سه‌رانه‌ی خۆڵ ڕشتن مه‌ده‌ن ئه‌ی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش

Thursday, 02.16.2017, 23:14

1263 بینراوە


نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی مافیای  کوردستان به‌ ئاشکرا پارووی هاوڵاتیان ده‌دزێت و هێنده‌ی ئیمارات و قه‌ته‌ر نه‌وت مانگانه‌ ده‌فرۆشێت  و هه‌ر ده‌شڵێن له‌سه‌ری قه‌رزار بووینه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌و که‌سه‌ی تۆزقاڵێك هۆش و بیری هه‌بێت گاڵته‌ی به‌م قسانه‌ دێت، به‌ڵکو خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی وه‌ك کاره‌با و ئاو و  دادپه‌روه‌ریی و ته‌ندروستی و موچه‌ی کارمه‌ندان و په‌ره‌پێدانی بواری پیشه‌سازی و کشتوکاڵ و ژێرخانی ئابووری گرنگی پێنه‌دراوه‌و کوردستانیان کردووه‌ته‌ دوو کۆپمانیای گه‌وره‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سامان بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی.. و خه‌لکانیان بێ ئیش هێشتووه‌ته‌وه‌وهیچ حسابێکین بۆ نه‌کردوون،  ئه‌وانه‌ی له‌ زانکۆکان ده‌رده‌چن بێهیوایی روویان تێده‌کات و یان بیر له‌ هه‌نده‌ران ده‌که‌نه‌وه‌ یان خۆکوشتن.. 
ئه‌مه‌ حاله‌تێکی شازه‌ و له‌ هیچ وڵاتێکی دنیادا نه‌گوزه‌راوه، چۆن ده‌بێت 5 ملیۆن هاوڵاتی قبوڵی ئه‌م زوڵم و زۆره‌ بکات و خۆشیان به‌ تێگه‌شتوو دابنێن؟ نه‌گبه‌تیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌سه‌لاته‌  زۆردارو غه‌شیمه‌ رۆژ دوای رۆژ زیاتر ده‌ستی له‌بینه‌قاقای ره‌شورووت توند ده‌کات و نه‌ك  هه‌ر ئیهانه‌یان ده‌کات، به‌ڵکو سه‌رانه‌شیان لێ ده‌ستینێت، ئه‌وه‌ی له‌ ژێر حوکمی قه‌ره‌قۆشی مافیادا بژی ، تا تیرۆر نه‌کرێت ده‌ێت سه‌رانه‌ی جۆراوجۆر بدات، دواهه‌مینی سه‌رانه‌ی خۆڵ ڕشتنه‌!
سه‌یری ئه‌م مه‌هزه‌له‌یه‌ بکه‌ن، وه‌ك چۆن ناحاڵیه‌کان سیسته‌می خوێندنیان کرده‌ سویدیی و ژیانی خه‌ڵکیان کرده‌ ئه‌فریقایی، ئێستاش ده‌یانه‌وێت چاو له‌ وڵاته‌ رۆژئاواییه‌ پێشکه‌وتووه‌کان بکه‌ن و له‌ ڕێی شاره‌وانیه‌کانه‌وه‌ پاره‌ی خزمه‌تگوزه‌رانیه‌کان له‌ هاوڵاتی بسه‌ندرێت، نه‌ك ئه‌م حوکمه‌ مافیایی و زۆرداره‌ی دوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی هه‌موو مافێك و ئیمتیازاتێکیان بۆ خۆیان دابین کردووه‌و له‌ به‌رامبه‌ریشدا هیچ ئه‌رکێکیان نییه‌ له‌ ماڵوێرانی هاوڵاتی زیاتر، بگره‌ ده‌یانه‌وێت رۆژ دوای رۆژ داهاتی زیاتر بۆ خۆیان و چڵکاوخۆره‌کانی ده‌وروه‌ریان به‌ده‌ست بهێنن و خۆیان زیاتر ده‌وڵه‌مند بکه‌ن، هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون موچه‌ی کارمه‌ندان نه‌ده‌ن و کاره‌باو ئاو و خزمه‌تگوزاریه‌کانی وه‌ك یاساو ته‌ندروستی و شاره‌وانی بۆ خه‌ڵك دابین نه‌که‌ن ، به‌ڵکو له‌ به‌رامبه‌ر بێهه‌ڵوێستی و بێده‌نگی هاوڵاتیاندا  رۆژ به‌ رۆژ ژیانی خه‌ڵك زیاتر تاڵ ده‌که‌ن و هیچ حساێك بۆ گیرفان و گوزه‌رانی میلله‌ت ناکه‌ن.
ده‌یانه‌وێت چاو له‌ وڵاته‌ رۆژئاواییه‌ پێشکه‌وتووه‌کان بکه‌ن به‌وه‌ی باج له‌ خه‌ڵك وه‌ربگرن و خزمه‌تگوزاریه‌کانی پێ به‌ڕێوه‌به‌رن، له‌ کاتێکدا وڵاته‌ رۆژئاواییه‌کان مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی هه‌موو تاکێکی دابین کردووه‌ وه‌ك شوێنی حه‌وانه‌وه‌، خواردن ، پۆشاك ، ته‌ندروستی، خزمه‌تگوزاریی یاسایی... ئه‌وه‌ی کار نه‌کات موچه‌ی بیکاریی پێده‌درێت، ئه‌وه‌ش کاربکات و داهاته‌که‌ی هه‌ر به‌شی خۆی بکات ئه‌وا هیچ باجێکی لێ ناسه‌ندرێت، ته‌نیا ئه‌وه‌ی داهاته‌که‌ی له‌ خۆی زیاتر بێت باج ده‌دات، وه‌ك باجی خانوو، باجی داهات... که‌ له‌ کۆتاییدا به‌ شێوه‌یه‌کی شه‌فاف و دادپه‌روه‌ریی ئه‌و باجه‌ خه‌رج ده‌کرێت بۆ خزمه‌تگوزاریه‌ جیاوازه‌کان، له‌ نێوانیشیاندا خه‌رجی شاره‌وانی و خۆڵڕشتن، له‌ کاتێکد ا ئه‌م وڵاتانه‌ دڵۆپێك سامانی نه‌وتیان نییه‌.. که‌چی چه‌ته‌کانی بارزانی و تاڵه‌بانی لای خۆمان نه‌ك داهاتی 1 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێکدا ده‌دزن و پاره‌ی گومرگه‌کان و باجی تاپۆو غه‌رامه‌ی هاتوچۆو باجی جۆراوجۆرو فرۆشتنی نه‌وتی ناوخۆ و تانکه‌ره‌ ئێرانی و تورکیه‌کان ده‌دزن، به‌ڵکو ئێستا هاتوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی هه‌رچه‌نده‌ هاوڵاتیان پاره‌ی موه‌لیده‌ ئه‌هلیه‌کانیان پێنادرێت له‌ بێ پاره‌یی و بێ کارییدا ، ده‌بێت پاره‌ی خزمه‌تگوزاریه‌کانیش بده‌نه‌ حوکمه‌ت ، ئه‌وانیش بیخه‌نه‌ باخه‌ڵیان و جڕتێك بۆ هاوڵاتی لێده‌ن، ئاوها میلله‌تی ره‌ش و رووت ده‌بێت بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی به‌ قه‌رزو قۆڵه‌ به‌ خێو بکه‌ن، که‌ی ئه‌مه‌ ره‌وای حه‌قه‌؟ ئه‌گه‌ر میلله‌ت بێده‌نگ بیت و حه‌قی خۆی نه‌سێنێت، ئه‌وا رۆژ دوای رۆژ ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ که‌ڵه‌گایه‌کی گه‌وره‌ترو ژیانی خه‌ڵك زیاتر تاڵ ده‌که‌ن..
جا ئه‌ی هاوڵاتی جوامێرو نه‌به‌ردو هۆشیار، له‌بری ئه‌وه‌ی قبوڵی ئه‌م سه‌رانه‌ پێدانه‌ بیکه‌یت، تۆ مافه‌کانی خۆت و هاوڵاتییه‌ لاوازو زه‌بوونه‌کان له‌ چاوی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌ربێنه‌، موڵک و ماڵیان پاره‌ی دزراوی تۆیه‌و مه‌حرومیان کردوویت لێی، چیتر قبوڵی ئه‌م زۆرداریانه‌ مه‌که‌و  به‌ده‌ستی خۆت مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانت به‌ده‌ست بهێنه‌وه‌، ته‌مه‌ن و ژیان هێند درێژ نییه‌ ئاوها به‌ ره‌زاله‌ت و کوێره‌وه‌ریی به‌سه‌ری به‌ریت.
ئاراس رەسوڵ




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 4.5/5)