٢٠٨ پێشیلكاری مافی مروڤی ده‌سه‌لاتی باشور له‌یه‌ك سالدا

Tuesday, 03/01/2017, 21:07

3782 بینراوە


راپۆرتی ساڵانەی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٦ 
-------------------------------------------
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەناوەوەو دەرەوەی وڵات خۆبەخش و بێلایەن و پیشەییانە کاردەکات لەسەر تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان و بەدواداچون دەکات لەسەر تەواوی پێشێلکارییەکان و ناوەندە جیهانیەکانی لێ ئاگاداردەکاتەوە بەتایبەت تیرۆرە سیاسیەکان کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدەدرێت و هەوڵدەدات (کەس و لایەنی سیاسی) ئەنجامدەر ئاشکرابکات بۆ ڕای گشتی.
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەواوی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان پۆڵێن دەکات بۆ دووجۆر: راستەوخۆ و ناراستەوخۆ. جۆری یەکەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ دەسەڵات لێی بەرپرسەو ئەنجامی دەدات نمونەی تیرۆری سیاسی و تەقەکردن لەخۆپێشاندەران...هتد. جۆری دووەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ناراستەوخۆ بەرپرسیار دەبێت وەکو خۆکوشتن بەهۆی هەژاری و کوشتنی ژنان و گیان لەدەستدانی هاونیشتیمانیان لەڕێگەی هەندەران...هتد.
لەم راپۆرتەدا، ١٧ی شوبات تەنها جۆری یەکەمی تۆمار کردووە کە بریتین لە (٢٠٨) ڕووداوی پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان، چالاکوانان، خۆپێشاندەران، مامۆستایانی خۆپێشاندەر، پێشمەرگە، مامۆستایانی ئاینی و خەڵكی سڤیل وەك تیرۆرکردن، زیندانی کردن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، هەڕەشە و ترس و تۆقاندن لەهەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای مانگی یەك تا کۆتایی مانگی دوانزە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراون بە جۆریك لە پارێزگای هەولێر ٨٧، سلێمانی ٩٤، دهۆك ٢٤، کەرکوك ٢، هەڵەبجە ١. هەروەها، کوشتن و تیرۆری سیاسی لە پارێزگای هەولێر  ٧، لە دهۆك ٣ ، لە کەرکوك ١.
-----------------------------------

مانگی یەك:
٢/١ مەلا سەلیم شوشکەیی بە بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتاردان دورخرایەوە لە شاری هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێرەوە. پاشان،  مامۆستا مەلا عەنتەر لە ئاکرێ بەهۆی هەڵوێست وەرگرتنی دژ بە لادانی مامۆستایانی ئاینی هەولێر لە وتارێکی دا، ناوبراویش لە وتاردان دورخرایەوە.

٣/١ لە هەولێر ، پارێزەر ناز سلێمان یەعقوب، پیشتر هەرەشەی لیکرابوو ماڵەوەی لێئاگادارکردبۆوە، هەروەها، پاش داڕشتنی سیناریۆیەك لەلایەن ئاسایش و پۆلیسی هەولێر هەڕەشە لەمالەوەیان کرا ئەگەر سیناریۆکە بە ناڕاست لەقەلەم بدەن.

١٠/١ ئاشور ولیەم کادیری یەکێتی و مەسیحیە، رفینرا. دانیشتوی نەهلەی سەربە قەزای ئاکرێ، بەهۆی ئەوەی کە ئالای یەکێتی لەسەر مالەکەی هەلکردبوو، وە چەندجاریك ئاگادارکرابۆوە لە داگرتنی ئاڵاکە.

١٦/١ رێكخراوی ستۆپ بۆ دژه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ به‌رواری 16/1/2016 به‌ نیاز بوو له‌ پرێس كۆنفرانسێك له‌ هۆتێل چوارچرا، راپۆرتێك له‌ باره‌ی گه‌نده‌ڵی‌و سه‌ره‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان بڵاوبكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێر رێگریان لێده‌كرێت‌و سوكایه‌تیان پێده‌كرێت.

٣٠/١ پاش نزیکەی شەش مانگ عیسا بارزانی ئازادکرا، کە لەبەرواری ٥ی ٨ی ٢٠١٥ رفێنراو بەبێ دادگایی کردن لە زیندانی میرگەسورو مەسیف بەندکرا، بەهۆی ڕەخنەکانی لە پارتی و نزیکی لەحزبە نەپارتیەکان.

٣١/١ عەلی سیاسی و ٦چالاکوانی هاوڕێی لە هەولێر دەسگیرکران کە هەولیاندابوو خۆپێشاندان بکەن، شەو ئازادکران لەهەمان بەروار.

مانگی دوو:
٤ی شوبات له‌ شاری هه‌ولێر، بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ھەولێر و بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی دەوروبەر دەستدەکات بەسزادان‌و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو (٣٠) مامۆستا ئاینییەی کە واژۆیان لەسەر فتوای حەرامکردنی ئەو ماڵ‌و سامانە چۆتە دەرەوە، کردووە. هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن. لەلایەکی دیکەدا، کارگێڕی لقی دووی (پ.د.ک) به‌ تەلەفۆنی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ (مامۆستا ئەمین) ده‌كات.

١٠ی شوبات شەش کارمەندی پۆلیس لە ئاکرێ دەستگیرکرا کە هەولیاندبوو مانبگرن لەدەوامکردن دژ بە پێنەدانی موچە .

١٧ی شوبات کامەران سەرسپی رفێنرا لەهەولێرو پاش ئەنکەنجەدانیكی زۆر لەلایەن چوارکەسەوە بە ئۆتۆمبیلکی بێ ژمارە لە گۆرستانی شێخ احمد فڕێی دەدەن بەهۆی رەخنەکانیەوە لەسەر حکومەت و پرسی گەندەڵی. ناوبراو هەڵسوراوی گۆڕان بوو.

١٨ی شوبات ملازم فەرامۆش دەدرێتە دادگا لەسەر لێدوانە رەخنەئامێزەکەی پاشان ٢٠ی ٢ دەستگیرکراو بردرایە زیندانی هیزەکانی ٧٠ لە ٣ی٣ ئازادکرا بەکەفالەت و تاکو ئێستا دوو دانیشتنی دادگای بەڕێوەچووە.

١٨ی شوبات رۆژنامەنوس فەرمان ناشاد لەشاری هەولێر لەهەوڵیکی رفاندن و تیرۆرکردن رزگاری دەبێت پاش ئەوەی هێرشی دەکەنە سەر لەلایەن چەند چەکدارێکی پارتی و سەری برینداردەکەن خەلکی ڕزگاری دەکەن.

رۆژی هه‌ینی ١٩ی شوبات، له‌ شاری ھەوڵێر ھێزێکی ئاسایش بەجلی مەدەنی ھەڵدەکوتنە سەر مزگەوتی (مەلا قادر خۆشناو). ئەو ھێزە ھێرشیان کردۆتە سەر (مامۆستا نادر کانی کوردەیی) ھەڕشەیان لێکردەوە، دواتر دەست دەکەن بە تەقە کردن، یەکێک لە کوڕەکانی مامۆستا نادر بریندار دەکەن. ھەرەوەھا چەکدارەکان سوکایەتی بەمامۆستا (مامۆستا نادر کانی کوردەیی) دەکەن‌و بە ئاگر بەشێک لە ریشی دەسوتێنن. هه‌رچه‌نده‌ لە لایەن نوێژخوێنانەوە ڕێگەیان لێدەگیرێت. به‌ڵام چەکدارەکان لە نوێژخوێنانیان داوەو کوڕێکیان بریندار کردووە هەروەها تەقەیان بە سەردا کردوون.

مانگی سێ:
٤ی ٣ بۆتان نەجات تەقەی لێدەکرێت لەلایەن چەند چەکدارێكەوە لەناو ئۆتۆمبیلیکی رەنج رۆڤەری رەنگ رەشی بێ تابلۆ کاتژمیر ٨:٣٠ی شەو.

٧ی ٣ مامۆستا ئاوات حسن ئەندامی دەستەی مامۆستایانی نارازای هەرەشەی کوشتنی لیدەکریت بە تەلەفون لەلایەن کادریکی یەکێتی کاتژمێر ١:١٥

١٦ی ٣ بەرپرسێكی پارتی بەناوی حفظ لله نيروەیى لەسوید لەساڵیادی هەڵەبجە هەرەشە لە ئەندامێکی ئافرەتی گروپی ١٧ی شوبات دەکات بەناوی خاتوو سيڤی محمد طاهر.

٢٨ی ٣ چالاکوانی ژن و ئەندامی ڕێکخراوی خێرخوازی مانگی سور بێریڤان زین لەهەولێر دەڕفێنرێت لەلایەن چەکدارانی پارتیەوە پاش گەرانەوەی لە ئەڵمانیاوە . بێریڤان خەلکی رۆژئاوای کوردستانە.

٢٨ی ٣، بە بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف دکتۆر ئیدریس کاریتانی و چەند مامۆستایەکی تری ئاینی لەوتاردان لادەدرێن تەنها لەبەرامبەر وتارە رەخنەئامێزەکانیانەوە و دژ  بە گەندەڵی و ناعەدالەتی حکومەتی هەرێم.

مانگی چوار:
١٤ی ٤، لە چەمچەماڵ و لەکاتی گردبونەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان لەبەردەم مۆنۆمینتی ئەنفال، گۆران لوقمان پەیامنێری کەناڵی سپێدە لەگەڵ کامێرامانەکەی سوارە بیلال هێرشیان دەکرێتە سەر لەلایەن سی کارمەندی ئاسایشەوە، دەستی بریندار دەکەن و کامێراکەیان دەشکێنن .

لەهەمان رۆژو بەرواری ١٤ی ٤، ڕێگری لەپەخشتی راستەوخۆی کەناڵی ئێن ئاڕتی دەکرێت و ڕزگار جەبار پەیامنێری کەناڵەکە دەبرێتە ئاسایشی خۆرئاوای سلێمانی لەچەمچەماڵ بۆماوەی کاتژمێرێك دەستبەسەر دەکرێت.

٢٩ی ٤، وەزارەتی ئەوقاف سزای مامۆستا ئاینیە دورخراوەکان دەدات لەوانە دکتۆر ئیدریس کاریتانی و مەلا عوسمان کانی کوردەیی لەبەرامبەر رەخنەکانیان و وتارەکانیان دژ بە گەندەڵی حکومەتی هەرێم. بەم هۆیەشەوە، لە شاری هەولێر، هێزێكی ئاسایش بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتایە سەر هەردوو مزگەوتی جودی و رێگریان لە مەلا عوسمان كانی كوردەیی کرد پێشنوێژی و وتاری نوێژی هەینی لەو مزگەوتە بدات، و مزگه‌وتی‌ (الله‌ اكبر) و  رێگرییان کرد لە مه‌لا ئیدریس كاریتانی‌ پێش نوێژ‌و وتارخوێنی‌ مزگەوتەکە وتار پێشکەش بکات و نوێژی‌ هه‌ینی‌ بکرێت. هاوکات،

مانگی پێنج:
شەوی ٢ی ئایار بارزان رەشید خوێندکاری زانکۆی عیشق لەسەر فوللایت کوژرا بەچەند فیشەکێك لەلایەن نقیبێکی پارتی بەناوی جەبار جەمال خەیلانی بەگوللـەی دەمانچە لەشاری هەولێر. لەگرتە ڤیدیۆکەدا بکوژەکە پاش کوشتنی بارزان بەسەر لاشەکەیدا دەروات بە لاندکرۆزیك. بکوژ لەفەرەنسا بینراوە.

لەمانگی ئایاردا لەسەر کەیسی عبداللطیف سەلەفی و خوێندکارەکەی، ژیار محمد پەیامنێری دەنگی ئەمریکا، فەرهەنگ فریدون پەیامنیری سایتی خەندان، دیار ئەحمەد سایتی وێستگە توشی هەرەشەی کوشتن و توندوتیژی بونەوە.

ئەیاز ئەکرەم رۆژنامەنوس لە مالپەری دوارۆژ، لە ١٠ی ئایار لەکاتی گەرانەوەی لەرۆژئاوای کوردستان و لەنزیک شەنگال و رەبیعە دەستگیردەکرێت،و پاش ١٠رۆژو لەبەرواری ٢٠ی ئایار بەکەفالەتی ٥ملیۆن دینار ئازاددەکریت، وە ناوبراو دووجاری تر بەهۆی دۆستایەتی لەگەل پەکەکە دەستگیرکراوە لەلایەن پارتیەوە.

لە ١٦ی ئایار ڕێگری لە گردبونەوەیەکی نارەزایەتی دژ بەداخستنی سنور لەگەل رۆژئاوا دەکریت و ئەشکەنجەی رۆژنامەنوسێكی کەنالی ڕێگا دەدرێت بەناوی چیا بەلینزانی چونکە هەولیداوە رومالی گردبونەوەکە بکات.

لە ١٨ی ئایار، مامۆستایەکی ئافرەت بە ناوی بەیان نادر لە قوتابخانەی عەشتار لە کورانی عەنکاوە پاش ئەوەی لەقوتابخانەوە دەروات بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەری نەخۆشی، پاشان لەبەرواری ١٦ی ٦ بەکوژراوی لە بەردەڕەش دۆزرایەوە.

لەدوای نیوەرۆی رۆژی ١٩ی ئایار گەنجیك بەناوی کارزان عبدالسلام قادر دیارنامینێت پاش بەدواداچونی کەسوکارەکەی بۆیان دەردەکەوێت لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستگیرکراوە لەهەولێر بەبێ تۆمەت.

٢٠ی ئایار ئەفسەریکی سەربە لیوای سێی کۆسرەت رەسول دکەویتە مەفرەزەی مرورەوەو سوکایەتی بە ئەفسەریکی پۆلیسی هاتوچۆی سلیمانی دەکات بەخۆی و هێزەکەیەوە.

دلێر سیامەند بەهۆی ئاشکراکردنی زیندانیەکی نهێنی پارتی لەمانگی شوبات دەستگیردەکرێت و لە ٢٤ی ئایار  سزای زیندانی بۆ دەرچوو، ئەشکەنجەیەکی زۆردراوە لەوماوەیەدا. ناوبراو  بۆ جاری دووەمە کە دەستگیردەکرێت بەتۆمەتی ناوزڕاندنی دەزگای پاراستنی پارتی.

٢٨ی ئایار، رەگەز کەمال لەلایەن کۆمیتەی رانیەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بانگهێشت دەکرێت و هەرەشەی کوشتنی لێدەکرێت بەهۆی کاروچالاکیەکانی و نوسین و رەخنەکانی.

مانگی شەش:
١ی ٦، پێشمەرگەیەك بەناوی محمد سعید بەمەبەستی سەفەرکردن لەسلێمانیەوە دەچێت بۆ هەولێر، پاشان دیارنامێنێت. دوای شەش مانگ و لەمانگی ١٢دا لەلایەن خاچی سوری نێودەوڵەتیەوە دۆزرایەوەو دەرکەوت کە لە ئاسایشی هەولێر دەستگیرکراوە.

شەوی ٨ی ٦ مەولود عزیز محمود چالاکوانی شاری کەرکوک ئەندامی گروپی هەڵوێست لەپێناو نەوت لەلایەن هیزەکەی ئاسۆ ئەلمانی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی تەقەی لێکراوەو بریندارکرا پاش ئەوەی ئەم هێزە چوونە سەر ماڵەکەی کاتژمێر ١١:١٢خولەكی شەو داوایانکردووە بروات لەگەڵیان بۆ لای ئاسۆ ئەڵمانی.

٩ی ٦، مەسعود نەسرەدین ناسراو بە قەیسرە سندی کارمەندی پۆلیسی هاتوچۆ لەزاخۆ لەسەر نوسینی کۆمێنتیك زیندانی دەکرێت ئەگەرچی پاش ئاگادارکردنەوەی کۆمێنتەکەی سڕیوەتەوە بەلام لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستگیرکرا "بەتۆمەتی ریباط جوان نەبەستنەوە" بۆماوەی چەند رۆژێك و لەبەرواری ١٢ی ٦ ئازادکرا.

لە١١ی ٦ هونه‌ر عمر هه‌لسوراوی بزوتنه‌وه‌ی گۆران لەژێر فشاری پارتی ماڵی لە کۆڕێ جێدەهێڵێت و دەروات بۆ شاری سلێمانی‌ و لەسالی ٢٠١٣ مانگێک و ١١ رۆژ دەستگیرکراو ئەشکەنجەدرا.

١٦ی ٦ ، هێرش دەکرێتە سەر بارەگای تەڤگەری ئازاد لە هەلەبجە، کاتژمێر 3:30 به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، چه‌ند که‌سێکى نه‌ناسراو بۆمبێک فڕێ ده‌ده‌نه‌ ناو باره‌گاى ته‌ڤگه‌رى ئازادى کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان، که‌ له‌هه‌مان کاتیشدا باره‌گاى گه‌نجانى وڵاتپارێزى کوردستانه‌.

٢١ی ٦ زاهیر حسن بەرپرسی بازنەی مەسیفی بزوتنەوەی گۆران دەستگیرکرا بەبێ دادگاییکردن تەنها تۆمەتی رەتکردنەوەی بوون بە پارتی بوو پاش زیاتر لە پینج مانگ و ٢٠ رۆژ ئازادکرا لەئێوارەی ١٤ی ١٢ی ٢٠١٦.

لە ٢٥ی ٦ بەهۆی سیناریۆیەکی دروستکراو و تەقینەوەیەك لەبەردەم نوسینگەی کەنالی رووداو، دوو کادیری پێشکەوتووی کۆمەڵ بەناوەکانی سەعدی مستەفاو جوامێر عوسمان لە ٢٨و ٢٩ هەمان مانگ دەستگیرکران و پاشان لە بەرواری ١٨ی ١٢ ئازادکران.

مانگی حەوت:
٨ی ٧ ، لەگردبونەوەی نارەزایەتی کۆمەلێك هاوڵاتی لەبەردەم چاڤی لاند پەیامنێر جەلال محمد و کامێرامان  عبداللە مستەفای کەناڵی پەیام لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هێرشیانکرایە سەر بە بۆکس و دەمانچەی کارەبایی و نیو کاتژمێر دەستبەسەرکران.

١٠ی ٧، پارێزەر سۆران سلیم و شاخەوانی برای لەشاری هەولێر دەستگیردەکرێن و پاش ٢٠رۆژ لە بەرواری ٣٠ی تەموز ئازادکران. سۆران بەمەبەستی مقابەلە بۆ وەرگرتنی وەکو کارمەند لە سەفارەتی ئەمریکا دەچێتە هەولێر یەکیك دەبیت لە کاندیدە بەهیزەکان بەلام پارتی قبول ناکات کە ناوبراو نزیکە لەبزوتنەوەی گۆران و پەکەکەو لایەنگری پارتی نیە.

١٢ی ٧، وەدات حسین علی بۆ جاری سێهەم بانگهێشتی ئاسایشی پارتی دەکرێت لە دهۆك بۆ لێکۆلینەوەو هەرەشەی کوشتنی لێدەکرێت ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر نوسین و رەخنەکانی وکارکردنی لەگەڵ رۆژنیوزدا.

 ١٣ی ٧، گەنجێک لەکەرکوک بەناوی بارزان محەمەد کوژراو شوێنەواری سوتان و ئەشکەنجە بەلەشیەوە دیاربوو، بەهۆی بونی تاتۆی بارزانی بەلەشیەوە. هەڵۆ نەجات بەرپرسی ئاسایشی کەرکوکی سەر بە پارتی دەڵێت کوڕە کوژراوەکە لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە رفێندراوەو لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوەو بارزان تا گیان لەدەستدانی بە پەرەمێز و ئوتوو ئەشکەنجە دراوە.

شەوی ١٧ی ٧، دوای ونبوونی بۆ ماوەی هەفتەیەك كوڕی ڕۆژنامەنووسێكی شارۆچكەی مەخموری سەر بەپارێزگای هەولێر بەكوژراوی دۆزرایەوە . كوڕەكە ناوی دارا موحسین شوانی تەمەن ۲۱ساڵەو دوای وون بوونی بۆ ماوەی هەفتەیەك تەرمەكەی بەكوژراوی دۆزراوەتەوە، كە باوكی موحسین شوانی پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی سپێدەیە.

١٨ی ٧، پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی بەناوی سیامەند لەشکری میرخان، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە بە ٩ ساڵ لە زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر حکوم دەدرێت، بەڵام، بە هۆکارێکی نادیار ناوبراو دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی دهۆك لە ١٨ی ٧ تەرمەکەی بەخنکێنراوی رادەستی خانەوادەکەی دەکرێتەوە لە زیندانی دهۆك،

مانگی هەشت:
١٣ی ئاب، رۆژنامەنوس وەدات حسین تیرۆرکرا، کاتژمێر ٨:٣٠ی سەر لەبەیانی لەگەڕەکی ماڵتا بەبەرچاوی خەڵکەوە ناوبراو دەڕفێنرێت لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەدوو ئۆتۆمبیلی بێ تابلۆو بەچەکەوە هێرشی دەکەنەسەرو دەیڕفێنن بەگوتەی خەڵکەکە هێزەکانی ئاسایش بوونە، پاش چەند کاتژمێرێك و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆرو بەشێوەیەکی هۆڤیانە لەڕێگەێ نێوان سێمێل-دهۆك فڕێی دەدن و لەنەخۆشخانەو بەشێوەیەکی نادیار گیان لەدەستدەدات.

١٤ی ئاب ، سێ چالاکوان و رۆژنامەنوس بەناوەکانی ئەیاز ئەکرەم ، کازم تاکور، بێوار رەشید بەهۆی هەوڵی ئەنجامدانی گردبونەوەیەك دژ بە تیرۆرکردنی شەهیدی رۆژنامەنوس وەدات حسین دەستگیرکران لەلایەن ئاسایشی پارتی و پاش چەند کاتژمێرێک ئازادکران.

١٥ی ئاب، گەنجێك بەناوی کاوە جبار حسن کەدانیشتووی شارۆچکەی کۆڕێیە چەند جارێك هەڕەشەی لێدەکرێت لەسەر نوسین و رەخنەکانی لە فەیسبوك، لە بەرواری  ١٥ی ئاب کاتژمێر ٥ی سەرلەئێوارە ناوبراو لەلایەن دوو ئۆتۆمبیلی بێ تابلۆ لەجۆری وەنەوشە ڕەنگی ڕەش دەڕفێنرێت، پاش مانەوەی لەپاراستنی مەسیف بۆماوەی دوو ڕۆژ  ئازارو ئەشکەنجەیەکی ئێجگار زۆر دەدرێت، وە سوکایەتیەکی زۆریشی پێدەکرێت تا ئەو ڕادەیەی سەرو برۆی دەتاشن.

١٥ی ئاب، شاعیرێکی هەولێر بەناوی ئومێد ئەحمەد هەرەشەی کوشتنی لێکراو بەتەلەفون و نامە پێی رادەگەیەنن کە فیشەکەکان ئامادەن و وەسیەت بکە. هەروەها سالی ٢٠١٥و لەهەمان مانگدا سێ جار هەرەشەی کوشتنی لێکرا.

٢٤ی ئاب، شاهێدحالی کوشتنی شەهید وەدات بەناوی ئەمیر داود دەستگیردەکرێت و بێسەروشوین دەکرێت لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە بەهۆی ئاشکراکردنی شێوازی رفاندنی شەهید وەدات لە ئەکاونتی فەیسبوکەکەی خۆی و پاشان لەژێر فشاری هێزە ئەمنیەکان رەشی دەکاتەوە.

٢٧ی ئاب، ئەیاز مزوری پەیامنێری کەنالێ ئین ئاڕ تی بەشی کرمانجی لەگەڵ کامێرامانەکەی دڵشاد عزیز لەهەولێرو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لەکاتی روماڵکردنی پەخشی راستەوخۆدا، هێرشیان دەکرێتە سەر لەلایەن ١٥ کەسەوەو سوکایەتیان پێدەکرێت و لەسێ شوێنەوە زمانی دەبڕدرێت.

٣٠ی ئاب، چالاکوانی مەدەنی ملکەڤان بەراشی خۆی و ئەندامانی تری خێزانەکەی لەژیر هەرەشەی پارتی شاری دهۆک جێدەهێلن و مالیان دەگوازنەوە بۆ سلیمانی.

مانگی نۆ:
١٣ی ٩، چالاکوانی شاری ڕانیە کاروان محمد رەشید لەلایەن ئەندامێکی یەکێتیەوە بەژمارە مۆبایلێکی نەناسراو هەڕەشەی لێدەکرێت بەهۆی کاروچالاکیەکانی و نوسین و رەخنەکانی لە حزبی ناوبراو. هەروەها، لە ١٥ی ٩ جارێکی تر هەڕەشەی لێدەکرێت بە هەمان ژمارە مۆبایل.

١٤ی ٩، بەیان سامی عبدالرحمن نوێنەری حکومەتی هەریمی کوردستان لە ئەمریکا. ناوبراو هەرەشەو بێڕێزی بەرامبەر هەردوو رۆژنامەنوسی دەنگی ئەمریکا ئاسۆ جەبار و یەحیا بەرزنجی دەکات لەسیمینارێکی ناوەندی ویبەر وێلسن سەنتەر

٢٠ی ٩، ژمارەیەك لە ڕێکخەران و ئەندامانی گروپی مامۆستایانی نارازیی دەستگیردەکرین لەبازگەی پێنجوێن و پاش چەند کاتژمێرێك ئازاد دەکرێن.

شەوی ٢٠ی ٩، کاتژمێر ٩:٠٦خولەك بەژمارە مۆبایلێك هەرەشەی کوشتن و قاچ برینەوە لە چالاکوانی سیاسی علی محمود ناسراو بە علی سیاسی دەکرێت لەشاری هەولێر.

٢١ی ٩، لەپەرلەمانی کوردستان لەنوسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاماژە بەوەدەکەن کە چالاکوانان و رۆژنامەنوسانی شاری هەولێر ژیانیان لەژێر هەرەشەدایە لەوانە شوان صابر مستەفا ، پشتیوان زاهیر حسن، و علی محمود.

٢٢ی ٩، عبدالرحمن حسین برای شەهید وەدات هەرەشەی کوشتنی لێکرا لەرۆژی مەراسیمی چلەی براکەی بەژمارە مۆبایلێک کە خۆیان وەکو ئەندام و لایەنگری پارتی دەناسێنن هەرەشەی بێدەنگبونی لێدەکەن.

٢٤ی ٩، هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی دەستیانکرد بە ڕفاندنی ئەندامانی بەرەی نارەزایەتی خەلک و دەستەی نارەزایەتی مامۆستایان لە سلێمانی، کاتژمێر ٩:٣٠ی سەرلەبەیانی لەبەردەم رادیۆی نەواو نزیك بنکەی پۆلیسی کوردسات لەگەڕەکی کوردسات مامۆستا ئاوات حسن و کچە نۆ ساڵانەکەی بەناوی ئاڵا رفێنران و بەزۆر خرانە ناو ئۆتۆمبیلێکی تری هێزە ئەمنیەکان بەلام لەهەلێکدا لەژێر دەستیان خۆی ڕزگاردەکات،

لە هەمان رۆژو بەرواری ٢٤ی ٩ و هەمان هێز مامۆستا عادل دەستگیردەکەن و ئێوارەی هەمان رۆژ ئەندامێكی تری بەرەی نارەزایەتی خەلک بەناوی دڵشاد محمد دەستگیرکرا.

٢٥ی ٩، عبدالرحمن حسین برای شەهید وەدات پاش چەندین جار هەرەشەی کوشتن بەژمارە مۆبایلی نەناسراو و ئەکاونتی فەیسبوك لێدەکرێت و نامەکانی بۆ رای گشتی بلاوکردەوە.

٢٦ی ٩، کاتژمێر ٧ی ئێوارە هێزەئەمنیەکانی پارتی لەهەولێر هەڵدەکوتنە سەر مالی پێشمەرگە هێمن بنەسڵاوەیی ، خۆی و کورەکەی بەناوی ئامانج دەستگیردەکەن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکەن لەئەنجامدا مندالی ناو سکی خێزانەکەی گیان لەدەستدەدات. پاشان، بە ئۆتۆمبیلی هێزەئەمنیەکان دەگەیەنرێنە بازگەی پردێ و سەریان دەتاشرێت و سوکایەتیان پێدەکرێت و لەلایەن چەندین چەکدارەوە ئازارو ئەشکەنجە دەدرێن.

٢٧ی ٩، رۆژی خۆپێشاندانە سەرتاسەریەکە چەندین پێشێلکاری ئەنجامدرا لەلایەن دەسەلاتەوە. لەرانیە ئاسایشی یەکێتی هێرشی کردە سەر پەیامنێرو کامێرامانی هەردوو کەنالی رۆژنیوز و سپێدە ئەشکەنجەدەدرێن و کامێرای رۆژنیوز دەشکێنرێت. لەقەڵادزی چوار خۆپێشاندەر دەستگیرکران.

٢٧ی ٩، لە چؤمان، هونەر کاك ئەحمەد بەتەنیا خۆپێشاندان ئەنجام دەدات لەگەڵ منداڵە شەش سالانەکەیدا دەستگیردەکرێت.

لەهەمان بەروار٢٧ی ٩ لەشاری هەولێر، هاوڕێ کوردی چالاکوانی مەدەنی بەچەقۆ هێرشی دەکرێتە سەر لەلایەن هێزەکانی پارتیەوە. ناوبراو لەم دوو ساڵەدا چوارجار دەستگیرکراوە. لەمانگی ٩دا زیاتر لە ١٠چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس هەرەشەی کوشتنی لێکراوە.

٢٩ی ٩، لەنزیك بازاڕی لەنگە پێشمەرگەیەکی سەر بە لیوای کۆسرەت ڕەسول بەناوی دەریا ڕۆستەم زوبێر لەلایەن چوار چەکداری پارتی ناسراوی هەولێر تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت کە تاکو ئێستا دەستگیرنەکراون.

مانگی دە:
٦ی ١٠، پاش كاتژمێر 10 ى شه‌و سێ ئۆتۆمبيلى ( جام ڕه‌شى تايبه‌تى دژه‌تيرۆر ) , هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر (ئۆفيسى سه‌ركرده‌كانى گۆڕان ) له‌سه‌ر شه‌قامى سالم ( كه‌سايه‌تيەكى نزيكى نه‌وشيروان مسته‌فا بەناوی نه‌وزاد نورى به‌گ ) ده‌ست گيرده‌كه‌ن ، ، له‌به‌رچاوى خه‌ڵك به‌شێوه‌يه‌كى (ناشرين ) ده‌يبه‌ن و پاش هه‌وڵى سه‌ركردايه‌تى گۆڕان ئازاد ده‌كرێت. پاش ئه‌وه‌ى كوڕێكى ( نه‌وزاد نورى به‌گ) له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كان هێرشى كردوه‌ته‌ سه‌ر به‌رپرسانى باڵاى يه‌كێتى له‌ باڵى (ماڵباتی تاڵه‌بانى ).

٧ی ١٠، کاوە یونس پێشمەرگەیەکی تری سەر بە لیوای کۆسرەت ڕەسول، لە قوشتەپەی سەر بە شاری هەولێر تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت و تاکو ئێستا بکوژانی دەستگیرنەکراون.

١٢ی ١٠، پێشمەرگەیەک بەناوی مصدق ئەنوەر خلیل، لەشاری هەولێر دەستگیرکراوە بەهۆی رەخنەگرتنی لە بارزانی و گەندەلی یەکێتی و پارتی. ناوبراو شوێنی دەوامی لە دەربەندیخان/سەرتەک ناوی مەسئولەکەی عمید مەریوانە. کەسوکارەکەی سەردانی هەولێریان کردووە ئاسایشی پارتی پێیان راگەیاندووە کە لای ئێمە دەستبەسەرەو ئازادناکرێت. ناوبراو برایەکی شەهیدی دەستی داعشەو دیل بووە لە ١/٨/٢٠١٤ شەهیدکراوە بەناوی حسین ئەنوەر.

٢٣ی ١٠، چالاکوانی مەدەنی سەلمان کۆچەری درایە دادگا بەتۆمەتی بەشداری خۆپێشاندانەکانی پارسال و سوتاندنی ناوچەی چوارقورنە لەکاتیکدا بارەگای پارتی پارتی لەو ناحیەیە نەسوتێنرابوو.

٢٤ی ١٠، هێزێکی ئاسایشی یەکێتی لە سلیمانی، هەڵدەکوتنە سەر کۆمەلگای باجەکانی سلێمانی ، چوار کەس بەناوەکانی (هاژە سالار، بڕیار سالار ، ئاسۆ خلیل، دڵشاد عومەر) دوای لێدان و سوکایەتی پێکردنیان راپێچی ئاسایش دەکرێن و بۆ چەند کاتژمێرێك دەستبەسەر دەکرێن و داوای پڕکردنەوەی پاکانەیان لێدەکرێت.

شه‌وی ٢٥ی ١٠ئاسایشی دهۆک له‌ کاتژمێر ١١ی شه‌و به‌بێ هیچ بڕیارێکی دادوه‌ر و به‌بێ ڕونکردنه‌وه‌ هیچ هۆکارێك هه‌ڵیانکوتایە سه‌رماڵی حسن صالح زاخۆیی ئەندامی سەرکردایەتی تەڤگەری ئازاد لە بادینان و  پاش پشکنینی ماڵ و بردنی کۆمپیوته‌ر و مۆبایله‌کانیان ،هه‌ڤاڵ حه‌سه‌ن و کوڕه‌کانی و میوانێکی ده‌ستگیر ده‌که‌ن

٢٦ی ١٠، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان بریاری گواستنەوەو دورخستنەوەی ١٤ فەرمانبەری فەرمانگەی باجەکانی سلێمانی دەرکراوە بەهۆی بایکۆت کردنی دەوام و نارەزایەتی دەربڕینیان.

مانگی یانزە:
٤ی ١١، گەنجێك بەناوی جانگیر وسو خویندکاری زانکۆی سۆران لەبەردەم پارکی سامی عبدالرحمن لە هەولێر دەرفێنرێت لەلایەن چوار چەکداری ئاسایشی پارتی بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتیكی درابێتە پاڵ. پاشان لەبەرواری ١٣ی ١١ ئازادکرا.

٧ی ١١، ئاسایشی پارتی لە چؤمان سێ چالاکوان دەستگیردەکات بەناوەکانی دڵشاد اسماعیل، نیاز ئەحمەد، گوڵستان سەعید. بەهۆی هەولدانیان بۆ ئەنجامدانی گردبونەوەیەک بۆ پشتگیری لە هەدەپەو دەستگیرکردنی هاوسەرۆکەکانیان

١٦ی ١١ لەشاری هەولێر لەلایەن هێزیكی زێرەڤانیەوە هیرش کرایە سەر تیمی کەنالی ریگا لەبەرامبەر رومالکردنی نارەزایەتی خویندکارانی زانکۆی سەلاحەدین.

١٩ی ١١ ، سێ لە بەشداربوانی خۆپیشاندەرانی شاری سلیمانی هێرشیانکرایە سەرو دەستگیرکران، پاشان ئازادکران لەهەمان رۆژدا

٢٢ی ١١ ، دکتۆر هۆشیار اسماعیل تیرۆرکرا لەبەردەم مالەکەی خۆیدا نزیک بە کاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەكی شەو. ناوبراو ئەندامی یەکگرتوی ئیسلامی بوو، ئاسایش و پۆلیسی هەولێر سێ جار ناوی کەسی بکوژی دکتۆر هۆشیاری گۆڕیوە لە راگەیاندنەکانی دا و هەوڵدەدرێت کەیسەکەی بەلاڕێداببرێت.

٢٥ی ١١، گەنجێکی دانیشتوی ناحیەی چوارقورنەی سەر بە قەزای ڕانیە، بەناوی کامەران موراد ابراهیم پاش چوونی بۆ شاری هەولێر شوێن بزردەکرێت و پاشان لە زیندانییەکی ئاسایشی هەولێر دەدۆزرێتەوە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە. ناوبراو کادیرێکی کۆمەڵی ئیسلامی بووەو بەبێ هیچ  تۆمەتێکی ئاراستەکراو لەلایەن دادگاوە دەستبەسەرکراوە.

شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی ١١ ، لەیەک کاتدا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆدارێژراو ئۆتۆمبیلی م ئاوات حسن و م گولالە صدیق سوتێنران هاوکات ئۆتۆمبیلی باوکی مامۆستا گولالەش لەلایەن هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی، کاتی سوتاندنەکە لەدوای کاتژمێر ١ی شەوبووە بەئۆتۆمبیلیکی پاترۆلی سپی جامرەش.

٢٨ی ١١،  بەڕێز علی مولود وەکو سەرپەرشت و ڕێکخەری بایکۆتکردنی دەوامی فەرمانگەی باجەکانی سلێمانی سزادرا بە گواستنەوەی راژەکەی بۆ فەرمانگەیەکی تر لەلایەن یەکیتی نیشتیمانیەوە.

مانگی دوانزە:
١ی ١٢، سەرلەبەیانی هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی هەڵیانکوتایە سەر مالی م ئاوات حسن، خۆی و براکەی بە ناوی ئامانج حسن لەژێر راپێچ و ئەشکەنجەدا رفێنران و تاکو کاتژمێر ١٠ی شەو بەدەستبەسەری مانەوە. لەوماوەیەدا ئامانج حسن ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێت .هاوکات، لەهەمان رۆژدا زیاتر لە ٣٠ مامۆستای نارازی دەستبەسەر دەکرێن بۆ چەند کاتژمێرێک و دوای لێوەگرتنی مۆبایلەکانیان ئازاد دەکرین بە پرکردنەوەی فۆرمی پاکانە.

لەهەمان بەروار و ١ی ١٢ تەرمی شەهید شوکری ریکانی کامیرامانی کەنالی کەی ئین ئین دۆزرایەوە لە قەزای ئامێدی. پاش چوار رۆژ لە دیارنەمانی، بەگوێرەی راپۆرتە نێودەولەتیەکان هێزەئەمنیەکانی پارتی بەبەرپرسیاری ئەم تیرۆرە دەزانرێت.

٤ی ١٢، کامەران محسین مجید سکرتێری ڕایەلەی مامۆستایانی قەزای شەقلاوەی بزوتنەوە گۆڕان، بەردەوام ژیانی لەژێر هەڕەشەو مەترسیدایە ٧جار بانگکراوە بۆ ئاسایشی شەقلاوەو کۆڕیی پارتی و لە ٤ی ١٢دا دواینترینیان و داوایان لێکردووە کە واز لە نوسین و رەخنەکانی بهێنێت و دوربکەوێتەوە لە بزوتنەوەی گۆران گەرنا رووداویکی نەخوازراو بەرامبەری بکرێت خۆی بەرپرسیارە.

٦ی ١٢، بۆ دووەمجار لەلایەن کۆمیتەی یەکێتییەوە هەولدەدرێت دۆسیەیەک بۆ ڕەگەز کەمال بکریتەوە  لەسەر نوسین و رەخنەکانی بدرێتە دادگا بەهۆی کاروچالاکی و نوسین و ڕەخنەکانی ناوبراو.

١٢ی ١٢ ، پێشمەرگەیەکی یەکێتی سەر بە لیوای کۆسرەت رەسول دەرفێنریت لەلایەن چەند چەکداریکی پارتی لە دارەتووی هەولێر و تصویری دەکەن و لەژیر فشارو هەرەشە جوین بە سەرکردەکانی یەکێتی پێ دەدەن. 

١٢ی ١٢، هێزێکی چەکدار هەلدەکوتێتە سەر مالی کامێرامانی کەنالی پەیام عبدالسلام حسن لە سنوری ئیدارەی راپەرین و شاری رانیە. پاش پشکنینی کەلوپەلەکانی ماڵەکە جێدەهێڵن، لەوکاتەدا خۆی لەمال نەبووە.

١٩ی ١٢، لەسەر بڵاوکردنەوەی چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی، پارێزەر (سۆران محەمەد غەریب)ئەندامی رایەڵەی پارێزەرانی بزوتنەوەی گۆران لەسەر سکاڵای دادگای سلێمانی  دەستگیرکرا و لە ٢٢ی ١٢ ئازادکرا.


جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەناویدا بەدووەمین وڵاتی ترسناك بۆ رۆژنامەنوسان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ هەژمارکراوە بۆ ساڵی ٢٠١٦بەگوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوە جیهانیەکان لەوانە CPJی نێودەوڵەتی. هەروەها، ڕیزبەندی ١٥٨مین ولاتی گرتووە لەکۆی ١٨٠ ولاتی جیهان لە خراپی رەوشی کاری رۆژنامەگەریی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەگوێرەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوری نێودەوڵەتی.

لەکۆتاییدا، ئێمە وەك ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنین:

هەردوو حزبی دەسەڵات یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد بە بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەکییان دەزانین لەم تیرۆرو ترس و تۆقاندن و پێشێلکارییانەی کە ئەنجامدەدرێن دژ بە هاونیشتیمانیان بەگشتی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەتایبەتی. هاوکات، ئامارو داتا تۆمارکراوەکانی ڕێکخراو و ناوەندەجیهانیەکان دەریدەخەن، ئازادی رادەربڕینی تاك و کاری رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی ترسناکدایە.

١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ

٣٠ی ١٢ی ٢٠١٦


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە