ئەگەر پێڵاوی لاستیک زمانی هەبوایە

Tuesday, 13/12/2016, 17:46

5453 بینراوە


ئای پێڵاوی لاستیکی نەگبەت، بزانه بە ناوی تۆوە چی ئەگوزەرێ!
ماوەیەکە لێرە و لەوێ ناوی تۆ بۆتە بنێشتە خۆرەی سەر زمانی چەند بازرگانێکی خۆ بە سیاسەت مەشغوڵکەرەوە، کە هەر سەیری گیرفانیان کرا، بۆ بێ دەنگ کردنی خەڵک، ئیتر یەکسەر تۆی پێڵاو ئەکەن بە شایەتی ڕابردوویان و  بە جۆرێک وەک چۆن کەسانی سلکی دیبلۆماسی (حصانة) یان هەیە، ئەوانیش ئەیانەوێت تۆی (پێڵاوی لاستیک) بکەن بە حەصانەی خۆیان، نە کەس بۆی هەبێت سەیری جانتاکانیان بکات، نە کەسیش بۆی هەبێت لێیان بکۆڵێتەوە...
خۆ ئەگەر هەزار مەتر تۆیان لە پێ کردبێت، ئێستا لەسەر پرینسیپی "پێڵاوی لاستیک بەرامبەر دۆلار"، سەدان هەزار دۆلاریان لە بری وەرگرتۆتەوە،  هەر چەنە گەر هەموو ڕەسمەکانی ئەو کاتانەی بە حساب تۆیان لە پێدا بووە، نیشان بدەن، دەرئەکەوێت چۆن بە ناوی تۆوە شەرعیەت ئەدەن بە ئێستایان.. چۆن بە دەم تۆوە قسە ئەکەن بەمەش سنورێک لە نێوان زەمانی تۆ و ئێستای پێڵاوی چەرمی ئەوروپی ناهێڵن....
خەڵکانێک لە هەموو سەنگەرەکانیاندا: کۆمەڵە بۆ ئاڵای شۆڕش، لەوێوە بۆ زەحمەتکێشان ئینجا پێچێک بۆ 'کۆمەڵەی کەسکی کوردستان'، و لە بەنزین بڕانیشا لە ماڵە گەورەکە! سلفەکەیان کوژانەوە بێ ئەوەی تۆیان لە پێدا بێت، ئیتر شیرین کردنی ناوی تۆ بۆ؟ !
جا ئەگەر هەر کەسێک چەند مانگ و ساڵێک تۆ لە پێ بکا و دواتر دەڵەمەند بێ، لام وابێت تۆی ''پێڵاوی لاستیک'' هێندە گران ئەبویت، مەگەر هەر لە ئەوروپا و لە چەند کۆگایەکی تایبەت دەست بکەوتیتایە ..... 
ئەزانم تۆی داماو ئەی پێڵاوی لاستیک گەر'زمان'ت هەبوایە، چیت ئەووت....!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە