لە بەهاری ئارەبەوە بۆ ئاشبەتالی ئارەب

Saturday, 24/12/2016, 8:00

3505 بینراوە


(ئیللی ما یعروف تدبیرە، حنطتە تاکول شعیرە) پەندێکی ئارەبزمانەکانی ئێراقە (ئەوی کاری خۆی نەزانێ ، گەنمەکەی جۆیەکەی دەخوات).
-------------------------------------------
کە لە تونس پێش پێنج سال و، پاش ئەوەی کوڕێکی گەنجی دەستگێڕ لە داخی هەژاریی و زۆرداریی کاربەدەستانی ولاتەکەی ، لە نێوەڕاستی بازاڕێکدا خۆی سووتاند ، ، لەوەوە بوو بەهەرا و راپەڕین دژ بە سەرکردە دیکتاتۆرەکەی ئەوێ ، دوای ماوە یەکی کورت ، سەرکردەکە وازی لە فەرمانداریی هێنا و ولاتەکەی بەجێهێشت و، هکوومەتێکی نوێ دروستبوو ، کە هێشتا جێی خۆی نەگرتووە . ئارەبەکانی دەرودراوسێی تونس بە چاولێکەریی ئەوێ و، بێ بەرنامە و نەخشە هەوڵی راپەڕینیان دا . ئەوە بوو لە سووریاش دژ بە رژێمی ئەسەد خۆپێشاندان دەستیپکرد و بەرەبەرە بوو بە بەربەرەکانیی چەکدارانە دژ بە ئەسەد و بنەمالەکەی کە لە سەر ئەلەوییکان دەژمێڕدرێن. ئارەبە هەڵچووەکانی سووریا لەسەرەتاوە هەوڵیاندا کوردیش بخەنە نێوخۆیان ، بێ هیچ جۆرە ماف و مەرجێك.لێ ئەو کوردانەی کە ئەزموونی تفتوتالیان لەگەڵ ئەوانەی کە بە (بەرهەڵستکارانی ئارەب) نێودەبرێن ، لە بییرنەچووەتەوە ، داوای ئەوەیان کرد لێیان جارێ مافی کورد دەستنیشانبکەن ، بەلام ئەوان ئەوەیان نەکرد و گوتیان دەبێ گەلی سووریا ئەوە دەستنیشانبکا ، ئەوەش پاش (رزگاریی سووریا لە رژێمی ئەسەد) . ئەمانیش بەشدارییاننەکردن ،و، بەوە رۆژاڤای کوردستانیان لە وێرانکاریی پاراست و، رێیاننەدا دیکتاتۆرێک بگۆڕنەوە بە دیکتاتۆرێکی دیکە و، هێزیان رۆژ لەدوای رۆژ پەرەی ساند و، لە ژمارەیەک کوردی هەلپەرست و هەلمەتەکاسە بەولاوە ، خەلکی رۆژاڤا هاوکارییانینەکرد . جا هەر لەم کاتەدا کە (داعش) لە ئێراق و سووریا پەیدابووبووو، بەوپەڕی دڕەندەیەتییەوە شەڕی کوردی دەکرد ، دەرفەتێک هەلکەوتبوو بۆ رژێمەکانی ترک و فارس و ئارەب کە بە بیانووی تێرٶڕی داعشەوە بکەونە وێژەی کورد ، لێ کچان و کوڕانی رۆژاڤا ، بەتایبەتیی لە کۆبانیی ، بە ئازایەتییەکی بێوێنە توانیان (داعش) لەوێ دەرپەڕێنن و نێوبانگی خۆگریی و بەرخۆدانیان لە جیهاندا بچەسپێنن . هەر لەم کاتەشدا رژێمی ئێران و هیزبوللای لوبنان کەوتنە فریای ئەسەدی هەڤالبەندیان . ئەوجا رژێمی ترک و رژێمی سەئوود و رژێمی قەتەر و رژێمی میسر دەمیان ژەندە کێشەکە و کەوتنە ئەوەی کێشەکە بکەنە کێشەی شیئەو و سوننی و، دەستبخەنە شەڕەکەوە ، بە بیانووی بەربەرەکانیی تێڕۆری (داعش) و ئەسەد . ئەمە لە کاتێکدا کە ئەمانە سالانی سال هاوڕێ و هەڤالبەندی بنەمالەی ئەسەد بوون . لەگەل کات رژێمی ئەمریکاو دوای وی رژێمی رووسیاش هاتنە گۆڕەپانەکەوە . ئەوەی کە نێونراوە (بەرهەڵستکاریی سووریا ) یان (لەشکری ئازاد) خۆی خستە بن دەسەلاتی رژێمی ترک و سەئوودەوە ، کە ئامانجی رژێمی ترک شەری (داعش) و ئەسەد نەبوو و نییە ، بەلکو رێگرییە لە کوردی رۆژاڤا کە مافێکیان دەستبکەوێ .

جا ئێستە پاش ئەوەی نیو ملیۆن کەس کوژراون و چەند ملیۆنێکیش لە خەلکی سووریا دەربەدەر و ئاوارەی ولاتان کراون و سووریا کاول بووە ، رژێمی رووسیا و رژێمی ئێران و رژێمی ترک لەنێوخۆیاندا رێکەوتن و ئەو (لەشکرە ئازادە ) بەستە زمانەیان - وەک فارسەکان دەبێژن- کرد بە (وجە المصالحة) ی رێکەوتنیان بۆ لە هەلەب دەرکردنیان و ئاشبەتالکردن بەوەی خۆی نێوناوە (بەرهەلستکاران و شۆرشی سووریا) . ئەمەش هەر بۆ ئەوەی مافێکی گچکە بە کورد رەوانە ینن ، خۆیان کردە پاشکۆ و دەسکەلای ئەو رژێمانە کە لە رژێمی ئەسەد زۆردارترن .ئەنجامەکەشی ئاشبەتاڵ دەرچوو .ئەردۆخانیش کە خۆی بە پاسداری فەلەستین دەناساند ، لەگەڵ ئیسرائیل بووەوە بە برا . ئەم (بەرهەلستکارانە) ی ئەسەد سووتیان لە رژێمی سەددام نەدیی کە هەر بۆ ئەوەی ئۆتۆنۆمییەک نەدا بەکورد ،چوو نیوەی (شەتەلعارەب) ی دا بە شای ئێران ، کە ئەویش وای دەزانی سەددامی دەستەمۆ کردووە و فێلەکەی لەکورد سەریگرتووە ، پاشقولێکی لە کورد گرت . رژێمی هەردووکیشیان بە ئاشبەتال کۆتایی هات . ئەمەش وانەیەکە نەک هەر بۆ بەرهەلستکارانی ئارەب و ترک و فارس ، بەلکو بۆ کوردیش هەروایە ، پاشکۆیی نسکۆی لە دوایە ، ئەوجا ئەمانە پەند لەم بەسەرهاتانە وەردەگرن یان نا، ئەوە نازانم ، بەلام ئەو پەندە ئێراقییەم زۆر بەدلە کە دەڵی (ئیللی ما یعروف تەدبییرە حنطتە تاکول ئشعییرە ) . کە ئەمەم بە رێنووس و دەنگی کوردیی نووسیەوە سلاو و رێزم بۆژنان و پیاوانی ئازادییخواژی ئەم جیهانە بێویژدانە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە