سه‌رکرده‌کان ڕابردوویان پیسه‌ نووسه‌رانیش پشتگیرییان ده‌که‌ن! (به‌شی یه‌که‌م)

Thursday, 01.20.2005, 1:30

21037 بینراوە


جاشێکی سه‌ر به‌ زێباریه‌کان که‌ خزمی نزیکی (هوشیار زێباری)یه‌، ڕایکرد و خۆیگه‌یانده‌ باره‌گاکانی پارتی له‌ (که‌وپه‌ڕ) نزیک ورمێ. ئه‌م جاشه‌ ئازیزه‌ داخی دڵی خۆی گێڕایه‌وه‌ که‌ له‌ کۆشکی کۆماریدا خه‌ریک بوو (ئه‌رشه‌د زێباری) و (ته‌حسین شاوه‌یس) ببێ به‌شه‌ڕیان، به‌ڵام سه‌ددام حسێن ئاشتی کردوونه‌ته‌وه‌، گوایه‌ (ته‌حسین شاوه‌یس) سوێندی به‌ گۆڕی مسته‌فا بارزانی خواردووه‌ و (ئه‌رشه‌د)یش به‌مه‌ تووڕه‌ بووه‌!
زۆربه‌ی زێبارییه‌کان دوژمنی سه‌رسه‌ختی سه‌رانی ماڵی مه‌لا مسته‌فا بوون، بۆیه‌ لایان گران بووه‌ ته‌حسین شاوه‌یس سوێند به‌گۆڕی بارزانی بخوات.
سه‌ددام له‌ بۆچوونی خۆیه‌وه‌ به‌ (ئه‌رشه‌د زێباری) وتووه‌: واز له‌ خیانه‌تی بارزانی بهێنه‌، که‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی ئێراق کردوویه‌تی، ئێمه‌ هه‌موومان ئیسلامین، ئیسلامیش ڕێز له‌ مردوو ده‌گرێت.
کاتێک ئه‌و جاشه‌ زێبارییه‌ ئه‌مانه‌ بۆ مه‌سعود بارزانی ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌ویش ده‌ست به‌جێ کڵاشینکۆفێکی بێ قۆناغ پێشکه‌ش به‌و جاشه‌ ده‌کات. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌ ڕاست بێت یان درۆ، ئه‌وه‌ کاتی خۆی له‌ ته‌واوی کوردستاندا ده‌نگی دایه‌وه‌.
ئه‌ڵێن هه‌ر ئه‌و هۆیه‌ش بوو مه‌سعود بارزانی زیاتر ته‌حسین شاوه‌یسی خۆشگه‌ره‌ک بوو، کردی به‌ به‌رپرسی هه‌موو ناوچه‌ی گه‌رمیان، خۆڕاییش نییه‌ جگه‌ له‌ کۆنه‌ جاش و پیاوکوژ و ئه‌نفالچییه‌کان، ژماره‌یه‌کی زۆرکه‌می تر له‌ گه‌رمیانییه‌کان ئه‌مڕۆ پارتین، ئه‌وه‌ باسی هه‌ندێ له‌ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی گه‌رمیانیی مه‌که‌ له‌ نموونه‌ی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی و ....، که‌ ده‌بێت هێڵنج به‌ سه‌ر هه‌ڵوێست و نووسینیاندا بده‌ی، که‌ مه‌سعود پێشوازیان لێده‌کات. 
کاتێک ته‌حسین شاوه‌یس کوژرا، ئه‌وه‌ ته‌واو بوو بوو که‌ ته‌حسین برای گه‌وره‌ی مه‌سعود و کوڕه‌ گه‌وره‌ی بارزانی بوو، بۆیه‌ لاشه‌که‌ی برده‌ پیرمام و له‌ نزیک خۆی داینا  تا هه‌ر کاتێک به‌و ناوه‌دا تێپه‌ڕی فاتیحایه‌کی بۆ دابدات!
لێپرسراوی پارتییش له‌ سویدیش (ته‌ها به‌رواری) که‌ هاوڕێ و هاوبیری حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن و ئه‌مجه‌د شاکه‌لی و  مه‌هاباد قه‌ره‌داغی و  هین و هینی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی تره‌، خه‌ریکبوو پرسه‌ی بۆ دابنێ به‌ڵام کاتێک دیتی ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره‌ بکات خراپ به‌سه‌ریدا ده‌شکێته‌وه‌، ئیتر وازی هێنا.
ته‌حسین شاوه‌یس یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ره‌ دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد. ڕه‌نگه‌ مێژووی کورد که‌سێکی دیکه‌ی خاین و خۆفۆرشی وه‌ک ته‌حسین شاوه‌یسی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیبێ، که‌ به‌ ئاشکرا و به‌نهێنی دژی خواستی گه‌له‌که‌ی بوو.
ئه‌م خاینه‌ له‌ ساڵی 1979دا گووتویه‌تی:  من تا ئێستا 250 ته‌له‌به‌ی یه‌کێتی (واته‌ قوتابی)م له‌ که‌رکوک و ناوچه‌کانی تری گه‌رمیان به‌ده‌ستی خۆم کوشتوه‌.
ته‌حسین شاوه‌یس به‌ کردار وه‌ک شۆڤێنیستێکی عه‌ره‌ب، ڕاوه‌ کوردی ده‌کرد، ده‌یکوشتن و هاریکاری پرۆسه‌ی ئه‌نفالی ده‌کرد، به‌ ڕه‌وشت و بیرکردنه‌وه‌ش پارتیه‌کی تۆخی مه‌لایی بوو، که‌ ده‌ڵێم مه‌لایی واته‌ ئه‌گه‌ر قسه‌ یان ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا مسته‌فا بگریت، ئه‌و مه‌لاییانه‌ ئاماده‌ن واز له‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کورد بهێنن  و ده‌یان شه‌ڕی براکوژیت بۆ هه‌ڵبگیرسێنن، ئاخر هه‌موو که‌سێکی ده‌به‌نگ و نه‌زان ده‌بێت چاره‌نووسی میلله‌تێک، بداته‌ ده‌ست ئه‌م سه‌رکردانه‌، که‌ جگه‌ له‌ خه‌باتی 30 ساڵی شۆڕشێک ته‌نها ئاشبه‌تاڵێک ده‌ستکه‌وتی میلله‌تێک بوو! که‌چی بۆ نه‌گبه‌تی کورد نووسه‌ر و ڕۆشنبیرمان هه‌ن وه‌ڵامیان بۆ ئه‌مه‌ پێیه‌ و ده‌ڵێن:
- ئه‌گه‌ر بارزانی ئاشبه‌تاڵی نه‌کردایه‌،ئه‌ی چاره‌ی تر چی بوو؟ 
ئه‌مه‌ تاکه‌ وه‌ڵامێکه‌ ته‌نها له‌ ناو میلله‌تێکی وه‌ک کورددا نووسه‌ر و ناڕووناکبیری وای تێدا هه‌ڵده‌که‌وێ به‌م وه‌ڵامه‌ پاساو بۆ خیانه‌تی سه‌رکرده‌یه‌ک بهێنێته‌وه‌! 
له‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان ڕوونه‌ که‌ ته‌حسین شاوه‌یس به‌شداری هه‌موو ئه‌نفاله‌کانی کردووه‌.
ئه‌و شاره‌زایی ته‌واوی هه‌بوو له‌ دۆڵ و چیاکانی کوردستان، بۆیه‌ کردبوویان به‌  به‌ربووکی سه‌رجه‌م ئه‌نفاله‌کان.
ئه‌و ئاگاداری ڕه‌وشی بزوتنه‌وه‌ی نهێنی ڕێکخستن و راوه‌پێشمه‌رگه‌ بوو. به‌رده‌وام له‌ ژێریشه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئیدریس و مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ ده‌کرد و نامه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌گۆڕینه‌وه‌! خۆ خۆڕایی نییه‌ ئیدریس ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر شۆڕشمان پێنه‌کرێت، به‌ڵام پێمان تێک ده‌درێت! 
ته‌حسین شاوه‌یس! به‌ ئاسانیی و به‌ خراپترین شێوه‌ توانی گورزی گاریگه‌ریی له‌ هێزی ڕێکخستنی ناوشار بووه‌شێنێت و  په‌لاماری پۆله‌ پێشمه‌رگه‌ی ده‌دا.
ئه‌و خۆفرۆشه‌ ده‌یزانی کێ له‌گه‌ڵ شۆڕشدا بووه‌ و ئێستا دووباره‌ کامیان چه‌کی خه‌باتی کردۆته‌وه‌ شان.
ئه‌و پێشتر ده‌یزانی کام له‌و پێشمه‌رگانه‌ گیانی چالاکی تێدا ماوه‌ و دووباره‌ ئاماده‌ی به‌رخۆدانه‌.
ئه‌و زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ناسی، به‌مه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا ئاواته‌کانی ئیدریس بارزانی بێنێته‌ دی. ئیدریس بارزانیش ده‌یزانی چۆن له‌ ڕێگای ئه‌م خاینه‌وه‌ ووره‌ به‌ که‌سایه‌تی ئینسانی کورد به‌ربدات و تێکی بشکێنێت.
ته‌حسین شاوه‌یس له‌ شه‌ڕه‌که‌ی به‌کر بایێفدا 19 پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی حشعی شه‌هید کرد، بێ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ بدا زیان له‌ جاشێکی خۆی بکه‌وێت، یان سه‌ربازێکی سه‌ددام بریندار بکرێت. دیسان له‌ گوندی (قزله‌ر)یش 8 پێشمه‌رگه‌ی حشعی دیکه‌ی کوشت.
له‌ (ته‌لان)یش (به‌کر ته‌لانی) و 10 پێشمه‌رگه‌ی دێرینی شه‌هید کرد، هاوڕێکانی که‌ نمونه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی کوردستان بوون به‌ ده‌ستی ئه‌م ناپاکه‌ کوژران.
له‌ 31ی ئابی 1996 دا ته‌حسین شاوه‌یس په‌لاماری چه‌مچه‌ماڵی دا، له‌ ناو جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵکی ئه‌و شارۆچکه‌یه‌دا خۆیی و جاشه‌کان هاواریان ده‌کرد: وا کوردستانمان ڕزگار کرد!.
(کامیل) ناوێک که‌ کوڕی (حاجی عه‌لی ژاڵه‌ی زه‌نگه‌نه‌) بوو زه‌رده‌خه‌نه‌ که‌وته‌ سه‌ر لێوی و گاڵته‌ی پێکردن. جاشه‌کانی ته‌حسین ده‌ستیان لێکرده‌وه‌ له‌وه‌دابوو بیکوژن، تا باوکی په‌لاماری دان، ئیتر ته‌حسین شاوه‌یس به‌ قۆناغه‌ تفه‌نگ که‌وته‌ ویزه‌ی ئه‌و کابرا پیره‌ تا گیانی نه‌ده‌رچوو وازی لێنه‌هێنا.
ته‌حسین چاوه‌کانی سووربووبوونه‌وه‌ هاواری ده‌کرد به‌ سه‌ر خه‌ڵکی چه‌مچه‌ماڵدا، ده‌یشیڕان: (شه‌رت بێت به‌ که‌لله‌سه‌ری چه‌مچه‌ماڵییه‌کان خانوویه‌ک دروست بکه‌م)! ئاواته‌که‌ی ته‌حسین شاوه‌یس  نه‌هاته‌ دی پاش چه‌ند ڕۆژێک، تۆپیی و به‌ فه‌رمانی  مه‌سعود بارزانی ته‌رمی ئه‌و خاینه‌یان برده‌ پیرمام و له‌وێ ناشتیان.
 (ماوێتی)

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر