چیروكی ..بژێوی ژیان له سه‌رده‌می داڵاشه‌ كان

Thursday, 16/03/2017, 22:06

5626 بینراوە


لەخوار پیرە قەڵات، ھەروا چەند ھەنگاوێک دوور لە شوورا باڵا بەرزەکانی! ئەو کۆنە ڕیگا باریکو پێچاو پێچانە، لەکوێوە دەست پێدەکەنو کۆتاییان بەکوێدەگات؟ ناتوانی شوێن ھەڵگری ھەر ھەموویان بیت، بەڵام دەزانی “وەکو ڕۆژی ڕوون لێت ڕوونە” سەربەرەوژوو دەگاتە ژێر ساباتی گەراجە جەنجاڵەکە . لەسەر سەکۆی خۆڵاوی، لەوجێگاییەی خەڵکی شار ڕۆژانە بەناچاریو لەبەر قووتی ژیان بەیەکتری دەگەن. ئەوانەی شار جێدەھێڵن، بۆ ھەر شوێنێک بچن پێش ئاوابوونی خۆر لە دوا بەشی سەر قەڵات کە دارگووێزە باڵا بەرزەکانیەکتی! ھەموو ڕۆژێک لە لووتکەی “مامەندە”وە خۆر لە دارگوێزەکان دەداتو ھێواش ھێواش بەرەو ناوشار دادەکشێت. ئێوارانیش پێش ئاوابوونی ھەمان تیشکی خۆر لە ھەمان جێگاوە، بەھەڵەداوان خۆییان بەناو بەشاردادەکەنەوە. نازانم، «خەڵکی ئەو شارە خۆر ئاوابوون بە چیتێدەگەن؟» مەردوومی ئەو گۆشەیە و ئەو گەراجە، وەنەبێ ئەوەندە حەز لەچارەی یەکتری بکەن،  ھەرکەس بژێوی ژیانی لەسەر ئەوی کەیانە، شوفێر لەسەر نەفەر، نەفەر لەسەر حەمباڵ، حەمباڵ لەسەر ھەموویان، کۆڵھەڵگر لەھەرھەموویان ھیلاکترو بێدەرامەتترە، ڕەنجی فەرھادی لەپێناوی بژێوی ژیانە، کام ژیان ؟ بەس ھەڵوەراندی لاپەڕەی تەمەنە!  ئەو تەمەنەی زۆر بەپەلە دێتو وەکو میوانێکی نەخوازراو تێدەپەڕێت. ئا لەو شوێنە (خاڵە مینە)-لەھاوارو شیڕاندن گوێی لەناوی خۆی نەدەبوو

کۆڵە پشتەکەی کردبوو بە پشتی و پاڵیدابۆوە، بە دەردی (خەیاڵی) ژنی پێی دە گووت کورتان. کورتان وەھا کۆن کون و شڕ ببو بەکەڵکی فڕێدان نەبێ بەکەڵکی ھیچی کە نایەت. دەمێکە پووشو قامیشی سەرتیژ، وەکو سیغی سیخووڕ، بەکۆمەڵ وتاک تاک لەھەموو لایەکەوە سەریان دەرھێناوە. خاڵە مینە، زۆر جار لەژێر باری قوورس دەیناڵاند، چەندقامیشی تیژ، وەکو خەنجەر لەکەلەکەو پشتی ڕادەچوون ،وەی بابە وەی!. ئێواران کاتێک چۆغە شڕی دادەکەند، ھەرھەمووی کون کون ببو لە چەند لاوە پشتی بە خوێندا ھاتبو، خەیاڵ بە نووکە سوژن بۆی دەردەکرد، زۆریان وەھا قووڵ بوون، ھەویان کردبو کێمیان لێدە چۆڕایەوە. خەیاڵ بەتووڕە بوونەوە دەیگووت؛

دەبیگۆڕە لەوەتەی مێردم پێت کردوە ھە رئەو کورتانە شڕەیە!  ئەوەندەم پینە و پەڕۆ بۆتکرد دەستو چاوی خۆشم لەسەردانا، لە دوورەوە وەکو حەوت ڕەنگینەت لێھاتووە.خەڵکی گەڕەک ھەرھەمووی گاڵتەمان پێدەکەن. دەڵێن: تخوا ئەوە حەمباڵە یان جەنجەڕە

-خاڵە مینە دوا جار ھیچی بە دەستەوە نەما، لە پەردەشڕەی ئاودەست بە سووژن کەوتە پینە کردنی کورتانەکەی،  وەھا وەستایانە پینەی دەکرد بۆخۆشی سەری لەکارامەی خۆی سووڕدەما. ئاخر چەندەھا ساڵە ,لەگەڵ دەستدانە کاری کۆڵھەڵگری ئاشنای سووژنو داوەدەزووبوە  . دڵ خۆشییەکەی ئەوەندەی بڕکردھەتا (خەیاڵ)ھاتەوە، دیتی پەردە نەماوەو کورتان پینە کراوە تووڕەبو”دەستی دایە كۆنە کورتانەو بە ھەزار نەقەنەق توانی بیباتە کۆڵانو فڕێیدا"، دەبڕۆ پیرەمێردی سەگباب لەخۆتو لە کورتانیشت ڕیم چەندی پیپەیدادەکەت دوو ئەوەندەی لێخەرچدەکەی!، ئەو پارەی لە شڕە کوورتانی خەرچ دەکەی دوو کورتانی تازەی پێدەھات. بۆنازانی بۆگەنی خۆتو کورتانکەت کووشتنی؟ . 

گوونیەو، بەرگە دۆشەکو، پەڕۆو، جلکت لەماڵێ دانەھێشت(خاڵە مینە) مڕەمڕێکی لێھات

مگەر بە س خەیاڵ بزانێت چیگووت. زۆرجار لەگەراج، دەمارگیردەبێت مڕەیەکی لێدێت بەڵام که س لێی حاڵی نابێت. جنێوبوو توانجبوو، پاڕانەوەبوو، ھەرکەس لەویکە دەپرسێت، ئەرێ خاڵە مینە چیدەوێت. لە پاش تووڕھەڵدانی کوورتانەکەی، لەو ڕۆژەوە نیوە ڕۆیان ناگەڕێتە ماڵەوە، ھەتا تاریک نەبێت سەر بەماڵداناکات"خەوی نیوە ڕۆیانی لە گەراج دەباتە سەر”. ھەر چەندە جێگای خەوتنکە ی زۆر تەسکو تەنگەبەر، بەڵام ھەر چۆنێک بێت لە پرتەو بۆڵەی خەیاڵ رزگاری دەبێت

. -ماوەیەک لە مزگەوتی گەوورە لە پاش نووێژی نیوە ڕۆ لە وێدەخەوت، بەڵام دەریانکرد خۆ ئێرە ھوتێل بەلاش نیە. بۆ خۆشی گەراجەکەی پێباشتر بوو، زیاتری دەست دەکەوت

-ھەرچەند سەمای گەڵای زەردو ڕەقھەڵاتووی سابات و کەپرەکە خش، خش، خرم، ھاواری شۆفێرەکانو گڕە گڕی لۆری بارھەڵگرەکان زیاد دەبوو. بەدەم شیڕە شیڕی

فەتەی گەراجەوان، بەناوی پسوولەی نەقابە، بۆ ھەر ماشێنێکی نەفەر ھەڵگر دە ھەزارێ دیناری وەردەگرت. زیاتر پارەخڕکرنەدوە بوو، بەناوی کرێی گەراج و ڕێک خستنی ئۆتۆمبێلەکان. 

، . وەرنەوە دەڕۆم. یەک نەفەر ماوە، ڕانیە ڕانیە. ژاراوە. توەسوران، سەنگەسەر. لەدەربەند ڕادەوەستم!  کاتێک نەفەرێک دەھات، زیاتر دەیشڕاند دوونەفەر دوونەفەر، ھەرچەند ژاوە ژاو زیاتر دەبوو(خاڵە مینە)زیاتر وەنەوزی دەداو خەوی خۆشتردەبوو. نە دەنگی پیرە لۆریو، قاڕی بازاڕئەوناوەو ژاوەژاوی(بێکڵۆییان) ناڕەحەتیان نەدەکرد، ئەوەی بێزاری دەکردوو خەوی لێتێک دەدا"ئەو مێش ومەگەزەی لە دووکانی گۆشت فرۆشەکانەوە دەھاتن، ھەرمێشێکی بە قەد دەنکە مێووژێک دەبوون، ڕەش ڕەش سەریان زەردبوون”. لەودهه روازەی مێشەکانەوە کە قەد خێری لێنەھاتۆتە ژوورەوە،  پیرەمێردێکی خڕیلەی ڕیشپان  بە پشدێندێکی سەوزی ئەستوور، شەدەیەکی گەورەی گووڵینگەداری لەسەربوو، بەھەڵەداوان خۆی بە گەراجدا کرد. 

“بەدەم ئارەق سڕینەوە، چووە لای مینە، چەند جار بەدەنگێکی نزم بە ئاستەم دەبیسترابانگی کرد،کاکی عەرەبانچی". 

بڕام، کاکی حەمباڵ، ھۆبرالە! دەتوانی لەگەڵم بێیت؟ نەخێر ووڵام نیە! دووبارەو سێبارەی کردەوە. دەنگ لەبەرد بێت لە مینە نەھات، (فەتە کۆسە) چاوی لێبوو ماوەیەکە کابرا بەدیار خاڵە مینەوە وەستاوە. ھات بەلایانەوە، پرسیاری لەمام سۆفی دەکردو خێرا خێرا بە شەق لەئەژنۆی(خاڵە مینەی)ھەڵەدەدا. کوڕە مینەھە ڵسە؟ . ڕاستبەرەوە. مام سۆفی، ماوەیەک لەدەمووچاوی فەتە ڕاما(کۆسەیەکی دەموچاولووس، وەکو ئافرەتێکی شۆخوشەنگی قەیڕەی جامباز، دوو چاوی بەقووڵداچووی دەرپەڕیوبەسەر لووتێکی قولابی قنج بەووریییایەوە دەیان ڕوانی)” ڕووی لە(فەتە)کردوو پێی گووت. کوڕم گوناھت دەگات، بۆبەشەقی تێیھەڵدەدەی؟ ئەو بەستە زمانە چی کردووە! مامە سۆفی بەو کارە زۆردڵگران بوو. 

مام سۆفی ئەو بەرازە وانەبێت وەخەبەرناییەت!  ھەموو ژیانی خۆی لەسەر خەوتن داناوە"مامە ئە وە مینە کەڕە، ھەم کەڕە ھەم لاڵ"مام سۆفی :گووتی ھەرچی بێت گوناھە، . بەنی ئادەمە، نابێت ئازاری بدرێت!  لەوقسانە دابوون، مینە یەک پێ ڕاست بۆوە. 

نەیزانی مەسەلە چیە، مام سۆفی دەستێکی لەسەرشانی داناو ماوەیەک تێیڕاما، سەری سووڕما!  ئەوە چی لەش وبەدەنێکە ھەیەتی، ھەر دەمارێکی دەستی بە قەد، قەدی ڕێواسێک ئەستووربون، وەھا دەرپەڕیوون، وەکو ڕەشمار لەگەڵ ماسوولکەکانی قەفییان خواردووە. وەرە بڕۆ عارەبانکەت بێنەودوام کەوە!  . فەتە پێکەنینێکی خۆشی ھات، مامە سۆفی مینە عارەبەنەی لە کوێبوو! کەس بە قەد مینەی بە ھێزە -مام سۆفی ھەندێک دەستی لە ڕیشە پڕەکەی وەردا، ئاخر برام کارەکەی من بەبێ عارەبانە مەیسەر نابێت. ئەمن نیوو بەرمیل نەوتم پێیە، زۆر قوورسە. فەتە زیاتر پێکەنین گرتی، مامە گیان نیو بەرمیل نەوت بۆ ئەو بەرازەی چییە، دەتوانێت "بەیەک بەرمیل نەوتەوە، بە ناو شاردا بگەڕێت بەبێ ئەوەی پشوویەک بدات”. مامەگیان باشتێکی خۆشت بۆبگێڕمەوە، ھەموو خەڵکی ئەو شارە دەیزانن، مژێکی قووڵی لە جگەرەکەی دەستی دا، پەنجەی شاییەتمانی بەرەو قەڵات بەرز کردەوە. 

ئەو قەڵاتەی دەبینی؟ 

بەڵێ دەیبینم خۆ کوێر نیم! دوور لە ڕووی جەنابتان، قەد بەسەری کەوتووی؟ نەخێر. دەزانم لەبەر جڕو جانوەر نەت توانیووە. ڕۆژێک کەسێک لەوناوە تازە دەستی کردبوو بە حەمباڵی، وەکو ئەو خاڵە مینەی خۆمان. گەنجێکی بە ھێزی باڵا بەرز بوو، زۆر لە تواناو بازووی خۆیڕادەدیت، لەگەڵ خاڵە مینە کەوتە مل بەملە، یادی بە خێر ناویی “چەکە”بوو. مام سۆفی زیاتر ئارەقەی دەموچاوو لاملی سڕییەوە، بە ھێواشی پرسی: ئەو گەنجەی باسی دەکەی دیارە نەماوە؟ بو بە قووربانی گوولەی وێڵ!  ھەر لەسەر ئەو قەڵاتەوە نێوەشەوێک بە چەند گووللەیەک لەناویان برد. کێ لەناوی برد؟ نازانم لوغزێکەو ھەتا ئێستا کە س بۆیی ڕوون نەبۆتەوە”دانووی لەگەڵ نەک خاڵە مینە، بەڵکو لەگەڵ زۆربەی خەڵکی ئەو گەراجە نەدەکوڵڵا”بەھەرحاڵ، بەبەرچاوی خەڵکی ئێرە وا ڕێک کەوتن(ھەر یەکێک لەو دوانە توانی یەک باری سەد کیلۆی، بۆسەر قەڵات سەرخات، ئەوە ئەوی کەیان دەبێت لەو ناوە دوور کەوێتەوە، ھەر ھەموویان حەزییان دەکرد خاڵە مینە گرێووەکە بباتەوە، بەڵام قۆڵوباسکی “چەکەش” گاڵتەی پێنەدەکرا. ھەردووکیان شان بەشانی یەک کەوتنە ڕێ، ھەرچی خەڵکی ئەو گەراجە بوو کەوتە دوایان،  لە پێشدا “چەکە وەکو ئاسک، بەسەر دەکەوت، جار جارێک بە تەوسوو گاڵتە جاڕییەکەوە لە خاڵە مینەی دەپرسی:ھا، مینە وابزانم پێت نەماوەو بڕشتت نەماوە؟ خاڵە مینە، بەسەری خۆینھێنا!  چی بەسەر خۆی بێنێت؟ گووێیەکانی قووڕقوشمیان تێدایە. ھێزو تاقەتی “چەکە”ھەر ھەتا نیوەی ھەوراز بڕیکرد، چونکە سەرکەوتنی قەڵات، زۆر ڕکنو سە ختە، ئاوا لەدوورەوە تەماشای مەکە. چەند ھەنگاو سەردەکەوت، دەموچاوی گرژتر دەبووسەرتاپای شەڵاڵی ئارەقە ببو. ھەنگاوەکانی ھێواش ھێواش شلترو ئەژنۆیەکانی بێھێزتر دەبوون. خاڵە مینەش چۆن ملی ڕێگای گرتبوو یەک بین سەردەکەوت، واتدەزانی ھەر مێشیش میوانی نیە. ئەوکەسانەی لە دەورو بەریان بوون، بە دەستی خاڵیەوە لە پێشو پاشو تەنیشتیان دەڕۆیشتن، وە ھانکە ھانک کەوتبوون. وانەزانی ئەو بەسەر ھاتە لەھەڕەتی لاویدا بووە، ئەوکاتی بە ھێزتربووە!  ھەروا چەند ساڵێک دەبێت. ھێشتا زۆرییان مابوو بگەنە سەر قەڵات”چەکە”پرزەی لێبڕاو، دەنگێکی گڕی ناقۆڵا قسەکانی پێبڕی”واز لەو سە ردوولکە قۆڕانە بێنە، درەنگە بەڕێمانکە” فەتە بەبێ ئەوەی ئاوڕبداتەوە پسوولەیەکی دەھازاری بۆ ڕاداشت، پارەکەی وەرگرت، ڕووی لەمام سۆفی کرد. بەمامی خۆم بڵێم گەیشتبووینە کوێ؟ وا دیاربوو مام سۆفی حەزی لەبەسەرھاتەبوو، بەجوانی گووێی بۆ فەتە ڕاگرتبوو>چەکە تەواو ھیلاک ببوو<ئا دەمخۆش. ھەر ئەوەندەمان زانی چەکەی داماو کۆڵەکەی فڕێداو کەوتە ڕشانەوە، ھەرچی لەناو سکی دابووبە یەکجاری فڕێیدایەوە دەرەوە!  ھەڵاتنێک ھەڵات، ھەتا کوژرانیشی بەناوەیدا نەھاتەوە. ئەدی مام مینە چی بەسەرھات؟ خاڵە مینەزۆر بە کەماڵی ئیسراحەت سەرکەوت و ماوەیەک کۆڵەکەی بەسەر قەڵاتدا گێڕاو، ھەر بە کۆڵەکەشەوە بەبێ ووچانێک ھاتەوە ناو گەراج) لەو وەختەیدا خاڵە مینە یەکڕاست ھەستایەوە سەرپێ! خێرا، خێرا پشتێندی فەتەی ڕادەكیشا، تێبگەیەنێت چییە مەسەلە. مام سۆفی دەستێکی لە پشتی خاڵە مینەداو بە پێکەنیەوە پێی گووت:بارەکەڵڵا، ئافەرین

. فەتە، لە مام سۆفی پرسی بۆ کوێ بیبات؟ 

دەتوانێت بۆم بباتە گەڕەکی جووتکانیان فەتە ڕووی لەمینە کرد "

فەتە بە ھێاما کەڕەی تئگەیاند. دوو پەنجەی جیاکردەوە لەگەڵیدا باڵەکانی ڕاوەشاند، وەکو مەلەبکات

كەڕە سەرێکی ڕازی بوونی بادا، دوو پەنجەی لەیەکتر خشاندن، واتە چەندم دەداتێ؟ ، فەتە ڕووی لە مام سۆفی کرد، مامە دەڵێ چەندم دەداتێ. 

فەتە بە بێ ئەوەی لە کەڕە بپرسێت، بەری جووتکانیان لەو پەڕ ی شارە، دوورە داوای پانزە ھەزار دەکات. مام سۆفی بەبێ ھیچ قسەیەک دەستی بە باخەڵی داکرد، سێ پێنج ھەزاری لەدەستی خاڵە مینە ناو ملی ڕێگای گرت، بەبێ ئاوڕدانەوە لەگەراج دەرچوو. فەتە پێنج ھەزاری لە دەستی دەرھێنا، خۆ تەرجومانی بەلاشی بابت نیم، ھەتا ئەتۆ تێدەگەیەنم بەرد شەقدەبات. مردم ئەوەندەی بەشانو باڵتدا ھەڵ بڵێم. کەڕە دوو دەستی پان کردنەوە ھەریەکی بە قەد سەوڵی بەلەمێک دەبوون  لە پشت سەرییەوە ھێمای کەری بۆفەتە کرد، لەگەڵیشی سەری ڕادەوەشاند، واتای کەری. بەدوای مام سۆفیدا ملی ڕێگای گرت . کاتێک مام سۆفی لەگەڵ کەڕە لە گەراج ھاتنەدەر بەرمیل نەمابو  . کەوتنە سۆراغی بەرمیل. 

منداڵە قەڵاددزەییە چەتوونەکان، سەر بە رەو خوار غلۆرییان کردبۆوە، بەرەو ناوشار گرموھووڕی بوو. کەڕە بە گاشە بەردان کەوتە دوایان. ھەر بەردێکی ڕای دەوەشاند بە قەد تۆپێک دەبوون . جار جارێک منداڵە کان بە کەرسەک یان بە قۆچەقانی ووڵامیان دەدایەوە، تەپو تۆزییان لە جادە ھەڵداستاند، مامە سۆفی زۆر بائارامییەوە بە مینەی دەگووت. کوڕم منداڵن ئاگات لێیان بێت!  به ڵام کەڕە لە زکماکەوە کەڕولاڵ بوو گووێی لە ھیچ نەبوو، ھەرئەوەندەی دەزانی شەڕەبەرد بکات، پاش بەردە فڕکانێکی زۆر، منداڵەکان زاڵتربوون . خاڵە مینە زانی لە ھەقییان نایەت، ھەردووک چاوی بەملاو ئەولای خۆیدا دەگێڕان، بەڵکو ئەوە خوایە کەسێک بێت بەھاوارییەوە. لە توونی گەرماوی بەرامبەرییان، شتێکی ڕەش وەکو باشووکە بۆ منداڵەکان دەرپەڕی،  سەروڕیشی لەگەڵ قژە درێژە ئالۆسکاوەکەی تێکەڵاو ببو!  چاوەکانی، گەورە زەرد زەرد بەدوای منداڵەکاندا دەگەڕا. شمشێرێکی ڕووتی بەدەستەوەبو. منداڵەکان ھاوارییانکرد”عە ناب"ە شێت ,ھات بە ھانای مینەکەڕ”. عەناب”ھەربەردێکی ڕایدەوەشاند ئەوەندی یەک کالەکی نۆمانگی دەبوون، منداڵەکان پڕبە گەروویان ھاواریان دەکدر(قادسییەی ڕێواسان قادسییەی عەناب)پاش بەردە فڕکێیەکی زۆر، ، بەھەردووکیان توانیان بەھەزار شەڕە شەق، بەرمیلەکە بە قووپاوی لەبندەستی منداڵی بەڕەڵاکان دەربێ ننەوە. خاڵە مینە لە نیوە بەرمیلە نەوتەکە ڕۆھاتو دووبارە بەپشتی خۆی داداو کەوتە دوای مام سۆفی. لەژێر گەرمای خۆرەتاوەکە ماوەیەيک ڕێگایان کرد!  مام سۆفی لە ڕێبوارەکان کەوتە پرسیارکردن، کەڕە زانی نەشارەزایە، دەستێکی لە شانی مام سۆفی داو تێی گەیاند، ئەمن شارەزام. مام سۆفی بە دەسڕەکەی دەستی زوو زوو دەمو چاوی خۆی دەسڕییەوە، ھەردووکییان ئارەقیان دەرکردوو مام سۆفی کەمترو کەڕە زیاتر. بە ناو بازاردا ھاتنە خوارەێ، کە ڕە زۆر بە ئارامییەوە ڕێگای دەکرد، بیری لە نیوە بەرمیلە نەوتەکەی پشتی دەکردەوە”. خودای گەورە چیدەبوو ئەو نیوە بەرمیلە ھی منبوایە؟ کوڕە یەک تەنەکەی بەسم بوو! بەشی پورگووڵێی دراوسێشمانم لێدەدا، گووناھە کاسبکاری نیە، مەگەر کەسێک بە خێر شتیکی بداتێ. 

، بە شی ئەو زستانە سەختەی، چراو سۆبە شی دەکردم!  دەزانی زستانی دەڤەری پشدەر چەند سەختە؟! لە قەندیلو ئاسۆس مامندەو لە ھەر چوار لایەوە سەرمای کوشندەی بۆ دێت، ھەر لەسەرەتای زستانەوە، گوێسەبانەو سەربانەکان چلوورەی وا دەگرن، ھەریەکەی بە قەدەر خەنجەرێک تیژن. زۆر جار لەبەر بەفر چەند خانووی گڵی ھەژاران بەسەر یەکدا -دادەتەپن. زۆر ماڵ دەبێ لەدەرەوە بەفری بەر دەرگایان ڕادەن. خۆھیچ نەبێت، لەگەڵ خەیاڵ پێویست ناکات ئەوەندە سیپاڵان بەخۆدادەن!  ھەتا بەیانی لینگە فرتێیانە

خاڵەمینە لەو بیرو خەیاڵانە دابوو، مام سۆفی دەستی ڕاكێشا، خۆی کرد بە سارەدەمنی و شەربەت فڕۆشێکدا، دوکان جمەی دەھات،  ھەرکەس لە ئاشێکی دەھاڕی. مامە سۆفی ڕووی لە کوڕە لاوە شەربە فڕۆشەکەکرد، ئا کوڕم دوو شەربەتمان بدەیە؟ 

مامە گیان کام جۆر، مێووژ، پرتوقاڵ، مۆز، کاڵەک. ؟ دەبا مێووژ بێت

ئەدی بۆ خاڵە مینە؟ با ئەویش ھەر مێووژ بێت، وانیە خاڵە، خاڵە مینە گووێی لە ھیچ نەبوو لەخۆیەوە سەرێکی ڕازی بوونی ھەژاند. مام سۆفی ڕووی لە کوڕە لاوەکە کرد، بۆ کاک مینەی دەناسی؟ جالەو شارە کەس ھەیە خاڵە مینە نەناسێت. وادیارە جەنابتان خەڵکی ئێرە نیین. ؟ 

مام سۆفی کەمێک ئارەقی دەمو چاوی سڕییەوە، نەخێرکوڕی شیرنم، بە دەم قسە کردنەوە، قوومی بچوک بچوکی لە شەربەتەکەی دەستی دەدا”ئەمن خەڵکی بادڵیانم"ئەو دووڕێ وبادڵیانی لای خۆمان، بۆ ئاوەدان کراوەتەوە؟ ، بەڵێ دەمێکە ئێستا لە خوا بەزیاد بێت، نزیکەی بیست ماڵێک دەبین، بەڵام خزمەت گووزاریمان نیە، ھیچمان بۆ نەکراوه  . دەبێ مامە گیان ئەویش دەبێت، پەنا بە خوا. 

دەنگی بەرزی شاشە گەورەکەی تەلەفزیۆنە ھەڵواسراوەکە قسەکانی پێبڕین ئافرەتێکی بەنازی شۆخوشەنگ، بە دەنگە ناسکەکەی فه رمووی:

ئێستاش فەرموون بۆ خوێندەنەوەی ھەواڵە ئابووریەکانی ناوخۆ"وابڕیارە لەسەری ساڵە وە، ڕێژەی ھەناردنی نەوتی ھەرێم بۆبازاڕەکانی جیھان، لەڕێگای بەندەری جیھانی تورکیەوە، لە دووسەد ھەزار بەرمیل نەوتەوە بەرزبێتەوە بۆ نیو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا

. بەمەش ژییانو گوزەرانی خەڵکی باشتردەبێت"کوڕە لاوە شەربەت فرۆشەکە دیار بوو زۆری لەدڵدابوو، لەربەخۆیەوە جڕتێکی دوورو درێژی کێشا، (کەرە مەم رە بە ھارە، کورتانت بۆ دێنم لەوشارە)ئەوە بەس لە بازاڕێ سپی خوا دەزانێت لە بازاڕی، سەوزو، سوورو، ڕەشو، زەرد چەند بەدزی دەفرۆشرێت، ئەوە جگە لە وھەموو کاروانی، تەنکەرو، کەرو عارەبانە ڕۆژانە کاروان سەری لە دووی یەکتری ناوە ,ھەر لە شیواشۆکان ھەتا سنووری مەرگ، مام سۆفیش حەماسگرتی بۆێ تەواوکرد. کوڕم ئەوانە ئەوەندە برسی بوون, قەد چاویان تێر نابێت، ھەردەڵێن بابێت. سەیرێکی خالە مینەی کرد، ھەزاران پرسیاری لە چاوی خوێندەوە. خاڵە مینە ئاگای لە ھیچ نەبوو، ھەر ئەوەندەی دەزانی زیاتر لە ساڵێکە پارەی شەربەت خواردنەوەی نەبووە. 

مام سۆفی، دەستی لەپشتی خاڵە مینە دا، دەستی بۆ شەربەی شەربەتەکە ڕاداشت، بەسە یان حەزدەکەی زیاتر داوابکەین؟ خاڵە مینە دەستێکی لە سنگی داو ماوەیەک لەسەر سنگی ڕایگرت، دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە، دووعای بەخێری بۆ مام سۆفی دەکرد!  . دووبارە بەرمیلەکەی بەکۆڵێداداو بەرەو جووتکانیان کەوتنە ڕێ. نزیکەی نیو کاتژمێر بەڕێگاوەبوون. سەربەرەو خواربوونەوە کاتێک گەیشتنە بەری جووتکانیان، مام سۆفی چەند جارێک پرسیاری کرد. پاش چەند جار دەستی چەپو ڕاست خۆیان بە ماڵێکداکرد. حەوشێکی دوورو درێژ . خاڵەمینە لە سووچێکی حەوشە بەرمیلەکەی دانا، لە گەڵ دانانی بەرمیلەکە(کورتانەکەی) بووبە دوو پارچە، ھەرچی پووشو پەڵاش ھەیە بەو ناوەیدا بڵاو بوونەوە، مام سۆفی زۆر بەزەی بە خاڵە مینەداھاتەوە، دەھەزارییەکی کەشی لەدەستی کرد، پەرداخیك ئاوی ساردیان بۆ ھێنابەپەلە خواردییەوەو ملی ڕێگای گرت بەرەو دووکانی کوورتان درو. 

دووکانی (مەلا یەرغە) لەسەرەتای قەیسەرییە کۆن وجەنجاڵەکە بوو، مام مینە چووە لای ماوەیەک چاوی بە ناو دوکان و دەرەوەی داگێڕا. سەری لەوھەموو جۆرە کورتانە سووڕما! کورتانی ئەسپ . گوێدرێژ، ھەتا ھی تانجی گەورە، بچووک، ڕەنگاو ڕەنگ، سادە، لەگشت جۆرێک. بەسەر سڵاوێکی لە مەلا کرد. 

-فەرموو، مینە بزانم چیت دەوێت؟ ، مینەش بە شەرمەزارییکەوە دوو پارچە کورتانکەی لە پێشی دانا، مەلا یەک دووجار ئەم دیو ئەو دیوی پێکرد!  مینە بە سەری بابی ھەردووکمان کەڵکی پینە کردنوو درووینەوەی نەماوەفڕێێدە زێی خاسی چەند فەردە ماسی و كیسەڵت بۆدەکوژێت، ئەوە چۆن لەبەر بۆگەنیوی برشت ھەڵنەھاتووە. کورتانێکی تازەی تۆکمەی ھێڵداری فڕێ دایە پێشی، ئەوە بیکە پشتت، کورتانە ئەما کورتان، خاڵە مینە بەدەوری داھاتو چو، کردییە پشتی لاسکەکانی باریکو بۆی تەسک بوو لە شوێنی خۆی دای نایەوە. دانەیەکی کە لەبەرزای ھەڵواسرابوو، داوای کرد “ئادەی کوڕم پێرس بۆی دابگرە"بەدەستووری ئەویکە کردیە پشتی، ماوەییەک شانو ملی بادا، لاسکەکانیشی ئەستوورتربوون، جێگای قوولابو ئاڵقە و ھەندێک شتی تریشی ھەبوون، بەدڵی بوو بەدەست دووپەنجە لەیەک خشاند، واتە بە چەندە؟ ، مەلا ھەندێک بیری کردەوە، کوڕەکەی پێنوس وپەڕاوێکی ھێنا نوسی دووسەد ھەزار، کەڕە سەرێکی بادا، ڕووی لە مە لا کرد، سەرێکی ڕاوەشاند مانای نازانم کوڕم ئەو کەڕە بەستەزمان خووێندەواری لە کوێ بوو"ھە تا بزانێت شقڵی وپقڵی تۆ بخوێنێتەوە"، مەلا گووتی:

ـمینە وەرە، دووجار دە پەنجەکانی بەیەکەوە نا پێنچ پەنجەی کردنە سفر واتە دووسەد ھەزار، مینە مڕەیەک لێ ھەستا کەمێک دوور کەوتەوە، وەکو ئەوەی بڵێ، بۆ چی بووە؟ 

مەلا گووتی. دەباشە وەرە ئەوەیان ھەرزان ترە یەکجار دەپەنجەکانی بەیەکەوەنا، دوو بارە سەرێکی ناڕازی بوونی بادا، ھێمای بۆ دووپارچە کورتانەکەی خۆی کرد، وەکو بڵێ چەنم بۆ حسابدەکەی، مەلا پێکەنی وەڵڵای، دەبێت دەھەزارم بدەیتێ ھەتا بۆتی فڕێ بدەم!  . مینە دەستی بە باخەڵێ داکرد "سی ھەزاری لە دەستی مەلاکرد"، ھێمای بۆ کورتانەکەی خۆی کرد، بە بیست ھەزار، سێ پەنجەی بۆڕاداشت، واتە ھەرمانگی پەنچا ھەزاری دەداتێ، مەلا تۆققەیەکی لەگەڵ کرد، تەواوە کاکە تەواوە، ڕوی لەکوڕەکەی کرد"کوڕم لە دەفتەرەکت بنووسە،  خاله مینە سێ مانگ ،مانگی پەنجا ھەزار

-خاڵە ماوەیەک بەرامبەر کۆنە کورتانە دڕاوەکە دۆشداما!  سیغارێکی بەرامبەر گردا، چەند ھەناسەیەکی قووڵی ھەڵکێشا!  ماوەیەک تاس بردییە وه (ئەو ڕۆژەی لە لادێووە ڕوی لە شار کرد وەبیر ھاتەوە، پاش ئەوەی داکی بە نیوە شەو لەترسی ئاغا زۆردارەکان ڕەدووی کەسێکی نەناسیاو کەوت، بەس ئەوەندەی دەزانی ناوی "پلاسکۆیە”ھەر لەگەڵ ڕەدوو کەوتنەکەی داکی، ژیانی لێتێک چوو، لەوکاتییەوە ئاوارەی شار بوو. ھیچ جۆرە کەسابەتێکی نەدەزانی، بەڵام بە ھێزو بازو بوو، ئەو کورتانەی کڕی ودەستی بە بار ھەڵگری کرد. ماوەیەک شەرمی دەکرد، ئەگەر کەسێکی ناسیاوی دیتبا کورتانکەی بە دەستیەوە دەگرت، بە تایبەتی خەڵکی ئاواییەکەی خۆی"گردەسیپیان" ئەوەندە لە شار دوورنەبوو. دووفرمێسکە قەتیسماو لە چاوەکانی دامابوون. ئاخ دایه!ئه وه ژیان نه بوو ئه تؤ ژییای. یەک دووجار چاوەکنی خۆی ھەڵگڵۆفین، ئای دایک ڕەدوو کەوتن، چەند کۆستێکی گەورەیە) مەلا دەستی دایە دووپارچە کورتانەکە« مینە ئەگەر چاوت لە دوویەتی بڕۆ بۆخۆت بیبە!» . قولابێکی سەرچندراوی زۆرجوانی دایەدەستی ،ئەوەش بۆخۆت. مینە سەرێکی باداو دوورکەوتەوە. لە ڕێگا ھەر دوودەستی بە ھێواشی لە کورتانەکەی دەدا، وەکو ئەوەی دەست بەسەر کەوڵی کووڵکنی ورچێکی سپی نەرم دابێنێت  لە دڵی خۆیدا دەی گووت :خەیا ڵ خۆت بگرەو ھاتم، بزانە بە کورتانی نوێوە چەند ڕێکو پێکم بزانم دەم ناسیەوە.ئەتۆش ڕزگارت بوو لە پینەو پەڕۆ، ھه قی خۆت بوو! بەڵام ئەمن نەدارو دەست کورتم، ھەردەم ڕزقم سوارە، وئێستا لە غەمی ئەوە دام چۆن چۆنی مانگانە پەنجا ھەزار بدەمەوە. سەرگەرمی ئە خەیاڵانە بوو بەناوەڕاست ڕێگادا دەڕۆیشت لەترسی ئۆتۆمبیلو لوریەکانی جادە نەوەک خۆییو کورتان تازەکەی تەڕو قووڕاوی بکەن. خۆی لە گۆماوو چاڵه قووڕاویەکان دەپاراست، لەپشتەوە بێ ئاگابوو. 

چەند ھۆڕنێکی دوورو درێژی بۆ لێدرا، ئاوێنەی دەرەوەی ماشێنێکی جام ڕەش، بە تووندی لەشانیدا

بو بە شەڕە ھۆڕن"لەھەموولایەکەوە واتدەزانی سەمای بووکە، یان ھۆڕنی خۆشی دوای ھەڵبژاردنە" مینە ئاوڕێکی بە لا ی ماشێنە جام ڕەشەکە دادایەوە. دەستێکی ھەڕەشە ئامێزی بۆ ڕاوەشاندن!  ھەرئەوەندەی زانی لەھەر چوار لاوە چاویلکە ڕەش وەکو مافیا بۆی ھاتن، چؤن داڵاش بۆ کەلاک بگەرێن لە چاوتروکانێکدا بۆی دابەزیینە خوارەوە. بۆ خۆشی نەیدەزانی” ئە و ھەموو بۆکزو شەقو، قۆنداغە تفەنگە سەروملو پشتو ناوچەوانیان دەسمی لە کوێوە دەھاتن ولە پای چی؟ "، سەگی سەگباب” خۆی لێ کەڕولاڵ کردووین. لەناو قووڕاو درێژیان کرد، لەو ڕاکێشانو کێشمە کێشمە، کورتانی لەپشت پەڕی، چەندکاروانی ماشینوو جێبە قوورسەکان ڤنە ڤنو گڕە گڕ، بەسەر کورتان ده کەوتن ،چۆن ھاتبوون ئاوھاش بە ھۆڕن لێدان لەو ناوە دورکەوتنەوە. خاڵە مینە ماوەیە ک لەناو قووڕاوەکە بەدرێژبوون مایەوە، دووگەنجی ھەرزەکار ھاتنە بن ھەنگڵی، خاڵە گیان چیبوە؟ بۆخۆشی نەیدەزانی چی ڕویدا! بە چەند ھەنگاوێکی لەرزۆک خۆی گەیاندە لای کورتانە قوڕاوییەکی، پارچە پارچە پووشی قوڕاوی لێمابۆوە"سەد خۆزگەت بە کۆنە کورتان"دوودەستی پڕ پاڕانەوەی بەرەو ئاسمان بەرز کرەدوە، داوای دادو بەزەیی دەکرد. بەشەلە شەلو ئازارێکی زۆرەوە لەوناوە دوورکەوتەوە.

. ھانۆڤەر- بەفرەنباری 2013


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە