ئایلانی بچکۆلە*

Sunday, 20/11/2016, 1:04

2196 بینراوە


ئایلانی بچکۆلە*
ئایلانی جوان:
ئەوەى دەیڵێم لەبەر تۆیە
نا نا  من هیچ ناڵێم ئەوە ئازاری روحی تۆیە لە دڵمدا سەربوردەی خۆی دەنوسێتەوە 
ئازیزی دڵم تۆ گورگەکانی کەنعان نەیانخواردی
شەپۆلەکانی دەریا لولیاندای 
گورگەکانی دونیای سیاسەت بۆ کەنارەکان توڕیاندای 
پاشاکانی سعودییەو کەنداوی عەرەب پشتیان تێکردی 
مەرگییان بە دیاری بۆ هێنایت
تۆ بۆماڵی خوداو بۆ مەککە نەچوی
بەرەو میسرو کۆشکی ئەخناتون نە ڕۆیشتیت
دووبارە مێژوت بردەوە بۆ حەبەشەو بۆ ڕۆژئاوا 
نەجاشیت زیندوکردەوە 
دەتزانی ئەوانەى بونە نوێنەری خودا لە حیجاز خودا لە دڵیاندا نەماوە
ئیمان لە دڵیاندا نەماوە
ویژدان لە ناخییاندا نەماوە
خۆشەویستم
ئێستا تۆ بووی بە میوانی کۆبانێ
ڕۆژێک منیش هەر دێم بۆ کۆبانێ
چەپکێک گوڵی محەمەدیت بۆ دێنم
لەسەر گۆڕەکەت دەیڕوێنم
فاتیحا بۆ ڕوحی دایکت و خۆشت دەخوێنم
دەڵێم : ئایلان بە خودا بڵێ:
ئیماندارانی سعودییەو کەنداو درۆزن دەرچوون
ئیبراهیمەکانی ئەم زەمانە ئیسماعیلەکانییان سەر نابڕن
یەعقوبەکانی ئەم نیشتیمانە بە دوای سۆراغی یوسفدا ناگەڕێن
گۆرانیم بۆ مەڵێ هاوڕێ
توانای گوێگرتن لە گۆرانیم نەماوە
لەسەر زەمینێک کە ئەوین بۆتە گڵۆپی سوتاو
بۆتە کانیلەیەکی چۆڕە بڕ
بۆتە ڕوبارێکی خنکاو
ئیتر گۆرانی بە کەڵکی چی دێت؟!
هیچ حیکایەتێکم بۆ مەکە ئەى دۆست
چیتر ناتوانم گوێ لە حیکایەتی پیاوە گرگنەکانی دونیای سیاسەت بگرم
ئەوانەى هەمو دونیایان لە پێکەکانییاندا خواردەوە
ئەوانەى خۆڵیان کردە چاوی هەژاران
ئەوانەى خەونە جوانەکانی نیشتیمانیان گۆڕی بە سەراب
ئەوانەى دڵییان وەکو بەرد وایە 
خیانەتەکان و درۆکانی خۆیان بۆ گەل و وڵات کردە سەرمایە 
... تەواو ....
*ئایلان ئەو منداڵە کوردەی ڕۆژئاوای کوردستانبوو ، کەلە سەفەری ئەوروپا لە دەریادا گیانی سپارد.
کەمال عبدالله حسین 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە