مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم

Saturday, 11/03/2017, 0:41

7671 بینراوە


زۆر لە نووسەر، رۆژنامەنووس، سیاسیی و یاساناس، باس لە خولی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن، گوایە بە پێی یاسا خولی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی تەواو بووە، رەوای مانەوەی وەکو سەرۆکی هەرێم نەماوە. لێرەدا دەمەوێت منیش رای خۆم لەو بارەیەوە دەربڕم، کە لای من ئەو مەسەلەیە بایەخێکی ئەوتۆی نییە قسەی لەسەر بکرێت، قسەکردن دوورکەوتنەوەیە لە کێشە و کارەساتەکان کە ئەو سیستەمەی مەسعودی کردووە بە سەرۆک، هەروەها فەرامۆشکردن و بیر نەکردنەوەیە لە رێگاچارەیەک کە بەتەواویی مەسعود لە دەسەڵات دووربخاتەوە.
بوون یان نەبوونی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم، یان دانانی هەر کەسێکی دیکە لە شوێنی ئەو، هیچ لە کێشە سیاسیی و مەسەلە نەتەوەییەکانی کورد ناگۆڕێت. مەسعود لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی، بۆ خۆی دەسەڵاتی رەهاتری هەیە، گەورەترە لەو دەسەڵاتەی کە بەپێی یاسای هەرێم بۆی دانراوە. ئەو دەسەڵات و هێزەی مەسعود بارزانی لە خودی سیستەمی بەڕیوەبردنەکەدا نییە، کە بە دەستی هێناوە، بەڵکو مێژوویەک بە دوای خۆیدا هێناوێتی و ئەو هێزەی پیداوە، ئەو مێژووەش بەستراوە بە هێزی داگیرکەر و هێزە ئیقلیمی و دەوڵەتانی دیکە، کە نایانەوێت کەسێکی دیکە جگە لە مەسعود بارزانی و ئەندامانی بنەمالەکەی سەرکردایەتی کورد لە باشوور بکات. بەردەوامبوونی بنەماڵەی بارزانی وەکو سەرۆکی خێڵ، سەرۆکی پارتی و سەرۆکی کورد لە باشوور، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوانە کە بەبێ مەرج بۆیان جێبەجێ دەکات، جگە لەوە ئەو پارە زۆرەی بە ئاشەرعی بەدەستییان هێناوە، پارەی خوێنە، هێز و توانایەکی بارزانییە، کە توانیوێتی لە دەرەوەی پۆستەکەی دەسەلاتی خۆی پێ بەهێزتربکات. دروستبوونی کەسێتی بارزانی پەیوەندیی بەو مێژووەوە هەیە کە لەناو خەڵکدا بەرەیەکی دژ بە خەڵکەکەی دروست کردووە و بۆتە هێزی بەرگری لەسەر مانەوەی بنەمالەی بارزانی، هەوڵ بۆ مانەوەی دەدەن و پاریزگاری لە مانەوەی دەکەن، مەبەست لەمە ئەندامانی پارتیی و ئەو کۆیلانەیە، کە لەگەڵیدا رۆیشتوون و نایەنەوێت لەمان زیاتر کەسی تر جێگای بنەمالەی بارزانی بگرێتەوە، هەڵبەت ئەمە لەناو میللەتێکی ناوشیار و نەخوێنەواری وەکو کۆمەڵگای کوردیی ئەو هێزە لەم قۆناغەدا بۆیان گونجاوە، هەربۆیە بە وازهێنانی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانیان کۆتایی پێنایەت، بەڵکو کێشەکان قوڵتر و ئاڵۆزتر دەبنەوە.
دەبێت ئێمە لەوە دڵنیابین، هەر کەسێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێت، گۆڕانکارییەکی وا روونادات. هەروەها هەر کەسێکی تر لە دەرەوەی بنەماڵەی بارزانی ببێتە سەرۆکی هەرێم، تەنها وەک سیمبوڵێک رۆڵ دەبینێت! چارەسەر دەبێت لە دەرەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم بێت، لە نەمانی ئەو سیستەمە ئیداریی و حیزبییەدا بێت کە مەسعودی کردووە بە سەرۆکی خێڵ و حیزب و هەرێم، یەکەم هەنگاو کارکردنە بۆ نەمانی مەسعود بارزانیی ئەویش بە بەکارهێنانی هێزە،  تا سەرەتا وەک تاوانکار و خائینێک بناسرێت، لەبەر دەم دادگای گەلدا رابگیرێت، نەک بە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکەی.
شەڕکردن بۆ لێسەندەنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم لە بارزانی، خاڵی کۆتایی نییە، شەڕی لێسەندنەوەی بە پیرۆزکردنی ئەو کورسییەیە، رەوادانیشە بەو سیستەمەی کە ناویان ناوە سیستەمی دیموکراتی و بە رووکەش هەڵبژاردن و دەنگدانی بۆ دەکرێت. ئەو کورسییەی ناوی لێنراوە کورسی سەرکردایەتی هەرێم، کورسییەکی خاوێن نییە، کورسییەکی پۆخڵە، کورسییەکە بۆتە سیمبوڵی خیانەت و تاڵانی و ناپاکی، جگە لە مەسعود بارزانی کەسی دیکە شایستەی نییە، ئەوەی لە دوای مەسعود بارزانییش ببێتە سەرۆکی هەرێم، دەبێت لەو زیاتر خیانەت و ناپاکی بکات، تا هێزی داگیرکەر پاڵپشتی لێبکات، ئەگەر ئەوەی لە دوای مەسعود بووە سەرۆکی هەرێم، دەبێت لە خیانەت و ناپاکیدا بۆڕی مەسعود بداتەوە، ئەو پۆستەش تەنیا شایانی کوڕ و برازا و کەسوکارەکەیەتی.
بۆ نەمانی ئەمانە هێج گۆڕانکارییەک روونادات، تا رێکخراوێکی سیاسیی لە دەرەوەی ئەو پارتانەی باشوور دروست نەبێت، رادیکاڵانە مێژووی سەرانی ئەو حیزبانە بخاتە ژێر پرسیارەوە و رایانبماڵێت. ئەمەش خەو نییە، بەڵکو کارکردن و هەنگاونانە، بەو کەسانەش دەکرێت کە گیانی قوربانی و هیوایان تێدایە و کاری لەسەر دەکەن، بەرەو رووی مەترسیی و تەنگەشەکان دەبنەوە. مێژووی گەلان لەو نمونانەی زۆر تێدایە. با بێ هیوا نەبین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە