ویی بیسم اللە!! خۆ داوای مووچەی خەڵک کردن بە کودتا ناو براوە

Friday, 11.25.2016, 3:13

4647 بینراوە


ببورن، بە هۆی نەشتەرگەریکی کوتوپڕەوە ناچار بووم کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیک لێتان دوور بکەومەوە .. جا بۆ ئەوەی کە هیچم نەپەڕاندبێت!! 
بە ئەرشیفی هەموو ئەو ماوەیەدا چوومەوە و زراووم چوو.. وەڵا کاکە بینیم هەڵبژاردنی ئەمریکا کۆتایی هاتوە و ترامپیش بووە بە سەرۆک کەچی ریفراندۆمەکەی هەرێم کە بڕیار بوو پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەنجام بدرێت نەکراوە!! بینیم کە ئەنواعی روونکردنەوەی جانبی لەسەر روونکردنەوەی ئەسڵی دراوە.. و سایتەکان وەک وەرەقەی ئیمتیحاناتیان لێ هاتووە واتە هەمووی بووەتە پرسیارو وەڵام و موعادەڵاتی نیوە و نیوەچڵ و حیساباتی سەیر سەیر. ویی بیسم اللە!! خۆ داوای مووچەی خەڵک کردن بە کودتا ناو براوە و مامەلە کردن لەگەڵ بەغدا خراوەتە خانەی خیانەتی نیشتیمانیەوە و ئەنواعی قسەی نابەجێ بە سلێمانی و خەڵکەکەی وتراوە و مەتەڵی بڕمیلە نەوتەکانیش هیشتا بێ وەڵام ماوەتەوە! بە پێی دوایین هەواڵەکان بێت موسڵ وا خەریکە رزگار ئەکرێ بەس دیارە کێشەیکی بچوکی تەکنیکیان هەیە سەبارەت بە نەخشەی دەڤەرەکە و وا پێ دەچێت کە کۆپی واژووکراوی پلان و ئیتیفاقاتی ئۆپەراسیۆنەکە وەک یەک نەبن !! 
لێتان ناشارمەوە دڵم راچڵەکی کاتێک کە لە هەواڵەکاندا هیچم سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی خۆمان بەرچاو نەکەوت، کە بڕیار بوو ئەنجام بدرێت ! بەس شوکور دەرکەوت کە هۆکارەکەی خوا نە خواستە ئیهمالی و خەمساردی نەبووە بەڵکو تەنیا لەبەر سەرقاڵی هەندێک لە هەڤاڵانمان بە فستیڤاڵ و کەرنەڤاڵە نیودەوڵەتیە چارەنوسسازکان و بەشداریکردنی هەندێکیتریان بووە لەدراما تەلەفزیۆنی و چەلەحانێکاندا! دەنا خوا نەیبڕی بڕادەران کۆمەڵێک بڕیاری گرنگیان داوە لەوانە: دەبێ ماموستا مووچەی بدرێتی و دەبێ کێشەکان چارەسەر بکرێن ... 
لەگەڵ هەموو ئەو هەواڵانەشدا چەندین تایتڵی دڵخۆشکەرم بەر چاو کەوت و وتم ئۆخەی دیارە لە کۆتاییدا تێگەیشتن!!! واتە حاڵی بوون کە خەڵک بێزار بووە لە چاوەروانی و موزایەدەی سیاسی و قۆڵبادان و بە کاڵاکردنی کوردو کوردایەتی و دەزانن کە میللەت گوێی پڕ بووە لە درۆ و دەلەسە و سەد بارە بوونەوەی قەوانە سواوەکان و وڕێنەی بەر میکرۆفۆنەکان و شاهنامەکانی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکان و دیارە ئیستا بۆیان دەرکەوتووە کە دەبێ بەپەلە چارەسەری کێشە و قەیرانە دروستکروەکان بکەن چونکە پاش ئازادکردنی موسل ئیتر هیچ جۆرە بیانویکیان بۆ نامێنێتەوە تاوەکو دۆخەکەی پێ وەک ئێستا راگرن و دەزانن ئەوەی کە پێش موسڵ بەڵی بوو دووای موسڵ نەخێر دەبێت!!
بەداخەوە ئەو بانگەوازەی کە لە نا ئومێدیدا بووەتە مایەی ئومێد زیاتر لە داوەتنامەیک دەچێت کە بە ناچاری و نابەدڵی بۆ کەسێک نوسرابێت کە بەتەمای هاتنی نەبیت، رەنگە بۆ کاتی پێش گەیاندنی دۆخەکە بە مریشکە ڕەشە باش بووبێت بەڵام ئێستا مەسەلەکان زۆر ئاڵۆزترو قوڵتر بوونەتەوە و نە کەس متمانەی بەویتر ماوە و نە میلەتیش متمانەی بە کەس ماوە و دانیشتن تەنیا لە پێناو دانیشتندا تەنیا کات بەهەدەردانە و هیچیتر چونکە هەموو ئەو لیژنەی باڵا و لیژنەی ژێرزەمینیانەمان تاقی کردوەتەوە و باش دەزانین کە هیچیان پێ ناکرێت جگە لە نمایش کردنی خولێکی تری زۆرانبازی سەر شانۆ و حیلکە حیلکی پشت پردەی شانۆ!! پێم وایە ئەوپەڕی نیەت پاکی دەبوو گەر وەک رێزێک لە دەنگی دەنگدەرانی کوردستان هەر بە نووکەی هەمان تەلەفۆن هەموو ئەوانە بگەڕێنراینەوە سەرکارەکانی خۆیان و ئینجا باس لە دانیشتن بکرایێ..
--------------------------------
تێبینی:
ئەم نووسینەی عەقید شانازی برایم ئەحمەد، ئەوەی بیر خستینەوە، کاتی خۆی کوردستانپۆست بە بەڵگەوە ئەو پلانەی ئاشکراکرد،کە تورکیا دەیەوێت لە رێگای فرۆکەخانەی سلێمانییەوە سەرکردەکانی پەکەکە بفڕێنێت، قوبادی کوڕی تالەبانییش دەستی لەو پلانەدا هەبوو، ئەوکات قوباد نوێنەری یەکێتیی بوو لە ئەمەریکا، بۆیە لە رێگای سکرتێرەکەیەوە (هێرش عەبدولڕەحمان) پەیوەندیی پیوەکردین و وتی: ئەوەی خەبەرەکەی پێداون  ئێسکی خواتەوە.
ئەو جۆرە قسانە شاناز و هێرۆ و کوڕەکانی تالەبانی بەکاری دەهێنن، چونکە پەروەردەی کەلتوری یەک دیوەخانن، کە گەلاوێژخانن لەو قوتابخانەیەوە فیر کراون. 
ئەو ڤیدیۆیەی سەریشەوە قسەی هێرۆیە، ئەوە دەسەلمێنێت، ئەم بنەماڵە رەشە لە چ قوتابخانەیەکدا دەرچوون و  سواری ملی ئەو میللەتە بوون.