پارتی و کوشتنی سیاسی

Sunday, 18/12/2016, 13:19

5748 بینراوە


پارتی لە دامەزراندنیەوە (١٩٤٦) هەتا سەرەتای دو لەت بوونەکە (١٩٦٤) حیزبێکی ئازادیخوازی نیشتمانیی کوردستانیی پێشکەوتنخواز بوو. لە دوای جیابوونەوەی/ دەرکردنی جەلالی لە مەلایی، وردە وردە رێچکەی حیزبێکی بنەماڵەیی کۆنەپەرستی گرتە بەر، هەتا لە کۆنگرەی ٨ ی ساڵی ١٩٧٠ لە ناوپردان، بە یەکجاری بوو بە حیزبی بنەماڵە. لەو کۆنگرەیەدا بۆ یەکەمجار کوڕانی خوالێخۆشبو مەلا مستەفا بارزانی، ئیدریس و مەسعود بوونە ئەندامی سەرکردایەتی، دوا تر م. س و، ئەندامی بارەگای بارزانی.

وەکو هەردوو مێژونوس، خوالێخۆشبوو جەرجیس فەتحوڵڵا و بەڕێز ئەیوب بارزانی ئەی گێڕنەوە، لەو کۆنگرەیەدا تەزویر بۆ هەردوکیان کراوە بۆ ئەوەی دەنگیان وەکو یەک بێ، تا کێشە بۆ بنەماڵە دروست نە بێ! بەو پێیە، جوتە برا، یەکی ٤٥٠ دەنگی خشتیان "هێنا" و گەیشتنە لوتکەی ناوەندی بڕیار (بڕوانە: جرجیس فتح اللە، زیارە للماچی القریب، ستوکهولم، دار الشمس للگباعە والنشر، ص٦٧. هەروەها، ایوب بارزانی، الحرکە التحرریە الکوردیە وصراع القوی الاقلیمیە والدولیە، ١٩٥٨- ١٩٧٥، جنیف، دار نشر المشرق، گ١، ص٣٩٣). ئەمە یەکەم نیشانە و یەکەم گورزی بە بنەماڵەیی کردنی پارتی بو کە، گەلی کوردستان تا ئێستا باجی ئە دا. ئەو کۆنگرەیە خاڵی وەرچەرخانە لە مێژوی پارتی و خەڵکی کوردستان یشا. چونکە بنەماڵەی بارزانی، بەری رەنجی شەش ساڵ هەوڵ و تەقەللای خۆی چنیەوە و توانیی لە رێگەی کۆنگرەکەوە بە بنەماڵەیی کردنی پارتی بشەرعێنێ. دوای ئەو کۆنگرەیە، بارەگای بارزانی بووە گرنگترین دامەزراوەی پارتی. بارەگای بارزانی پێک هاتبوو لە خوالێخۆشبو بارزانیی باوک و هەردوو کوڕەکەی. هەمو بڕیارە چارەنوسسازەکان: تاکتیک و ستراتیجی شۆڕش؛ شەڕ و ئاشتی؛ مفاوەزات کردن و نە کردن؛ بەستنی پێوەندی و تێکدانی، چ ناوەکی و چ دەرەکی؛ سامانی شۆڕش و خەرج کردنی؛ دانان و لابردنی بەرپرسە سیاسی و سەربازیەکانی شۆڕش؛ گرتن و کوشتن و راوەدونانی نەیارانی بنەماڵە، هەمویان لەو بارەگایەوە دەر ئەچون. تەنانەت ئاشبەتاڵ پێ کردنی شۆڕشی ١٤ ساڵەی کوردیش، لە ١٩/٣/١٩٧٥ دا، هەر بە بروسکەیەکی ئەو بارەگایە، را گەیەنرا. لەو کۆنگرەیە بە دواوە تا ئێستا، رۆڵی م. س و کۆمیتەی سەرکردایەتی و دەزگاکانی پارتی بووە بە ڕایی کردنی بەرژەوەندی بنەماڵە و جێبەجێ کردنی داواکانی.

 پەروەردەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم بنەماڵەیە بریتی یە لە (تألیە: خۆ، بە خوا کردن). لەبەر ئەوە مناڵیان، لەو رۆژەوەی رستە تێ ئەگا و ئاوەز پەیا ئەکا، وا پەروەردە ئە کرێ کە، ئەو جیایە لە مناڵی کەسانی تر. گۆشی ئەکەن و پێی ئەڵێن: "تۆ نەوەی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی؛ باوک و باپیری تۆ خودانی کورد بوون و تۆش لە ئایندە دا ئەبی بە خودانیان؛ باوک و باپیری تۆ نە بوونایە کورد نە ئەبوو؛ بەرژەوەندی کورد و بەرژەوەندی بنەماڵەکەمان ئاوێزانن، لێک جیا نا کرێنەوە؛ هەرچی لە بەرژەوەندی ئێمە بوو خۆ بە خۆ لە بەرژەوەندی کوردە؛ ئەم نیشتمانە و سامانەکەی ئێمە نە بووینایە نە ئەبوون، بۆیە بۆمان حەڵاڵن".چەن نمونەیەک بۆ سەلماندنی ئەو راستیە: نمونەی یەکەم: مەسعود بارزانی لە کۆنگرەی ١٣ ی حیزبەکەیا (١١- ١٨/١٢/٢٠١٠) ناوی کوڕەزایەکی خۆی هێنا، کوڕی مەسرور و، وتی، فڵانی کوڕەزام پێی وتم، باپیرە خەم مەخۆ من کوردستان/ کەرکوک؟ رزگار ئەکەم (وەر گیراوەکە دەق نیە، پاڵفتەی قسەکانێتی). کوڕەزاکەی شەش ساڵ لەمەو بەر ٣- ٤ ساڵان بووە. نمونەی دووەم: چەن ساڵێ لەمەوبەر کوڕە گەورەی نێچیروان بارزانی، کە ئەو کات ١٢- ١٣ ساڵان بوو، وتی، ئەم خۆشگوزەرانیەی خەڵکی کوردستان، بەرهەمی رەنجی باوکمە. بە مەرجێ، هەمووی پارەی بەغا بوو، باوکی یەک تنۆک ئارەقی نە رشتبوو بۆ پەیا کردنی. نمونەی سێیەم: گۆیا، یاسری کوڕی مەنسور بارزانی، لە نۆڤەمبەری ٢٠١٦ دا بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی وتوە: "وەک چۆن هەمیشە گوڵە بەڕۆژە روی لە خۆرە، ئەبێ گەلی کوردیش بە هەمان شێوە روی لە سەرۆک مەسعود بارزانی بێ".ئەم جۆرە پەروەردە کۆمەڵایەتی- سیاسیە، کەسانێک ئە خولقێنێ کە بێجگە لە خۆی و بەرژەوەندیەکانی خۆی، چاوی کەسی تر و رەئی تر و بۆچونی تر و بەرژەوەندی تر و رەنگی تر و بەرنامە و پرۆگرامی سیاسیی هیچ حیزبێکی تر، نا بینێ. ئەم پەروەردە سەقەتە، زنجیرەیەکی نەبڕاوەیە. وەکو هێلکە و مریشک بەردەوام یەک یەک دروست ئەکەنەوە، یەک یەک بەرهەم ئەهێننەوە؛ بێ ئەوەی گۆڕانی ئەرێنی بەسەر ئاوەز و بیرکردنەوە و مینتاڵێتی ئەم گروپەیا بێ. لەبەر ئەوە هەمیشە پیرەکانیان وەکو گەنجەکانیان و گەنجەکان یشیان وەکو پیرەکانیان بیر ئە کەنەوە و ئە فیعلێن و ئە شولێن: کۆپی کردنەوەی بەردەوام و بێ بڕانەوە. کاتێ مرۆڤ لە مناڵیەوە بەو شێوەیە پەروەردە ئە کرێ، کە باڵق یش ئەبێ، لە پڕ ئەبێ بە ئەندامی م. س ی حیزب و خۆی لە ناو جاهـ و سامان و دەسەڵات و حەشەم و خەدەما ئە بینێتەوە و سەرە زل و بەتەمەنەکانی حیزبیش دەستیان بە سنگەوە بۆ ئەگرن و لە بەردەمیانا ئە چەمێنەوە، ئەچێتە رۆحیەوە کە ماڵە باوانی راستیان پێ وتوە: "ئەم جیاوازە" "ئەم خودانی حیزب و خاک و خەڵکیشە!"، ئیتر هەر کەس لە چوارچێوەی حەز و بەرژەوەندیی بچێتە دەر، ئاسان ترین شت لای، ئەوەیە، بڕیار بدا گیانی بکێشێ و لە ناوی بەرێ. ئەم تیپە لە مرۆڤ، هەرگیز ناتوانێ نان و ئازادی و کەرامەت بۆ خەڵک فەراهەم بکا؛ مادام پەروەردەی کۆمەڵایەتی- سیاسی یشی رێگەی پێ نادا، بێجگە لە خۆی کەسێکی کە لەسەر کورسی دەسەڵات ببینێ، ناڕەزایەتی دەسەڵاتی و حوکمڕانیی پەیا ئە بێ. بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی نە هێڵێ یان کپ بکا، رێگەچارەی نیە پەنا بردن بۆ توند و تیژی نەبێ. دەیان و سەدان هەزار کەس لە ناو کۆمەڵی کوردستانا بڕوایان بە مێژو و خەبات و "پیرۆزیی بنەماڵەی بارزانی!" و پارتی هەیە. بەڵام ئەمە دڵیان ئاو نادا. "ئەبێ، وەکو ناسری کوڕی مەنسور بارزانی وتویەتی" هەمو کۆمەڵ بڕوای بە "پیرۆزیان" هەبێ و ملکەچیان بن . بۆ هێنانە دی ئەو حەز و  خەونە، پەنا بۆ دو رێگا ئەبەن: "دەم چەور کردن" و "تۆقاندن و کوشتن". بە رێگەی یەکەم، توانیویانە هەزاران کەس و سیاسی و قەڵەم و بە ناو رۆشبیر بکڕن. هەر کەس مل بۆ هیچکام لەو دوو رێگەیە درێژ نەکا، ئەی خەنە بەر غەزەبی خۆیان؛ هەوڵی کوشتنی فیزیکی، ئەگەر پێیان نە کرا، هەوڵی کوشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئە دەن: ئەیگرن و ئەیخەنە زیندانەوە... ناوی ئە زڕێنن... تۆمەتی ئە دەنە پاڵ... فایلی بۆ رێک ئە خەن... چیرۆکی بۆ هەڵەبەستن... تەخوینی ئە کەن.
کوشتنی سیاسی لە مێژوی پارتیا: پارتی، لە دروست کردنیەوە هەتا هاتنەوەی بارزانیی باوک لە یەکێتیی سۆڤێتەوە بۆ عێراق، لە کوردستان هیچ هەوڵێکی تیرۆری فیکریی و فیزیکی نە بووە، چ لە ناوخۆیا، چ لەگەڵ حیزبەکانی ترا.  بەڵام، یەکێ بیرەوەریەکانی زرار سڵێمان بەگ دەرگەڵەیی خوێندبێتەوە (بیرەوەریەکانم لە ساڵانی ١٩٤٣- ١٩٧٧)، بۆی دەر ئە کەوێ کە بارزانیی رەحمەتی لە سۆڤێتیش ممارەسەی تیرۆری فیکری کردوە لەگەڵ هەڤاڵەکانی. لێ، کاتێ بارزانی گەڕایەوە بۆ عێراق، تیرۆری فیکری و کوشتنی فیزیکی و سیاسیی لای پارتی، چ لەناوخۆی و چ لە دەرەوەی خۆی، بە خێرایی پەرەی سەند. لەم وتارەیا بە خێرایی ئاوڕێ لەم ئاوە رژاوە ئە دەمەوە:

١. لە ٣٠ ی حوزەیرانی ١٩٥٩دا، بارزانیی باوک لە بەغا، چەکدارەکانی خۆی ناردە سەر هەمزە عەبدوڵڵای سکرتێری پارتی و، لە پارتی دەری کرد، لەسەر جیاوازیی دیدگا. ئەگەر پێش گەیشتنی چەکدارەکان بە بارەگای م. س ی پارتی، خوالێخۆشبو هەمزە عەبدوڵڵا هەڵ نەهاتایە، ئە کوژرا. دوایی، بۆ کوشتنی کەسێتیی، بارزانی و پارتی ئەنواع و ئەشکاڵ بوختانیان بۆ هەڵبەست.

٢. ساڵی ١٩٦٣ پارتی لە ناو شاری سلێمانیا کەوتە راو کردنی کادرە چالاکەکانی حیزبی شیوعی و ژمارەیەکی لێ شەهید کردن. گوندی کانی ماسیی خوار سلێمانی ببوە قەبرسانی "نەیارانی!" پارتی. لەو بارەیەوە خوالێخۆشبو مەلا ئەحمەدی بانی خێڵانی لە بیرەوەریەکانیا ئەی گێڕێتەوە: "لای بارزانی شکاتیان لە بکوژەکانی کادرەکانیان کردوە... رۆژێ کە لە لای بارزانیەوە هاتۆتەوە، لە رێگا توشی قالە تەگەرانی و ... بو وە بەرەو بارەگای بارزانی رۆیشتون... دڵی خۆش بووە وای زانیوە بارزانی بۆ گرتن و سزادان بانگی کردون، کەچی لەو لاوە بە دیاری بارزانیەوە گەڕاونەتەوە" (تێبینی: دەق نیە، ناوەرۆکە. سەرچاوەکەم لە بەر دەس نە بو).

٣.دوای کەرت بونەکەی ١٩٦٤، سەرۆکی پارتی کەسێکی نارد بۆ کوشتنی ناهیدە خانی کچی شێخ سەلامی شاعیر (دایکی د. رۆژ نوری شاوەیس). پێنج- شەش فیشەکی بەرکەوت، خوا نەی کوشت. ئەو کاتە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی پارتی بو. نوری شاوەیسی مێردی ئەو کاتە ئەندامی م. س و لەگەڵ جەلالیەکان بوو.

٤. پێش جیابونەوە و دوای سەر ئاو کەوتنی ناکۆکیەکانی سەرۆکی پارتی و م. س، سەرۆکی پارتی بۆ سوک پیشاندانیان لە ناو خەڵک و پارتی و هێزی پێشمەرگە دا، مامۆستا برایم ئەحمەد و مامجەلالی بە ناوی خۆیان ناو نە ئە هێنا، پێی ئە وتن: بلە و جەلە. بۆ شکاندن و کوشتنی کەسێتی یشیان، قسەی سوکی شوێن خست بون. لە هەنێ لە وەرگێڕەکانی جارانی بارزانیی باوکم بیستوە، کاتێ لە سەر ناکۆکی نێوان خۆی و باڵی جەلالی قسەی بۆ رۆژنامەنوسانی بیانی کردوە، قسەی سوکی بەو دو کەسێتی یە وتوە. کە هەستی کردوە وەرگێڕەکان وەکو خۆی قسەکانی تەرجەمە نا کەن، بە جوڵانی دەستی و ئاماژە، رۆژنامەنوسە بیانیەکانی تێگەیاندوە چ جنێوێک یان پێ ئە دا.

٥. بەهاری ١٩٦٤، سەرۆکی پارتی هێزێکی زۆری پێشمەرگەی ناردە سەر ماوەت بۆ کوشتن و گرتنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی. بە شەڕ خۆیان دەرباز کرد و هەڵاتن بۆ ئێران.

٦. حوزەیرانی ١٩٦٤، پارتی لە ماڵێکا هەر یەک لە عەلی حەمدی و مەحمودی حاجی تۆفیقـی رفاند. هەردوکیان بە (اختفا) لە ناو شاری سلێمانی ئیشوکاری لقی چواری پارتی- باڵی م. س یان بەڕێوە ئە برد. یەکەم رۆژی ساڵی ١٩٦٦، بە فەرمانی بارزانی، هەردوکیان گولـلە باران کران. تا ئێستا گۆڕیان ونە. عەلی حەمدی، خەڵکی ئاکرێ و کەسێکی رەنجدەر، خوێنەوار، رۆشنبیر و کورد پەروەر بو. ساڵی ١٩٤٣ یەکێک بو لە دامەزرێنەرانی حیزبی رزگاری. کاتی رفاندنی، لێپرسراوی لقی چواری پارتی- باڵی م. س بوو. رەحمەتی، مەحمودی حاجی تۆفیق یش کارگێڕی هەمان لق بوو. هەردوکیان پێکەوە رفێنران و پێکەوە شەهید کران. جێی داخێکی بە سوێ یە، مەحمودی حاجی تۆفیق، بارزانی بێ گۆڕی کرد، ئاراسی کوڕە تاقانەشی، ساڵی ١٩٨٥، بەعس لە سەر کۆمەڵە بوون گرتی و تا ئێستا بێ شوێنەوار و بێ گۆڕە!.
٧. ساڵانی ١٩٦٧- ١٩٦٨ بارزانیی باوک دەیان سەرکردە و پێشمەرگەی کۆمیتەی ئینقلابیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانی بە زینویی یا کوژراوی تەسلیمی ساواک کرد. لەوانە: سلێمانی موعینی (فایەق ئەمین)، خەلیل شەوباش، ئیسماعیلی شەریف زادە، عەبدوڵڵای موعینی، مەلا ئاوارە (مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا محەمەد ئەمینی هەمەوەندی)، مەلا رەحیمی وەرتێ (میرزا ئەحمەد)، ساڵح لاجانی و هاوڕێکانی، موراد شیدیز و، دەیان پێشمەرگەی تر.

٨. ساڵی ١٩٧١ بە سیناریۆی میتی تورکی و جێبەجێ کردنی بارزانیی باوک، هەردوو سکرتێری گشتیی پارتی دیمۆکراتی کوردستان- تورکیا، سەعید ئاڵچی و دکتۆر شڤان کوژران و ئاشبەتاڵ بەو پارتە کرا. سەرەتا پاراستن لە گوندی قومری، نزیک سنوری تورکیا لە دیوی کوردستانی باشور، سەعید ئاڵچی کوشت. دوایی بە بیانوی ئەوەی دکتۆر شڤان، سەعید ئاڵچی کوشتوە، بە فەرمانی بارزانی خرایە زیندانی رایات و پاش چەن مانگێ گولە باران کرا.

٩. دوای ساڵی ٦٦، بارزانیی باوک چەن جارێک هەوڵی داوە مامجەلال بکوژێ. جارێک نامەی ناردوە بۆ رەحمەتیی مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا، داوای لێ کردوە مامجەلال بکوژێ، لە بەرامبەرا لێی خۆش ئە بێ (نامەکە لە بەردەستایە). جارێک یش دەزگای پاراستن پلانی کوشتنی مام جەلالی داناوە و فەشەلی هێناوە.

١٠. دوای دەرچونی کتێبی (پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن)ـی کاک نەوشیروان (ساڵی ١٩٩٧)، بنەماڵەی بارزانی لە سەر بەشی (بە بۆنەی مردنی مەلا مستەفاوە: مەلایی و جەلالی لە تەرازو دا) نیازیان هێنا لە لەندەن بی کوژن. بە هەڕەشەی مامجەلال وازیان لەو خەونە هێنا.

١١. پاراستن ساڵی ١٩٧٣ لە سلێمانی یەوە کەسێکی نارد، لە ٢٢ ی تەموزا، لە بەغا، لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی کفاح، نزیک گۆڕەپانی (وپبە)، محەمەد حەسەن برزوی کوشت. ئەم جوامێرە، بازرگانێکی گەورەی فەیلیی ئیلامی بوو. خۆی و خێزانەکەی لە بەغا ئە ژیان. ساڵی ١٩٥٩ کە پارتی بە رەسمی ئیجازەی لە حوکمەتی عیراق وەر گرت، ئەم یەکێک بو لە داواکەرانی ئیجازەکە. هەم بە پارە و هەم بە خەبات خزمەتی زۆری پارتی کرد بو. دوای جیابونەوە لەگەڵ باڵی م. س بو. دوای بەیانی ١١ی ئازار و دوای تێکەڵاو بوونەوەی هەردو باڵی مەلایی و جەلالی، محەمەد حەسەن برزو تێکەڵاو نە بوە وە و وازی لە حیزبایەتی هێنا. لە سەر تێکەڵاونە بونەوە بە باڵی مەلایی، کوشتیان.
١٢. خوالێخۆشبو عوبەیدوڵڵا، کوڕە گەورەی بارزانی، لە سەر دو شت لەگەڵ باوکی و براکانی، ئیدریسی رەحمەتی و مەسعود ناکۆک بو: دژی تەوریپی پارتی بوو بۆ مەسعودی برای؛ دژی سیاسەت و رەفتاری باوکی و دو براکەی بوو. لە بەر ئەو دو هۆیە و لە بەر ئەوەی لە رێگەی شەهید فاخر مێرگەسوری یشەوە ئاشنایەتی لەگەڵ بیری چەپ پەیا کرد بو، باوکی زۆر رقی لێی بوو، دو جار هەوڵی کوشتنی داوە. جاری یەکەم ساڵی ١٩٧٢ کە لە زیندانی خەلان زیندانی بوە. کە ئاگادار کراوە باوکی فەرمانی داوە ئەمشەو بکوژرێ، شەوی ٦/٦/١٩٧٢ لە زیندان هەڵاتوە. ماوەیەک لە بلێ و بارزان خۆی حەشار داوە. باوکی هەڕەشەی ناردۆتە سەر شێخ عوسمانی شێخ ئەحمەدی خودانی بارزان، عوبەیدوڵڵا لەو ناوە دەرکا. ناچار بوە لە کۆتایی ئەو ساڵەیا خۆی را دەستی رژێمی بەعس بکا. سەرەنجام بەعس ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ دو برای تری (لوقمان و سابیر) و ٨٠٠٠ بارزانیی ئۆردوگای قوشتەپە، شەهیدی کردن. جاری دوەم، گەرماوگەرم دوای ئاشبەتاڵ بوە، کاتێ بارەگای بارزانی لە نەغەدە بووە. بارزانی جەمیل مەحۆی بانگ کردوە و داوای لێ کردوە عوبەیدوڵڵای کوڕی بۆ بکوژێ، چی پارە داوا بکا ئەی دا تێ. جەمیل مەحۆ لە کتێبی (مژکراتی داخل سجون الپورە الکوردیە، جمیل محو، سکرتیر العام للحزب الدیمقراگی الکوردی، ١٩٨٢، ص٢٥٣) ئە گێڕیتەوە و ئەڵێ: "کە ئەو داوایەی لێ کردم، هەمو گیانم گرژ بو، لە حەسرەتا زمانم لە گۆ کەوت و یەک نوتقم بۆ نە درا".سەیر ئەوە بوە، جەمیل مەحۆ لە ٢٨ ی مایسی ١٩٧١ وە هەتا دوای ئەشبەتاڵ، لە سەر نزیکایەتی لە عوبەیدوڵڵا، بە فەرمانی بارزانی خرابوە زیدانی خەلانەوە.

١٣. شێخ عوسمانی شێخ ئەحمەدی خودانی بارزان، برازای بارزانیی باوک، لە سەر دو شت بارزانی رقی لێ هەڵگرت: دژی تەوریس بوو بۆ مەسعود بارزانی؛ بارزانی ئەی ویست شێخایەتی یش بکەوێتە دەستی خۆی، لێ موریدەکانی خودانی بارزان بۆنی خودانیان نابوو بە شێخ عوسمانی کوڕیەوە. دوای ئەوەی بارزانی دڵنیا بوو شێخ عوسمان بە هیچ هەڕەشە و گەمارۆیەک نا گیرێ، بە سەرۆکایەتی خۆی، لە حوزەیرانی ١٩٧٤ و لە گەرمەی شەڕی نێوان سپای داگیرکەری بەعس و شۆڕشا، هێزێکی گەورەی پێشمەرگەی کوردستانی بردە سەر شێخ عوسمان و بە خاوو خێزان و هەمو مرید و دەروێشەکانیەوە راوی نان بەرە و هەولێر و ناچاری کردن تەسلیمی رژێمی بەعس ببن. ئەو ٨٠٠٠ بارزانیەی لە قوشتەپە بەعس بردنی و کوشتنی، هەر هەمویان لە نەیارەکانی بنەماڵەی بارزانی بوون. میسریەکان پەندێکی جوانیان هەیە بۆ حاڵەتی وا: "یقتل القتیل ویمشی فی جنازتە".دکتۆر مەحمود عوسمان، سەبارەت بە دەرکردنی شێخ عوسمان، لە لاپەڕە ٣٦ ی چاپی یەکەمی کتێبی "تقییم مسیرە الپورە الکردیە وانهیارها والدروس والعبر المستخلصە منها ١٩٦١- ١٩٧٥) دا نوسیویەتی: "بارزانی نە خۆی و نە کوڕەکانی رۆژێ لە رۆژان نە سەریان لە شەڕگەیەک دا و نە نەخشەیان بۆ هێرشێکی بەرنامەدار یا نەبەردیەک یا جەنگی پارتیزانی دانا، تەنیا جارێک کە بارزانی تیا چوە بەرەی شەڕ، ئەو جارە بوو کە بۆ ناوچەی بارزان چو، بۆ دەرکردنی شێخ عوسمان".

١٤. پارتی لە ١٥ ی ١١ ی ١٩٦٨ دا، چوار گەنجی جوتیار و بێ دەسەڵاتی گەڵاڵەی باڵەکایەتی و گەنجێکی دەربەندی باڵەکایەتی، بە تۆمەتی جەلالی بون، گرت. تەمەنیان لە نێوان ٢٠- ٢٨ ساڵا بو. لە مایسی ١٩٦٩ بە فەرمانی لوتکەی دەسەڵات، هەر پێنجیان بێسەر و شوێن کران. خەڵکی ناوچەکە ئەڵێن، زینەبەچاڵ کراون. تا ئێستا گۆڕیان ونە. ناویان: (رەسوڵ مستەفا رەسوڵ ئەحمەد ١٩٤٩، قادر حوسێن مەلا قادر ١٩٤٥، عەزیز حوسێن مەلا محەمەد ناسراو بە فەقێ عەزیز سەلامیەنی ١٩٤٢، حەسەن قادر محەمەد ئەحمەد ناسراو بە حەسەنی مەلا حاجی ١٩٤١، ئەنوەر رەسوڵ شێخە) بو.

١٥. ساڵی ١٩٧٢ (١٢) کادری حیزبی شیوعی عیراق لە دوای تەواو کردنی خولێکی سیاسی لە یەکێتیی سۆڤێت، لە رێگەی سوریاوە گەڕانەوە بۆ عیراق. کە داخڵی بادینان بون، لێپرسراوی سەربازیی پارتی لە بادینان، عیسا سوار، هەر دوازدە کادرەکەی گرت و بێ  سەروشوێنی کردن. هەتا ئێستا گۆڕیان ونە.

١٦. دوای مردنی بارزانیی باوک، بە فەرمانی ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی، شێخ محەمەدی هەرسین، ئەندامی لیژنەی مەرکەزی پارتی، رفێنرا و بێ سەروشوێن کرا. تا ئێستا ژن و مناڵەکانی نازانن تەرمەکەی لە کویا نێژراوە یا فڕێ دراوە.
١٧. کۆمەڵکوژیی بنەماڵەی حەمەداغای مێرگەسۆر زۆر جێگەی تێڕامانە. حەمەداغا سەرۆکی عەشیرەتی شێروانی بوو کە عەشیرەتێکی گەورەی ناوچەی بلێ و بارزانە. حەمەداغا پیاوێکی کوردپەروەری شۆڕشگێڕ بو. لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد پلەی سەربازیی کۆلۆنێڵی درابویە و سەرپەرشتی بەرەی شەڕەکانی سەقزی کرد بو. دوای کەوتنی کۆمار، لەگەڵ شێخ ئەحمەدی خودانی بارزان گەڕایەوە عیراق. گیرا و سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچو. سزاکەی کرا بە ٢٠ ساڵ و دوای بەسەر بردنی ٦ ساڵ، ئازاد کرا. لە هەمو شەڕەکانی ناوچەی بارزانا بەشداری کردوە. چ ئەوانەی لە دژی حوکمەت و سپای عیراق بون، چ ئەوانەی دژی عەشیرەتەکانی دوژمنی شێخانی بارزان بون. لە شۆڕشی ئەیلول یشا پلەی پێشمەرگایەتی گەیشتە ئامر هێزی، هێزی سەفین. فاخری کوڕی حەمەداغا گەیشتە پلەی ئەندامەتی لیژنەی مەرکەزیی پارتی. لە کۆنگرەی ٨ ی ساڵی ١٩٧٠ ی پارتیا هەڵبژێردرا. پێشتر ناوبانگی فاخر بەهۆی سەرکردایەتی شەڕە بەناوبانگەکانی (کۆڕەک ١٩٦٤ و هەندرێن ١٩٦٦) وە، هەروەها بەهۆی سەرکەوتنەکانی لە سەرکردایەتی شەڕەکانی نێوان مەلایی و جەلالی دا لە هەمو ناوچەکانی سلێمانی، ناوبانگی هەمو ناوچەکانی کوردستانی تەنی بو. بە خزمایەتی یش تێکەڵی شێخانی بارزان بون: دایکی مەلا مستەفا، پوری باوکی حەمەداغا بوە. مەحبوبەی ژنی مەلا مستەفا، دایکی عەبەیدوڵڵا و ئەوان، پوری حەمەداغا بوە. کەچی نە ئازایەتی و کوردپەروەری و شۆڕشگێڕی و نە خزمایەتی دادی نە دان. لە ماوەی چەن ساڵێکا بە فەرمانی مەلا مستەفا وێخ و واری بنەماڵەی حەمەداغا، لە بەر دو هۆ: ترس لە توانای سیاسی و نفوزیان و ترس لە یەکگرتنیان لەگەڵ عوبەیدوڵڵای کوڕی لە دژی، لە بن دەرهێنرا و نێرینەیان لێ بڕین: ساڵی ١٩٦٣ لە بەرەی شەڕی بەرگری کردن لە بارزان دژی سپای عیراق، حوسێنی کوڕە گەورەی حەمەداغا شەهید بو. لە تەموزی ١٩٧١ دا پاراستن لە ناو هەولێرا جەمیلی حەمەداغای کوشت. لە تەموزی ١٩٧٢ دا فاخر و سەعیدی برای و خەڵۆ برادۆستیی خزمیان، گیران و بێ سەروشوێن کران. تا ئێستا گۆڕیان ونە. لە نیسانی ١٩٧٢ هەتا دوای ئاشبەتاڵ حەمەداغا و کوڕەکانی: رەشید، ئەسعەد، مەجید و جەوهەر لە زیندانەکانی رایات و خەلان زیندان بون. شەوی ٢٢ ی ئازاری ١٩٧٥، واتە سێ رۆژ دوای راگەیاندنی ئاشبەتاڵ لە لایەن بارەگای بارزانیەوە، گولەباران کران و تەرمەکانیان فڕێ دان. دوای چەن رۆژێ سۆراخ، خێزانەکانیان تەرمەکانیان دۆزینەوە.

١٨. لە ناوەڕاستی نەوەتەکانا، پارتی لە ناو هەولێر پەلاماری PKK ی دا و، نزیکەی ١٠٠ کادر و پێشمەرگەی بردن و بێ سەرشوێنی کردن. تا ئێستا گۆڕ و هەواڵیان ونە.

١٩. سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردو، لە رێگەی راژان، لە چەقی دەسەڵاتی پارتیا، بۆمبێک بە ئۆتۆمۆبیلەکەی فەتاح ئاغا دا تەقیەوە و شەهید بو. ئەو کاتە کۆنە کاژیکەکانی سلێمانی بەیاننامەیەکیان دەر کرد. تیایا تاوانی کوشتنەکەیان دایە پاڵ بنەماڵەی بارزانی. گۆیا فەتاح ئاغا بە تەما بوە واز لە پارتی بهێنێ، کە هەستیان بە نیازی کردوە، بەو شێوەیە لە ناویان برد. پارتی تا ئێستا یادێکی ئەو پیاوە خەباتگێڕەی نە کردۆتەوە. فەتاح ئاغا کاژیک بو، بەڵام بە هەمو توانای خزمەتی بنەماڵەی بارزانی کرد. پیاوێکی ئازا و لەناو پێشمەرگەیا خۆشەویست بو.
٢٠. مەحەمەد رەحیم (هەڤاڵ جوجەڵە)، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، لە ناوەڕاستی نەوەتەکان لە هەولێر کوژرا. دوای کوشتنی نامەیەکی بڵاوبووەوە. بێزاری تیا دەر بڕی بو. گومان خرایە سەر پاراستن، لە سەر ناڕەزایەتیەکانی ناو ئەو نامەیە، کوشتبێتی.

٢١. نەقیب عوسمان نەورۆڵی بە هەمان سیناریۆی مەحەمەد رەحیم لە هەولێر کوژرا. بۆ ئەم یش گومان چوە سەر پاراستن.

٢٢. مردنی خوالێخۆشبو جەوهەر نامق بەو شێوە سەیر و کتوپڕە، گومانی بردە سەر پاراستنی پارتی. رەفتاری خێزانی خوالێخۆشبو دوای مردنی، ئەی سەلمێنێ کە گومانیان لە پارتیە.

٢٣. مردنە سەیر و کتوپڕەکەی خوالێخۆشبو فەلەکەدین کاکەیی یش، هەمان گومانی لە لای خێزانەکەی و خزمەکانی دروست کردوە. ئەمساڵ خێزانەکەی یادەکەیان بردە هەڵەبجە و هاوار.
٢٤. شەوی ٢٤ ی ٨ ی ٢٠١٥ فەرەیدەن جوانڕۆیی، ئەندامی م. س ی پارتی و لێپرسراوی بەرەی خازر، کە چل ساڵ ئەبوو خزمەتی بنەماڵەی بارزانی ئە کرد، لە روداوێکی گوماناویا کوژرا. هەڵسوکەوتی پارتی لەگەڵ پاسەوانە بەرکەوتوەکانی تەکی و، پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانی پارتی و میدیای حیزب، ئەوەنە لێدوانی دژ بە یەکیان دا، زو گومان چوە سەر پارتی خۆی. سێ هۆ بۆ کوشتنی لە لایەن پارتی خۆیەوە، لە ناو خەڵکا دەماو دەم ئەکەن: دژی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی بوە؛ لە روی مەسرور بارزانیا وەستاوەتەوە؛ زانیاری هۆی کێشانەوەی هێزی پارتی لە بەردەم داعش لە شەنگال، لە لا بوە و، پێویست بوە بیباتە ژێر گڵ.

٢٥. لە ٢٣/٢٦ ی مایسی ١٩٩٣ دا رەوف کامیل ئاکرەیی، سەرۆکی رێکخراوی تێکۆشانی رەنجدەرانی کوردستان لە دهۆک کوژرا. کەسوکاری و هەموان گومان لە پارتی ئەکەن کوشتبێتی. پەنجە بۆ لێپرسراوێکی باڵای پارتی درێژ ئە کرێ. رەوف سیاسییەکی چەپی پاکی دڵسۆز و شۆڕشگێڕ بوو.

٢٦. هەر لەو سەروبەندەیا پارتی دو سیاسیی کەی لە دهۆک کوشت: ئەبو نەصیری حیزبی شیوعی و فرانسیس شابا.

٢٧. لە ٥ ی ئازاری ٢٠٠٨ دا مەفرەزەیەکی پاراستنی پارتی، نێردراو لە هەولێرەوە، لە ناو کەرکوک لە گەڕەکی رەحیم ئاوا، لە سەر بیروڕا، دکتۆر عەبدولسەتار تاهیر شەریفی کوشت.

٢٨. سۆرانی مامە حەمە لە ٢١/٧/٢٠٠٨ دا لە کەرکوک، لە بەردەم ماڵی خۆیانا کوژرا. کەسوکاری و دامەزراوەی میدیایی لڤین کە سۆران پەیامنێری بو، پەنجەی تۆمەت بۆ پاراستنی پارتی درێژ ئە کەن.
٢٩. سەردەشت عوسمان لە ٤/٥/٢٠١٠ دا بە بەرچاوی دەیان کەسەوە، لەبەردەم کۆلیجەکەیا رفێنرا. دوای دو رۆژ لە نزیک موسڵ دۆزرایەوە. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کوژرا بوو. کەسوکاری و زۆرێک لە خەڵک دڵنیان کە پاراستنی پارتی کوشتویەتی.

٣٠. وەدات حوسێن ١٣/٨/٢٠١٦ لە ناو شاری دهۆک بە بەرچاوی دەیان کەسەوە رفێنرا و دوای چەن سەعاتێ تەرمەکەی بە شێوێنراوی دۆزرایەوە. کەسوکاری و ملیۆنان لە خەڵکی کوردستان کوشتنەکەی بە دەستی پاراستنی پارتی ئەزانن.

٣١. د. وشیار ئیسماعیل، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی عومەر بندیانی، لێپرسراوی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی یەکگرتوی ئیسلامی، شەوی ٢٢ ی ١١ ی ٢٠١٦ لە ماڵەکەی خۆیا بە چەکی بێ دەنگ کوژرا. گومان ئە کرێ لە سەر ئەو وتارانەی کوژرا بێ کە دژی زوڵمی دەسەڵاتداران لە مزگەوتەکەیا، ئەی دان. پۆلیسی هەولێر باسی گرتنی بکوژەکان و دان پیا نان ئەکا، بەڵام بەهۆی نا بێلایەنی پۆلیس و دادگا و بونی پێشینەی ئەم جۆرە سیناریۆیانە، خەڵک بڕوا بە قسەی پۆلیس ناکەن. کەیسەکانی نوری نانەکەلی، فەرەیدون جوانڕۆیی، دکتۆر کەمالی سەید قادر، شێخ زانا، زەردەشت عوسمان، بارزان رەشید عوسمان، ودات حسێن، شوکری زەینەدین، و دەیان کەیسی تر، لە هەولێر و دهۆک، ئەی سەلمێنن کە پۆلیس و دادگا لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیا، ئازاد و بێلایەن نین. بەڵکو تەواو لایەندارن، بۆیە هەمو لێدوانێکی پۆلیس و بڕیارێکی دادگاکانی هەولێر و دهۆک جێگەی گومانن و خەڵک بڕوایان پێ ناکەن.

٣٢. شوکری زەینەدین رێکانی، کامێرامانی کەناڵی ئاسمانیی KNN لە ١ ی ١٢ ی ٢٠١٦ دا، تەرمی لە نزیک گوندەکەی خۆیان، بانەسەر، سەر بە ناحیەی شیلادزێ و قەزای ئامێدی، دۆزرایەوە. پۆلیس و کاربەدەسانی پارتی لە ناوچەکە و میدیای پارتی ئەوەنە لێدوانی دژ بە یەکیان دا، گومان ببەنە سەر خۆیان.

٣٣. هەوڵدان بۆ کوشتنی مەعنەوی پارلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سروە عەبدولواحد، بەڵگەی زیندوە بۆ ئەوەی ئەم بنەماڵەیە ئەگەر نەتوانن نەیارەکەیان بکوژن یا بێدەنگ بکەن، ئەوا هەوڵ ئەدەن بی زڕینن. لێ، خۆیان ئەوەنە زڕاون و شکاون، دەس بۆ هەر کەس بەرن، لە چاوی زۆرینەی خەڵکی کوردستانا ئە بێ بە پاڵەوان. سروە خان یش بو بە پاڵەوان. هیوادارم لە گەڕی ئایندەیا خۆی کاندید بکا بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم.

بێجگە لە حاڵەتی ژمارە (١٧) کە ئە وترێ لە سەر پارە کوژراوە، تەواوی حاڵەتەکانی تر لە سەر فیکر و سیاسەت کوژراون، یا هەوڵیان داوە بیان کوژن. هەتا ئەو رۆژەی دادگایەکی نەزیهو سەربەخۆ و بێلایەن کەیسەکانیان یەکلایی ئەکاتەوە، تۆمەتباری یەکەم پارتی یە. چارە؟ بۆ ئەوەی دەستی کوشتن، لە سەر سیاسەت و بیروڕای جیاواز، بۆ تا هەتایە ببڕدرێ، پێویست ئەکا بە قانون و بە گوشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، رێگە نە درێ بنەماڵەی بارزانی بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕانە حوکمڕانی وڵات بکەن. ئەبێ رێگە نە درێ زیاد لە قەبارەی (ئینتیخابی)ـی خۆیان بەشداری لە دروستکردن و جێبەجێ کردنی بڕیاری سیاسی، ئابوری، جڤاتی و... دا بکەن. بە پێچەوانەوە، گەورە ترین خەتەر لەسەر ئێستە و ئایندەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەم بنەماڵەیە ئەبێ.
تێبینی: ئەم بابەتە لە سایتی لڤینەوە وەرگیراوە و ئێمەش خستمانە ئەرشیفی کوردستانپۆستەوە
http://www.lvinpress.com/n/drejaWtar.aspx?NusarID=332&Jmare=2028

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە