ساڵی 2017 بکەن بە ساڵی بایکۆتکردنی بەرژەوەندیی بازرگان و بەرپرسە دز و میدیاکانییان

Friday, 30/12/2016, 18:53

3184 بینراوە


جەماوەرێکی زۆر دژی مەسئولەکانی پارتەکان قسە دەکەن و رەخنە دەگرن. هەمو کەسێکیش دەزانێت کە ئەو دزانە چیان بەسەر کورددا هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک دزەکان بازاڕێکی وەکو فامیلی مۆڵ، ماجیدی مۆڵ، چاڤیی لاند دەکەنەوە، خەڵکیبە هەڵەداوان و  بە بێ دوودڵیی رویان تێدەکات، ئەمە لە کاتێکدا کە دەبو ئەو شوێنانە چۆڵ بن و خەڵک هەست بە شەرمەزاریی بکات، بە لاشیاندا نەچێت و رویان تێ نەکات.
کاتێک هەڵبژاردن دەبێت دەڵێن ئەگەر نەچین سزامان ئەدەن، موچەمان دەبڕن ، نەقڵمان دەکەن، لە بری ئەوەی دەسەلاتی دزەکان لە خەڵکی و لە میللەت بترسن، خەڵکی خۆی ترس بۆ خۆی دروست دەکات، ئاخر خۆڕایی نییە کە دەگوترێ سروشتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی کورد ناگرێتەوە و کورد لە نێو بازنەی پێناسەی کۆمەڵگا خۆی هێناوەتە دەرێ و دوای عەقڵ و هێزی دارستان دەسەڵاتی دارستان کەوتووە، باشە خۆ کەس زۆرتان لێ ناکات کاتێک دەچن پارە دەبەن بۆ شاسوار واحید بە ناوی پشکەوە بۆتان بکات بە حوشتر. باشە کێ فشارتان دەخاتە سەر کاتێک رادەکەن بۆ فامیلی مۆڵ و ماجید مۆڵ و ستی ستار و سەنتەر سیتی و ..هتد. لە کاتێکدا دەزانن وەکو نمونە بوتڵێک زەیت، بە ٨٠٠ هەزار دینار دەڕن کە دەیبەنە ماڵەوە  تەماشا دەکەیت٧٠٠ گرامە نەک کیلۆیەک، ئەمەش بۆیە دەکەن، تا تۆ نەچیت بە ١٢٥٠ دینار لە دوکاندارێکی هەژاری بکڕیت، دەشزانیت ئەو دوکاندارە فێڵ لە کێسەکەیدا ناکات! بۆ برنج و کەلوپەلەکانی تریش هەر ئاواتان لێدەکەن! دەسەڵاتێکی دز و بێویژدان ئاوا بێت و ئەمە رەفتاری بێت مانای وایە خەتای خۆتانە نەک دزەکان ، بە پێچەوانەوە دەبوو گەلێک ئەمە رەفتاری دەسەڵاتدار و بەرپرسەکانی بێت، شایستەی ئەوەیە موچەی پێنەدەن و کارەبا و ئاوی لێببڕن.
گەلانی دنیا بایکۆتی بەرهەمی وڵاتان دەکەن لەبەر ئەوەی ئیش بە منداڵان دەکەن. یان بەرهەمی وڵاتیانی دیکتاتۆرن، کەچی گەلی باشور رۆژانە سوکایەتی پێ دەکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خەڵکە ئەمەندە جاهیلە و ئەوەندە بێ رێزیی بە خۆی دەکات، هەر خەریکی ماستاوە بۆ ئەو کەسانەی وڵاتەکەیان ، زمانەکەیان و هەواکەیان و داهاتویان دەفرۆشن. بە راستی شەرمە خەبەرتان نەبێتەوە . تکایە هەموو نوسەران لەسەر ئەم بابەتە بنووسن. ئەگەر لەسەر ئەم رەفتارە دەڕۆن مانای وایە نابێت کەس دڵی پێتان بسوتێت چونکە خۆتان ئەم ژیان ە و ئەم دەسەڵات و دزانەتان هەڵبژاردوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە