ئیتر بەسە ، بە جۆرێکی تر!

Friday, 11/11/2016, 19:33

2812 بینراوە


ئیمساڵیش وەک پارساڵ لە دەڤەری دەرەوەی دەسەڵاتی پارتی مامۆستایانی سەر بە هەردو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە زەنگی بایکۆتکردنی وانەوتنەوەیان لێدا و ئەم مانگرتنە نزیکەی هەمو موچەخۆرانی ئەو دەڤەرەی گرتەوە و تا ئێستا بەردەوامە. کاردانەوەی دەسەڵاتی کوردی لەخوار هیچەوەیە ،گوێمان لێبو لە دیداری (ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە)  ئاشتی هەورامی وتی ئەگەر نرخی بەرمیلی نەوت بگاتە سەد دۆلاریش بەڵام بەم جۆرە هەرێم بەڕێوەببرێ ئەوا کێشە کان هەر چارەناکرێن، نێچیروان بارزانیش سەرسوڕمانی خۆی پیشاندا لە قوڵی و گەورەیی قەیرانەکە، هەردوکیان هیچ چارەسەرێکیان پێنەبو. سەرەکانی (زرکەتاڵەکانی !) دەسەڵاتی کوردی و پیاوە خۆپەرستەکانیان ئێستا ئیتر ڕوتوقوتن و نکولی لە قەیرانەکەیان پێناکرێ، بەڵام ئایا ئەی بە ئیش و کارنەکردنی خەڵک قەیرانەکان چارەسەردەکرێ؟ فارسەکان کە نزا لە دوژمنەکەیان دەکەن پێی دەڵێن خوا بێئیشت بکا.مرۆڤ بە کارنەکردن و دانیشتن لە ماڵە وە  نەداری و دەستکورتیەکەی زۆرتردەبێ، جەستەی خاو و سست دەبێ و ماسولکەکانی دەپوکێنەوە و جومگەکانی جیڕ و ڕەقدەبن.لە ڕوی دەرونیشەوە خۆیدەخواتەوە و بیر و ئایدیا چەندبارەبوەکان مێشکی ماندودەکەن و دەبنە هۆی نیگەرانی و ترس و غەمباری و نائارامی و توڕەیی و هەڵچون کە هەمو ئەمانەش کاردانەوەی خراپیان دەبێت لە سەر خێزان و دەوروبەر. خوێندکاران جگە لەوەی لە زانین و زانست دوادەکەون، بەهۆی ئەو کاتە زۆرە بەکارنەهێنراوەی هەیانە و بە هۆی بێپارەیی و بێزاری و بێبەرنامەییە وە ڕەنگە هەندێکیان ببنە نێچیری حیزبە کانی دەسەڵات بۆ بەکارهێنانیان لە دژی خۆپیشاندەران، بڕێکی تریان  بە پەیمانی حیزبە ئیسلامیە سەلەفیەکان بۆحۆریە جوانەکانی بەهەشت بخەڵەتێن و بکەونە داوە ترسناکەکانیانەوە، بەشێکی تریشیان بکەونە سەر ڕێی چەوتی جۆراوجۆر یا بەرەو ئەوروپا ڕێی نائومێدی و ترسناکی ئاوارەبون هەڵبژێرن. بایکۆتی کش و مات و دانیشتن لە ماڵەوە هیچ جۆرە پەستان و گوشینێک ناخاتە سەر دەسەڵاتدارانی خەمسارد و بێهەست و ویژدانمردو. بۆیە من بە باشتری دەزانم کە مکوم و توندوتۆڵ ، بە هیوا و ئومێدێکی گەشەوە لە ماڵەکانمان بێینە دەروە هەم بۆ چونە سەر کاروپێشەکانمان ، هەم بۆ خۆپیشاندانی ناتوندوتیژی دەیانهەزاری لە سەر شەقامەکانی کوردوستان، ئە ئاوا   شکۆ بۆ هەمومان دەگەڕێتە وە نەک بە سکاڵا و کڕوزانەوە و پاڕانەوە و تکا لە دەسەڵاتدارانی نەزان و جەردە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە