تەسلیمبوونەوە بە دەستەڵات لادانە لە یاسای سروشتیی

Saturday, 24/12/2016, 23:11

4086 بینراوە


ئەو باوەڕەی خەڵک بە حیزبەکانی ماوە، قولاپێکە لە قوڕگیاندا
بەردەوامبوونی بایکۆت موراڵێکی نوێی دەوێت
پارتی رێک دەڕوات بەڵام یەکێتی و گۆڕان بە زیکزاک
بڕوخێ راگری دز!
-------------------------------------
جیاوازیی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕاندا ئەوەیە کە پارتی رێک و رەوان بەڵام یەکێتی و گۆڕان بە پێچ و پەنا بۆ هەمان مەبەست دەڕۆن. بۆیە لە ناوچەی سەوز/نیلییدا بواری خۆپیشاندان و رخنە زۆرترە.
ئەو کراوەییەی لە ناوچەی سەوزو نیلییدا هەیە لە ناوچەی زەردا نییە. دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان بریتی بوو لە یەکێک لە پێچەکانی یەکێتی کە توانی جۆشی ناڕەزایی خەڵک لە (١٧)ی شوباتدا بەتاڵ بکاتەوە.
زۆربەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان کە بەرپا دەبن یان یەکێتی و گۆڕان خۆیان دروستیان دەکەن، یان دەچنە ناویانەوەو لەگەڵیاندا دەڕۆن. تەلەفیزیۆنەکانیان چالاکییەکان پەخش دەکەن تا ئەو کاتەی کە خۆیان بیانەوێت. هەم بەرنامە بۆ میدیاکان پەیدا دەکەن هەم خۆشیان وەکو دیموکرات دەردەخەن. ژمارەیەک پاڵەوانی باغەش لە روداوەکاندا دروست دەبن. دوای ماوەیەک کۆتایی دەهێنن بە ناڕەزاییەکان. لە خاڵێکدا ئیشارەت دەدەن کە ئیتر تەواو. زۆربەی جارەکانیش دژی پارتی دەوەستنەوە. بەم دژایەتییەش هەر ئایدیاو جوڵانەوەیەکی سەربەست لە هەردو لایان زەردو کەسک هەبن لە نێوانیاندا لەناویان دەبەن.
گۆڕانێکی جۆرایەتیی
رۆژی 12/11/2016 جوڵانەوەی مانگرتنی ئەم گوژمە یه‌که‌م گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. گۆڕانەکەش ئەوە بوو دەستەڵات بە یەکێتی و گۆڕانەوە هەوڵیان دا کە مامۆستایان بایکۆت بشکێنن. بەڵام جەماوەری مامۆستایان رەدیان کردەوە. سەرچاوەی رەدکردنەوەکەش بێ موچەیی بژێوی ژیان بوو نەک هوشیاریی. لە پێناوی بژێوی ژیانیشدا هەموو گیاندارێکی تریش رێگای یاخیبوون دەگرێت. چونکە ئەمە ئیتر سەرەتاترین یاسای مانەوەیە لە ژیاندا. یاخیبوون لەم کاتەدا سروشتییە. بە پێچەوانەوە، یاخینەبوون جێگای گومان و سەرزەنشتە. بۆیە ئازایەتیی تیادا نەبوو کە مانگرتنی مامۆستایان له‌ رکێفی ده‌سته‌ڵات بێته‌ ده‌ره‌وه‌. هەرچەندە جوڵانەوەی مانگرتن هەر پێنج پارتەکەی کرد بە پێنج بەرمیلی بەتاڵ، لەگەڵ ئەوەشدا مانگرتن نەیتوانی خۆی بدۆزێت لە پارتەکان بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان. ژمارەیەک لە ئەندامان و هەوادارانی گۆڕان لە ناو کۆمیتەی رێکخستنی خۆپیشاندانەکاندان. بزووتنەوەی گۆڕان دەردەکەوت کە دەیویست جوڵانەوەکە بۆ مەبەستی حیزبیی خۆی بەکار بهێنێت. بیکات بە فشار بۆ سەر پارتی و یوسف محەمەد بە پۆستەکەی شادو شوکر بکاتەوە. ئەندامەکانیان باسی پەکخستنی پەڕلەمان و کاراکردنەوەیان دەکرد. هەندێک جار قەیران و چارەسەرەکەی دەگێڕنەوە بۆ کاراکردنەوەی پەڕلەمان کە لە راستییدا پەڕلەمان کارتۆنییەو پەردەپۆشی هەموو قەیران و پیسخۆرییەکانە.
بزووتنەوەی گۆڕان کە لە دەستەڵاتدایەو بەشێکە لە سیستێمی دەستەڵاتدارییەکەی هەرێم، هەڵوێستی لە سەرەتاوە نێگەتیڤ بووە بەرامبەر بە مانگرتن. کەچی لە لایەکی ترەوە ئەندامانیان دێنە ناو خۆپیشاندانەکانەوەو لێی نابنەوە. لێ ناگەڕێن سەربەستیی خۆی وەربگرێت.
بزووتنەوەی گۆڕان وەکو گەرەنتی بۆ سیستێمی دەستەڵاتدارییەکەی هەرێم ئیش دەکات. ئەو باوەڕەی کە خەڵک بە بزووتنەوەی گۆڕانی ماوە بووە بە چەشەیەک لە ناو قوڕگیاندا. بەشێکی گرنگ لە گرتنەبەری رێگای چارسەر خۆڕزگارکردنی خەڵکە لە ئەفیونی باوەڕ. ئەگینا جەماوەر ناگاتە ئەو هوشیارییەی کە لەسەر بناغەی ژمارەیەک پرەنسیپ (نەک باوەڕهەبوون بە کەس و حیزب) خۆی رێکبخاتەوە.
گٶڕانی جۆرایەتیی دووەم
جوڵانەوەی مانگرتن دەکەوێتە بەردەمی گٶڕانێکی تر. ئەویش ئەوەیە کە دەبێت حیزبییەکان لە خۆی بتەکێنێت. خۆی یەک لا بکاتەوە لەگەڵیان. حیزبییەکان یان واز لە حیزبەکانیان بهێنن یان ئەوەتا لە مانگرتن بچنە دەرەوە. هەتا حیزبییەکان لە ناو مانگرتندا بمێنن ئاساییە کە جوڵانەوەی مانگرتن توشی ئەوە ببێت کە لە پڕ ژمارەیەک بایکۆت بشکێنن و مانگرتووان بێ ئومێد بکەن. بەڵام لە راستییدا بایکۆتشکاندنی ئەم جۆرە کەسانە جوڵانەوەکە زیاتر پاک دەکاتەوە لەو کولتورو کەسانەی کە قەیرانەکانیان پیادا هاتوون. بۆ جوڵانەوەی مانگرتن مەترسییەکە شکاندنی بایکۆت نییە لە لایەن ژمارەیەکەوە. بەڵکو ئەوەیە کە جگە لەو ئەقڵەی کە هەبووەو پێی گەشتونەتە ئەم ڕۆژە ئایا جوڵانەوەکە ئەقڵێکی تری پێیە کە پێی بەردەوام ببێت؟ ئایا سەرانی بایکۆت و راپەڕیوان پرەنسیپ و ئامرازیان پێیە بۆ گۆڕانکاریی یان هەر بۆ هاواری موچە هاتوون؟
ئەگەر بۆ موچە هاتوون بە موچە ناگەن. موچە نییە تا وەری بگرن. دەستەڵاتیش ئەو هەقەی داونەتێ کە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان کۆیلەیەتیی خۆیان قوڵتر بکەنەوە پێویستە ئەو مافەی هەیان بوو لەسەر جادە بە ئارەقی هاوارو جنێو دەری بدەن. ئەوەی لێرەدا دەمێنێتەوە ئەوەیە:
ئایا جەماوەری باشور ئەو بێ تواناییە لە رادەبەدەرەی تیایە کە بۆ ئەوەی بەردەوامیی بدات بە کۆیلەیەتیی خۆی و دەستەڵاتی دز سنوری یاسای سروشتیش بشکێنێت و بچێتە فۆرمی مشکەوە؟
بڕوخێ راگری دز!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە