یەواش، یەواش یەواش کاکی کارگێر (مەلا بەختیار)

Sunday, 12.11.2016, 14:14

5638 بینراوە


لە وەڵامی ئەو روونکردنەوەیەی مەلا بەختیار، شاناز وەڵامی مەلا بەختیار دەداتەوە، ئەو ناونیشانەش سێ جار یەواش، بەکار دەهێنێت، یەواش یان هێواش بۆ هێورکردنەوە و وریاکردنەوەەی ئاژەڵ بەکار دێت،  شاناز دەیەوێت وەک ئاژەڵێک لە مەلا بەختیار بخوڕێک، ئەو هێواش هێواشە بە دووبار و سێبارەکردنەوە کاتێک ئاژەڵەکە دەبزوێت و جێ بەخۆی ناگرێک بەتایبەتی لە کاتێکدا بیەوێت بارەکەی لەسەر دابگرێت، یان ناڵی بکات، بۆ خوێندنەوەی  روونکردنەوەکەی مەلا بەختیار (کلیکی ئێرە بکە).
-----------------------------------------------------------
یەواش، یەواش یەواش کاکی کارگێر
عەقید شاناز برایم ئەحمەد
بۆ  بەرێزان دەزانم كە وەڵام و وەڵام دانەوە لە رێگەی میدیا كراوەكاندا دەبێتە هۆی ئەوەی كە كەسانێكی زۆر نان و پیازی پێوە بخۆن و لە كۆتایشداتە تەنیا یەكێتی لێی زەرەرمەند دەبێت.. بەڵام لەبەر ئەوەی كە كاكی كارگێر بە شێوازێكی زۆر دوژمنانە و نابەرپرسانە وەڵامی رەخنەكەمی داوەتەوە بۆیە پێویستە كە وەڵامێكی كورت و سەرپێیی بدەمەوە:
یەواش یەواش كاكی كارگێر،
پێشەكی بزانە لەگەڵ كێ قسە دەكەیت و ئینجا قسە فرێ بدە..
یەكەم: تكایە لەمەولا كە خۆت بابەتێك لەسەر خۆت دەنوسێت و خۆت وەڵامی رەخنەی بەرامبەرەكانت ئەدەیتەوە ئەوەندە جورئەت بدە بەر خۆت كە بە ناوی خۆتەوە بڵاوی بكەیتەوە!
دووەم: برام، خۆ من باسی بۆینباغ و پێڵاوە ئەبوو الماركەكانی تۆم نەكردوە تاوەكو تۆ باس لە جل و بەرگی من بكەیت! گەر پێت خۆشە باس لە نرخی جل و بەرگ بكەین ئاساییە فەرموو ڤستیڤاڵێك لە ژێر دروشمی " لە پێڵاوی پلاستیكەوە تاوەكو قاتی ماركە" ساز بكە. 
سێهەم: دەتوانین ووتارەكەی من و وەڵامەكەی تۆ بدەینە ویژدانی خەڵك بۆ ئەوەی بزانین كە كامەیان پڕە لە بەغالەت و رق و دوژمنایەتی!
چوارەم: تۆ دەتوانیت هەندێك كەس چەواشە بكەیت كە گووایە " پارتە سۆشیالیستەكانی ئەوروپا مەسرەفی كۆنفرانسەكەیان دابین كردوە، بەڵام كاكی برا هەڵەیت گەر بەتەمای ئەوە بیت كە من بڕوا بەو قسەیە بكەم چونكە بیست و پێنج ساڵ كارم لەگەڵیاندا كردوە و دەزانم كە ئەو پارتانە هەرگیز ئەو جۆرە مەسرەفانە ناكەن، تەنانەت كاتێ كە ئەندام و میوانیش داوەت دەكەن میوانەكان دەبێ خۆیان مەسەرفی خۆیان بدەن،دەتوانیت بۆ پشتراستكردنەوەی ئەم قسەیەم تەماشایكی داوەتنامەكانیان بكەیت و ئاسانتریش لەوە ئەوەیە كە پرسیارێك لە د. محمد سابیر بكەیت كە ئەو یەكەمین كەس بوو كە لە دەرگای سوشیالست ئینترناشناڵی دا و بە هەوڵ و هیمەتی ئەو و لێزانی و بلیمەتی مام و ماندوو بوونی كەسانیتری وەك هاوسەرەكەم و كاك محمد تەوفیق و كاك عبدولرەزاق میرزا و بە رەحمەت بێت كاك شازاد سائیب و خۆم گەیشتە ئەم رۆژەی كە جەنابت پێوەی دەنازیت..
پێنجەم: سەیرە كە باسی دەنگدان و هەڵبژاردنەكانت كردوە، برام خۆ منیش وەك ئێوە لەم لاوە چەند ملیۆن دولارێكم بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە یەكێتی داماو وەرنەگرت و لەولاوە بڵێم یەكێتی دەنگ ناهێنێت ….! ئەرێ برام، ئەی ئەوە تۆ و هاوشێوەكانت نە بوون كە تەنانەت پارەی تەواوی هاتووچۆشتان بۆ دەرەوە دابین نەكرد؟ ئەی ئەوە ئێوە نەبوون كە بە رێكخستنەكانتان گووت یەكێتی لە چوار كورسی زیاتر ناهێنێت بۆیە خۆتان ماندوو مەكەن؟ ئەی ئەوە من نەبووم كە بۆ تۆڵە سەندن لێتان و بەرزكردنەوەی ورەی جەماوەرە ماندوەكەی یەكێتی بە بێ ئاگاداری ئێوە سندوقی دەنگدانم بردە نەخۆشخانە بۆ لای مام و پیشانم دان كە یەكێتی یەكێتیە ؟
حەوتەم: باشترین رێگە بۆ كۆتایی هێنان بەو هەموو تۆمەتە ناڕەوایانەی كە داوتەتە پاڵ خۆم و ماڵ و مناڵەكانم و ئەو پرۆپاگاندە و درۆ و دەلەسانەی كە چەند ساڵێكە خۆت و هاوبیرەكانت دەستتان داوەتی لە دژم ئەوا پێشنیاری ئەوە دەكەم كە دیبەیتێكی كراوە ساز بكەیت و خۆت و هەر هەموو ئەوانەوەی كە لە شاشەكاندا بۆ حاڵی خۆتان و میللەت دەكرۆزێنەوە بەشداریتێدا بكەن بۆ ئەوەی بۆ رای گشتی ڕوونی بكەینەوە كە لە ساڵی ١٩٧٥وە تاوەكو ٢٠٠٣ و لە ٢٠٠٣وە تاوەكو ئەمڕۆ هەر كەسەمان چیمان هەبووە و ئێستا چیمان هەیە و سەرچاوەی داهاتەكانمان لە كوێوەیە.. ئەو كات دڵنیام پارەی ژێر زەمینەكانیش دەدۆزرێنەوە!! 
لە كۆتاییدا دەڵێم وەڵامەكەت باشترین بەڵگە بوو بۆ دووپات كردنەوەی نیگەرانیەكانم سەبارەت بە بارودۆخی یەكێتی واتە ناهەقم نیە گەر بڵێم حەیف بۆ یەكێتی كە كەوتوەتە دەستی كەسانێكی وەك تۆوە گەر بەو شێوازە وەڵامی رەخنەی (شازادە) یك! بدەیتەوە ئەی دەبێ بە چ زمانێك وەڵامی كادرێكی بێ كەس و كوری شەهیدێكی حزبەكەم بدەیتەوە.




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 3/5)