بە ئامانجگرتنی رۆژنامەوانان پەیامی درێژەدانە بەكۆمەڵكوژی سەر گەلی ئێزیدی

Monday, 06/03/2017, 19:59

2809 بینراوە


هێرشەكانی (3)ی ئادار، درێژكراوەی هێرشەكانی (3)ی ئابی 2014 چەتەكانی داعشه‌، كە تیایدا بە هەزاران ئێزیدی كۆمەڵكوژ و سەدان هەزاریش ئاوارە و دەربەدەربوون. لەكاتی فەرمانی كۆمەڵكوژی سەر ئێزیدییەكاندا، ئەوەی توانی دەنگی نەبیستراو و هاواری دایكان و خوشكانی ئێزیدی بەگوێی جیهان بگەیەنێت، ژمارەیەكی كەم لەرۆژنامەوانانی ئازادبوون، بەتایبەتی رۆژنامەوانی ژن.
لەهێرشی 3ی ئاداردا، بۆ ئەوەی هەرزوو هێرشی خیانەتكرانەی بەناو پێشمەرگەكانی (رۆژ)ی بن سێبەری پارتی ئاشكرا نەبێت، ژنە رۆژنامەوانی ئاژانسی هەواڵی "ژنها" (نوژیان ئارهان) كە لەسەرەتایی تەسلیمكردنی شەنگال بەچەتەكانی داعشەوە تا ئێستا وەكو ژنە راگەیاندنكارێك دەنگی ژنی ئێزیدی بەگوێی هەموواندا دەگەیاند، كرایە ئامانج و بەسەختی برینداركرا. سێ رۆژنامەوانی تری چراتیڤی بەناوەكانی(هادی ئەلیاسی، هادی خالدی، عیزەت عیسمەت) برینداربوون.
وەكو دەستەی راگەیاندنی تەڤگەری ئازادیی، وێڕای شەرمەزاركردنی هێرشەكانی سەرگەلی شەنگال، نەفرەت بۆ ئەو هێزە تاریكە دەنێرین كە چاوی بەئازادیی راگەیاندن هەڵنایەت و دەیكاتە ئامانج. بەئامانجكردن و برینداركردنی ژنە راگەیاندنكار نوژیان ئارهانیش وەكو درێژكراوەی هەمان پیلانی بەردەوامیدان بەسیاسەتی قڕكردنی گەلی ئێزیدی و بەتایبەتی ژنی ئیزیدی دەبینین، برینداركردنی پەیامنێرانی چرا تیڤی كە دەنگ و رەنگی كوردانی ئێزیدیە، وەكو پەیامی نابێ كەس هاوارتان ببیستێت، دەبینین. هیوای هەرچی زوە چاكبوونەوەیان بۆدەخوازین .
دەستەی راگەیاندنی تەڤگەری ئازادیی
5ی ئاداری 2017
---------------------------------------------
راستیەکانی شەنگال لەزاری شەڕڤانێکی ئێزیدخانەوە
شەڕەکەی شەنگاڵ شارەکانی باشور دەسوتێنێت
ئارام کەریم
گروپە چەتە دەمامکدارەکان کە خۆیان وەکو هێزی رۆژ، یان با بڵێین پێشمەرگەی رۆژ ناساندبوو رۆژی دووی ئادار هەوڵیاندا دزە بکەنە ناو گوندی خانەسوری سەربەناحیەی سنونێ، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیزیدخانەوە و بەهاوکاری هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە، رێگەیان لێ گیرا کە بەزۆرملێ دەیانەویست جارێکی تر شەرەفی ئێزیدیەکان بن پێ بکەن و بێ رێزی بە سەروەری ئیرادە و رەنجی ئێزیدیەکان بکەن.
گروپە چەتەکانی سەر بەبارزانی و ئاکەپە و ئەنەسەکە لەو شوێنەی کە هێزەکانی ئاسایش و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگاڵ رێگەکەیانیان بەربەست کردبوو، مانەوە و لەشوێنی خۆیان سەنگەریان لەبەرامبەر بەهێزەکانی یەبەشە و یەژەشە گرت و لوولەی تفەنگەکانیان کردە ئەو هێزانەی کە لەکچان و کۆڕانی ئێزیدی پێکهاتوون.
ئەم گروپە چەتەیە، سەرلەبەیانی سێ ئادار بە سی هەمەر و چەک و جبەخانەیەکی زۆرەوە لەدوو قۆڵەوە پەلاماری یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگاڵیاندا، بەڵام یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگاڵیش دەست بەجێ وەڵامی هێرشی چەتەکانیان دایەوە و لەم نێوانەدا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر شەڕ هاتە ئاراوە.
ئەم گروپە چەکدارە هەر وەکو لەلێدوانە راگەیاندنیەکەی فەرمانداری یەبەشە و یەژەشەدا هاتووە، لە دهۆکەوە ملیان ناوە بەرەو شەنگال و لەسەرەوەی خۆیانەوە ئەمریان پێ کرابوو کە شەنگاڵ جارێکی تر هاوشێوەی فەرمانی 74هەمینی"3/8/2014" کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کرایە سەر ئێزیدیەکان دووبارە بکەنەوە.
ئەم گروپە چەتانەی ناوی پێشمەرگەی رۆژیان لەخۆیان نابوو، زۆرینەیان سەرچاویان داپۆشیبوو، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو چەتانە راستەوخۆ لەلایەن دەزگای ئیستخباراتی نەتەوەیی تورکیاوە"میت"پەروەردە و پڕ چەک و فیناس کراون و ئارمانجیشیان خزمەتکردنە بەبەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و دژایەتی کردنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد و نرخەکانیەتی.
چەتە دەمامکدارەکان لەکاتی هێرش کردنە سەر یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگاڵ، دروشمی"الله و اکبری و ئەم هاتین ئێوە دەرکەین"یان دەوتەوە و ئەمەش نیشانی دەدات کە ئەم چەتانە بەشێکین لەئەجیندای داعش و بەیەک مەنهج و یەک رێباز ئیش دەکەن و فەرمان و رێنمایەکانی خۆشیان لەیەک شوێنەوە وەردەگرن.
گروپە چەتەکان لەئێستادا سەرقاڵی خۆ رێکخستنن لەهەرێمەکە و ئامادەکاری شەڕێکی بەرفراوان لەبەرامبەر یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگاڵ"یەبەشە و یەژەشە"دەکەن و بەمشێوەیەش هێدی هێدی ئامانجی ئەم گروپە چەتەیە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەبێت.
پاش شەڕ و پێکدادانی گروپی چەتەی سەر بە بارزانی و ئاکەپە، بەناو وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەفەرمی لێدوانیدا و رایگەیاند کە ئەو گروپە چەتەیە بەفەرمانی ئێمە رەوانەی هەرێمەکە کراون و ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. ئەم لێدوانەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشانی دەدات کە هێرشەکە بەزانابوون و بەئامانج کراوە و ئامانجی شاراوەش لەپشت ئەم هێرشانەوە هەیە.
گروپە چەتەکان پاش ئەوە زەربرێکی کۆشندەیان لەلایەن یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگالەوە تووش بوو، داوای دانوستان دەکەن، بەڵام پاش دانوستانەکان دەرکەوت کە ئەو چەتانەی بارزانی و ئاکەپە رەوانەی هەرێمەکە کراون، ئامانجیان بەگشتی داگیرکردنی شەنگاڵە و هێرش کردنە سەر رۆژئاوای کوردستانە و لەهەمانکاتیشدا هیچ لەبەرنامەیاندا نییە بۆ دواوە بگەڕێنەوە.
جا لێرەدا گرنگە هەندێ لەئامانجەکانی ئەو پەلامارەی چەتەکان لەشەنگاڵ بۆ خوێنەر بخەینە روو و لەراستی شەڕەکەش ئاگاداریان بکەینەوە.
ـ ئەم هێزە پێش هەر شتێک دەیەوێت پانتایی شەڕەکە بۆ هێزەکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردستان زیاتر بکات، واتا دەیانەوێت شەرڤانان لەهەرێمەکانی مەنبج وت باب و ئەو پێشڕەویانەی بەرەو رزگارکردنی رەقە رۆژبەرۆژ بەرفراوانتر دەبێت، ئاستەنگ بکەن و لەلایەکی تریشەوە دەیانەوێت بەو شەڕەی لەشەنگاڵ هەڵیگیرسێنن، چاوی هەموو لایەک لەسەر رەقە و موسل و مەنبج دوور بخەنەوە و بەتیرێک چەند ئامانجێک بپێکن.
یەکێکی تر لەئامانجەکانی ئەو شەڕە ئەوەیە کە کاریگەری پێشڕەویەکان هەم لەسوریا و هەمیش لەعیراق بەتایبەتی لەموسل وا دەکات کە جێگرەوەیەک یان با بڵێین بەدیلێک بۆ پاش نەمانی داعش ئامادە بکەن و لەم رووەوە هەموو گرەوەکانیان لەسەر چەتەکانی بەناو پێشمەرگەی رۆژ یان با بڵێین ئەنەسەکە ـ تورکیا ـ بارزانیەو ئەمەشیان وەکو باشترین بژاردە هەڵبژاردووە.
لەلایەکی ترەوە بەدەرهێنانی ئەم ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگاڵ"یەبەشە و یەژەشە"، بوری هەناسەدانی رۆژئاوای کوردستانیش لەئەگەری رزگارکردنی موسل تەنگتر بکەنەوە و رێگا هاتووچووی ئەو بەشەی کوردستان نەدەن لەم رێگایەوە هاتووچوو بکەن و وەکو دەروازەیەکی بازرگانی و تجاری بەکاری بهێنن.
هەر گرێدراو بەو هێرشانە و ئامانجەکانی تری هەڵگیرساندنی شەڕ لەشەنگاڵ ئاکەپە و بارزانی و ئەنەسەکە دەیانەوێت رێڕەوێک بۆ داعش بکەنەوە، چونکە بەهۆی پێشڕەویەکانی هێزە عیراقیەکان، داعش لە موسل و تەلعەفەر و بەعاج تەنگاو بووە و دەیانەوێت، پیاو چاکیەکی لەگەڵدا بکەن و بەکردنەوەی ئەو دەرگایە، هەم ئەو گروپە چەتەیە بارزانی ـ ئاکەپە، ئەنەسەکە و هەمیش بەهاوکاری بەرماوەکانی گروپە چەتەکانی داعش پەلاماری رۆژئاوای کوردستانی پێ بدەن و ئەو دەینەی بەچەتەکانی داعش قەرزدارن کەم بکەنەوە.
بەڵام ئەوەی کە هەم بارزانی و هەمیش چەتەکانی ئەنەسەکە و ئاکەپە حیسابیان بۆ نەکردوە لەئەگەری گۆڕکردنی شەڕ لەشەنگاڵ و هێرش کردنە سەر ئێزیدیەکان بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردستان کارتی گەریلاکانی لەبەرامبەریاندا بەکار بهێنێت، بەتایبەتی ئەگەر گەریلاکانی کەرکوک و مەخمور و دەوروبەری دهۆک بخرێنە جۆڵەوە، شەڕەکە هەموو شارەکانی باشوری کوردستان و بگرە باکوری کوردستانیش دەگرێتەوە و هەموو خۆریەکەی بارزانیش دەبێتەوە بەریسە و بارزانی دەبێتە هۆی ماڵوێرانیەکی تر بۆ گەلی کورد.
هەر بۆیەش لەسەر هەرتاکێکی کوردە کە بەپەلە بەئەرکی نیشتیمان و نەتەوەیی خۆی دژ بەپیلانی بارزانی ـ ئاکەپە ـ ئەنەسەکە هەڵوێست وەربگرێت، بەتایبەتی ئەو پارت و لایەنانەی لەباشوری کوردستان دەبێت دەست لەهەڵوێستی شەرمنانەی خۆیان بەردەن و بەراشکاوانە لەبەرامبەر بەسیاسەتە نانەتەوەییەکانی پارتی"قەدەپە"، خاوەن هەڵوێستێکی بوێرانە بن، چونکە ئەوەی پارتی دەیکات بەنوێنەرایەتی هەموو هێز و لایەنەکانی باشوری کوردستان دەستی داوەتێ. هەر کەسیش دەزانێت ئەو چەتانە لەچە زەمەن و لەکوێ پەروەردە کراون و لەسەر کام میلاکی بەناو حکومی بودجە و مووچە وەردەگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە