چیرۆکەکانی چیا ڕەوشتی هاوڕێی کۆمەڵە!؟(چیرۆکی ژمارە ١٢)

Wednesday, 02.08.2017, 22:39

3466 بینراوە


مایسی ساڵی ١٩٨٢ خۆم و نامەیەکی چوکلێتی ڕوومان لەچیاکرد، لەگوندی قولەرەیسی کەئەوساکە بەسەربازگەیەک دەوری گیرابوو، پرسگەیەکی سەربازی لێبووکەدەچویتە ناو دێکەوە، نیوەڕۆبوو ڕووم لەو ماڵەکرد کە کەسێک لەوێ چاوەڕێ دەکردم.دوای نانخواردنی نیوەڕۆ لەگەڵ هاو سەفەرەکەم کەوتینە ڕێگە، خانەخوێکەمان دوو دەبەی چڵکنی بۆ پڕکردبووین لەئاو بەگونێ دەبەکان دەوری گیرابوو تائاوەکە بەساردی بهێڵێتەوە، تا دەم دەربەندی دۆڵی نایر هات لەگەڵمان و پێی ووتین بڕۆن.
دۆڵی نایر: نازانم درێژی ئەم دۆڵە چەندە ؟ بەڵام لەم دۆڵەدا بەناو بەردەڵانی سپیدا دەڕۆی و تایبەتمەندی ئەم دۆڵە لەوەدایە کە تاکە دارێک دەوەنێکی لێنەڕواوە، ئەو کاتەی ئێمە پیاگوزەراین وشکی دۆڵەکە چین چین ئارەقی پێدەڕشتین، من و هاو سەفەرەکەم دوو دەبەی گەورە ئاومان خواردەوە ئۆکسجین لەقاتیدا بوو جارناجارێک مارێک مارمێلکەیەکی بزێو بەناو کەڵەکەکاندا دەخشا، وەک ئەوەی پێمان بڵێن لێرە تەنها ئێمەدەژین وئەمە مەملەکەی ئێمەی کەلەڕەقە، خۆزگە سینەماکارێک بەرهەمێکی لەهاویندا لەو دۆڵە بەرهەم دەهێنا، گەر جەهەندەم هەبێت ؟ من گومانم نییە ئێرە پارچەیەکێتی.
 دوای چەند ڕۆژێک ئێوارەیەک لەگوندی کۆکە بووین و شەو درەنگانێک چوینە گوندی چەرمەگا ماڵی خانەخوێکەمان بەهەڵەدا نەچوبم ناوی "حاجی چراخ" بوو ماڵێکی ئەمەکدار خزمەتێکی زۆریان کردین، کەڕۆر بۆوە لەو بەر شەڕ دەستیپێکرد سەر شەقامە سەرەکێکەی دوکان سلێمانی جمەی دەهات لەزریپۆش و زیل و جاش و سەرباز.
 دوو کۆپتەر بەنزمی بەسەر گوندەکەدا هاتن، ئێمە لەلای توتڕکان بووین، ناو توترکەکان تژی بوو لە سەربازی هەڵاتوو کە هەواریان لەم گوندە هەڵدابوو، بەڕاستی ژمارەی سەربازی هەڵاتوو زۆر زۆربوو لەهەموو گوندەکاندا تەنانەت لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتیش کە لەژێر ڕکێفی حیزبی دیمکرات و کۆمەڵەدابوو. بەڵام کە پڕۆژەی دروستکردنی فەوجی جاشی سوک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە سەربازە هەڵاتۆکانیش لەبەرچاوان وونبوون.
 من تائێستا شەڕم نەدیبوو، نازانم دەترسام یان نا؟ 
بەڵام: دوو ئامۆژگاری یان چاکترە بڵێم، دوو چیرۆکی بیرەوەرەوەرێکانی باوکمم هاتەوەیاد کە زۆرجاران دەیووت:" کە لەشەڕدا تەنها گوێت لەتەقەی تفەنگەکەت بوو، ئیتر ترست نامێنێ، پاشان زوو زوو دەیووت لەو جێگەی دادەمەزرێت هەرگیز لەسەر بەردەکەوە سەیری دوژمنەکەت مەکە، بەڵکو لە تەنیشتەکانێوە سەیرکە، قەت لەیەک تەنیشتەوە سەیرمەکە، بەڵکو لە دوولاوە لەدوژمنەکەت بڕوانە".
 دوژمن زۆر لەئێمەوەدوربوو تایەک دووفیشەک بتەقێنم گوێم لەدەنگی چەکەکەم بێت.
 بەدرێژای ڕۆژەکە کۆپتەرو هەنتەرەکان لەچیا سەرکەشەکەی پیرەمەگروونیان دەدا، لەسوسێوە تاپشتی قەرەچەتان، ئەمان دی چۆن ئەمبوڵانسە سەربازێکان لاشەی برینارو کوژراو و بریناری جاش و سەربازەکانیان دەگواستەوە.
 عەسرێکی درەنگ کە زریپۆش و زیل و دەعباکان سەربازێکان سەر شەقامەکەیان چۆڵکرو ملیان شکاند بەرەو مۆڵگەکانیان، ئێمەش کەوتینە ڕێ بەرەو گوندی قەرەچەتان.لەنزیک شەقامە سەرەکێکەی دوکان سلێمانی، بەرپرسەکەمان " کاک ئەحمەد مەولود" برای شەهید مەلا عەلی بە فرمانێکی سەربازیانە ڕووی لەمن کرد ووتی: "چاوتکراوەبێت، سەیری بەر دەمی خۆت بکە، لەبەیانیوە سەربازو جاش لێرە جمەیان دێت ڕەنگە لوغمێک بۆمبێکیان جێهێشتبێت ".
من بەئاگا هاتمەوە و یەکەمین وانەی سەربازیم وەرگرت.
 گەیشتینە ناو گوندی "قەرەچەتان" گوندەکە جمەی دەهات لە پێشمەرگە، تاریک داهاتبوو هێزێکی حیزبی شیوعی لەشەڕەکەدابوون و دوای تۆزێک سواری سێ تراکترۆر بووین بەرەو گوندی "زێوێ " ڕێکەوت من چومە تراکتۆری یەکەمەوە و لەسەر چەمەلەغەکە دانیشتم نەچومە ناو عەرەبانەکەوە، پاش کەمێک بەناو بەردەڵان و جادە گڵە خوارو خێچەکەدا ڕۆی هەر کەچووە دەربەندەکە لایتەکانی پێکرد، پاش کەمێک دوو کەروێشک بەدوای یەکدا تێیان تەقاند.
 شۆفێرە گەنجەکە ووتی:"بێئافات بێت" کەروێشک شومە..! من پێکەنیم، ووتم:هیچ نی یە تەنها کەروێشکە، شومی چی ؟ هەرکە گەیشتینە گوندی "زێوێ "بەماڵەکاندا دامەزراین و بوینە میوانیان، دوایش بەبەتانیەکەوە گەڕاینەوە ماڵی خوا بۆ پشودان.
 پێشمەرگەیەکی حیزبی شیوعی لێبوو زۆر قسەزان بوو خەڵکی گوندی قەرەچەتان بوو، ناوەکەیم بیر ناکەوێتەوە، بەس نازانم چۆن بوو زانیم کە پێش ئەوەی بێتە چیا و چەک هەڵگرێت مامۆستا بوە، ئەوەی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشا سمێڵە زلە گەورەکەی بوو کە لە "مەکسیم گۆرکی " دەچوو، لەقسەکانیدا کە زیاتر لەخیتابی سیاسی دەچوو ووتی:" ١٥ ساڵە لەسەر کوردو کرێکار لێدەدرێم".من بیرم کردەوە دەکرێ مرۆڤ بتوانێت ١٥ساڵ سیاسەتبکات ؟ 
دەنگ بڵاو بۆوە کە پێشمەرگەیەک لەهیچ جێگەیەکەوە دیار نییە.
ئیتر شاخەوانەکان و بەشێک لەهێزەکە بۆ سۆراغی کەوتنە گەڕان، دەمەو بەیانی بوو دارەمەیتەکەیان برد و زانیمان کە پێشمەرگەکە شەهید بوە، ئەو لەکاتێکدا بەچیاکەدا هەڵزناوە تا تەقە لەکۆپتەرەکان بکات، بەربۆتەوەو یەکەمین جار پشتی سەری بەر تاشێک دەکەوێت، شاخەوانەکان ووتیان: ڕەنگە هەردەمو دەست گیانی سپارتبێت.
کەلاشەکەیان هێنایە بەرهەیوانی مزگەوتەکە من ناسیمەوە "شەهید فەرەیدوون حاجی عەلی"بوو ئێمە لەهەمان قوتابخانە دەمان خوێند و قوتابخانەکە ناوی "ئاراس" بوو، ئەو ساڵێک ڕەنگە دووان لەمن گەورەتربوو، ماڵیان لە سێ ماڵەکەبوو کە زیاتر بەماڵەکەی "عەبدول ڕەحمان ریس " کەدکتۆرێکی میسری بوو ئەو گەڕەکە چاکترە بڵێم ئەو شەقامە دەناسرایەوە، " بیرمە جارێکیان لەبەردەم ماڵی ئەو دکتۆرەدا لەزیلێی عەسکەری درا " ئێمە لەسەربانی ماڵی خۆمانەوە سەیرمان دەکرد کەچۆن زیلەکە ئاگری گرتبوو، باوک زۆر شادمان بوو بسکەی سمێڵی دەهات ئەوت خۆی ئاگری تێبەرداون هەردەیووت بەققوربانی دەستانبم بەچکە شێرەکان، دایکیشم نزای بۆ سەلامەتی پێشمەرگەکان دەکرد.گەڕەکەکەمان هەمووی لەسەربانەوە لەو دیمەی دەڕوانی و لەناخی خۆیاندا دەیان ووت ئیتر بێکەس نین، ئەوە دوای یەک دووساڵ دوای ئاشبەتاڵەکەبوو.بیرمە باوکی شەهید فەرەیدوونیش حاجی عەلی نەوتی دەفرۆشت هەر بەوەش ناوبانگیان دەرکردبوو.
کاتێک ویستیان لاشەکەی بشۆن منیش ویستم یارمەتیان بدەم، ئیتر جگەلەهاوڕیەکی پێشمەرگەیە، ناسیاوێکی نزیک و کوڕی یەک گەرەکێکیش بووین، بەرگە کەتافیەکەیان داکەند، لەگیرفانی چەپیدا نامیلکەی "ڕەوشتی هاوڕێ کۆمەڵە "ی تێدابوو.لەگیرفانی شەرواڵەکەشیدا دەفتەرێک کە هۆنراوەی تێدا نوسیبوو.

شۆخە شیعر 
گەرئەمجارە کوخی دڵمت پێخۆشنەبوو
 وەرە لەچاوی لێڵما دانیشە 
بێقەرارم توخواجوانێ 
کۆچکردن مەکە بەپیشە
دەبێرەوە
لەلای کامە عاشق شادی ؟
ماڵی کێت کرد بەچراخان؟
بێبەڵابی.
ئەمکوژی بەنامورادی ؟
 من نازانم ئەم هۆنراوەیە شەهید فەرەیدوون خۆی نوسیوێتی، یان کەسێکی تر ؟ 
 پاش ئامادە کردنی لاشەکە ئیتر شەهید برا بۆ گۆڕستانی دێکەو لەوێ بەئارامی ڕاکشا، چێشتهەنگاوێکی درەنگ ئێمەش بەچیاکەدا بەڕێچکەیەکی ڕووبار ئاسا بەپیرەمەگرووندا سەرکەوتین بۆ گوندی قزلەر.بیرمە شەهید "سەڵاحی مهەندیس" لەناو ڕێچکەکەدابوو کەبەچیاکەدا سەرکەوتین، لەدیوی قزلەر لەسەر کەڵەکەکان دانیشتبوو، کەمێک لای وەستاین ووتی: ئیسلامێکان یەک دوو مهەندیسی بیانیان فڕانبوو، لەبەر ئەوە ئەوشەڕە ڕوویدا.

 تیبینیەک:
ماوەیەکە کۆمەڵێ بەناو نوسەر ووشەیەکی قێزەونیان گرتوە بەدەمیانەوە دەڵێن "میلیشیای شاخ" بۆیە باشترە ئەو خەڵکانە ڕێز لەخۆیان بگرن و گاڵتە بەقوربانێکان نەکەن.




(دەنگدراوە: 15 . زۆرباشە: 2/5)