دزێکی بێشەرم و بێئابڕو یادی شارەکەی دەکاتەوە کە بۆتە موڵکی خۆیان

Wednesday, 16/11/2016, 6:51

7447 بینراوە


پەیامی خاتو شاناز لە ساڵیادی سلێمانیدا
ساڵیادت پیرۆز بێت شاری شاران..
شارە نازدارەکەم، راستە کە ئەمڕۆ تەمەنت بووە ٢٣٢ ساڵ بەڵام لە چاوی هەر هەموومانا هێشتا هەر مناڵە عەجولەکەی جاری جارانی، راستە کە مرۆڤ و شارو دەوروبەرو تەنانەت زەمانەش گۆرانکاریان بەسەردا یت بەڵام تۆ، شارە حەیاتەکەم هەر وەک خۆت جوان و سەربەرزو بەهێز ماوێتەتەوە، راستە کە کوردستانەکەم خاوەنی دەیان شاری مێژویی و بەناوبانگ و خێر لە خۆ نەدیوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشا ئازیزەکەم، گەر دڵی هەر یەک لەو شارو شارۆچکانە بکەیتەوە (سلێمانی) تیا بەدی ئەکەی..
سلێمانی، شاری شاران، زۆرن ئەوانەی کە ئیرەیی بە ناوو و ناوبانگت ئەبەن، زۆرترن ئەوانەی کە لە ئەمڕۆ و دوێنی و سبەینێت ئەترسن، شارە رەشەباوییکەی کوردستانە خوێناوییەکەم، کەم شار لەسەر رووی ئەم زەمێنەیا هەیە کە هێندەی تۆ شیعرو هۆنراوە و سرودو گۆرانی بەسەردا هەڵدرابێت، من کە شاعیریش نیم چەندین جار وشەم بۆ ریز کردویت نەک لەبەر ئەوەی کە داوات لێکردوم بەڵکو لەبەر ئەوەی کە خۆشەویستیەکەت لە دڵما بێ سنورە و هەست کردنم بەو ناعەدالەتی و زوڵم و ناهەقی و بێویژدانیەی کە بەرامبەرت کراوە و ئەکرێت کاسەی سەبرمی پڕ کردوە..
شا شارەکەی کوردستام، کاتێ کە مناڵ بووم لە قوتانخانە سرودی شاخی رەنگاورەنگی گوێژەیان پێ لەبەر ئەکردین ئەوکات تەماشای ئەو شاخەم ئەکرد و ئەمووت " کوا گۆیژە رەنگاورەنگە؟ " تێ نەئەگەیشتم کە چۆن کەسێک ئەتوانێت شاخێکی بێ رەنگ بە رەنگاورەنگ ببینێت!! پاشان کە رەشەباکەی شەوانتم بەلاوە بووە شنەی با و بۆنی خاکە ووشکەکەی ژێر نمەی بارانت لە مێشکما وەک شیرینترین بۆن چەقی و کە چاوەکانم عاشقی جادە و کوچە و کۆڵانە خیچ و خوارەکانت بوون و داستانی هەڵمەت و قوربانیەکانت بوونە بەشێک لە ژیانم ئەوکات تێگەیشتم کە خۆشەویستی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستاندا بۆ شاری شاران لە خۆوە نەبووە هەر بۆیە منیش لە خۆمەوە پێم نەوتیت:
بێ تۆ ئەی شار، پرا دەلالم رەش پۆشە
سنەم بێ ژین، بابە گورگورم خامۆشە
بێ تۆ ئەی شار، دیاربەکرم لەش پڕ برین
بانەم غەمگین، قامشلوم وەک خومخانەی شین…
شاری شۆرش، شاری پۆڵا، شاری خەبات، شاری شاران، سلێمانی
پیرۆز بێت یادی بنیادنانی ٢٣٢ ساڵەت..
سڵاو لە خۆت و ناوت..
سڵاو لە میوانانی گردی سەیوان و مامە یارە و گردی شەهیدان و شیخ ئەحمەدی هیندی و گردی سەلیم بەگ و گشت دوا منزڵگەی ئازیزانت..
سڵاو لە کوچە و کۆڵانت..
سڵاو لە خۆشەویستانت..
سڵاو لە بوێری و دەنگی زوڵاڵت..
نەفرەت لە ناحەزانت..
نەفرەت لە هەموو ئەوانەی کە تەماع بەرچاوی گرتوون و وەک هولاکو پەلاماری گەرەک و شەقام و باڵەخانە و خوێندنگە و حەمام و نەخۆشخانە و ... میژووییەکانت ئەدەن..
هەر ئاوەدان بێت شاری شاران.
--------------------------------------------
تێبینی: لە  کاریکاتێرەکەدا ناوی بازاڕی ئەحە سوور هاتووە.
بازاڕی ئەحە سوور لە سلێمانی، واتا بازاڕی سیتی سێنتەر، پشکی زۆری ئەم بازاڕە هی  (لەتیفی شێخ جەمال/ مێردی شاناز)ە، وەک دەڵێن بە بڕی ٥٦ ملیۆن دۆلاری کڕیوە.
ئەم بازاڕە دڵۆپێکە لە ئاوی دەریا، کە بنەماڵەی تالەبانی و کچەکانی ئیبرائیم ئەحمەد 
لە سلێمانی هەیانە و دەستیان بەسەرییدا گرتووە، جگە لە دزینی پارەی نەوت و بۆدجە و شوێنی دیکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە