یەکێتی لە پڵنگی هێرشبەرەوە بۆ کەمتیاری بەرماوەخۆر

Wednesday, 08/02/2017, 23:42

3192 بینراوە


لە نێو دارستان و دەشت و دەرەکاندا یاساو ڕێساکان بەخواستی دڕندە کانە، هەمیشە بەهێزەکان بێ بەزەیانە لەپێناو مانەوەی خۆیان و چنگ کەوتنی ژەمێکی چەور بۆ خۆیان و بێچوەکانیان مافی ژیان لە لاوازەکان ئەسێنن، لاوازەکانیش بەردەوام لەترس و دڵەڕاوکێدا ژیان ئەگوزەرێنن، هەندێکیش لە ئاژەڵان ژیانیان لە سەر کاسە لێسی و بەرماوە خۆری دڕندەکان بەسەر ئەبەن.
شێر و پڵنگ کە دوو دڕندەی بەهێز و بەهەڵمەتی دارستانن کاتێک نێچیرێک ڕاوئەکەن تا نەرمە گۆشتی لاکەکە تەواو ئەبێت ئەیخۆن کاتێکیش بەجێیی دێڵن کەمتیار و داڵە کەرخۆرەکان دێن و بەرماوەکەیان ئەخۆن.
یەکێتی لە سەردەمی شاخ و ڕۆژانی ڕاپەڕین و تەنانەت ساڵانی نەوەتەکانیش پاڵەوانی گۆڕەپانەکە بوون وئەوان بوون بەجۆرێک تەنگیان بە پارتی هەڵچنی بوو کە ناچاریان کردپەنا بۆ سوپای بەعسی دڕندە بەرن بەمەش گەورەترین خیانەتی نیشتیمانی لەمێژوی ئەو حیزبەدا تۆمار کرا، بەڵام دواتر سەرانی ئەو حیزبە لەبری ئەوەی پێگەی حیزبی و جەماوەریان بەهێزتر بکەن بەپێچەوانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر ئەبوون، ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بوو کە دیارترینیان فرە کوێخایی و لەخۆبایی ولوتبەرزی سەرانی نێو یەکێتی بوو، لەلایەکی دیکەوە لاوازی کەسایەتی سەرکردەکانی یەکێتی هۆکار بوو کە زۆر بە ئاسانی دەستەمۆی هەوا و ئارەزوەکانیان ئەبوون وەک داوێنپیسی و چاوچنۆکی و پارە پەرستی، هەروەها ناوچەگەری و شانازی کردن بە هێزی چەکداری شەخسیەوە دەردێکی دیکەی سەرانی ئەو حیزبە بوو، لەسەرو هەموشیانەوە ملشکاندن و ڕازی نەبوون بە تواناکانی یەکتری.
مەخابن ئەوەی سودمەندی یەکەمە لەو بارودۆخە ناهەموارەی نێوان سەرانی یەکێتی پارتیە، ئیتر ئەو حیزبە ڕکابەری نەماوە و بە ئارەزوی خۆی خریکی تاڵان کردن و تەخشان و پەخشانی سەرخان و ژێرخانی سامانی کوردستانە.
ئەوان ئێستا لە پاشاگەردانی یەکێتیدا یاساو ڕێساکان ئەنوسنەوە و لەنێو سەربازگەیەکدا دانیشتون و ناویان لێناوە پایتەخت.
کێیان بە دڵ نەبێت تیرۆری ئەکەن یان شاربەدەری ئەکەن یاخود لە بنەڕەتدا ناهێڵن بچێتە نێو سەربازگەی هەولێرەوە.
یەکێتیش ڕۆژانە بەرپرسەکانی یەک لە دوای یەک دەستەمۆی پلانەکانی پارتی ئەبن و فتیحا بۆ مەرگی حیزبەکەیان ئەخوێنن، پێگەی جەماوەریش بەردەوام ڕوو لە پاشەکشەیە.
هێندەی من شارەزایەکی بچوکی سیاسەتم هەبێت، هەرگیز یەکێتی نابێتەوە حیزبی ڕکابەر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە