منیش مامۆستا ئاواتم..

Monday, 05/12/2016, 19:44

5416 بینراوە


ماوەی چەند مانگێکە خۆپیشاندەرانی بێمووچە دژی دەسەڵاتی کوردی، بەتایبەتی یەکێتی، خۆپیشاندان دەکەن و دەسەڵاتیش بە توندترین شێوە بەرەنگاریان دەبێتەوە، ئەم دزانە بەتایبەتی بنەماڵەی تالەبانی و برایم ئەحمەود کە هۆکاری بێموچەیی ئەو بەشەی هەرێمن، وەڵامیان نادەنەوە و خۆیان ئامادەدەکەن کە بە خراپتیرین شێوە لێیان بدەن و دەیانەوێت بە بێمووچە بیاننێرنەوە سەر کاری خۆیان.
 ئەو نووسینەی خوارەوە کە شاناز لە پەیجی خۆیدا دایناوە، دەیەوێت بڵێت منیش موچەی خانەنشیتی عەقیدییەکەم وەرنەگرتووە، کەچی دەنگ ناکەم، پەیامی ئەوە دەدات، خەڵکی بچێتەوە سەرکار، ئەم ژنە هیچ گوێی لەو رەخنە و گازەندانە نییە، کە لە خۆی و بنەماڵە و دەسەڵاتەکەی دەگیرێت، ژنێکی بێشەرمە، بەردەوام قسەی پێ دەگوترێ، کۆمێنتاری ناشرینی بۆ دەنووسرێت، کەچی وەک نە بای دیبێت، نە باران، خۆی وەکو قوربانی پیشان دەدات، وەک هەر هەوڵاتییەک دەنگی خۆی بەرز دەکاتەوە، ئەمیش پەیوەستە بە  پەروەردەی بنەماڵەیەکەی کە هیچ شەرمیان لە خیانەت و نامەردی نەکردۆتەوە، بۆیە شانازی کۆڵکە نووسەر لە رێگەی ئەو قەڵەمە پۆخڵەیەوە، بێ حورمەتی بەو خەڵکە دەکات و دەڵێت (منیش مامۆستا ئاواتم).
ئەم نووسینە وەک وتمان جگە لە بێحورمەتیی، ئەو پەیامەش دەدات، کە خۆی پیشان بدات  دەستپاکە و  دز نییە.
ئەو نووسینەی خوارەوە بخوێنەرەوە، کە چۆن دوو روویی و بێشەرمی لەو نووسینەدا بە ئاشکرا دەبینیت جا نازانین ئێوەش پێدەکەنن، یان توڕە دەبن.
--------------------------------- 
منیش مامۆستا ئاواتم..
ھەق وایە لەمڕۆوە ھەموو تاکێکمان ببینە دەنگی نوساوی مامۆستا ئاوات و ھەموو مامۆستا ئاواتەکانی کوردستان، راستە کە کەس لەگەڵ داخستنی دەرگای خوێندنگەکاندا نیە و کەس لەگەڵ ئەوەدا نیە کە زیان بەئایندەی خوێندکارانی میللەتەکەمان بگات، بەڵام ئایا سزادانی پەنجا ھەزار مامۆستا دەبێتە ھۆی کردنەوەی دەرگا داخراوەکان؟ ئایا بە سوکایەتی کردن بەناوو قودسیەتی مامۆستا ھیچ کێشەیک چارەسەر دەبێت؟ و ئایا بەعس ئاسا دەرگای ماڵی مامۆستا بە بەر شەق دان دەبێتە ھۆی ھێورکردنەوەی تووڕەیی ماموستایان؟
بەراستی شەرمە لە سەرزەمینێکی پڕ خێرو بێری وەک کوردستاندا مامۆستا نانی نەبێت بیخوات. لەوەش شەرمتر ئەوەیە کە بەرپرسانی سەرزەمینەکەم ھەست بە ئازارو برسییەتیان نەکەن. شەرمە رێگە لەھاواری کەسێکی برسی خاوەن مناڵێکی تینو بگیرێت. مەرگە ساتە یاری بە بژێوی مرۆڤ بکرێت. جاشایەتیە کە مووچە بۆ چوارھەزار بەکرێگیراو لە ھەرێمەکەمندا ببردرێتەوە لە کاتێکدا کە مامۆستا لەبەرنەبوونی کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.. خیانەتی نیشتیمانی ئەوە نیە کە بۆ دابینکردنی بژێوی خەڵک پەنا ببرێتە بەر بەغدا، بەڵکو خیانەتی نیشتیمانی برسی کردنی خەڵک و بەفیرۆدانی سەروەت سامانی میللەتە.. لەو ناوەشدا بێزارکەرترین ھەڵوێست بێ ھەڵوێستیە و کوشندەترین ئازار ھەست نەکردن بە ئازاری میللەت و ھەڵبژاردنی بێدەنگی و کپ کردنی دەنگی ھەقە.
ئەو پەری ناداد پەروەرییە کە دزەکان بەسەربەستی بژین و سزای ئەو ماموستا و کارمەند و کەمئەندامانە بدرێت کە لەساڵێکدا تەنیا چوار مووچەیان وەرگرتووە!! گەر ئەم نادادپەروەرییە کوردایەتییە؟ ئەوا زۆر بەداخەوەم بۆ کوردایەتی و گەر بێدەنگی حزبەکەم تاکتیک و ستراتیژێکی نوێیە ئەوا حەیف و ھەزار حەیف بۆ یەکێتییەکەم.. ئەگەریش ئەوە لەپێناو پاراستنی ئەو یەکریزیەدایە کە کەسمان نایبینین ئەوا دەڵێم بەسیەتی(قەشمەرجاری) و بەو پەری سەربەرزیەوە رایدەگەیێنم کە ناتوانم بەشیک بم لەو قەشمەرجارییە..
لە کۆتاییدا تەنیا ئەوەندە دەڵێم کە :
زۆر گەوجن ئەوانەی کە تووڕەیی ناوچاوی خەڵک نابینن و نایانەوی دان بەو راستیانەدا بنێن کە ھەمیشە زبڵخانەی مێژو شوێنی ئەوانە بووە کە ھەستیان بە ئازاری میللەتەکەیان نەکردوە و دووا وێنەی ھەموو ئەوانەی کە بەرژەوەندی خۆیان سەرو بەرژەوەندی خەڵک داناوە ھیچ جیاوازێکی نەبووە لەگەڵ دووا ووێنەکانی قەزافیدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە