دوژمنەكانی كورد لەدەرگاوە دێنە ژوور

Friday, 18/11/2016, 5:23

2912 بینراوە


‎زۆربەمان ناو و ناوبانگی دیوارە درێژ و مەزنەكەی ووڵاتی چینمان بەرگوێ كەوتوە.
‎ئەو دیوارە كۆن و مێژووییە، كە سەردەمانی زوو چینیەكان هەڵیان چنی بەدەوری ووڵاتدا، بۆ پارستنیان لە دەستدرێژی دووژمن، بەڵام لەدوای دروستكردنی دیواروكەوە چەندین جار ووڵاتی چین داگیركراوە.
‎چەند جارێك دووژمنی چینیەكان لەكۆندا، پێویستان بەوە نەبووە كە بەربەست و دیوارە مەزنەكە ببپرن، ئەویش بەهۆكاری ئەوەی بەشێك لەپاسەوانەكان و سەركردەكانیان دڵسۆزیان بۆ نیشتیمانەكەیان نەبووەو بەكۆمەكی مادی و وەرگرتی بەرتیل، دەرگاكانیان بۆ دووژمن خسۆتە سەرپشت
‎كورد كەهەمیشە چیا و گرد و تەپۆلكەی وەك دیواری بەرگری بەكار هێناوە، بەڵام دووژمن كەمتر لەوڕێگایانەوە توانەی بەسەر بەرگری نەبەردییەكانی شۆڕش گێڕانی كورددا شكاوە. 
‎بۆیە ‎ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین بۆدواوەو كەمێك بگەڕێنەوە بۆ ساڵانی دوای ڕاپەڕین لەباشوری كوڕدستان، دەبینین چەندین جار دووژمنە سەرسەختەكانی دژ بەكورد، نەك هەر بەسەنگەرو بەربەستەكانی بەرگری كردندا نەهاتوونەتە كوردستان، بەڵكو بەشێك لەحیزبە بەناو دیموكرات و نەتەوەیەكانی كورد، خۆیان بوونەتە كەوا سوری بەرلەشكری داگیركەرو بونەتە چاوساغی دووژمن بۆسەر نەیارو هاووڵاتیانی سڤیلی كوردستان.
‎لەهێنانی سوپاو جەندرمەی تورك، بۆ خاكی باشور بەجادەی قیڕو پان و بەریندا.
‎هێنانی سوپای پاسدارو حەجەم، بەنوێژی نیوەڕۆ،.
‎لەهەمووی شەرمەزاری و بێڕێزی كردنی زیاتر بەخاك نەتەوەو دامەزراوەكانی هەرێم، هێنانەوەی ئەو سوپایەی ئەنفال و كیماباران و وێرانكاری كوردستانی كردلە٩٦دا، بەسەر جەستەی خەڵكی سڤیلدا بەڕێنیشاندەری پارتێكی كوردی، كە خودی سەرۆكەكەی دوو برای بەدەستی ئەو سوپایە كوژراون. ‎هێنانی سوپاو دوژمنەكانی كورد بەناو دەرگادا و لە پشت سەنگەرەكانەوە، كردەوەیەكی نامۆ و تازە نیە لە پاشخانی بەشێك لە حیزب و بەرپرسە كوردەكان.
‎چەند هەفتەیەك لەمەوبەریش كاتێك چەكداراكانی ڕێكخراوی داعش، بێ تەقەو بڕینی سەنگەرەكانی بەرگری لەناوشاری كەركوكدا بڵاو بوونەوە، ئەم جارەش داعش خۆیان گوتەنی، بەچاوساغی چەند كەسێك و لایەنێكی كوردی هاتونەتە ناشار.
‎نزیكەی دووساڵ لەمەوبەریش كەداعش لەشكری خۆی هێنایە ناو شەنگال، هەر بەجادەی پان و بەریندا هات و دەرگای بۆ واڵا كرا.
‎لێرەدا دەبێ لەو چەمكە بگەین، كە دروستكردنی كەسایەتیی تاك، پڕ بایەخترە لە ڕۆنان و بنیادنانی كەرەستە ماددیەكان.
‎كورد لەباشور پێویستی بەتاك و بەڕابەرێكە، خاكی و ساغڵەم بێت لە پێناوی دۆزی نەتەوەیەكەیدا
‎نەك فیداكاری حیزب. وەك قازی محەمەد سڵ لەسێدارا نەكاتەوە، نەك سەنگەر بفرۆشێی و خۆی بۆ جێگای ئارام ڕاكات.
‎ڕاست نیە و جێی شەرمەزاریە كە نەزانی و فشەڵ بوونی دەمەزراوە و سیاسی كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگای كوردی، بە پارەو شتە ماددیەكانەوە ببەستینەوە، ئاخر مرۆڤ خۆی بنیاد نەرو سەوداكەری شتە ماددیەكانە، نەك بەپێچەوانەوە. 
‎كۆمەڵگای كوردی، گیرۆدەی خولەنەوەیەك بووە لەنێو بازنەی داخراوی عەقڵ و خووی، چەند دەم و چاوێكی سواو، كە بەردەوام سەوداكەرێكی باشی دەستكەوتە ماددیەكانن، نەك نەتەوەییەكان.
‎بەداخەوە كورد لەباشور، كەسایەتی سەركردە و ئامادەكردنی تاكی سەركردەی نەك هەركەمە، بەڵكو بكوژی هەموو ئەوانەشن كە چاوەڕێ دەكرێ ببن بەسەركردە.
‎وەك دەیبینین خەریكە پێ دەنێینە ساڵی ٢٠١٧ كەچی دەرگای خوێندگاكان قفڵدراون، چونكە بەرپرسەكان تاكێكی خوێندەواریان گەرەك نیە. ڕۆشنبیرو قەڵەم بەدەستەكان، بوونەتە توتی نێو قەفەزی دەسەڵات. گەنج و نەوجەوانان، بێ هیوا بوون و ووڵات جێدەهێڵن.
‎هەموو بستێكی نیشتیمان، بۆتە موڵكی مافیایەكی خاوەن چەكدار.
‎هەموو چركەیەك ئەگەریی ئەوە هەیە، دووژمن شان بەشانی حیزب و سەركردەیەك، بە دەروازەكانی نیشتیماندا، بێتە پێخەفی نوستنی هەرتاكێكی هەرێمەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە