چیرۆکەکانی چیا: لەگەڵ شەپۆلەکان بەڕێکەوتم ، چەند ئارەزوو دەکەم ڕابردوو بنێژم، (چیرۆکی ژمارە ١١)

Thursday, 26/01/2017, 3:06

6757 بینراوە


کۆپتەرەکان لەڕانە مەڕێکیان دابوو...!
 چوار  هاوسەفەر  لەگوندی داریکەلی  بەڕێکەوتین  بەرەو   گوندی دەیلێژە  ،بەهەورازەکەدا ڕوەو چیاکە دەڕۆیشتین  ، چوارکەس   هەم لەتەمەن هەم لەبیرکردنەوەشدا  جودابووین ، من  هەمیشە پەیرەوی  ئامۆژگاریەکی گیڤارام  دەکرد ، کە لەنامیلکەی شەڕی پارتیزانیدا  نوسیبووی " کە بەچیادا  هەڵگەڕایت ، هیچ پەلەمەکە ڕەنگە  لەسەر لوتکەکە دوژمنی لێبێت"  من بەکاوەخۆ دەڕۆیشتم و بیرم  لەلای ئەو چیرۆکەبوو کە شوانە گەنجەکە  گێڕایەوە بۆمان . شوانەکە گوتی :  "من شمشاڵم دەژەند  چوارکۆپتەر هاتنە  سەر ڕانە مەڕەکە و بێ ئەوەی  مەڕەکان ئازاریان دابن  بە ڕەشاش و بۆمب  دایانگرتینەوە  ، چەند دەقیقە  لەسەر یەک  لێیان داین ،  ئەو ناوەیان کردە  دۆزەخ   گیا سەوزەکان گڕیان تێبەربوو ، پاش ئەو تاوانەی ئەنجامیان دا ملیان شکاند و ڕۆشتن  ، من  ڕانم   زاماربوو پارچەیەکیش دای لەپشتم   بەڵام  مەڕو بەرخ و بزنەکانیان داغانکرد،  ئەو بەعسیانە  ٥٣ سەر یان  کوشت" ،  ئەوەی جێگەی  نیگەرانی من بوو  "بازە" سەگەکەی  هاوڕێم بوو  ئاسنێکی  گەورەی سورەوەبوو  لەناوسکی دابوو ،  ئاسنەکە دەوت لەکورەدا دەرتهێنابوو سور دەچوەوە  ،بازە فرمێسک  لەچاوەکانی  دەچۆرا  دوایی مرد ، منیش بەقەلەم بڕەکەم فریا کەوتم چەند سەر مەڕێک  سەربڕم  تا بەئازارەوە نەمرن .  چەند بەرخی تازە لەدایک بوو گوانی دایکیان دەمژی  ، ئەوان نەیان دەزانی   ئەو ە چیبوو ڕوویدا ؟ لەناو قەرسیلەکەدا   هەر هەڵدەبەزینەوە  شوانەکە ووتی : من بڕیاری خۆم داوە  پاشماوەی ماڵاتەکە جێدەهێڵم و  چەک هەڵدەگرم ، هەر بۆخاتری فرمێسکی بازە ئەو کارە دەکەم  .  من بەچیاکەوە ئاوڕم دایەوە بۆ ناودێکە   کەلاوەی  دیوەخانەکەی " مەلیک مەحمود"م دی ، ئەو جێگەیەی  ڕۆژانێک بوو  ببوە هیوا بۆ ئەم گەلەکەم  ، گەیشتمە سەر چیاکە  ، پیاوێکی  پیر  بەکاوەخۆ جگەرەی دەکێشا  و خۆی دابوو بەسەر گۆپاڵەکەیدا ، سڵاوم لێکرد  کزەبایەکی سارد لێیی دام ، چونکە هاوڕێکانم   سەربەرەوخوار  دەڕۆیشتن  ، منیش نەوەستام  مامە ی جگەرەکێش  ووتی: دەڵێ دەچن   بۆری نەوتەکان ڕزگار دەکەن ؟  دڵیابن ڕزگاریشی کەن  هەردەبێت  لەسەرەدابن تا تەنەکەیەک نەوتان دەستدەکەوێت ، ئەو پیاوە دنیا دیدەبوو  ئەم ڕۆژگارەی دابەگوێمدا کەئەمڕۆیە  ئەو بەردەوام بوو ووتی : پەلەکردنەبۆ؟ شەیتان پەلەیکرد چاوێکی خۆی کوێرکرد. ئای ئەو پیاوە پیرە ناوسکی پڕبوو لەقسە  ، بەڵام لەو کاتەدامن گوێگرێکی باش نەبووم بۆی ، بەهیوام لێم ببورێت.
 پێشمەرگەیەک  تەشتێک  خوێنی خواردەوە ...!
  لە گوندی  لەخۆشناوەتی  ڕۆژێک پێش ئەوەی "سوارئاغا"  تەسلیمی ڕژێم بێتەوە  ، چەند سەر مەڕێکیان بۆ هێزەکە کڕیبوو کە لەو ناوچەیە مۆڵببووین ،  لەسەر چەمەکە لای نزیکی ماڵی خوا پێشمەرگەیەک  لاواز چاوەکانی  بەقوڵدا چووبوو  چوار مەغزەنی بەستبوو کڵاشیکۆفێکی  قۆناغداری لەشاندابوو  ، بەخۆی و تەشتێکی  سپێوە نازانم لەکوێ دەستکەوتبوو ؟ هەر مەڕێکیان سەر دەبڕی، تەشتەکەی دەدایەبەرو  خوێنەکەی بەئیشتهاوە دەخواردەوە ، یەک دوانێک  چاویان لێکرد ، بەڵام ئەو برادەرە خوێنەکەی وادەخواردەوە دانە زەرد بوەکانی  سورهەڵدەگەڕان ، من یەکەمین جارم بوو شتێکی وا ببینم   هێڵنجم داو  ڕشامەوە .   ئێستاش نەم زانی ئەمە  لەکامە قوتابخانەی شۆڕش و ژیان وانەی خواردنەوەی خوێنی فێرببوو؟ ئەو دەیویست چیمان پێبڵێت ؟  
 ئەو جاشەی پارەیان لەناو دەمی نابوو ....!
  لەسەر چەمەکەی گوندی باڵخ  چایخانەیەکیان دانابوو، ئەو ڕۆژە  ئەو نیوەڕۆگەرمە  منیش  لەگەڵ چەند هاوڕیەکم لەوێ بووین  ، بڕیارمان دابوو گەر  تراکتۆرێک لێرەوە گوزەر بکات، بڕۆین  بۆ دۆڵبێشک و لەکونەماسی خۆمان لەئاوەکە  هەڵکێشین و تۆزێک ئەوگەرما پڕوکێنە  لەخۆمان دورخەینەوە  پشیلە شۆرێکیش بکەین ،  چەند هاوەنێک لەسورەقەڵاتەوە ئاراستەی کارێزە کۆنکرا  ، ئێمەش بەدەم دەنگەوەچوین کە نیشانەی  شەڕکردنی ڕادەگەیاند ،  کە گەیشتین  پکابێک و چوار لاشەی جاشیان لە ڕۆخی   شەقامەکە گڵەکە  دانابوو  ،   من لە لاشەکان نزیک بوومەوە ، تەنها یەکێکیان  چاوەکانیان داخستبوو، سیانەکەی تر چاو دەمیان زەقببوو ، لەناو دەمی جاشێکدا تۆپەڵی وردەو لەدەمی جاشێکی تردا  پارەی کاغەز دانرابوو،   من بەو پێشمەرگەیەم ووت : داخۆ کێ ئەمەی کردوە ؟ لەوەڵامدا ووتی ئەم  جاشانە لەپێناوی پارەدا خۆفرۆشی دەکەن . پێشمەرگەیەک هات   پارە کاغەزەکانی دەرهێنا ، من سەیرم کرد  ووتم: چی دەکەیت؟  لەوەڵامدا ووتی : "دەچم جگەرەی پێدەکڕم" .   ووتی: تۆش شاهید بە پێنج دنارو ڕوبعێکە ، ئەو بەنیاز بوو وردەی ناو  دەمی جاشەکەی تریش دەرکات بەچیلکەیەک  .  بەر لەماوەیەک ئەم پێشمەرگەیە م  دی  کتێبی "ئێستاتیکای" کەمال میراودەلی بەدەستەوەبوو دەیخوێندەوە ، منیش ووتم : بەڕاستی  ئێستا تیکایەکی  نازدار نمایش دەکەیت .  دوای ڕاپەڕین ئەو هاوڕێ یە  بەداخەوە خۆی کوژی کرد .
 لەچیای کاروخ : گەر بەڕووناکی   بەم ڕێگەیەدا بمهێنانایە  نیوەتان بەردەبوونەوە....!
  لەگوندی مەلەکانەوە بەڕێکەوتین  بۆ چیا بەرزەکەی  کاروخ  ، ڕێچکەکەکە زۆربوو  ڕێگاکەش  چەند دەمژمێرێکی کێشا و شەو داهات  ، ساماڵ بوو هەزاران ئەستێرە لەئاسماندا  دەدرەوشانەوە ،    نازانم ئێمە بەسەر دیوارێکەوەبووین  بەدوایی یەکدا دەڕۆیشتین  و خۆمان بەشاخەوە  نوساندبوو  ،وەک ئەوەی پێ لەهێلکە بنێین  هەنگاومان دەنا  ، " شەهید کەریم نالە"  سندوقێکی فیشەکی بی کەی سی  لەدەستی بەربۆوە  یەک جار گوێمان لێبوو دای لەتاشەبەردەکان ، دوای بۆ دۆڵەکە ڕۆی  ، ئیتر زانیمان کە  ئێمە  چەندە  بەجێگەیەکی  ترسناکدا ڕێدەکەین ؟  
هەرچۆنێک بوو گەیشتنە  سەر چیاکە  "سەهید سەعیدی حەمەزیاد" کەئەوسا سەرتیپی ١٢سۆران بوو لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی ئەو ناوچەیە  ڕێنیشاندەرمانبوون . کەدوا پێشمەرگە گەیشت  . شەهید سەعید ووتی:  خۆشحاڵانە  هەموو گەیشتن؟   
بەس بەڕووناکی لەم ڕێگەیەوە بمهێنانایە  نیوەتان بەردەبونە خوارەوە .
لەسەر چیاکەوە ئاگرەکانی بابەگوڕگوڕ  بەدەرکەوتن ، کەڕۆژ بۆوە  دیمەنێک  زۆر سەرنجی ڕاکێشام کە  چاڵابەفرەکان بوو  کە پڕی بوو لەبەفری  زەرد باو   خەڵکەکەش لەبەر خۆرەکەدا  ئەستیڵیان دروستکردبوو  بەفەکەیان بەشاخی  بزن دەبڕی و قاڵب قاڵب لەسەر  ئەستێڵکەکە دایان دەنا کە دارەڕایان بۆکردبوو بەفرەکە دەتوایەوە  و دەبوەئاو  ، ئەو ئاوە ڕەنگ بۆرەیان   بەکار دەهێنا  بۆ خواردنەوەو دەشیان دا بەماڵاتەکە ، بەڕاستی هەتاو  سەرماهەموو ئەم خەڵکەی سوتاندبوو  دەمووچاو دەستیان قڵیسابوو لەمرۆڤی چاخێکی تر دەچوون . ماوەی یەک دووڕۆژ لای ئەم مرۆڤە بەهەشتیانە ماینەوە کە پڕبوون لەمیهرەبانی و سادەی . دوایی بەچیاکەدا داگەڕاین بۆ دۆڵێکی نزیک ڕەواندوز.
 شوانێکی  پیر قومبەلەیەکی هێشوی پیاتەقیبۆوە....!
 ڕۆژێکی بەهاربوو، ڕێمان کەوتە گوندێکی  جوان  کە سەوزای دایپۆشیبوو  ،هەمووشتێک  سەوز دەچۆوە دەیان گوڵە حاجلە و گوڵاڵەسورە سەمایان دەکرد  لەکزەباکەی بەهاردا ، لەبەردەم ماڵی خوادا  مۆڵمان کردبوو ، باسیان لەو شوانەدەکرد کە  قومبەلە  هێشوەکەی پیا تەقیوەتەوە ، من پرسیم  داخۆ فڕۆکە جەنگێکانی ڕژێم ئێرەی بۆردمان کردوە ؟ ووتیان  بەر لەماوەیەک   لەو چیایەی ئەو بەری دابوو،  ووتم: دەچم سەر دەدەم لەو  شوانە  بزانین بۆچی  ئەو قومبەلەیە  پیا تەقیوەتەوە  و چۆن بوە ؟
 من و دلێر و کوڕێکی تر کە ناوەکەیم بیرنەماوە  چوین بۆلای خاڵۆی  شوان  ، دلێر ووتی :  " بەڕاستی تۆ دەبوو لەڕۆژنامە  کارت بکردایە  ، ئەمەنە  بەدوای  ڕووداوەکانەوەیەت " هەرسێکمان پێکەنین  ،  ئەو هاوڕیەی ترمان ووتی: ئەوە ڕێگەیەکی باشە  ئێستا ئەو زامدارە  ڕەنگە لەوێ نانی نیوەڕۆش بخۆین ، بەدڵنیایەوە  خۆراکی باشیان لێناوە. 
 بەدەم پێکەنینەوە گەیشتینە ئەو ماڵەی کە شوانە پیرەکە ی لێبوو .  
کەسەرمانکرد بەژوورەکەدا و سڵاومان کرد ،  پیاوێکی ڕیش ماش و برنجی  جگەرەی دەکێشا و ئەو ناوەی قاندابوو   دانیشتبوو  دەم بەپێکەنین  ، دەوریشی  چەند خەڵکی تری لێبوو ، ڕێزی زۆریان نیشان داو  ئیتر لەدەمی مامەی شوانەوە چیرۆکەکەمان بیست.
مامە ی شوان ووتی : من جاری یەکەمم نی یە کە  قومبەلەی نەتەقیوو  هەڵگرمەوە ، لەدوای ئاشبەتاڵەکە  ، ناپاڵمێکمان   هێنایەوە ئاوایی و هەموو باروتەکەیمان  دەرهێنا ، ناپاڵمی  هندی بوو  ، لەم شۆڕشە نوێەشدا  چەند جار قومەبەلە وتۆپی  نەتەقیوم کردۆتەوە، بەڵام ئەم  "باینجانە ڕەشە" لە زەوێکە چەقیبوو  زۆر هەوڵم دا  دەری بێنم   ،دەرنەهات  منیش بەبەردێک  یەدووجارم لێدا  ، ئیتر نازانم چۆن بوو  تەقێوە پیاما ؟   پێدەکەنی  هەردوو چاوەکانی پڕبوون لەفرمێسک .
کەسەیری لەشیمان کرد  لای ڕاستی هەمووی پارچەبوو ،لەهەندێک جێێکە برینەکەی وا کرابۆوە  خوێنەکەی مەیبوو ،  ووتمان  داوێک دەرمانێک  ئەی هەر نەبێت بچۆ بۆخەستەخانەی شۆڕش . 
پێکەنی ووتی : هیچ نی یە یەک دووڕۆژ پشوو دەدەم ،  "باینجانە ڕەشێکی  خوێڕیم"  پیاتەقیوە ، سبەی دووسبەی  دەچمەوە لای ماڵاتەکەم ، فێربووم کە ئیتر بەبەرد نابێت  قومبەلەی نەتەقیوو بەیت .
هاوڕێکەم پێشبینێکەی ڕاست دەرچوو پاشکەمێک ئێمەش  خۆراکێکی باشمان خوارد کە  مەڕێکیان  بۆ شوانەکە کوشتبۆوە  تا  هێزی بۆ بگەڕێتەوە.
 هاوڕیەکمان ڕاوی ماسێکانی ماڵی خوای دەکرد...!
 کەشەڕگەی قەیوان ماوەت  درێژەی کێشا ، ئێمە لەگوندێکی چۆڵبوو هەوارمان هەڵدابوو ، گوندێک سەردەمانێک  سەدان ماڵی گەرمی  کۆکردبۆوە، ئێستا پێاوێکی پیری چاوکز و پیرێژنێکی وەک داربەڕووی تەنها  لێرەمابوون ، پیرێژنەکە  بەخۆی و چیلکەی کۆکراوەو دووپرچی سپی و زەردەخەنەیەکی  تاڵ کە دانە شاشەکانی  تێدا نمایش دەکات  هەموو ڕۆژێک  دەردەکەوت  ، پیاوە پیرەکە هەموو ڕۆژێک کولێرەیەکی ڕەقی زەدباوی لەئاوی جامولکە کە دەنا و دەیخوات ، ئێمەش ماوەیەک چەند کۆترێکی بەجێماومان ڕاوکرد  کە  لەیەکدوو تەنەکەی ژەنگاویدابوون لەگوێسەبانەی ماڵێک   ، لەو ماڵەی لێشی دەمەینەوە  چوار کورەی  هەنگیان جیهێلابوو کەپڕبوون لەهەنگوین ، ئیتر  گاڵەمان بەخواردنی دەکرد ، بەڵام  هاورێیەکمان هەبوو  هەموو نیوەڕۆیەک یەک دووماسی  دەهێنایەوە ، کە خۆم لێگرت سەیرم کرد دەچێت لەسەر حەوزی مزگەوتەکە  کە تژی بوو لەماسی گەورەو بچوک ئەوانەی ڕاو دەکرد،  لەتێ نانی  هەڵدەدایە حەوزەکەوەو ماسێکان دەهاتن  تابیخۆن ، ئەویش بەزمەی تفەنگەکەی دەیدا بەسەریاندا  و دەکەوتنە سەر پشت .   دوایی  ماسێکان بەو فێڵەیان زانی ، بەڵام هاوڕێکەمان  لەدەرزی سنجاق قولاپێکی دروست کرد تالەوێ بووین  ئەو بەردەوام بوو  ، تاڕۆژێک بەتۆپی کیمیاوی لەگوندەکەی دا  و ڕاوی هاوڕیکەمی پەکخست . 
   هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم  نی یە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەکورتانە ، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی  نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور  دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە  داگیرکەن و بۆخۆیانی بەرن و بیکەنە مێژووی کەسایەتیان ، کەزۆریان نەلەدور نەلەنزیک  ئاگایان لەم هەموو ڕووداوەنەبوەو ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نی یە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە