داهات و بودجه‌ مولکی گه‌له‌ یان پارت و سه‌رۆک!؟

Friday, 02.09.2007, 22:11

30664 بینراوە


له‌ قۆناخی ده‌سه‌ڵاتا ڕاستگۆیی و پێوه‌ری نیشتمانی  هه‌موو پارت وڕێکخراو و که‌سایه‌تیه‌ک وه‌ک فوسفۆر دیار ده‌که‌وێت.  له‌ وڵاته‌ دیموکراسیه‌کاندا ‌ هه‌موو پارتێک له‌ 4 ساڵی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتیدا ،  خه‌ڵک دروشمه‌کانی به‌ر له‌ده‌سه‌ڵات و دوای ده‌سه‌لات  تاقی ده‌کاته‌وه و دواتر هه‌ڵوێستی خۆی ده‌رده‌بڕێ‌ . له‌ نیشتمانه‌که‌ی ئێمه‌ شوکر بۆ ته‌مه‌ن درێژی  ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی  وا  4  که‌ره‌ت  4 یشمان  بڕی ،  که‌ چی هێشتا لا په‌ڕی یه‌که‌می به‌رنامه‌کانی شاخ  جێبه‌جێ نه‌کراوه‌!!؟ 
ده‌سه‌لاتی کوردی تائێستاش مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکی هه‌ژاری  و ‌ قوربانیانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و پاشماوه‌ی ناوچه‌ ته‌عریب کراوه‌کان  له‌ قۆناخی شاخ تێنه‌په‌ڕیوه‌ ، ‌ که‌ بریتیه‌ له‌ ‌ووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک دروشمی سواوی  بریقه‌دار ، چونکه‌ هیچ خزمه‌تگوزاریه‌کی وایان  پێشکه‌ش نه‌کردون،  له‌ چاو ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته‌ مادیه‌ی که‌ ساڵا نه‌ ده‌که‌وێته‌ به‌ر ده‌ستیان  و که‌سیش نازانێت به‌کام پێوه‌ری ماتماتیکی ئه‌م پاره‌یه‌ ده‌ژمێرن و خه‌رج  ده‌که‌ن!؟
ئاخر که‌ی باوی ئه‌وه‌ ماوه‌ که‌دروشمێکی سه‌رکرده‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ‌  بکه‌یته‌ پێوه‌رێک بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی  که‌سێتی بۆخۆشه‌ویستی نیشتمانه‌وه‌  ،  له‌م لاشه‌وه‌  پاشماوه‌ی  خه‌ڵکی ئه‌نفال  ،  منداڵانیان گوڵه‌به‌ڕۆژه و جگه‌ره‌ بفرۆشن و ژنانیشیان به‌ هێلکه‌ فرۆشتن و  کارکردنی کرێکاری 15 ، ساڵ له‌ته‌مه‌نی پڕ له‌ جیهانه‌ک ئازاردا ژیان گوزه‌ر بکه‌ن ‌ ، هه‌ڵه‌بجه‌ و گۆپته‌په‌و شێخ وه‌سانان  ئێستاش بۆنی کیمیاوی لێ دێت ، پاشماوه‌ی ناوچه‌ ته‌عریب کراوه‌کانیش  خانوه‌کانیان  هه‌ر له‌نێو چڵکاو بێ ئاوی و خزماتگوزاریه‌کان ببه‌نه‌ سه‌ر ، له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌هرامه‌کانی به‌رپرسان هه‌ر به‌ره‌و نزیک بوون له‌ هه‌ور ده‌چێت  ؟؟ .
ده‌سه‌لاتی کوردی له‌بڕی ئه‌وه‌ی ساڵانه‌ که‌  شیعرو په‌خشان به‌سه‌ر ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ڵێت  ، با بوێر بێت و پێمان بڵێت ،  چه‌ند  پڕۆژه‌ی ‌ خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌نجام داون‌  ،   له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ  شێوازی خه‌رج کردنی پاره‌که‌‌. 
 ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی کوردی که‌ پارتی ویه‌کێتی سه‌رکردایه‌تی ده‌که‌ن ،   له‌ 16 سالی رابردودا وه ک پێگه‌یه‌کی به‌هێزیش له‌سه‌ری وه‌ستاون ،  کۆنتڕۆل کردنی داهاتی گه‌له‌ ، به‌مه‌ش توانیویانه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی به‌پێ ی یاسا و په‌ڕله‌مان پێوه‌ری دابه‌ش کردنی بودجه‌ بۆ پارت و ڕێکخراوه‌مه‌ده‌نی و ڕۆژنامه‌کان بێت   ، له‌زۆربه‌ی کاتدا   ووته‌وڕه‌زامه‌ندی و سه‌رله‌قاندنی چه‌ند به‌رپرسێکی پله‌ یه‌ک  شوێنی گرتۆته‌وه‌ !!؟؟ . ئه‌مه‌ش  یه‌کێک له‌سیما به‌هێزه‌کانی دیکتاتۆریه‌ته‌ ،  که‌پارت و چه‌ند سه‌رۆکێک ببنه بڕیارده‌ر  ،  له‌بڕی ده زگا سیاسیه‌کانی حکومه‌ت و په‌ڕله‌ماندا  !!.
خه‌لک مافی خۆیه‌تی ‌ بزانێت که‌  ساڵانه‌ ئه‌م داهاته‌ چه‌نده‌و چه‌ندی لێ خه‌رج کراوه‌و بۆ چ پڕۆژه‌یه‌ک خه‌رجکراوه‌ ؟  بودجه‌ی پارتی و یه‌کێتی و مامه‌و کاکه‌ و سه‌رۆک پارت و م س چه‌نده؟ ‌ .. هه‌قی خۆمانه‌ بزانین چه‌ندی له‌و ترێله‌ دۆلارانه‌ ی ده‌گاته‌ کوردستان بۆ پرۆژه‌کانی  ئاو و کاره‌با ، سوته‌مه‌نی خه‌رجکراوه؟؟.
ئاخر بێ ده‌نگی بوون و  ناڕه‌زایه‌تی ده‌رنه‌بڕین له‌ ئاست ئاشکرا  وخه‌رج نه‌کردنی  ئه‌م داهاته‌ و  دابه‌ش کردنی برا ئاسا ، له‌نێوان 2 پارتدا  ، هه‌ر ده‌بێته‌ درێژه‌دان به‌ ڕاکردن به‌دوای به‌رمیلێک نه‌وت له‌ ساڵێکدا و  ڕێز گرتنی یه‌ک کیلۆمه‌تری بۆ جلیکانه‌ک به‌نزین و هه‌لهه‌له‌ لێدان بۆ هاتنه‌وه‌ی که‌مێک ڕۆناکی بۆ ماڵ و  ڕاکردن به‌دوای پارویه‌ک نان ، به‌رده‌وامی و زه‌لیل کردنی تاکی کورد له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتا و درێژه‌دان به‌ گه‌شه‌کردنی توێژێکی مافیایی له‌کوردستان و  جێ به‌جێ نه‌کردنی یاسا له‌سه‌ر به‌رپرسه‌کان و به‌دیکتاتۆر بونی ده‌سه‌لات و پیرۆزی  سه‌رۆک زیاتر له‌ به‌ها نیشتمانیه‌کان  ... که‌سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ش له‌دوا ئاکامدا درزی گه‌وره‌ ده‌خاته‌ نێوان گه‌ل وده‌سه‌ڵا تا ، ئه‌و کاتیش به‌ هه‌ڵکردنی یه‌ک گه‌رده‌لولی ڕه‌شی داگیرکه‌ران حکومه‌تی کوردستان توشی کۆمه‌ڵێک وێرانی ده‌بێت وه‌ ئه‌گه‌ر لولیشی نه‌دات .
له‌هه‌موی کاره‌ساترین ئه‌وه‌یه‌ له‌ بابه‌تێکدا سه‌رۆکی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان ده‌ڵیت 3000 رۆژنامه‌نوس ئه‌ندامی سه‌ندیکاکه‌مانه‌ ، تۆبلێی ئه‌و سوپا به‌هێزه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان چه‌ندیان بوێربن و له‌به‌ره‌ی گه‌له‌وه‌ بجه‌نگن و سنورێک بۆ گه‌شه‌کردنی گه‌نده‌لیزم وفایلیزم....دابنێن ؟؟  تائێستا که‌م  پێنوس به‌ده‌ست وشه‌کانی ڕێز به‌ند کردوه‌ له‌ داکۆکی کردنێکی بوێرانه‌ له‌خه‌ڵکی هه‌ژاری کوردستاندا ،  به‌هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م ساڵ رۆژنامه‌نوسه‌کان  به‌گشتی هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن  که‌ ئه‌وان ئه‌رکێکی ئه‌خڵاقی و نیشتمانیان له‌سه‌ره ‌.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر