هەرچی بنووسم و بڵێم هێشتا بەدامێنی گەورەیی و هەڵکەوتوویی ئەم کادێرە باڵابەرزەی کورد و پاسۆکدا ناگات...خەسڵەتی ئازایەتی و جومێریی و دڵسۆزی هاوبیر بارزان، هەموو سنوورێکی بەزاندبوو،بە هیچ نەدەسرەوت و،دانەدەبوو و لە جوڵە نەدەکەوت..یەک چرکەسات نەبوو،ئەو رۆڵە بە ئەمەکە،لە کوردایەتی و خەم و پەژارەی کورد غافڵ بووبێت..تا سەر ئێسک و قوڵایی دەمارەکانی لەش و خوێن و جەستەی لە هەوڵ و تێکۆشان دا بوو،بۆ ئەوەی خزمەت بە دۆزی رەوای نەتەوەکەی بکات...
ئەم هاوبیرە تێکۆشەرە، ساتێ دەزانێ بارەگاکانی پاسۆک بەرشاڵاوی تۆپبارانی داگیرکەری بەعس بووەتەوە،خێرا دەچێت بەهانای هاوبیرەکانییەوە.. مەخابن و هەزاردەستی شکاو،گولە تۆپێک دەیپێکێ و خوێنە ئاڵ و گەشەکەی دەڕژێتە سەر خاکی شیرینی کوردستان و گیانە پیرۆزەکەی لە ئاسمانی کوردستاندا دەداتە شەقەی باڵ و لەگەڵ گیانبەختکردوو هاوبیر و کادێری پێشکەوتووی پاسۆک شیرکۆدا دەڕفێت و دەچنەوە بۆلای هەوار و مەنزڵگای ئازادیی و سەربەخۆیی فەرهاد خەفاف و ملازم حەمە شەوقی و دەیان هاوبیریی تری تێکۆشەر
جوانییەکی تری ئەم هاوبیرە ئازیزە،ئەوە بوو، کاتێ پەڕاگەندەی ئەوروپا بووم،چ خۆی و چ هاوبیر حەمەیادگار و برایانی تریش،پێیان لە ماڵی باوکم وەک ئەمەک خۆشەویستییەک نەبڕی...ئەمە ئەوپەڕی دڵسۆزی و خۆشەویستی نیشان دەدات... تاجەگوڵینەی ئەمەک و دڵسۆزی
هەستی گەرم و جوانی کوردایەتی
باوەڕی بە پەرۆشی سەرکەوتن
پەیامی بەرزیی سەربەخۆیی
سڵاوی ئازادی و یەکسانی دەکەمە پەیامی دەستم و چەپکە گولیلکی بۆنخۆشی کوردەواری و بە کاوەخۆ لەسەر گڵکۆکەت دەنووشتێمەوە و دەڵێم:هاوبیر،هاوبیری ئازیز،لە یاد نەچوویت...
ئاخر، ئەو وڵاتەی ئێوە ماندوو بوون بۆی و قوربانیتان دا و خوێن و ژیانتان پێشکەش کرد،ئێستا هێزێکی گەورەی مۆڕاڵی پێ بەخشیوین..رێبازت زیندووە ، ئاڵای وڵات شەکاوەیە،باوەڕی بەرزی کوردایەتی گەش و سەربەرزە..دە بنوو،خەوی شیرینت بێت،بۆ ئارامگای سەرفرزی "کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان"....