مانگا و کفتە خواردن

Wednesday, 01/03/2017, 20:36

41985 بینراوە


ئاشکرایە کورد ئەوەی شانازی پێوە دەکات، بنێشتی کوردی و کڵاشی دۆمی (پەڕۆین) و قاتی کرو تەزبیحی قەزوان و چەند خواردنێکی کوردەوارییە، لە نێویشیاندا کفتە.
شوانی ڕەفیقم بۆی گێڕامەوە وتی: کاتی خۆی خەڵکی بە عام گوزەرانی باش نەبوو، جا دراوسێیەکمان لەو ڕەوشە خراپەدا مجازەفەیان کرد و کفتەیان دروستکرد، ئێ کفتەش تۆ ئەبێ هەندێک ڕوون و کشمیش و قیمە و گۆشتی تێبکەیت ، تا نەرم دەرچێ و بە لێو بخورێ. ئەو کاتیش گرانی بوو، تەنەکەی ڕوون بە سەد دینار و یەک کیلۆ گۆشت بە کۆڵێک پارە نەدەها.
پاش بانگی نیوەڕۆ لە دەرگایان دا و چووم کردمەوە، سەیرم کرد باجی حەلاوی دراوسێمانە و یەک مەنجەڵ کفتەی پێیە.
وتم ئەوە چییە باجی حەلاو؟
وتی ئەوە بۆ ئێوە!
ئێ منیش تاسام وتم:
چۆن یەعنی بیخۆین ؟ 
وتی: ناوەڵا هیچمان تێنەکردووە و زۆر ڕەق دەرچووە، بیدەن بە مانگاکەتان.
ئێمەش بە مەنجەڵەکەوە خستمانە بەر دەستی مانگاکە، مانگا سەری تێنا، وەک حەبی کەپسول دانەیەکی خستیە دەمیەوە، کاتێکمان زانی مانگا چاوی سپی هەڵگەڕا و دەستی کرد بە لرخە لرخ، کفتەکە ئەوەندە ڕەق بوو، مانگاکەکەش پێی ئاودیو ناکرا، یەک بەخۆی هەڵدەپەڕی و لە لێواری خنکاندندا بوو. جا مانگاش ئەو کاتە بە بیست هەزار دینار بوو، لەگەڵ ڕێزمدا، ژنهێنانیش  بە چوار پێنج هەزار بوو.
هەموومان بە دیارییەوە نەمان دەزانی چی بکەین، باوکم خێرا وتی بڕۆن لە دوکانەکەی حاجی عەوڵا پیپسی کۆلایەکی بۆ بهێنن.
وتی خۆمان یەک ساڵ بوو، کەوا پیپسیمان نەخواردبوو، هێنامان و خستمانە قوڕگی مانگاکەوە، باش بوو بە هەر حاڵ ئاو دیوی کرد.
دوای ئەوە مانگا هەر قرپێکی ئەهێنایەوە دەتگوت هێلکۆپتەرە قەسفی گەڕەک دەکات، چی دەر و دراوسێ هەبوون،  لێمان ئاڵا بوون.
جا حەسەنی برام یەک بەخۆی هەڵدەپەڕی و دەیوت ئێوە پیپسی ئەدەن بە مانگا و نایدەن بە من!؟
باوکیشم لە داخدا کفتەیەکی لە مەنجەڵەکە دەرهێنا و دای بە پشت سەریا، ڕێک حەسەن کەوتە ئەو گۆڕە.
وتمان بە قورئان حەسەن مرد،
ئیتر ئەمجارەیان کەوتینە عیلاجی حەسەن.
باوکم وتی: ئاخر باجی حەلاو، کە خۆت وەزنی مریشکێکت نیە بۆ هێلکەی قاز دەکەی؟
سەیربکەن خەڵکینە خەریک بوو مانگایەک و ئینسانێک بە کفتە بکوژرێت،
تو شەڕەفتان ئەوە کفتە بوو، یا بەردی مەنجەنیق.
ئەوەش خواردنی کوردەواری و شانازییەکانی کورد..
بە خۆشیتان. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە