پێشمەرگە ئەوینداری چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ لە خاڵ نین، بەڵکو ئەویندار و دێوانە و شەیدای سەرسەختی خۆشەویستی کورد و کوردستانن، ئەوینداری رزگاری و ئازادی و سەرفرازی و یەکسانی و ئاشتی و پێکەوە ژیانن.
ئەی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان ئەی پارێزەرانی کوردستانی نیشتمانی شیرین و پیرۆزمان.. ئێوە مایەی شکۆ و سەربەرزی و شانازیمانن.
لە سایەی خۆڕاگری و بەرگری و بەرخودانی و ئێشگرتنی ئێوەدایە، کە ئێمە دەتوانین بە خۆشی و شادی، بە ئاسوودەی و دڵنیایی بژین.. هەر لە سایەی ئێوەدایە کە ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان دەشکەکێتەوە و قەت نانەوێ.. ئێوە بە خوێنی گەش و ئاڵتان تاجی ژیانتان نەخشان.. داری ئازادیتان ئاودا.
ئەی هەڤاڵانی بەجەرگی پێشمەرگەی دڵسۆزی کورد و کوردستان، ئەی هەڵۆ بەرزفڕەکان، پڵنگە هەڵمەتبەرکانی کوێستان و پێدەشتەکانی گەرمیانی کوردستان، ئەی هەڵگرانی پەیامی رزگاری و ئازادی و ئاشتی.. قارەمانیتان بێوێنەیە.. چی بەها و خەسڵەتێکی جوان و بەرز و پیرۆزیش هەیە لە ئێودا بەرجەستەبوونە.. لە دەوری دەست و تفەنگتان گەڕێین، قوربانی سەر و قەد و باڵاتان بین.. ئێمە هەردەم قەرزاری دڵسۆزی و ماندووبوون و گیانبەخشینی بێسنووری ئێوەین.. نەک تەنها لە رۆژی پێشمەرگەدا، بەڵکو هەموو ساتێک و هەموو کاتێک هەموو رۆژێک، ئێوە لە بەرچاومانن، لە ناخی دڵماندان.
دڵنیاین کە لە سایەی خەبات و بەرخودانی ئێوەی گیانبەخشدا، ئایندەیەکی گەشتر و ژیانێکی خۆشتر و شیاوتر بۆ کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان، کە هیوا و نەوەی داهاتووی کوردستانن، زامن و دابین دەکەن.
ئەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، ئێوە هەمیشە سەربەرز و باڵابەرزن، سەر و باڵاتان، هاوباڵا و هاوربەرزی چیاکانی قەندیل و سەفین و ئاگری داغ و پیرەمەگروون و خاڵخاڵان و هەورامان و شاهۆ و زمناکۆن.. لە کوردستاندا
هەر چیایەک، هەر دارێک، هەر دۆڵ و تەلان و دەشتێک، هەر ئەشکەوتێک، هەر دێیەک و گەڕەکێک و شەقامێک، بە دەیان چیرۆک و داستانی قارەمانێتی و نەبەردی ئێوەی کوردستان پەروەریان لە خۆگرتوون.