موسڵ خاڵی دەستپێکی ئەردۆگان و بارزانی

Monday, 26/12/2016, 13:56

4431 بینراوە


نھێنیەکانی موسڵ زۆرن، بۆیە ھاوبەشەکانی ئۆپراسیۆنی ئازادکرنیشی زۆر دەردەکەون..!
موسڵ ئەو شارەی بەپێی ڕێکەوتنێکی نھێنی خاوەن بەرژەوەندیە ھاوبەشەکان دوو ساڵ بەرلەئێستا کە لەعەمانی پایتەختی شانشینی ئوردن بەسترا، سەرکەوتووانەو بەپێی بەرنامەێکی بۆ داڕێژراو ڕادەستی دەوڵەتی ئیسلامی کرا ،کەکورتکراوەی ئەو ناوە دواتر لەنێو ڕای گشتیدا بە(داعش)ناسرا..؟؟
ئێستا لە ڕێکەوتنێکی نھێنی تردا ڕێکەوتن لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو شارە لەدەست گروپی تیرۆرستی داعش، لەلایەن ھەمان ئەو خاوەن بەرژەوەندیانەوە بڕیاری لێدرا ،بۆیە لە١٧/١٠/٢٠١٦ ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی ئەو شارە دەستی پێکردو ڕاستەوخۆ ئەمریکای خاوەن بڕیار لەڕۆژھەڵاتی ناوین ئەوەی دووپات کردەوە کە شەڕی وەرگرتنەوەی موسڵ شەڕێکی قورس و درێژ خایەن دەبێت، وەک ئاماژەێک بۆ بەستنەوەی موسڵ بەدۆخی شاری حەلەبی سوری، کە لەڕووی مرۆییەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لەژێر پرسیاردایە لەئاست کەمتەرخەمیەکانی بەرانبەر بەو شارە..!!
ئەوەی گرنگە بیرمان نەچێت ئەوەیە کە گەورەترین ھێزی سوپای ئێراق لە موسڵ بەبێ ھیچ بەرەنگاریێک مۆڵگەکانی خۆی چۆڵ کردو ھەموو چەکە قورسەکان و جبەخانە تازەکەی بەبێ ھیچ بەرەنگاریێک خرایە ژێر ڕەفتاری گروپی تیرۆرستی داعشەوە..؟؟
کەناڵی ڕووداو کەپەخشەکەی لەھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستانە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ووتەبێژی داعشەوە کردو لەسەر شاشەی ڕووداو ئەو مژدەیەی دایە خەڵکی کوردستان کە ئەوان ھەرێمی کوردستان لەنەخشەیاندا نیەو ھێرشی ناکەنە سەر..!!
لەئان و ساتی کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، کەسێک بەبێ ھیچ بەرگریێک لەو شارە ھەڵھاتوو فەرمانیشی دەرکرد بۆ ھێزە ئەمنیەکانی شاری موسڵ کەھیچ جۆرە بەرەنگاری و ڕووبەڕوو بوونەوەێک لەئاست ئەو برا موجاھیدانەدا نەنوێنن کەمەبەستی چەکدارانی داعش بوو..؟؟، ئەو کەسەش (ئەسیل نوجەیفی)پارێزگاری موسڵ بوو، کەبرای ئوسامە نوجەیفی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێراق بوو..؟؟
ئەم کەسایەتییە ڕاستەوخۆ ھاتە دھۆک و ئەوەشی بەپێویست زانیبوو کە بانکی موسڵ پێش وەخت بەسەر بکاتەوەو وەک ھەواڵەکان باسیان دەکرد بڕی(٥٠٠)پێنج سەد ملیار دیناری تیابووە..؟؟، ئەم کەسەش وەکو پارێزگاری ئەو شارە پێگەی خۆی بەکار ھێناوەو ھەمووی پێش دەرچوونی لەموسڵ ڕەوانەی تورکیا کردبوو..؟؟
بۆیە تورکیای خاوەن ئەقڵیەتی ئەردۆگانی پێشوازی لەم ھەنگاوە کرد، بەوەی کە لەبەرانبەردا ١٥٠٠سەربازو ڕاوێژکاری خستە خزمەت ئەو ھێزەی کە خودی ئەسیل نوجەیفی پێکی ھێنا لەژێر ناوی(حەشدی نیشتمانی)لە دانیشتوانی موسڵ،..!!
ئەو ھێزەی تورکیاش لەبەعشیقە یەکێک لەئامانجەکانی ڕاھێنانی ئەم ھێزەی نوجەیفی بوو کە خۆی لە(٥٠٠٠)پێنج ھەزار کەسدا دەبینێتەوە..؟؟
ئەو مەتەڵەی کە چاودێرانی سیاسی سەرسام کردبوو، ئەو ستافە دیبلۆماسیەی تورکەکانە کە لەموسڵ کاریان دەکرد دوای داگیرکردنی موسڵ ھیچ ھەواڵێکیان نەبوو..؟؟، ئەمەش پلانی خودی تورکیا بوو بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی کە گوایە داعش دژی بەرژەوەندیەکانی تورکیایە ھەرچۆن دژی بەرژەوەندی زلھێزانە،..!!
ئەوەی داعشی پێ ناسراوە ئەوەیە کە تەنھا کاردانەوەی بەرانبەر بە دوژمنانی سەربڕین و سووتاندنی دیلەکانیەتی، بەڵام لەھەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا ھەواڵی زیندوو مانەوەی ئەو دیبلۆماتکارە تورکانە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو کرایەوە، کە داعش سەری نەبڕیوون.؟؟
ئەمەش ئەو ڕاستیە پیشان دەدات کە ئەردۆگان پشتیوانی سەرەکی داعشە، چونکە ٤٨دیبلۆماتکارەکە دواتر بەفڕۆکە گەێنرانەوە تورکیاو خودی داود ئۆغڵۆ بەفەرمی لەپێشوازیاندا بوو، وەکو سەرەک وەزیران، بۆ ئەوەی ئەو دیبلۆماتکارانە وەکو پاڵەوان بناسێنرێت..؟؟

ئەم دیمەنە کۆمیدیەی ئەردۆگان ئەو ڕاستیە شاراوەیەی ئاشکراکرد کە تورکیا دەروازەی کراوەیە بەرانبەر بە داعش بۆ چارەسەری پزیشکی و گەشتی گەشتیاری بەرپرسەکانی داعش لەداھاتوودا..!!
ئێستا دۆخی داگیرکردنی یاخود ڕاستتر ڕادەستکردنی شاری موسڵ ڕوونە بۆ خوێنەری بەڕێز، بۆیە ھەمان ئەوانەی ھۆکاری کەوتنی موسڵ بوون ئێستا دەیانەوێت بەشداربن لە دووبارە داگیرکردنەوەی ئەو شارە، بەڵام بەستایلێکی جیاواز ئەویش دابەشکردنی خودی ئەو شارەیە بەسەر چەند گروپ و حزب و لایەنێکی مەزھەبیدا..؟؟
ھەروەک بەشداری پێ نەکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا ھەنگاوێکی ئەرێنی بوو، بەڵام تورکیا چەند لایەنێکی سەربەخۆی بەشدار پێکردووە کە لەبەرژەوەندیەکانی ئەو دەرناچن، ئەوانیش پارتی و ھێزە ڕاھێنراوەکەی ئەسیل نوجەیفین، کە لەبری تورکیا جەنگ دەکەن،..؟؟
ئێستا ئێمە گرفتی ترازانی نەتەوەیمان لەھەر کات زیاتر لێ نزیکە، چونکە کوردان بەیەک ستراتیژ بەشدارنین لەجەنگی موسڵدا، بۆیە دۆخەکە ئەوەندەی بەرژەوەندی حزبی لێ دەخوێنرێتەوە، ئەوەندە ڕاگرتنی یەک ڕیزی کوردانی لێ ناخوێنرێتەوە، دوای دەرکردنی داعش، پارتی خۆی وەک ھێزی ڕزگارکەر نمایش دەکات، چونکە تورکیاو عەرەبستانی سعودی بگرە ئێرانیش بارزانیان قبوڵە، چونکە ڕێکەوتنی پێش وەختیان ھەیە لەگەڵی ھەریەک لەئەنقەرەو ڕیازو تاران..؟؟
لێرەوە ئەو ڕاستیە خۆی دەسەلمێنێت کە موسڵ بەڕزگار کردنی لەدەستی ھێزێکی تاریک پەرستی وەک داعش، دەخرێتە دەست ھێزێکی دەستەمۆ بەوویست و بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی سەردەست و مەزھەبی لەناوچەکە..!!
لێرەوە ڕاستێنەی دوو ڕووی ئەمریکا بەرانبەر بە گەلی کورد بەدیار دەکەوێت، کە ئەویش لەسەنگەری داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکەدایە لەسنووری خواستی وڵاتانی بەخاوەن کراوی کوردستان لەسەردەمی سایکس بیکۆوە..؟؟
وڵاتانی ئەوروپیش کە زۆر شەرمنانە لەدەرەوەی خاکی خۆیان داکۆکی لەمافی مرۆڤ و گەلانی ژێردەستە دەکەن بەھەمان شێوە لەگەڵ ویستی ئەمریکیەکاندا ھەڵسووکەوت دەکەن، چونکە ھێشتنەوەی بەڕێز ئوجالان لەئیمڕالی باشتیرن بەڵگەی ئەم مامەڵە شەرمنانەی ئەوروپیەکانە لەم سەردەمەدا..!!
ئۆپەراسیۆنی موسڵ پێش دەست پێکردنی بەھەڕەشەێکی ئەردۆگان بۆ سەرەک وەزیرانی ئێراق دەستی پێکرد کاتێک بەعەبادی ووت/
تۆکێیت؟؟
بارستایی خۆت بزانە،تۆ ھاوتای من نیت..!!
ئەوەش باش بزانە ئەوەی بمانەوێت دەیکەین..؟؟
ئەمە ھەڕەشەی دوای دەرکردنی داعشە، بەڵام ئەردۆگان کە تووشی ھەستریا بووە، بەھۆی بڕیاری دەرکردنی ئەو ھێزەی تورکیا لەبەعشیقە پێش ئۆپەراسیۆنەکەو بە ھێزێکی داگیر کەر وەسفی دەکات لەسەر خاکی ئێراق..؟؟
بۆیە ئەم لێدوانەی ئەردۆگان دەڕژێتە بەرژەوەندی شەڕی مەزھەبی و تایفی لەناوچەکە،کە مەترسیەکانی لەشەڕی ناوخۆیی ئێراق گەورەترە، چونکە ئەوکات وڵاتانی ناوچەکەی تێوەدەگلێت وەکو(سعودیە،پاکستان،ئێران،ئێراق،تورکیا)،ئەمەش خۆی لەخۆیدا لەباربردنی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان دەکاتە ئامانج، چونکە ئەو وڵاتە مەزھەبیانە خاڵی ھاوبەشیان دژایەتی کردنی بیری پێشکەوتن خوازی نەتەوەکەمانە لەژێر ڕۆشنایی ھزری ئۆجالانداو لەبەرانبەردا سەرخستنی پرۆژەی (نەتەوەی کلاسیک) کە حزبە خاوەن کلتوورە بنەماڵەییەکان سەرمەشقی دەکەن لەباشوور..؟؟
ڕاستیێکی تر لە دەنگ بەرزکردنەوەی ئەردۆگان بەرانبەر بە حکومەتی ئێراقی ئەوەیە کە ئەردۆگان دەڵت بارزانی داوای لێکردوین ئەو ھێزە لەبەعشیقە بھێڵینەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئەو بۆچوونە پشت ڕاست دەکاتەوە کە باشوور لەڕێی بارزانیەوە گەلەکەی وەکو داردەستی بێگانە بەکار دەھێنرێت بۆ سەرخستنی پڕۆژەی سوننە گەرایی سعودیە کە پار ساڵ وەکو ھاوپەیمانی لەناوچەکەدا ڕای گەیاند بە پشتیوانی سی و چوار وڵات، ھەر ئەوکات بارزانی بانگێشتی سعودیەکراو لەلایەن مەلیک سەلمانەوە پێشوازی لێکرا، دواتر ئەردۆگان بانگی کرد بۆ تورکیاو خاڵی ھاوبەشیان لەگەڵ تورکیاش ئاشکرا کرد کە دژایەتی شۆرشی ڕۆژئاواو، بەتیرۆر ناساندنی پەکەکە بوو...!!!
ئەوەی شاراوەیە لای جەماوەری گەلەکەمان ئەوەیە کە بارزانی وەکو داکۆکیکاری دۆزی نەتەوەکەمان خۆی پیشاندەدات لەکاتێکدا ئەو ئەجێندای وڵاتانی سەردەست جێبەجێ دەکات بۆیە پێویستە ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی بکرێت لەئاست چەواشەکاریەکانی حوکمی بنەماڵەچیەتی لەناوچەکە،بۆ ئەوەی بەئازادی بگەین..؟؟
دوای دەرکردنی داعش تورکیا دۆخی لەئێستا خراپتر دەبێت، چونکە بازنەی پاوانخوازییەکانی ئەردۆگان سنوریان بۆ نیە، بۆیە تورکیا بەم ھەنگاوەی ئێستای دەرگای شەڕێکی بێ کۆتایی بەڕووی خۆیدا دەکاتەوە، کە ئەویش شەڕی مەزھەبیە لەناوچەکەدا، لەکاتێکدا تورکیا ئێستا لەشەڕی ناوخۆیی سوریا تێوە گلاوە بەھاوکاری کردنی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، لەیەکێتی ئەوروپا دژایەتی دەکرێت لەبەر تەسک کردنەوەی بازنەی ئازادیەکان، ئابووری تورکیا بەرەو داڕمان دەڕوات بەھۆی ئیفلیج بوونی کەرتی گەشتیاری لەو وڵاتە، شەڕی گەریلا و نەتەوەی کورد دەکات کە بودجەێکی زەبەلاح خەرجی ساڵانەیەتی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ھێشتا تارمایی کودەتاکە بەدوای سەرانی ئاکپارتیەوەیە بۆ لەناوبردنی ١٣ساڵی حوکمڕانی و بوژانەوە لەبواری ئابووری ئەو وڵاتەدا،..؟؟
بۆیە نەمانی داعش گەورەترین زیانە بە خودی دەوڵەتی فاشی تورکیا دەگەێنێت، ئەردۆگان لەئێستاوە لەھەوڵی خۆشکردنی جێ پێی خۆیەتی لەناوچکە لەڕێی ھێزێکی کوردیەوە کە خودی سەرۆکی حزبەکە سەرکردایەتی ڕەمزی گرتووەتە ئەستۆ بۆ موسڵ، لەگەڵ ھێزێکی سوننی کە خۆی ڕاھێنانی پێکردووە..!!
ئەردۆگان بە(نوسرە)دەڵێت (اێدقا ْ)واتە ھاوڕێکانمان وتووە، کە حەلەب بەجێ بێڵن، ئەم ڕێکەوتنەشی لەگەڵ ڕووسەکان واژۆ کردووە، بۆیە دوای پەلەقاژەی سیاسی بۆ بەشداریکردن لەئۆپراسیۆنی موسڵ، بێ دەنگی ھەڵبژارد، ھۆکارەکەشی ئەم ڕێکەوتنەیەتی لەگەڵ گرووپە تیرۆرستیەکانی بەناو سوپای ئازاد و بەرەی نوسرەی جاران، لێرەوە ئەوان بەڵێنی سەلامەت دەرچوونی ئەو ھێزە تیرۆرستیانەیان داوە بۆ شوێنێکی ھێمن وپارێزراو،..؟؟
سەیر لەوەدایە چەتەکانی داعش لەموسڵ ژمارەیان لەنزیک (٤٠٠٠)چەتەدایە،بەڵام ئەو ھێزەی کە بەئاشکرا بەشداری پێ کراوە بۆ ڕزگارکردنی ئەو شارە(٦٠٠٠٠)شەست ھەزار چەکدارە لەھێزەکانی سوپاو شیعەو لێرەوە چاودێران وای بۆ دەچن کە موسڵ بۆ ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی دەبێت و حەلەبیش بۆ ڕووسیاو ھاوپەیمانەکانی لەتورکیاو ڕژێمی سوریا دەبێت..!!
ھاتنە ناوەوەی دەیان تیرۆرست بۆ شاری کەرکوک ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە تورکەکان زۆر بێزارن بە ڕێگری لێکردنیان لەبەشداری ئۆپەراسیۆنەکەی موسڵدا، بۆیە لەھەوڵی زیندوکردنەوەی پێگەی داعشن لەو شارەی کەپێشتر دەستیان پێی نەگەشتبوو،..؟؟
بۆیە ئەوەی کەرکوک لەتێکھەڵچوونی زیاتر دەپارێزێت یەک ڕیزی نەتەوەییە لەو شارە، چونکە مەرامە پاوانخوازیەکانی شیعەی ئێراق ئەوە پیشان دەدەن کەدەیانەوێت لەڕێی ئاڵۆزی پشێویەکانەوە خۆیان بخزێننە ئەو شارەو دواتر وەکو بۆمبێکی ئامادەکراو بەکار بھێنرێن دژ بە کوردان لەو شارە، ھەرچۆن لەشوێنەکانی تری ئێراقدا مەزھەب و تایفەگەری سەرچاوەی ھەموو نەھامەتیەکانی گەلانی ئێراقە، کەرکوکی خاوەن نەوتیش سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لەپێکھاتەکانی لەخۆگرتووە، لەمێژە لەژێر چاوی تەماعکارانەی وڵاتانی سەردەستدایە..؟؟ 
ئەمەیە یاری زلھێزان لەناوچەکە..!!، بۆیە دەبێت بارزانی ئەگەر بوێری سیاسی ھەبێت ئەو پرسیارە لەئەمریکا بکات/، ئەی پێگەو سنوری ئێمەی کورد دوای داعش چۆن دەبێت.؟؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بەجێ دێڵین بۆ ڕۆژانی داھاتووی دوای وەدەرنانی داعش لەو شارەی بەموسڵ ناسراوە لەلای کوردەکان ،بە(ولایەت)لەلای تورکەکان و
بە(ام الربیعین) لەلای عەرەبەکان و بە(نەینەوا)لەلای ئاشووریەکان..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە