قەلە ڕەش

Thursday, 03/11/2016, 19:35

6018 بینراوە


چارلی چاپلن/ی مەزن ئەڵێت : دوژمنی گەورەی من ' کات' ە ، خواست و بەرنامەی زۆرم هەیە بۆ ئینسانیەت ، نازانم کات ڕێگە بە هێنانە دی چەنیان ئەیات ..
ئەمە ووتەی کەسێکی خەمخۆری خەڵکی غەیری خۆیەتی،ئەو لە خەم وهەست کردن بە ئازارەکانی کەسانی ترەوە ئەو پەندەی ووتوە، کە ئەمەش ڕێک پێچەوانەی هەڵوێست و بۆچونی دەسەڵاتدارانی ڕژێمەکەی هەرێمی کوردستانە، فەرمانڕەوا تێر و تەسەلەکانی بنەماڵە و حاشیە و کەس و لایەنە پاشکۆکانی لەو هەموو قەیران و تەنگ و چەڵەمانەی هەرێمی تیا غەرق بوە، مێش میوانیان نیە و لەسەر ڕۆتینی ڕۆژانەی خۆیان بەردەوامن وەک ئەوەی هیچ لە ئارایا نەبێ ، کاتێک گرفت و خەلەل چواردەوری کەسێک ئەگرێ ،مێشک بەو گرفتانەوە مەشغوڵ ئەبێ و ڕێ بە بیرکردنەوەی لاوەکی نایات و تەرکیزی لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرەکان و دوانی تر ئەبێت ، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانە، کەسێک لە بای باڵی خۆی نەکەوێ و هەر خەریکی بەزم و هیوایەتەکانی خۆی بێت، دیارە ئەو کەسە ناکەسە نەخۆشە و لە شوێنی شایستەی خۆی نیە و هەرچی سیفاتی هاووڵاتی و ئینسانیەت بوونە لە مەزەبیا نیە ، ئەگەر بێ ئیشی نەبێت چۆن لەو بارە ناهەموارەی هەرێمی تیایە سەرؤکی بەناو حکومەتی هەرێم مەشغوڵی دەعوەت کردنی (پاڵەوانێکی فلیمی سێکسی ئەمریکی) ئەبێ و لەسەر حسابی ئەو بودجەیەی قوڕی کردوە بەسەری ئەو عالەمەیا بە تەیارەی تایبەتی شەوێک یەت و 'ضیف شرف'ی هەولێر ئەبێت!؟ (لەوانەیشە ئەو دەعوەتە پەیوەندی بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتە کوردییەکەوە هەبێت - بەشی سینەمای بێ جلەکان..).
ئەمە مانای ئەوەیە ئەو کەسە یەک سانیەش لە فکری خەڵک و قەیرانەکانی خەڵکا نیە و هێندە بێ ئیشە کاتی خۆی بە دەعوەت کردنی خەڵکی بەزەوق و سەفا لە ئەمریکاوە بەسەر ئەبات! جا ئیتر کۆمەڵانی خەڵکیش چی بەسەر یەت جار بە جەهەنەم ... بەسەر بردنی کات بەو جۆرە و لەم وەزعەیا خیانەت و تاوانە لە بێ خەمی بێ بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە میللەت لە کاتی پێویست تەنگانەیا.....
 بە ناشکوریش نەبێت ، حیزبەکانیش هەر خەریکی تاوتوێ کردنی ! وەزعەکەن و دوان لێرە و دوانی تر لەولا لەبەردەم مایکەکانا چەن ساڵێکە بەدوای چارەسەرا ئەگەڕێن ،تەنانەت هەیە لە تارانەوە دەماری ملی ئەئاوسێ و داوای چارەسەری 'ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە' ئەکات..لەولاشەوە فەرمانڕەوا بێ ئیشەکانی ڕژێمەکەی هەولێر تەراتێن ئەکەن و خەریکی کات بەڕێ کردنن بەو جۆرەی خۆیان ئەیانەوێت نەک بەر پرسیارێتێکەیان چی فەرز ئەکات بە سەریانا، ئاخر بێ ئیشی نەبێت سەرۆکی بەناو سەرۆکایەتی هەرێم کەی ئیشی ئەوەیە ڕایگەیەنێت ' بغدادی' لە موسڵە یان نا ، ئەوە ئیشی کاربەدەستێکی ئیستخباراتی سەر بە هێزی چەکدارە، بەڵام ئەو داماوەش چی بکات، ماوەیەکە بێ ئیشە تا سەر لە نوێ سەرۆکەکەی (وەک حەمەی بەرید) ئەینێرێتەوە لای حیزبەکان هەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک ! لەو هەموو قەیران و نەبونی و بێ داراییەوە حاشیەکانی بنەماڵە خەریکی میهرەجانی شاجوانی قەیرانەکانی کوردستانن، کە هەقە ناویان بنایە' چارەکە جوانی هەرێم' سەبارەت بە سیستەمی چارەکە موچەی فەرمانبەران....... 
 هەر کەسێک لە بیرکردنەوەی میللەتا بوو، دەستەویەخە لە شەڕایە لەگەڵ کات و چاوی لەوەیە چەن بەزوویی بیرکردنەوەی ئەبێتە بەرهەم و کاری ئەو خەڵکەی پێ مەیسەر بکات، بەڵام کەسی دز و جەردە چاوی هەر لە قاسە و دەستی لەسەر گیرفانێتی لای ئەو دەقیقە دۆلار و سەعاتیش قاسەیە .... 
ڕەفتار و بیرکردنەوەی فەرمانڕەواکانی ئەمڕۆی ڕژێمەکەی بنەماڵە وەک ئەو پەندە عەرەبیەیە کە ئەڵێت : 
و اذا کان دلیل القوم غراب...
واتا: ئەگەر قەلەڕەش ڕێ نیشاندەری خەڵك بوو ................هتد....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە