ئێمە لە جیهانێکی پۆخڵ و بێئەخلاقدا ژیان دەکەین

Monday, 07/11/2016, 1:49

4348 بینراوە


لەو پیاوە بترسە کە وەڵامى زللەکەت ناداتەوە، چونکە بەو بێدەنگییەى لێت خۆش نەبووە، تەنانەت ڕێگاشت نادات خۆت لە خۆت خۆش بیت. " بێرنارد شۆ"
--------------
ئێمە هەموو دەمانزانی لەباکور چی ڕوودەدات ؟ بۆیە ئەم ڕووداوە چاوەڕوانکراوبوو تەنها درەنگ کەوت، بەڵام یەکێک لە نیشانە ھەرە زیندووەکانی باکوری نیشتمان ئەوەیە، کە لە توانایدایە بەردەوام نوخبەی سیاسیی تازە و چالاک و خاوەن باوەڕ بەرهەم بهێنێت. بەرھەمھێنانی ئەو کەسایەتیانەش چونکە خۆڕسکن گیانی ئازایەتییان تێدا چێنراوە، ئەوانە نەدەکڕدرێن و نەبێدەنگ دەکرێن و نە دەترسێنرێن، بەڵکو ئەوانە زیاتر خۆڕاگرتر دەبن لە کاتی قەوماندا .
ئەوانە خاوەنی عەشرەت نیین...لە باوانەوە دەسەڵاتیان وەرنەگرتووە...لەناو گیرفانی بازرگانە سیاسییەندا نەگەوزاون، تا بەمیرات بۆیان مابێتەوە، وەکو ئەمانەی لە باشووردا بوونیان هەیە، ئەوانەی باکور، وەکو ئەم خوێرییە سیاسییانەی لای خۆمان نیین، چاویان لەسەر سامان و دەسەلات نییە، پلە و پایەکانیان کە وەریدەگرن زیاتر بە ئەرک و خزمەتکردنی دەزانن بۆ نیشتمان و گەلەکەیان. سیاسییەکانی باکوری ووڵات لەناو کۆمەڵگاوە دێن و نوێنەرایەتییمان دەکەن و دەبنە خۆشەویستی ڕاستەقینەی ئەو خەڵکە. هەر بۆیە خەڵکی هەموو هیوایەکییان لەسەر هەڵدەچنن. سیاسەت کردن لە باکور ئەوەندەی ترس و مەترسیی و بەرپرسیاریەتییە، ئەوەندە پاڵدانەوە و دزیکردن و خۆدەرخست و درۆکردن نییە، وەک سیاسییە نەزان و ترسنۆک و شەوکوتەکانی باشور.
 هەر لە شەهید "مەزڵوم دۆغانەوە" سەیری سیاسییەکانی باکور بگرە، تا گەریلایەک، ئەوان وەک نەمامێک لەناو جەنگەڵستانی تورکیادا دەرکەوتوون و بونەتە نمونەی قارەمانێتی و دارێکی بەرداری مەزنن، ئیتر مێژوو ناتوانێت فەرامۆشیان بکات، ئەوان کاتێکیش دەزانن ئیتر توانایان نامێنێت یاخود هەڵەیەکی سیاسی دەکەن، بێدەنگ خۆیان پەراوێز دەخەن تا کەسانی تر جێگەیان بگرێتەوە.
لە ساڵەکانی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە تورکە فاشیستەکان بەئاشکرا پەلاماریان نەدەدان، بەڵکو لەڕێگەی کۆمەڵێک چەتە و، سیاسی و ڕۆشبیرەکانی کوردیان لێرەو لەوێ تیرۆری جەستە دەکرد.لە نمونەکانی ئاپۆ موسا عەنتەر و دەیانی تر کە لە نادیاردا شەهید کران.
 کاتێک کاک "تەها هەڵەدنی" هاوڕێ و هاوکارمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ کوڕە کەرکوکییە تورکمانەکەی میتدا کرد و دوایی بە سندوقە ڕەشەکە ناوبانگی دەرکرد، کەیسەکە لەوێدا ئەو ئاماژە بەمەرگی قوربانییەکان دەدات کە دوای شەهیدکردنیان لاشەکانیان سوتاندون، تاکو کەس نەزانێت.....!
 ئێستا سەردەم گۆڕاوە، وەک کاک "ناسر حەفید " دەڵێت :
(تورکیا کوردی پێ قوت ناچێت نه‌ به‌ ره‌قیی په‌که‌که ‌و نه‌ به‌ نه‌رمیی هه‌ده‌په‌. گرفته‌که‌ ئه‌وه‌تا له‌ ناو خودی تورکبووندا)
 ئێمە دەتوانین چی بکەین؟ جەوهەری پرسیارەکە لێرەدایە!
 دنیا دنیایەکی بێڕەوشتە هەموو دەزانین ماوەی دووساڵە لە باکور چیدەکرێت؟ چۆن سیستەماتیک جینۆسایتی گەلێک دەکرێت، کەچی ئێمە بە بێدەنگ ماستی تورکی زەهر دەکەین و سەفەری تورکیا دەکەین و وێنە لە شەقامەکانی ئەستەموڵدا دەگرین و بەرگی تاتڵەس دەپۆشین و لە سەر مۆبلەرەکانی تورک پاندەبینەوە و سەرە سیاسییە چەنەباز و درۆزنەکانیش پڕۆژەی ماڵەکانیان بەدیزاینی تورکی و کۆمپانیای تورکی دەرازێنەوە، تورک چۆتە هەموو جێگەیەکمانەوە تەنانەت ژووری خەویشمان، هەر بۆیە ئاسایی وەریدەگرین، چونکە پارتە کوردەکانی وا تێکیان شکاندووین نموەی رێبوار و وەلیی و عارف قوربانیی و دەیان کەسی سەرسەریی و خوێڕی پەیدا دەبن و کار بۆ میتی تورک دەکەن و بە ئاشکرا و بێشەرمانە بۆیان دەنووسن و پاساویان بۆ دەهێننەوە بۆ میت و بۆ تورک دەپاڕێتەوە.
 تورکیا مێدیا بینراوەکانمانیان داگیر کردوە بەدرامای تورکی و ژنانی باشور و خێزانەکانمان هەر خەریکی سەیرکردنی زنجیرە تورکییەکانن، ئەوە جگە لەقوتابخانەی تورکی و مزگەوت و منارەی تورکی و شتگەلی تری تورک، تەنانەت ئۆکسجینیش دەگرێتەوە کە لەتورکەوە و لە تورکیاوە بۆمان دێت.بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی خائینیش ژێرخانی نیشتمانیان بۆ تورک هەراج کردوە، لەڕێگەی تاڵەبانییەوە بە سپۆنسەری بارزانی گردەپیاو مۆری تیرۆر درا لە پارتی کرێکاران، تا تورک دان بەهەرێمێکی داگیرکراودا بهێنێت کە ئەو دوو بنەماڵەیە حاکم بن تێیدا، تا ئێمە بەم ئەنجامە بگەیەنن، کە ئەمڕۆ دەمیرتاش و هاوڕێکانی لە زیندانی تورک بئاخنرێن.ئاخر تاڵەبانی خائینزادە بە پارتی کرێکارانی دەوت چەکەکانتان دانێن بڕۆن لە تورکیا لەناو ئەو بەهەشتی دیمکراسیەدا سیاسەت بکەن.
 لەکتێبی "فرۆشتنی کوردستان و گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو" چاوپێکەوتنێکی تاڵەبانی تێدایە لەگەڵ ڕۆژنامەی "حوڕیەت"دا کردویەتی لەوێدا تاڵەبانی هەموو خەونی ئەوە بووە کە خوا وەک کورد دروستی کردوە بۆ چی وەک کوردێکی تورکی دروستی نەکردوە؟ تا ئەم سەرکردە خرپنە لەناو ئەو دیموکراسیەی توکیادا ژیان بکات؟ بەڵام خۆشحاڵانە ڕۆژنامەنوسە تورکەکە پۆرتی دەخاتە ناو زبڵدانەوە.لەوێدا قسە پوچەکانی تاڵەبانیت بۆ دەر دەکەوێت کە ئەمڕۆ ئەنجامەکەی دەردەکەوێت، لەو ئێوارەیەدا تاڵەبانی لە ئەستەموڵ پایتەختی سوڵتانی تاوان ماسی زەهر دەکات و بە عەشقێکی درۆزنانەوە باسی چێژەکەی دەکات.
چونکە ئەوان دێن لەگەڵ سیاسییە خۆفرۆش و گەلفرۆشەکاندا دادەنیشن، ئەمڕۆ کەمن ئەم بابەتە دەنوسم تەنها وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و بەرپرسیاری دەینوسم، دەنا لە ئەدای کارکردن و بێدەنگییان لەئاستی گەلی باشور زۆر نیگەرانم هەم لە پارتی کرێکاران و هەم لە هەدەپەش.
 ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەم هێرشەی فاشیەکانی تورک ڕێک لە هێرش و پلانگێڕی ساڵی ١٩٩٩دەچێت کە سەرۆک ئاپۆیان لە کینیاوە گەڕاندەوە ناو تورکیا.
 هەرکەسێک مێژووی باکور و شۆڕش و بەرخۆدانی ئەو بەشە بخوێنێتەوە هەمیشە تورکان لەهەوڵی سەرکوتکردنی هەموو بزافێکدا بوون کوردی خائینزادەش دەستی تێدا بووە هەر لە شۆڕشی دەرسیمەوە تا ئاگری داخ و ئیشتاش بنەماڵەی بارزانی خائین خەریکن لە هەموو کەناڵەکانەوە هەوڵی ناشرینکردنی باکور دەدەن، بەڵام کورد ووتەنی "دەریا بەدەمی سەگی جامانەسوور پیس نابێت" ئەوەی جێگەی نیگەرانییە دنیای دەرەوەیە ئەمەریکا و ئەوروپا کە زۆر بێڕەوشتانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە گەورەیەدا دەکەن، چونکە چوار خوێڕی وەک بارزانی و ئەو لادەکانی، هەروەها تاڵەبانی بنەماڵە خائینزادەکەی بونەتە نمایندەی گەلەکەمان و ئەوان لە ژوورە داخراوەکاندا لەگەڵ تورکاندا ڕۆدەنیشن و پلان دادەنێن.
 ئێمە لەباشور دەتوانین چی بکەین ؟
لایەنی کەم زنجیری پێوەندی قاچ و دەستمان بشکێنین کە هەمووی تورکی ئێرانییە شەقێک لەو کەناڵانە هەڵبدەین، کە دراما فاسیدەکانی تورکمان دەرخوارد دەدەن، لایەنی کەم وەک ڕەوشتێک با ئیتر بایکۆتی خۆراکی تورکی بکەین، خۆ نامرین؟ با بشمرین مردن زۆر شەریفانە ترە لەوەی خۆراکی تورک بخۆین کە هەزاران لە ڕێگەیەوە توشی ژێرپەنجە و نەخۆشی کوشندە بووە.
 لە کۆتاییدا دەڵێم، کەوا تورکان دەبەنگن، چونکە ئەوان دەمیرتاش دەگرن، نازانن کورد لەباکور هەزاران دەمیرتاشی ئامادەی هەیە بۆ خەباتکردن، قابیلە یەکێتی و پارتی بن چوارساڵە لەجێی بوکەڵەی تاڵەبانی کەسێک نەیتوانی جێگەی بگرێتەوە، یان لە جێگەی مەسعودی قەزم حیزبە فشەکەرەکان کەسێکیان نەدێوە پیشانی بدەن تا ئەو قەزمی خۆفرۆشەمان لەکۆڵبێتەوە، لەگەڵ مەرگی خۆیاندا مەرگی گەلێکیش ڕادەگەیەنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە