پارتی ئەپرسێت: تۆ کێیت؟

Wednesday, 08/02/2017, 0:59

3025 بینراوە


من مام ئەحمەدم، پوورە فاتمم، عەبدوڵام، ماموەستا نەسرینم، رائید سەردارم ... من هەموو ئەوانەم کە دەیان ساڵە دیکتاتۆرییەتی بارزانی ئەیان چەوسێنێتەوە و خۆێنیان ئەمژێت. هاووڵاتییەکی ساکارم و کوڕی پییاوێکم کە هەرگیز خۆی لە خەڵک بە گەورەتر نەزانیوە. بەپێچەوانەی ئێوەوە کە وادەزانن بنەماڵەی بارزانی لە ئاسمانەوە دابەزیون.
باوکم پارێزەری هەژاران بووە، دادوەر بووە، ژانی گەلی نووسیوە، شیرین بەهارەی هۆنیوەتەوە، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. ئەمە لەکاتێکدا کە بنەماڵەی بارزانی زۆربەیان نەخوێندەوار بوون.
ئەپرسن: هەڵۆ چی بۆ ئەم ووڵاتە کردووە. ڕەنگە یەک کارم بۆ ئەم ووڵاتە کردبێت کە سودێکی هەبووبێت. ئێوەش هەزاران "کارتان" بۆ ئەم ووڵاتە کردووە، کە هەر یەکەیان خەنجەرێکی ژەهراوی بووە و لە جەرگی ئەم میللەتەتان داوە.
ئێستاش با بگەڕێینەوە بۆئەو بابەتەی کە پێی سەغڵەت ئەبن: نەوت!
لە مێژوودا روینەداوە کە بنەماڵەیەک یان حیزبێک دەست بگرێ بەسەرهەموو سەرچاوەکانی ووزەی ووڵاتێکدا. لەمێژوو دا رووی نەداوە کە بنەماڵەیەک سەرچاوەکانی ووزەی ووڵاتێک بفرۆشێت بە ووڵاتێکی تر. ئەم هەموو بازرگانییە بە سامانی میللەتێکەوە بە بێ ئەوەی چاوودێرییەک هەبێت. ئاخر هەر لەبەر پەردەپۆش کردنی ئەم دزییە پەرلەمانتان ئیفلیج کرد.
لێرەدا جێی خۆیەتی وەڵامی نامەکەی قوبادیش بدەمەوە:
کە ئەو نامە کراوەیەم بۆ نووسیت، چاوەڕوانی وەڵامی پرسیارەکانم بەهەمان شێوە ئەکرد، واتە، بەکراوەیی تا هەموو خەڵکی کوردستان بیبینن. پرسیارەکەشم زۆر سادەو بێ پێچ و پەنا بوو. بەڵام تۆ داوا ئەکەیت کە هەردوکمان وەک دوو میری ووڵاتەکانی کەنداو دانیشین و لە نێوان خۆماندا باسی بکەین، وەک ئەوەی نەوتی کوردستان موڵکی باوکمان بێت. وابزانم هۆکاری ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش ئەوەبێت کە ماوەیەکی زۆرە لە هەولێر ئەژیت.
هەروەک پێشتریش ووتم، هێرۆ بە هێچ جۆرێک ئاگای لە "سیاسەتی" نەوت نییە و ئەوەی پارتی ئەیڵییت تەنها بۆ پێدانی شەرعییەتێکی نا شەرعیە بە سیاسەتی تاڵانکردنی کوردستان. سووربوونی پارتی لەسەر ئەوەی فڵان یان فیسار ئاگایان لە دۆسییەی نەوتە، ئەم ڕاستییە دەرئەخات کە پارتی بەهیچ شێوەیەک باوەری بە دامەزراوەکانی دەوڵەت نییە و تەنها باوەڕی بە تاک هەیە؛ ئەم تاکانەش لەسەروو هەموو یاسایەکەوەن.
سەرفرازی بۆ شەرڤانە قارەمانەکانی رۆژئاوا
سەرکەوتن بۆ پەکەکە، شێرەکانی چیای قەندیل
بژی یەکییەتی نیشتیمانی کوردستان
بژی بزووتنەوەی گۆڕان
سەرشۆڕی بۆ خۆفرۆشان
هەڵۆی بلەی ئەحە ڕەش

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە