قەرەیلان باسی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی دەکات

Monday, 27/02/2017, 21:07

4991 بینراوە


ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
موراد قەرەیلان لەبارەی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و جەلال تاڵەبانی زانیاریی تازەی ئاشکرا کرد، قەرەیلان بۆ یەکەم جار ئەو قسانەی ئاشکرا کرد، کە عەبدوڵا گوڵ دوای شەڕی زاپ بە تاڵەبانی وتبوو.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بە بۆنەی ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی هەرێمی (زاپ)ی ساڵی ٢٠٠٨، ئەمڕۆ قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کردووە و بۆ یەکەم جار چەندین زانیاری گرنگی لە بارەی ئەو ڕۆژانەوە ئاشکرا کرد.
قەرەیلان لە دەستپێکی قسەکانیدا باسی لە گرنگیی مێژوویی ئۆپەراسیۆنی زاپ کرد و وتی:" یادی شەهید ئایهان و شەهید ئەردەلان دەکەمەوە و سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنم،هەروەها یادی هەڤاڵی فەرماندەی شەهید باوەڕ جولەمێرگ دەکەمەوە و بەڵێنەکەمان دووپات دەکەینەوە کە لەپێناو ئامانجەکانی ئەوان لێپرسینەوە لە دوژمنان بکەین".
قەرەیلان پاشان ئاماژەی بە چۆنییەتی ئۆپەراسیۆنی زاپ کردووە و ڕایگەیاندووە کە سوپای تورک لە ئۆپەراسیۆنی زاپدا گورزێکی سەختی لێدرا و وتی:" سوپای تورک لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی زاپدا هیچی دەست نەکەوت، سوپای تورک بەنیاز بوو بەر لەوەی زستان کۆتایی بێت هێرش بکاتە سەر بڕیارگەکانی ئێمە لە زاپ، بەڵام بێ ئەوەی ئێمە بهێڵین گورزمان لێ بدەن، تەنانەت کشانەوەی هێزەکانی خۆشیان بۆیان بوو بووە کێشە، بەگوێرەی دانپێدانانی خۆیان ٢٧ کەسیان لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا لەدەستدا، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئاماری کوژراوەکانیان زۆر زیاتر بوو، بەرخۆدانی گەریلا لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا بووە هۆی شکست هێنانی سوپای تورک، بۆ سەرکەوتنمان لەو ئۆپەراسیۆنەدا ڕۆڵی وڵاتپارێزان لە ئامێدی و بامەڕنێ و هەروەها گەلی کورد لە باشور و باکوری کوردستان زۆر گرنگ بوو، پاش ئەو ئۆپەراسیۆنە ئێمە هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری سەربازییەوە پێشکەوتین، بۆیە ئەنجامەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنەمان زۆر بۆ گرنگە".
موراد قەرەیلان لە درێژەدا باسی لە پێشکەوتنەکانی پاش ئۆپەراسیۆنی زاپ کرد و وتی:" ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە زیاتر لەوەی سەرکەوتنێکی سەربازی بێت بۆ ئێمە، باوەڕێکی گەورەی لەناو گەلەکەماندا دروست کرد، بەرخۆدانی زاپ ئیرادەی گەریلا و گەلی بەهێزتر کردەوە، لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورک پاش بەرخۆدانی زاپ ناچارکرا لە بواری سیاسییەوە بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵ کورد هەڵسوکەوت بکات، بۆ نموونە لە قۆناغی ئۆسلۆدا دەوڵەتی تورک ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکە دانیشت و هەموو سیاسیەتەکانی بەرامبەر بە گەلی کورد گۆڕی".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا:" لە لایەکی دیکەوە ئەو کاتە دەوڵەتی تورک لەگەڵ بەڕێوەبەری کوردی باشوری کوردستان پەیوەندییەکانی بەهێزتر کردەوە، ئەو کات پەیوەندی باشوری کوردستان و دەوڵەتی تورکیا وەکو هێڵی سور ناوزەد دەکرا، بەڵام ئێستا ئەمە لەبیر براوەتەوە، دەوڵەتی تورک پاش ئۆپەراسیۆنی زاپ تێگەیشت کە ئەگەر لە ڕێگای باشوری کوردستانەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام نەدات ناتوانێت سەرکەوێت، پاش گوڵانی ساڵی ١٩٩٧ بەتایبەت پرۆژەی هاوبەشی لەگەڵ پارتی پێکهێنا، بەڵام پاش پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی زۆر کەم کردەوە و تا ئەو ڕادەیە کە بە چیتر پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی باسوری کوردستانمان بە پێویست نەزانی".
قەرەیلان وتیشی:" لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٥دا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی چاوپێکەوتنێکم ئەنجامدا، ئەو کات بە منی وت:" من وەکو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان چووم بۆ تورکیا، لەوێ پۆستەکەمیان لێ پرسیم، من وتم سەرۆک وەزیرانم، بەڵام ئەوان بە تورکی وەڵامیان دامەوە، کە (ئۆڵماز) یانی نابێ، چەند جار پرسیاریان کرد و من وەڵامم دایەوە سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەون دووبارە وتیانەوە ئۆڵماز، دەوڵەتی تورک نایەوێت کورد سەرۆک وەزیرانی هەبێت" نچیرڤان بارزان خۆی ئەم قسەیەی بۆ من گێڕایەوە، ئەو شتانەی ئەو باسی کردن زۆر ڕاست بوون و ئەگەر لە ئێستاش دەپرسن دەبێت بڵێم کە دەوڵەتی تورک ئێستاش بە هەمان عەقڵییەتەوە کار دەکات".
موراد قەرەیلان وتیشی، پاش ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک لە زاپ و بەرخۆدانی گەریلا، دەوڵەتی تورک بەباشی لەمە تێگەیست، کە ئەگەر هێزەکانی باسوری کوردستان پشتگیری نەکەن ناتوانێت لەگەڵ پەکەکە شەڕ بکات، بۆیەش ئیتر ئەو پەیوەندییە وەکو هێڵی سور نەمایەوە، هەموو سیاسەتمەدارانی باشوری کوردستان ئەمە دەزانن و پێویستە قەت لە بیری نەکەن، ئەمڕۆکە دەوڵەتی تورک لەگەڵ هێزەکانی باشوری کوردستان لە پەیوەندییەکی زۆر تاکتیکی دایە.
ناوبراو بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا:" مەبەستی دەوڵەتی تورک لەم پەیوەندییانە ئەوەیە، کە دووبارە وەکو ٩٠ەکان شەڕی ناوخۆ داگیرسێتەوە بە هاتنی ئاکەپە دەوڵەتی تورک چەندین بڕیاری زۆر گرنگیدا، پاشان مەهەپەش بوو بە هاوبەشی دەسەڵات، کوردستانی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە واتای تورکیای بچوکە، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە بەبیری دەخاتەوە کە باشور دەرئەنجامی هەڵەیەکی ئەوان بووە، ئەردۆغان بەم شێوەیە بیردەکاتەوە، ئەردۆغان ئێستاش دەڵێت، کە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی عێراقدا هەڵە بوو، چونکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەدا بە قازانجی کوردەکان تەواو بوو، ئێستاکەش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی باشوری کوردستان بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو هەڵانەن، کەس ناڵێت کە نابێت پەیوەندی هەبێت، بەڵام پێویستە بە هۆشیارییەوە ئەو پەیوەندییانە پێکبێن".
موراد قەرەیلان لە درێژەدا باسی لە دەنگۆی پشتگیری دەوڵەتی تورک بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە باشوری کوردستان کرد و وتی:" زۆر کەس لە باکوری کوردستان ڕۆحی خۆیان فرۆستووە، هەندێک کە دێنە سەر تەلەفزیۆن و دەڵێن:" دەوڵەتی تورک پشتگیری دەکات بۆ پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ"، ئەانە درۆ دەکەن، لە باشوریش زۆربەی سیاسەتمەداران ئاکەپە و مەهەپە بەباشی ناناسن، بەڵام ئێمە ئەوانە زۆر باش دەناسین، مەهەپە هەیە بۆ ئەوەی دژایەتی گەلی کورد بکات، ئەگەر ئەمڕۆ ئاکەپە و مەهەپە پێکەوە ڕێککەوتوون، لەبەر دژایەتی گەلی کوردە، ئەوان تەنانەت ڕێگا نادەن کۆمەڵەیەکی سەربەخۆی کوردیش پێک بێت چ بگات بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، ئەگەر هەر ئەمڕۆ ئێمە دەستهەڵگری خەباتی چەکداری ببین، ئەوان هەموو تەرکیزیان دادەنێن بۆ سەرکوتکردنی هێزەکانی باشوری کوردستان، ئێستاش دەیانەوێت شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو ببەن، باکور تەسفییە بکەن و باشوریش گەمارۆ بدەن، ئەوان بە ئاشکرا ئەمەیان دەوێت، دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەدا بەس یەک ستراتژی هەیە بەرامبەر بە کوردەکان و ئەویش ڕێگا نەدان بە بەهێزبوونی پێگەی گەلی کوردە".
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:" تەنیا یەک ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی تورکیا و باشوری کوردستان بەیەکەوە دۆستایەتییان هەبێت، ئەویش لە حاڵێکدا ڕوودەدات کە مافی گەلی کورد بەڕەوا بزانێت، ئێستاکە دەوڵەتی تورک ناوی کورد بە دوژمنی خۆی دەزانێت، ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠١٣دا سیاسەتی دۆستایەتی گەلانی کورد و تورکی پێشنیار کرد و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورک پێش خست، ماوەیەک ئەم دۆستایەتییە درێژەی هەبوو، بەڵام پاشان ئەردۆغان سیاسەتی دژایەتی گرتەوە بەر، لەگەڵ مەهەپە ڕێککەوتن بەس بۆ دژایەتی تەڤگەری ئێمە".
موراد قەرەیلان هەروەها وتی:" ئۆپەراسیۆنی زاپ سیستمی تورکیای توشی گۆڕانکاری بنەڕەتی کرد، پاش ئەو ئۆپەراسیۆنە پێشکەوتنێکی سیاسی و مەدەنی لە تورکیا پێکهات، پاش ئۆپەراسیۆنەکە لە مانگی گوڵان و پاشان لە مانگی نیساندا بەڕێز جەلال تاڵەبانی وەکو سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی تورکیای کرد، لەو کاتەدا ئێمە لەگەڵ بەڕێز تاڵەبانی چاوپێکەوتنێکمان هەبوو، لەو چاوپێکەوتنەدا بەڕێز تاڵەبانی بە منی وت:" پاش ئەوەی پرۆتۆکۆلی فەرمی کۆتایی هات، عەبدوڵا گوڵ و ئەردۆغان هەموو ئەوانی دیکەیان دەرکرد و دەرگاکەیان داخست، تەنیا من و ئەو دووانە ماینەوە، ئەوان لە منیان پرسی، کە پەکەکە لە زاپ چی کرد؟ چۆن توانی بەم شێوەیە شکست بە سوپا بێنێت، مام جەلالیش ئەوەندەی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە زانیبووی پێی وتبوون".
موراد قەرەیلان لە درێژەدا لەبارەی ئەگەری پێکهاتنی ئۆپەراسیۆنێکی دیکە سوپای تورک لە بابەتی ئۆپەراسیۆنی زاپ وتی:" ئەمە ڕاستییەکە کە سوپای تورک بەراورد بە نۆ ساڵ پێش ئێستا لاواز بووەتەوە، هێزە پیادەکانی سوپای تورک زۆر کۆن بوون، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو لاوازیانە دەیانەوێت زیاتر تەکنیک بەکاربهێنن، بەڵام ئەمە بۆ ئەوان بەس نییە، شەڕی دژی گەریلا ژیری دەوێت، بە ئاشکرا ئەمە دەڵێین کە ژیری هێزەکانی گەریلا و جوگرافیای کوردستان هەموو پیلان و تەکنیکەکانی دوژمنی بەتاڵ کردووەتەوە، ئێمە بەراورد بە نۆ ساڵ پێش ئێستا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزترداین، هەم دەرفەت و تواناکانمان و هەم باوەڕ و ڕۆحیەتمان بەرزتر بووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەزمونی زیاتریشمان هەیە، لە ڕووی ئەمانەوە دەتوانین مەزندە بکەین، کە ئەگەر ئۆپەراسیۆنێکی لەبابەتی زاپ دووبارە بێتەوە ئەنجامەکەی چ دەبێت بۆ هەر دوو لایەن، نامانەوێت پێشبینی هیچ شتێک ببکەین، بەڵام گەلی وڵاتپارێزی کوردستان، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لەبەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکدا دەوەستنەوە، بە واتایەکی دیکە، ئەگەر سوپای تورک ئەو کاتە نەیتوانی شکست بە هێزەکانی گەریلا بێنێت، ئێستا قەت ناتوانێت، پێویستە هەمووان لە دۆست و لە دوژمن باش لەوە تێبگەن، کە گەریلاکان هەمیشە ئامادەن وەڵامی هەموو جۆرە هێرشێک بدەنەوە".
ناوبراو وتیشی:" سوپای تورک لەم دواییانەدا هێرشەکانی بەرفراوانتر کردووەتەوە، لەم بارەیەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاگەیەندراوێکمان بڵاوکردەوە، لە هیچ کام لە شەڕەکانی جیهاندا تەنیا هێرشی ئاسمانی ئەنجام نەدراوە، کاتێک جوگرافیای کوردستان دێنینە بەرچاومان، ڕوون دەبێتەوە، کە لەم جوگرافیایەدا هێرشی ئاسمانی قەت سەرناکەوێت".
قەرەیلان لەبارەی هێرشەکانی سەر گەلی کورد لە باکوری کوردستانیش وتی:" سوپای تورک گوندی خەرابێ باڤای گەمارۆداوە و گوندی تەلعەتیشی داگیرکردووە، خانووەکانیان سووتاندوون یان ڕوخاندووە، ئەمە بەم واتایەیە کە هێرشەکانی سوپای تورک تایبەت نین بە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا یان مێردین، هەروەک چۆن بۆخۆشتان دەزان سوپای تورک لە گارزان و ئامەدیش ئۆپەرسیۆنی لەو شێوەیە بەڕێوەدەبات، ئێمە بەرخۆدانی گەلەکەمان لە گوندەکانی خەرابێ باڤا و تەلعەت بەرز دەنرخێنین، ئەوان دەبێت بزانن کە ئەم ئازار و ئەم بەرخۆدانەی ئەوان بە فیڕۆ ناچێت".
موراد قەرەیلان لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی بەڕێوەبردنی ریفراندۆمەوە وتی:" ئاکەپە دەیەوێت بە زۆرداری بە ئەنجام بگات، چۆن لە چوارچێوەی ١٢ی ئەیلولدا ٨٠%ی خەڵک دەنگیاندا، ئێستاش ئەردۆغان دەیەوێت ١٢ی ئەیلول دووبارە بکاتەوە، بەڵام گەلی ئێمە و هەموو گەلانی تورکیا لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەدا سەر دانانەوێنن، گەلانی تورکیا ئیرادەی خۆیان ڕادەستی دیکتاتۆری فاشیستی ناکەن، گەل لەبەرامبەر ئەو دیکتاتۆرییەدا پێویستە تێکۆشان بەرفراوانتر بکات، لەم نێوانەدا بەتایبەت گەنجانی کوردستان لەم سەردەمە مێژووییەدا ئەرکێکی قورسیان لە سەر شانە، پێویستە گەنجان تەڤگەری خۆیان بەڕێوەببەن و لە لایەکی دیکەوە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بن، گەلی کورد لە داهاتووی سیاسەتی تورکیا و ڕۆژهەڵات ناوەڕاست ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، داوا لە گەنجانی تورکیاش دەکەم بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببن، پێویستە لەم قۆناغەدا هەمووان خۆیان وەکو ڕابەر ببینن و کەس لە جێگای تەماشەکەردا نەمێنێتەوە، ئێستاکە پێویستە بەشداربوون لەناو ڕیزەکانی گەریلادا ببێتە ئەرکێک بۆ هەموو گەنجانی وڵاتپارێز و دیموکراتی".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە