مەلا بەختیار وعیماد ئەحمەد

Thursday, 23/02/2017, 21:40

8425 بینراوە


خەسڵەتی میهرەبانی و لێبوردەیی مرۆڤە بوێر و ئازاکان لەوکاتانەدا دەردەکەوێت، کە دەگەنە ترۆپکی دەسەڵات، پێچەوانەکەشی نیشانەی ئەو خەسڵەتانەیە، کە باسم کردووە و لەناخی ئەوانەدا خۆی دەردەخات، کە لە دوای قۆناغی زەلیل بوونیان وگواستنەوەیان بەرەو دەسەڵات دەبنە جۆرێک لەدڕندە و بە شیوەیەک گورگ حەسودی پێ دەبات.
ساڵی ٢٠١٢ بە هەشت بەش لە کوردستانپۆست بەناونیشانی( مەلابەختیار لەزیندانەکەی یاخسەمەردا) بیرەوەرییەکانی خۆم وەک پێشمەرگەیەکی ئەرک پێدراو لە ساڵی ١٩٨٦ئەو دیمەنانەی زیندانم تۆمارکرد کە مەلا بەختیارم تێدا بینی لەزیندانی یەکێتیدا، کە بەتۆمەتی خیانەتکردن لەشۆڕش و بنکۆڵکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ناوی ئاڵای شۆڕشەوە گیرابوو، زۆر بەڕاشکاویش ئاماژەم بەڕەفتاری نابەجێی هەندێک لەو پێشمەرگانەش دا، کە بەرامبەر مەلا بەختیار وەک دیلێکی خزێنراوی کونجی زیندانێکی قەبارە بچووکترلە ئاخوڕی مەڕوماڵاتدا زیندانییان کردبوو .
ساڵی ١٩٨٩ بەبڕیارێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مەلا بەختیار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئازادکرا ئەم وەک کەسی یەکەمی ئاڵای شۆڕش بەئاشکرا لەناوچەی تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕی نزیک بە بارەگای پارتەکەی مەسعود بارزانی لە (ڕاژان) مقەڕیان دامەزراند.
 کۆتایی ساڵی ١٩٩٣لە گەرمەی شەڕی نەگریسی نێوان یەکێتی و پارتی ئەوەی یەکێتی بوایە لەهەولێر بەرەو سلێمانی سنورداش دەکرا و ئەوەی پارتیش بوایە لەسلێمانی بەرەو هەولێرئەم ئاڵوگۆڕە جوگرافیە مرۆییە لەمێژووی باشووردا هێندە چڵکن و ناشرینە مەگەر بە کۆتایی یەکێتی و پارتی خاوێن ببێتەوە.
وەک باسم کرد سەردەمی جەنگی ناوخۆ هەموو پارتییەکانی سلێمانی ڕەوانەی هەولێر کران، تەنها کەسێک لە پارتییەکان مایەوە لە سلێمانی کە هاوڕێی عیماد ئەحمەدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، ئەمە چۆن و بۆچی؟
ساڵی ١٩٩٤عیماد ئەحمەد لە نادی کۆمەڵایەتی شاری سلێمانی دەخواتەوە ئەو ئەندامەی پارتیش لەهەمان نادی دەبێت کاتێک عیماد ئەحمەد دەیبینێت بەپەرۆشەوە باوەشی پیادەکات و دەیباتە سەرمێزە تایبەتییەکەی خۆی، برادەرێکی سەرمێزەکەی عیماد پێێ دەڵێت تۆ وەک پارتییەک چۆن عیماد ئەحمەد دەناسی و چۆنیش بوێری ئەوەت هەیە لەسلێمانی ماویتەوە؟
ئەوپارتیە ئاوا باسی ناسینی خۆی وعیماد ئەحمەد دەکات و دەڵێت : زستانی ساڵی ١٩٨٩ بوو کاتێک مەلا بەختیار لە نزیک ڕاژان مقەڕی ئاڵای شۆڕشی دانا، پارتی منی وەک نوێنەر ناردە لای مەلا بەختیار و عیماد ئەحمەد بۆ ئەوەی هاوکاری لۆجیستکی و داراییان بکەین، کە چوومە ژوورەوە مەلابەختیار سفرەیەکی خواردن و خواردنەوەی ڕاخستبوو، پاش ئەوەی خۆم پێناساند لێم پرسی ئەی کاک عیماد لە کوێیە ؟ ئەو ووتی واز لەعیماد بێنە با شەوەکەمان خۆش بگوزەرێنین، بەڵام من هەر سوور بووم لەسەر ئەوەی دەبێت عیماد ئەحمەد ببینم. مەلابەختیار پێی ووتم بڕۆ بۆ ئاودەستی مقەڕەکە عیماد ئەحمەدم لەوێ سجن کردوە، کاتێک چووم سەیرم کرد عیماد ئەحمەد وەک گیانداری ناو موجەمیدە ئازای گیانی سپی دەچۆوە و دانەچیڕەی دەهات لەسەرمادا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە