له‌ شه‌نگال و زاخۆ تورکیا ده‌ستى به‌ جموجوڵى زیاتر کردوه‌

Monday, 11.07.2016, 0:20

1711 بینراوە


ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان
به‌پێى زانیارییه‌کانى ڕۆژنیوز، تورکیا هێزێکى دیکه‌ى له‌ ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ هێناوه‌ته‌ زاخۆ و له‌ شه‌نگالیش هه‌وڵ ده‌دات به‌ جلى پێشمه‌رگه‌وه‌ بچێته‌ ناو شه‌نگاله‌وه‌.
به‌ پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌وه‌ به‌ ڕۆژنیوز دراون، دوێنێ ئێواره‌ تورکیا نزیکه‌ى 10 ئۆتۆمبێلى پڕ له‌ سه‌ربازى له‌ ده‌روازه‌ى ئیراهیم خه‌لیله‌وه‌ هێناوه‌ته‌ زاخۆ، هه‌روه‌ها له‌ شه‌نگالیش جموجوڵى زیاتر کردوه‌.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار که‌ نه‌یانویست ناویان بڵاوبکرێته‌وه‌، بۆ رۆژنیوز ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ کرد، که‌ دوێنێ 10 ئۆتۆمبێلى سوپاى تورکیا به‌ پڕ له‌ سه‌ربازه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ زاخۆ، هه‌روه‌ها له‌ شه‌نگالیش سه‌ربازانى تورکیا ئاماده‌کارى ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌ جلى پێشمه‌رگه‌وه‌ بچنه‌ ناو شه‌نگاله‌وه‌.
به‌پێى سه‌رچاوه‌کانى رۆژنیوز، پارتى دیموکراتى کوردستان/ عێراق له‌و جموجۆڵانه‌دا هاوکارى تورکیا ده‌کات.
پێشتریش به‌رپرسانى باڵاى تورکیا به‌ جیا جیا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ کردوه‌، که‌ "رێگه‌ ناده‌ین شه‌نگال ببێته‌ قه‌ندیلێکى دیکه‌". هه‌روه‌ها پارتیش چه‌ندین جار هه‌وڵى داوه‌ گه‌ریلاکانى هه‌په‌گه‌ له‌ سنورى شه‌نگال نه‌مێنن. به‌رپرسانى پارتیش ئه‌وه‌یان نه‌شاردوه‌ته‌وه‌، که‌ "ڕێکه‌وتنى 50 ساڵه‌یان له‌گه‌ڵ تورکیا" هه‌یه‌.