قسە هەزارە، بۆ ئێوەی پیاوی حیزبەکان قەڵب و بێکارە

Friday, 30/12/2016, 12:44

5629 بینراوە


وشیار عەبدوڵڵای بێژەری پێشووی کەی ئێن ئێن و ئەندام پەرلەمانی ئیستای عێراق لەسەر لیستی گۆڕان، تازە گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە پارتیی چ کارەساتێکی بەسەر میللەتی کوردا هێناوە، ئەو پارتەی کە بەردەوام خەریکی داهێنانە لە خیانەت و دزیی، لە کاولکردن و تاڵانیی نیشتیمان، بزووتنەوەکەی وشیار عەبدوڵڵا تا ئەمڕۆش ئاواتەخوازە لەگەڵ پارتییدا دابنیشێت، پەرلەمان کارا بکەنەوە و وەزیرەکانیان بگەڕێنەوە بۆ هەولێر.
------------------------------
وشیار عەبدوڵڵا لە بەغدادەوە قسە بە پارتیی دەڵێت! ئەو پارتەی کە دەسەڵاتی رەهای پێدراوە و بە هەموو حیزب و لایەنەکان گەورەیان کردووە، ئەو دەسەڵاتەی ئەم پۆستەیان داوە بە خۆی و ناردویانە بۆ بەغدا، هەرچی روو بدات و پارتیی بیکات هەموو هاوبەشن لە تاوانەکانی پارتیی.
وشیار عەبدوڵڵای پەرلەمەنتار لە بیر خەڵکی دەباتەوە، کە بزووتنەوەی گۆڕانیش، بەشێکە لەو نەهامەتییەی ئەمڕۆ، کە خەڵکی کوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێت، چونکە گۆڕانیش وەکو حیزبەکانی دیکە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ حیزبەکانی تری ناو دەسەڵاتدا، بۆ ئەوە هاتوون، درۆ لەگەڵ خەڵکییدا بکەن، خەڵک سست و بێکار بکەن، گۆڕانیش بۆ ئەوە هاتووە، دەنگی ناڕازایی بخنکێنێت، ئۆپۆزیسیۆن لەناو بەرێت، ئەوەتا لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەکانی مامۆستا و فەرمانبەراندا، داوا لە گۆڕان و عومەری سەید عەلی کراوە، کە پشتگیری خۆی دەرببڕێت، وەڵامی عومەری سەید عەلی ئەوەبووە، کە برادەرانی یەکێتیی هاوسەنگریی شاخن! جگە لەمە لە ناو خۆپیشاندانەکانی مامۆستایاندا، مامۆستا سەنگەرێک، کە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، پەیدا دەبێت، خۆی دەکات بە مامۆستای ناڕازیی و پڕ بە قوڕگی دەشێڕێنێت، دوایی گۆڕان لە رێگای ئەم مامۆستایەوە فێڵێکی دیکە لە خۆپیشاندەران دەکەنەوە، وەک دکتۆری شێتەکان خولێک بە خەڵکە ناڕازییەکە دەدەن، دوایی بایکۆت بە کۆمەڵێک دەشکێنن، ژمارەیەکی زۆر بە بێ موچە دەبەنەوە بۆ قوتابخانەکان.
گۆڕان شانۆگەرییەکی سیاسییە. دوورکەوتنەوەی نەوشیروان مستەفا، لەم کاتانەدا ئەگەر دوا بەشی کۆتایی شانۆگەرییەکە نەبێت، بە دەم رێگاوە پێی نانیش بوو بە چنینی هیواکانی کورددا! لێکچوونیش بوو لە شانۆگەریی کۆمەڵەی رەنجدران، کە نەوشیروان هەڵیوەشاندەوە! گۆڕان بە درۆ دروست بوو، چارەنووسیشی دیارە چۆن دەبێت بکوژێتەوە! خۆڵەمیشی کوژاندنەوەکەش لە ئوتێلە پێنج ئەستێرەکانی قوبروسەوە دەردەکەوێت.
هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان پارتیی و پەکەکە و خۆئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال، دیوێکی دیکەی ئەو تراژیدیایەیە، کە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی و حیزبەکانی تر خۆیان لێ بێدەنگ کردووە، بێدەنگی هاوبەشیکردنە، پشتگیریی ئەو شەڕەشە، کە تورکیا و پارتیی هەڵیدەگیرسێنن، خەڵکی ئەوەندە گێل نییە ئەمانە نەیبینێت و نەخوێنێتەوە و لێیان تێنەگات.
ئەگەر وشیار عەبدوڵڵا و سۆران عومەر، بەرامبەر بەم قسانەی دەیکەن راستگۆن، با پێشەکی واز لەو حیزب و پۆست و ستافەکەی خۆیان بهێنن، بچنە ناو خەڵک و داوای لێبوردن بکەن، لە رابردووشیان پەشیمان ببنەوە.
لەسەر کارەساتی (خێڵی حەمە) کاتی خۆی سۆران عومەر لێدوانی دا و وتی: من ئاگام لێبوو برا موجاهیدەکان شمشێریان پێ بوو، پێشمەرگەکانی یەکێتییان بۆ سەربڕین لە کولانە مریشکەکان دەهێنایە دەرێ). هەروەک یەکێک لە خەڵکی ئاوایی و کەسوکاری (کەریم سەعید) دەیگێڕنەوە، دەڵێت بە چاوی خۆمان دیمان سۆران عومەر هات، خۆی یەکێک بوو بلۆکەکانی هەڵگرتووە و کێشای بەسەری کەریم سەعییدا.
ئەو کاتە سۆرانی عومەر وەکو موجاهیدێک بەم تاوانە گەورەیەی موجاهیدەکان شاگەشکە بوو، کە بەرامبەر بە پێشمەرگە کردیان، ئەوەتا لەو هەرێمە قوڕبەسەرەدا ئەمڕۆ سۆران عومەر بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات، بەبێ ئەوەی باس لە رابردووی خۆی بکات و پەشیمان بێت.
حیزبەکان خۆیان دەسەڵاتیان دروست کرد، پارتییان گەورە و بەهێز کرد، هەر خۆشیانن، پیاو و کەسانی سەر بە خۆیان دەخەنە ناو دەسەڵاتەوە، پۆستیان پێدەدەن، لە راگەیاندن و میدیاکاندا پیشانیان دەدەن، تا رێگا لە خەڵکی دیکە بگرن، نایانەوێت لە دەرەوەی خۆیان کەسی تر دروستت ببێت، ئەوەتا عەلی حمە ساڵح دروست دەکەن، مەلەفی دزیی و زانیاری دەخەنە بەردەست، تا باس لە دزینی سامانی نەوت بکات، دز دەچێتە سەر ماڵی خەزوری و بە دەفتەرە دۆلار دەدزن، شەرم لەوە ناکات، ئەگەر خەڵکی لێی بپرسێت، تۆ ئەم هەموو پارەیەت لە کوێ بوو کەوا بەشێکت لە ماڵی خەزورت داناوە و لەملاشەوە باسی دزینی نەوت دەکەیت. هەڵوێستی نیشتیمانیی و نەتەوەییشت ئەوەیە کە پشتگیری لە عەلی قەرەداغی قەتەری دەکەیت، ئەو عەلی قەرەداغییەی لەگەڵ سیاسەتی ئوردوگاندایە بۆ لەناوبردنی کورد لە باکور و هەموو بەشەکانی تر، خۆشی دانی پێدا دەنێت و دەڵێت: من ئەسڵم عەرەبە.
------------------------------------
ئەو قسانەی وشیار عەبدوڵڵا کە دەیکات، کاتی خۆی کوردستانپۆست و نووسەرەکانی هەموویان کردووە، ئەو کاتە ئەمانە کوردستانپۆستان بە درۆزن و بە جنێوفرۆش دەزانی، حیزبەکانیان هانی خەڵکیان دەدا، بایکۆتی کوردستانپۆست بکەن و ناوی نەهێنن، ئیستاشی لەگەڵدا بێت میدیا ئەهلییەکانیشیان پەیڕەوی راگەیاندنەکانی دەسەڵات دەکەن.
لەسەردەمی ١٧ شوباتدا کوردستانپۆست رەخنەی لە گۆڕان و (KNN) گرت، کەوا ئاری هەرسینیان بە جامانەی سورەوە هێنایە سەر کەناڵەکەیان، پارتییان وەکو قوربانی پیشان دا، بۆیە ئاری هەرسینیش وتی پارتیی ئەوەندە چارەی رەش نییە! بەمە (KNN)  و گۆڕان ئازاری رۆحی کەسوکاری کوژراو و قوربانییەکانی ١٧ی شوباتیان دا، وشیار عەبدوڵڵا خۆی دیداری لەگەڵدا کرد، ویستیان بە خەڵکی بڵێن پارتیی هێندە قێزەوەند نییە، کە ئێمە رەخنەمان لێدەگرتن.
ئەمانە مارەکە بەخێو دەکەن، تا گەورە دەبێت، کاتێکیش زانییان دەبێتە مەترسی بۆ سەر خۆیان ئینجا دێن و هاواریان لێهەڵدەستێت. ئەمڕۆ پارتیی ئەوەندە ناشرین بووە، هەرچی هەڵدەستێت پەلاماری دەدات و دەیەوێت ناشرینی خۆیانی پێبشارێنەوە! قسەش هەموو شتێک نییە کردار و هەڵوێست و رابردووش پێوەرن کە ئێوە چیتان تێدا کردووە، ئەو رۆژگارانەشە کە چیتان تێدا قەوماندوە، ئەو کارانەیە کردووتانە و بۆتە نەهامەتیی و کارەسات بۆ گەل و نیشتیمان. کاک وشیار عەبدوڵڵا کاتێک ئەم قسانە دەکات، خۆی بەشێکە لە دەسەڵاتی پارتەکان، موچە و پارە وەردەگرێت وەکو مامۆستا و موچەخۆرەکانی هەرێم نییە مووچەی لێببڕابێت، چۆن بڕوا بەم قسانە دەکرێت کاتێک پارەی دەسەڵات وەربگریت، لەولاشەوە قسەیان پێ بڵێیت،؟ ئەو قسانە چۆن متمانەی پێدەکرێت، خۆت بەشێک بییت لە نووسینەوەی مێژووی پارتەکان، ئاخر لە رابردووشدا ئەم حیزبانە و بەرپرسەکان، هەر ئاوا قسەیان دەکرد و بە درۆکانیان خەڵکیان لە خشتە دەبرد! نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەکەی دوا نمونەی درۆی ئەم بەرپرسانەیە، کە هەمیشە پاشقولیان لە میللەت گرتووە و بۆ دەستکەوتی ماددی خۆیان و بەرژەوەندی داگیرکەر ملی خەڵکیان شکاندووە. مێژووی پارتەکان لەسەر ئەم درۆیانە دروست بووە، کە قسەکانیان شتێک بوون و کرداریشیان شتێکی دیکە.

دەسەڵاتی کوردیی هەموو کۆمەڵگا و راگەیاندن و میدیاکانیشیان وەکو خۆیان کردووە بەساختەچیی، درۆزن و دووڕوو، ئەوەتا ئەحمەد میرەی لڤین پرێس قسە بە پارتیی و بە دەسەڵات دەڵێت، لە ژێریشەوە راوێژکاری قوباد تالەبانییە، لەملاشەوە دەچێت بۆ ئاهەنگ و یادی لە دایکبوونی بەرپرسەکانی ژنانی دەسەڵاتدار، لە پەنایەکدا دادەنیشێت ، کێکی و ساردیی نۆش دەکات. ستاڤەکەشی لە هەولیر پێش چەند ساڵێک، چوار پێنج هەزار دۆلاری لە نێچیرەڤان وەرگرت، لە تەلەفیزیۆن و نووسینەکانیشدا قسەیان پێدەڵێن، ئیتر چۆن بڕوا بەمانە دەکرێت؟
بۆیە دەڵێم تازە ئێوە هەرچییەک بڵێن، پولێکی قەڵب ناهێنێت، چونکە ئێوە خۆشتان قەڵبن. ئێوە رەنگ و بەرگی حیزبەکانتان گرتووە، ئەگەر لە ناوەوە سپیی و بێگەردیش خۆتان پیشان بدەن، بەڵام لە ژێر پێخەفی دەسەڵاتدا جلە زەردەکەتان دیارە کە لە کوێ فڕێتان داوە، وەکو ئەو وێنە کاریکاتێرە.
لە کۆتاییدا داوا لە کاک وشیار دەکەم، بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بچێت بۆ لای مام رۆستەم، تا بیبات بۆ لای حەلاو... ئەم قسانە بۆ ئەو بگێڕێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە