موسڵمانیەتی بە واتای مەرگدۆستی نییە

Friday, 23/12/2016, 16:47

2754 بینراوە


بەو بیرکردنەوە عاتیفیەی بەشێک لە گەنجانی کورد گوزارشت لە ھەستی خۆیان دەکەن نە خودی ئەو کەسانە قازانج, دەکەن نە ئاینەکەیان گەشەی پێدەکات, ھەروەھا نەتەوەکەشیان ھیچ بەرژەوەندیەکی نەتەوەیی بۆ دەستەبەر ناکرێت, کوشتنی (ئاندری کارۆلۆڤ) باڵوێزەکەی ڕوسیا لە ئەنقەری پایتەختی تورکیا دور و نزیک بە چاک و خەراپ پەیوەندی بە گەلی کوردەوە نیە, ئەوگەنجە تورکە کەسێکی نائاگای دورەپەرێز نەبووە لە تێگەیشتن سەبارەت بە سود و قازانجی وڵاتەکەی خۆی, بەبڕوای من کەسایەتیەکی زۆر نیشتیمانی و نەتەوەپەرست بووە و ئەوەی بۆ ئەو گرنگ بووە و باوەڕی تەواوی پێی ھەبووە بنەماکانی نەژادپەرستی تورک بووە کە خۆی لە یەک نەتەوە یەک وڵات یەک ئاڵا دەبینێتەوە,
بکوژی باڵوێزەکەی ڕوسیا خۆی کارمەندی پۆلیسی تورکیا بو لە تیمی تایبەت بە پلەی ئەفسەر، ناوی مەولود مەرت ئالتنتاشە و تەمەنی ۲۲ ساڵە, بێگومان کارمەندەکانی تیمی تایبەت ھێزێکی تابەتن و موچەی تایبەت و مەشقی تایبەت و پەروەردەی تایبەتیان ھەیە, ھاوکات ئەرکی تایبەتیشیان لە سەرشانە, بۆ نمونە سەرجەم ئەوھێزانەی لە باکوری کوردستان جێگیرکراون بۆ ڕوبەڕوبونەی ئازادیخوازانی کورد ئەندامی ئەو تیمەتایبەتانەن, ئەگەر زۆر نەگەڕێینەوە بۆ مێژو تەنھا لە یەک ساڵی ڕابردوودا سەدان کچ و کوڕ و ژن و منداڵی کورد لە سەرشەقامەکان شەھیدکراون بەدەستی ئەو تیمانە, لە ناویاندا پارێزەری ناوداری کورد (تاھیر ئالچی) کە بەھەمان شێوەی باڵوێزە ڕوسیەکە بەبەرچاوی کامێراکانەوە درایە بەر دەسڕێژی گولەو شەھید کرا, بەڵام لەبەر ئەوەی کورد بێکەس بو بکوژەکە نەک لەو شوێنە نەکوژرایەوە, بەڵکو تائێستا دەستگیریش نەکراوە, بەھەمان شێوەی ئەو ئەفسەرە بکوژانەی تیمە تایبەتەکانی ئەردۆگان, ئەفسەرێکی ترلە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە پەنجا کرێکاری گەنجی کوردی ڕوتکردبۆوەو بەکەلەپچەکراوی لە سەردەم پاڵیخستبون و ئەشکەنجەی ئەدان و ھاواری دەکرد ئاوا دەسەڵاتی تورکتان پێنیشان دەدەم,
ھەر ئەو تیمە تایبەتیانەش بون لە سەرشەقامەکان تەرمی کچێکی تێکۆشەری  کوردیان ڕوتکردبۆوە و بەڕیزوەستابون وێنەیان لە پشتێوە دەگرد, باسکردنی تاوانەکانی ئەو دڕندانە لەم کورتە نوسینەدا دڵۆپێکە لە دەریایەک, ئەوەی مەبەستمە بیخەمە بەر دیدەی خوێنەری بەڕێز ئەوەیە کە کوشتنی ئەو باڵوێزە پیلانێکی نەخشە بۆ کێشراو و تەواو ڕێکخراو بووە, بە ھیچ شێوەیەک کاردانەوەیەکی خۆڕسکانەی ئیمانداری و عاتفی نەبو لە بەرامبەر ئەو ستەم و مەرگەساتەی بەسەر خەڵکی حەلەبدا ھاتووە, ئەو تاوانەی بەرمبەر خەڵکی حەلەب ئەنجام ئەدرێت بەھەمان شێوە بەرامبەر بە گەلی کوردیش پەیڕەو دەکرێت لە لایەن تورکە فاشیستەکانەوە,
ئەو سیناریویەی بۆ ئەو کارە ئامادەکرابو بەتەواوی ئەکتەرەکە بەرجەستەی کردو بە باشی نمایشی کرد, زۆر بەئازادی بەچەکەوە و بە ناسنامەی پۆلیس چووە ناو پێشەنگاکەوە زۆر بەبێ ترس تابلۆیەکی تراژیدی زیاد کرد لەو پێشنگایەدا, ئەوەی جێی سەرنجە تا ئەوکاتەی پەیامەکەی گەیاند نە ھەوڵی دەسگیرکردنی درا نە تەقەی لێکرا, ھەر وەک چۆن ئەرکەکەی بۆ دیاری کرابو خۆی وەک کەسێکی موسڵمان دەرخست و بە وشەی اللە اکبر دڵسۆزی خۆی بۆ خەڵکی حەلەب نیشاندا, بڕوام وایە بە ھیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەوە نەبو لەو شوێنەدا بیکوژنەوە,
بەڵام ئەویش کرایە قوربانی پیلانگێڕیەکانی ئەردۆگان, ئەو گەنجە تورکە ئەرکەکەی خۆی بەتەواوی جێبەجێکرد, بەدڵنیایەوە ئەرکی کوشتنی ھەر کەسێکی تری بۆ دیاری بکرایە ھەرنەتەوەو ئاین و ئاینزایەک بوایە بەبێ دوودڵی ئەنجامی دەدا, چونکە ئەوە ئەرکی سەرەکی تیمە تایبەتەکانە, بۆیە کارێکی ھەڵەیە گەنجی کورد خۆی بکات بە قوربانی غیرەتی ئەو ئەفسەرە تورکە, ڕاستە گەنجی کورد لە ڕوانگەی باوەڕو ویژدان و ھاوسۆزی بۆ خەڵکی ستەم لێکراوی حەلەب ئەو ھەستە دەردەبڕێت, بەڵام ئەوەمان لە بیرنەچێت سەرجەم ئەو گروپە چەتەو تونڕەوانەی حەلەب کە مرۆڤ سەردەبڕن لە لایەن حکومەتەکەی ئەکەپەو ئەردۆگانەوە پشیوانی دەکرێن, 
جگە لەوەش زۆر لە مێژ نیە سەدان ھەزار خەڵکی سڤیل لە ئێراق کران بە قوربانی ھاوشێوەی خەڵکی حەلەب کۆمەڵکوژکران ڕوسیاش بونی نەبو لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا, ئەوەی بۆ ئێمەی کورد گرنگە دڵسۆزیە بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی خۆمان, چونکە نە ڕوسیا و ئەمریکا , نە تورک و عەرەب و فارس و ھاوشێوەکانیان فریشتەی فریاد ڕەسی کورد نین, ئەوان لە سەر خوێنی مرۆڤ یاری دەکەن, زۆر کەسی دڵ و دەرون پاک دەکەوێتە چاڵی چەواشەکاریەکانیانەوە, ئیتر بۆچی لە خۆڕا کەسانێک بکەین بە پاڵەوان و شانازی پێوەبکەین بێ ئەوەی ئامانجەشارەوەکانی پشت ئەو پاڵەوانە وەھمیە بزانین, ئەگەری ئەوە ھەیە خودی ئەو بکوژە دەستی بەخوێنی کەسانی بێتاوانی کورد سوربێت, کوشتنی مرۆڤ بەھەر بیانویەک بێت ھەر کوشتنەو خودا پەسەندی نەکردووە, ئایا چیژ بینین لە مەرگ بۆ؟  ئایا ئاین پەروەری بەواتای مەرگ دۆستیە؟ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە