موسڵ و پەیمانی جەزایر

Friday, 04/11/2016, 0:00

3234 بینراوە


بە درێژایی مێژوو کورد لەسەر خاکی خۆی ژیاوە ، دراوسیێکانی وەک : تورک و فارس و عەرەب توانیویانە ئیمپراتۆرییەتی مەزنی بەهێز و پاشان دەوڵەت بۆ خۆیان دابمەزرێنن و تا ئێستاش پارێزگاریان لەو دەوڵەتانە کردووە . بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کورد نەک هەر نەیتوانیوە دەوڵەت بۆخۆی دروستبکات ، بەڵکو لە ساڵی ١٥١٤ دا و لە ئاکامی شەڕی چاڵدێرانی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوییەکاندا ، کەوتۆتە ژێر دەستوپێی ئەو دوو لەشکرەوە و لە ئاکامدا ئەو دوو زلهێزە کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە .. پاشان لە دوای دۆڕانی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ، ولایەتی موسڵی ژێردەستی عوسمانییەکان بە پێی پەیمانامەی سایکس بیکۆ لە ١٦ مایسی ساڵی ١٩١٦ دا سەرلەنوێ دابەشکراوە و بەمەش وڵاتەکەمان لـــە دوو پـارچەوە کراوە بە چوار پارچەوە و خەون و ئاواتی مێژینەی کوردیش گەیشتۆتە ئەم حوکمڕانییە تێکشکاوەی ئەمڕۆمان . ئێستا پرسیار ئەوەیە لە سەردەمە دێرینەکاندا کورد چیی کەمتر بووە لەو نەتەوانەی دەوروپشتی خۆی ، کە نەیتوانیوە بەرگریی لە خاک و سەروەری ئەمارەتەکانی بکات و وەک ئەوان دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێ ؟ . لە وەڵامدا دەڵیین : هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆری بیرکردنەوەی سەرکردەکانمان ، کە هونەری سیاسەتیان نەزانیوە و هەرگیز لەو جۆرە لووتانەیان نەبووە ، کە بۆنی مەترسی پێش ڕوودانی بکەن . پاشان ئەوەندەی بیریان لای خۆیان و بنەماڵە و ناوچە و عەشیرەتەکانیان بووە ، ئەوەندە خەمی دەوڵەتیان نەبووە و نەیارەکانیشیان توانیویانە بە ئاسانی تەفرەیان بدەن و ببن بە کۆسپ لە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانیاندا و بە درێژایی مێژووش سوودیان لە شکستەکانیان وەرنەگرتووە ، هەڵخەڵەتاندنی کوردیش تا ڕۆژانی ئەمڕۆمان درێژەی هەیە و نموونەشمان زۆرن ، کە لێرەدا تازەترین نموونە دەهێنمەوە ، کە تا ئێستاش لە بیرەوەری زۆربەماندا ماوە .. شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٦١ وە بەردەوامبوو تا بەهاری ١٩٧٥ ، دەوڵەتی ئێران ، کە داگیرکەری پارچەیەکی وڵاتەکەمانبوو ، بە پارە و چەک و هێزی سەربازی کۆمەکیاندەکرد . ئێران بەڕاستی سیاسەتی دەکرد و خۆی دەیزانی بۆچی ئەو کۆمەکە فراوانە دەکات ، بەڵام سەرکردەکانی کورد نەیاندەزانی لە پێناوی چیدا ئەو هەموو کۆمەکە وەردەگرن و لە خواستی شارراوەی ئێران بێ ئاگابوون و لایان وابوو حەمە ڕەزا شا وەک کورد لە نەتەوەی ئارییە و دەستبەرداریان نابێت و تا سەرکەوتن لەسەر خوانە چەورەکەی دەیخۆن . بەڵام کاتێک ئێران توانی لە پەیمانامەی جەزایردا بەشێک لە خاک و ئاوی عیراق بخاتە سەر وڵاتەکەی و بگات بە مەرامە شارراوەکەی ، ئەوەبوو دەستی لە کورد بەرددا و ئەو شۆڕشەش ، کە خاوەنی ١٢٠ هەزار چەکداری ئازا و خوێنی هەزاران هەزار کەسی بە شەرەفی لە خۆگرتبو بە یەکجار هاڕەیکرد و هەرەسی هێنا و ئەنجامەکەشی بوو بە مەینەتی و ماڵوێرانی و ئەنفال و کاولکردنی وڵاتەکەمان . ئاخر ئەگەر کورد سیاسەتی بزانییایە ، دەبوو لەو ماوە درێژەدا تەنها جارێک پرسیارێکی لە خۆی بکردایە : ئێرانێکی داگیرکەر ، کە هیچ مافێک بە کوردەکەی ژێر دەستی خۆی ڕەوا نابینێ ، چۆن دەکرێ هەر وا بە خۆڕایی یارمەتی بزوتنەوەیەکی چەکداری بدات ، کە مەترسیی بوو بۆ سەر خۆی . لەگەڵ ئەو هەموو کارەساتەنەدا ئەوەتا هەتا ئێستاش بیرکردنەوەی سەرکردە هەلپەرستەکانمان وەک بیرکردنەوەی باوباپیرانی سەدان ساڵی ڕابووردوومانن و نەگۆڕاون و وانەیان لە مێژووی پڕ کارەساتی خۆیان وەرناگرتووە ، بەڵگەشمان ئەوەیە پارتی هەموو خەونەکانی خۆی بە تورکیادا هەڵواسیوە و یەکێتیش بە ئێراندا ، کە هەردووکیان بۆ تێکشکاندنی کورد هاو هەنگاون و بە خوێنی سەری میللەتەکەمان تینوون . ئەمڕۆ تورکیا بە هەموو شێوەیەک کۆمەکی پارتی دەکات ، دەرگای خۆی بۆ پارتی خستۆتە سەرپشت و هێزێکی سەربازی زۆری هێناوەتە کوردستانەوە بۆ پاڵپشتی بارزانی ، کە بە دڵنییاییەوە تورکیا لەم هەنگاوانەیدا وەک شای ئێران سیاسەتدەکات و ئێمەش نازانیین ئامانجی ئەو سیاسەتەی چییە . پارتیش لە ڕێگای کۆمەک و پەیمانی درۆی تورکیاوە خۆی لیێ گۆڕاوە و ئەمڕۆ بۆتە هێزی یەکەم و حساب بۆ هیچ لایەنێک ناکات و بەردەوام لە هەوڵی تێکشکاندنی هێز و لایەنەکانی تردایە و تا ڕادەیەکی زۆریش ئەمەی بۆ چۆتە سەر . بێگومان جیاوازی نێوان یارمەتییەکانی شای دوێنێ و ئەمڕۆی ئەردوگان لەوەدایە ، کە ئیران بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆی دەیویست هەموو کورد بکات بە گژ ڕژێمی بەعسدا ، ئەوەبوو لە ئازاری ١٩٧٤ دا و لە ڕێگای کورد خۆیەوە توانی هانی هەزاران کەس ناو شارەکان بدات تا پەیوەندی بە شۆڕشەوە بکەن ، ئەمەش بۆ دوو مەبەست بوو ، یەکەمیان بۆ فشار خستنە سەر سەدام و ملکەچکردنی بۆ خواستی خۆی و دووەمیشیان بۆ کورد بوو ، تا لە کاتی ڕێکەوتنی لەگەڵ عیراقدا ببن بە بارگرانییەکی زۆر بۆ شۆڕشەکەی ، کە دیارە ئەمەش خۆی لە خۆیدا هونەری زانینی سیاسەتە . بەڵام ئەمڕۆ تورکیا توانیویەتی تەنها پارتی لە خشتە بەرێت و بیکات بە کوتەک و دەستکەلای دەستی خۆی . جا ئێستا بابزانیین لە کاتێکدا تورکیا ڕۆڵەکانی کورد لە تورکیا و سوریا خڵتانی خوێن دەکات و دژی هەموو بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانەی کوردە و بە ئاشکرا دژی پارچە پارچە بوونی سوریا و عیراقە ، ئەی بۆچی وا بە گەرمی پشتگیریی لە بارزانی دەکات و چ تەپکە و فاقەیەکیان بۆ ناوینەتەوە ، ڕەنگە هۆکارەکانیش ئەمانەبن ، یەکەم : دەیەوێت پارتی وەک پوازێک بەکاربهێنێت بۆ لاوازکردن و پەرتکردنی یەکێتی ناو ماڵی کورد و لە باربردنی خەونی سەربەخۆیی . دووەم : پارتی دەکات بە کوتەکێک بۆ لێدانی پارتی کرێکاران و پێشمەگە ئازاکانی ڕۆژئاوا ، کە مەترسی گەورەن بۆ سەر تورکیا . سێیەم : نیازی داگیرکردنی مووسل و کەرکوکی هەیە ، خۆ ئەگەر لەگەڵ عیراقدا کەوتە جەنگەوە ، ئەوا پارتی وەک خزمەتکارێکی بێ مووچە بەکاردەهێنێت و دەیکات بە سوری بەر لەشکرەکەی . چوارەم : دوای ڕزگارکردنی مووسل هێزەکانی لە هەرێم و عیراقدا وەک کارتێکی فشار بەرامبەر بە عیراق بەکاردەهێنێ بۆ رێکەوتن لەگەڵ عیراقدا بە مەبەستی لەناوبردنی ئەزموونی فیدراڵی و کوردی پیێ دەخاتەوە ژێردەستی عیراق . جا لەبەر ئەوەی تورکیا سیاسەتدەکات و ئێمەش لە سیاسەتدا کۆڵ و دووربین نیین ، لەوانەیە خواستی شارراوەی ئەردوگان یەکێک ، یان هەر هەموو ئەوە خاڵانەی سەرەوەبێ ، لەوانەشە خواستی گەورەتر و گرنگتری هەبێ و نە ئێمە و نە بارزانیش نەزانیین چییە ، کە بە دڵنییاییەوە کرۆکی سیاسەتەکەشی تەنها لەناوبردنی خەونی کوردە . خۆ کاتێکیش سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت ، ئەوا پەیمانامەیەکی وەک ئەوەی جەزایر لە نێوان تورکیا و عیراق و ئێراندا مۆر دەکات ، ئەو کاتەش مەبەستە شارراوەکەی تورکیامان بە تەواوی بۆ ئاشکرا دەبێ و لەگەڵ خۆیدا نەهامەتیمان بۆ دێنی و وڵاتەکەمان سەرلەنوێ دەبێتەوە بە گۆمی خوێن و دەبێ ئاواتبخوازین بە بەهاری ساڵی ١٩٧٥ . لە وانەشە پەیمانامە نوێکە بە ناوی پەیمانامەی موسل ، یان بەغدا ، یان تاران ، یان ئەردوگانەوە بێت . ئەوکاتەش دەبێ هەرەس و شکستێکی نوێش بخەینە سەر تۆماری شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ڕابووردووی خۆمان ، کە سەدان ساڵە دووبارەیان دەکەینەوە و پەندیان لیێ وەرناگرین . بێگومان نابێ ئەوەشمان لە بیربچێ ، ئەو ڕۆژانەی وڵاتەکەمان پارچە پارچە کراوە و وەک گۆشتی قوربانی بە خۆڕایی بەسەر وڵاتانی دراوسێدا دابەشکراوە ، بەهانەی زلهێزە چەقۆ بەدەستەکان ئەوەبووە ، کە کورد میللەتێکی دواکەوتووە و ناتوانی حوکمی خۆی بکات ، کە بێگومان شێوە ناشیرینەکەی حوکمڕانی ئەمڕۆمان ڕاستی ئەو بۆچوونەیان دەسەلمێنێ ، بەڵام هەرچۆنێک بێت لە ڕۆژگاری ڕابووردووی دێریندا کورد خاوەنی خوێندنگایەک نەبووە ، بەڵام داخی گرانم ئەوەتا ئەمڕۆ خاوەنی هەزاران باخچەی ساوایان و خوێندنگا و زانکۆ و سەدان کەسانی هەڵگری بڕوانامەی بەرزی دکتۆرا و ماستەر و لەشکرێک مامۆستا و ئەندازیار و پارێزەرین ، کەچی بەم شێوە شەقوشڕەی ئەمڕۆ حوکمی خۆمان دەکەین و سەرکردە هەلپەرستەکان ، کە بوونەتە مۆتەکەی سەر سنگمان ، وڵات و میللەتیان گەیاندۆتە لێواری مەرگ ، دەی باشە وێنە ناشیرینەکانی حوکمرانی ئەمڕۆمان هەر ئەو وێنە کۆنانەنیین ، کە زلهێزەکانی والێکردووە هەتا ئێستاش باوەڕیان بە حوکمڕانی کورد نەبێ و بەردەوام لەگەڵ یەک پارچەیی خاکی عیراقدابن ؟ . ئەی هەر ئەو وینە ناشیرینە نییە وای لە هاوڵاتییە داماو و برسییەکانمانکردووە بە گیرفانی بەتاڵەوە بڕژێنە سەر شەقامەکان و بە دەنگی بەرز داوابکەن تەوقی دیلی بخەنەوە ملی خۆیان و سەرلەنوێ بچنەوە ژێر سایەی داگیرکەرانەوە ، کە ئەمەش دیاردەیەکی مەترسیدارە و یەکەمجارە لە مێژوودا کورد خۆی داوای ژێردەستی بکات و باکی بە ئازادی نەبێ . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە