵەتی پاسیڤەوە دەیکاتە جوڵانەوەیەکی ئاکتیڤ بۆ بەدەستهێنانی موچە. ئەمڕۆ هیچ ڕێگایەکمان بۆ نەماوەتەوە جگە لەوەی ئیرادە و هێزی یەکگرتوی کارمەندان و مامۆستایان و کرێکاران نیشانی ئەم دەسەڵاتە سەرمایەدارە مافیاییە بدەین. نیشانی بدەین کە ئێمە لەوان باشتر دەتوانین ئیدارەی کۆمەڵگەی کوردستان بکەین و دەتوانین لەداهاتی کوردستان نەک هەر موچەی تەواو بەڵکو خۆشترین گوزەران و پێشکەوتن دابین بکەین. ئەم دەسەڵاتە دەبێ لە خەڵکی کوردستان ئەم دەنگ و ئیرادەیە ببیستێ ئەگینا لەسەر سیاسەتی برسی کردن و کۆیلەکردنی کردنی خەڵک بەردەوام دەبێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە