وەزیرانی گۆڕان کە دەرمانکردن و نەماهێشت بێنە ئەودیوی دێرگەلە، هاوخەمی بۆ شیفا گەردی دەردەبڕن

Sunday, 26/02/2017, 20:47

33659 بینراوە


"شەهيدبوونى شیفا گەردی خەسارەتێكى گەورەیه له کاروانی روژنامەوانی گەلەکەمان"
رووداو - هەولێر 
هەردوو وەزیرانی بزووتنەوەی گۆڕان، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی شیفا گەردی و تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 26-2-2017، مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید شیفا گەردی و تۆڕی میدیایی رووداو کرد. 
لە پرسەنامەیەکدا مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هاوخەمی خۆی دەربڕی و رایگەیاند "هەواڵی شەهیدبوونی شیفا خانم ، لەناخەوە هەژاندمی و پەژارە و هاوخەمی خۆم، دەگەیەنمە بنەماڵەی بەڕێزیان و تەواوی ستافی رووداو، دوعا دەکەم، دواین کۆستی بنەماڵە و رووداو بێت".
هاوکات رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا رایگەیاند "به داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی لەدەستدان و شەهيدبوونی خاتو شيفا گەردی رۆژنامەنوسی کەناڵەکتان و رۆژنامەوانی دیار و سەرکەوتووی راگەیاندنی کوردیمان پێگەیشت، شەهيدبوونى شیفا گەردی خەسارەتێكى گەورەیه له کاروانی روژنامەوانی گەلەکەمان و جێگەی پڕ ناکرێتەوە". دەشڵێت "لە خوای گەورە دەپاڕینەوە بە بەھەشتی بەرینی شادبکات و داوای زوو چاکبوونەوەش بۆ کاک یونس مستەفا دەخوازین، کە لە ھەمان رووداودا برینداربووە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی شەممە 25-2-2017 لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدبوونی رۆژنامەڤان شیفا گەردی، بزووتنەوەی گۆڕان پرسەنامەیەكی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کرد. 
رۆژی شەممە 25-2-2017، لەکاتی رووماڵی رووداوەکانی شاری موسڵ، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو، شیفا گەردی، رۆژنامەنووسی لێهاتووی رووداو شەهید بوو. وێنەگرەکەشی یونس مستەفا بریندار بوو.
دوای هێنانەوەی تەرمەكەی بۆ بەردەم نووسینگەی سەرەكی رووداو لە شاری هەولێر و گەردەنئازایی و دوا ماڵئاواییكردن لێی، بەرەو شارۆچکەی شێروان مەزنی سەر بە قەزای مێرگەسۆر بەڕێكرا و، درەنگانی شەوی رابردوو لە گۆڕستانی ئەو گوندە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسان و ژمارەیەكی زۆری هاونیشتمانیان بەخاكسپێردرا.
رۆژی یەکشەممە 26-2-2017، یەکەمین رۆژی پرسەی ماتەمینی شەهید شیفا گەردیی بەڕێوەچوو و پرسەکەشی لە پیرمام لە هۆڵی بۆنەکانی ئەو شارۆچکەیە بەڕێوەچوو.
شیفا گەردی، یەکێک بوو لە رۆژنامەنووسە هەرە چالاک و کاراکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە، ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو و میدیای کوردی بوو، جگە لەوە بەڕێوەبەڕێکی کارا و کاریگەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2602201726

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە