رەتکردنەوەی خەڵاتێک کە "لەژێر چاودێری نوسینگەی حکومەتی هەرێم" بەخشراوە بەمن.

Monday, 13/03/2017, 11:04

4293 بینراوە


رەتکردنەوەی خەڵاتێک کە "لە ژێر چاودێری نوسینگەی حکومەتی هەرێم" بەخشراوە بە من.
سەرەتا سوپاس و رێزم بۆ هەموو ئەو هاوڕێ خۆشەویستانەی بە وشە جوانەکانیان پشتگیری و پێزانینان دەربڕیووە..
رێزم بۆ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەلەبجە و ڕێزلێنانەکەیان.
من ئەگەر شتێکم کردبێت لەبەر خەڵات و پاداشت نەمکردووە.. بە ئەرکی سەرشانم زانیوە کار بۆ دۆزی تاوانی گەلکوژی دژ بە کوردان بە گشتی بکەم..
ئەگەر توانیبێتم دۆزی ژینۆسایدی کورد کەمێ بۆ پێشەوە ببەم، ئەوە خەلاتە بۆ من ..
ناچارم لێرەدا روونکردنەوەیک بدەم، خۆزگە ئەو دێڕەی "لەژێر چاودێری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم" بەسەر خەڵاتەکەوە نەدەبوو.. چونکە لە راستیدا ئابڕوی خەڵاتەکەی بردووە و کۆمەڵێ پرسیار قیت دەکاتەوە.. پێموایە کاری هەڵسەنگاندنی کاری چاڵاکوان و خەباتکارانی ئەو بوارە ئەوجا چ دەسەڵاتێکی ئەکادیمی بێ بۆنمونە زانستگەیەک، یا چەترە رێکخراوێکی بوارەکانی ژینۆساید بێ، دەبێ بێ دەستێوەردان و چاودێری دەسەڵات بێت. ئەگەر دەسەڵات جێگەی گومان بێت و کارتۆنی بێت، ئەوە خراپتر. نازانم نوسینگەی سەرۆک لێرەدا چ کارەیە!؟ ئەوە هەڵەیەکی کوشندەیە و ناکرێ پەسند بکرێت. خۆزگە لەسەر خەڵاتەکە دەنوسرا لەژێر چاودێری دایکانی هەڵەبجە، ئای چەندە سەربەرزدەبووم پێی.لەبەرچی دەبێ ئەو کارە لەژێر چاودێری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بێت!؟
با خۆمان لەگێلی نەدەین، بپرسین کامە حکومەت و کامە سەرۆکی حکومەت!؟
نێچیرەوان بارزانی؟!
حکومەتی دووبەرەیی بنەماڵەیی و حزبی!؟

ئەوانە شانۆگەری و گاڵتەجاڕین هاوڕێیانی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارنی هەلەبجە.
بڕۆن پرسیار لە کەسوکاری قوربانیانی هەلەبجە و ئەنفال و ئێزدیەکان بکەن. لەراستیدا من پێویستم بە خەڵاتێک نییە کە لەژێر چاودێری سەرۆک و دەسەڵاتێک بێت کە بەرژەوەندی تایبەتی بنەماڵە و حزب خنکاندوویەتی و دژی بەرژەوەندیەکانی گەلن! سەرۆک و دەسەڵاتێک کە تا سەر ئێسقان تاوانبارن، تا سەر ئێسقان کەمتەرخەمن سەبارەت بە کەسوکاری قوربانیان، دەسەڵاتێک باک لەوە ناکاتەوە پێ لەبرینی ساڕێژنەکراوی قوربانیان دەنێ و دەیکاتە قوربانی بەرژەوەندییە کەسی و حزبیەکانی.. بۆیە من ئەو خەڵاتە رەت دەکەمەوە..
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ هەموو لایەک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە