لە ھەستکردن بە بچووکی خۆمان ھێشتا پێمان وایە ئێمە زۆردارین

Saturday, 21/01/2017, 1:31

4444 بینراوە


کەسانێک هەن بە ھەڵەی مرۆڤدۆستی و خۆبە رۆشنبیر زان، مێژووەکەمان چەندە لێڵە، ئەوانە دێن بە نەزانین شێواو تری دەکەن. مار شەمعون خۆی دان بە لێبوردەیی و ئازایەتی سمکۆ خانی شوکاکدا دەنێت ...
ڕاستە شەڕ ھەبووە لە نێوان سمایل خانی سمکۆی شکاک و مار شەمعونی ئەرمەنی .
بۆ مێژوو، دەبێ ئاگاداری ئەوە بین کە ئاشت دەبنەوە ، سمایل خان سەردانی مار شەمعون دەکات ، لە کۆڵەگەی دیواری دیوەخانەکەی مار شەمعون دەبینێ حەفت ڕەخت و حەفت تڤەنگ ھەڵواسراون ، سمایل خان پرسیار دەکات دەڵێ مار شەمعون حەفت کوڕت ھەیە ؟!
مار شەمعونیش دەڵێ بەڵێ ، بەڵام بریا یەک کوڕم ھەبوایە ئەویش وەک تۆ بوایە !
دواتر ، گەورەیی و لێبوردەیی سمایل خان وابووە ، خۆی سەردانی ماڵی دوژمنە باوە کوشتەکەی خۆی کردووە و ئاشت بوونەتەوە .
لە گێڕانەوەیەکی تر دەڵێن پیانۆیەکی زۆر گەورە ئەو دەم لە ماڵی سمکۆ بووە دوای ئەوەی ماڵەکەی سووتێنراوە کە سەد ساڵ لەمەو بەر بووە .
لە گەرمەی دەسەڵاتی شێخی گەورە لە سلێمانی سمایل خان بە خۆیی و ھێزێکی گەورە لە ڕێ و ڕەسمێکی کەم وێنەی سەربازی لە دەرەوەی شاری سلێمانی لە لایەن شێخ مەحمودی حەفید پێشوازی لێ دەکرێت و بیری کوردایەتی و یەک پارچەی وڵات دەمێک بووە لە مێشکی سمایل خان چەکەرەی کرد بوو ، ھەر بۆیەش بووە تە قوربانی دەستی دوژمنەکانی کورد .
دواتر گەلی ئەرمەنی زۆر خۆیان بە دۆستی گەلی کورد دادەنێن لە پشتگیری کردنەوەی بەشی کوردی دانشگا و ئێستگەی کوردی یێریڤان و دۆستی نزیکی گەلەکەمان کە شاکاری گۆرانی کوردی (ئارام تیگران)ە کە ھەموو ژیانی بۆ خزمەتی گۆرانی و ئاوازی پڕ ئازاری کوردی تەرخان کردبوو .
بەڵگە نەویستە کورد نە زۆردار بووە و نە زوڵمی لە کەس کردووە ، جارێکیان پیاوێکی پیری فەرەنساوی بە ناوی جۆن لێی پرسیم چ میللەتێکم گووتم کوردم ... دەمێک داما دواتر گووتی کورد تغاگیدیا ، بە واتا ئەو لە ناسۆری میللەتەکەمان گەیشتووە کە ھیچ شتێکی لێکمان نابەستێتەوە ، بەڵام خۆمان بە ھەست بە کەم کردن لە بەرامبەر ھەموو میللەتانی دونیا، ھێشتا پێمان وایە زۆردارین !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە