چیرۆکەکانی شار: بە بەر چاوی " نەبی یونسەوە" کوردی بەشەرەفیان هەموو لەداردا

Monday, 03.20.2017, 20:42

3412 بینراوە


بە بەر چاوی " نەبی یونسەوە" کوردی بەشەرەفیان هەموو لەداردا، من چۆن دەچم بۆ سەردانی...!
ساڵی ١٩٨١ لەگەڕەکی کارگەی جگە بووین، موختاری گەرەک لەڕێگەی "ئەمنی بەلدە" وە هەواڵیان دا بەماڵی شەهید "عومەرمیرزا" کە دادگایی کراوەو دادگا بڕیاری لەداردانی داوە لە قەسابخانەی موسڵ.
-----------------------------------
 عومەر میرزا ‌*
 ماوەیەک بوو ڕووی لەچیاکردبوو، لەیەکێک لەشەڕەکاندا زامدار دەبێت و دەگیرێت، بەزامداری لەزینداندا دەبێت ماوەیەک بوو تەنها هەواڵی گرتنی هەبوو، ئێستا هەواڵی ڕۆحکێشانی بەشاردا بڵاو بۆتەوە.
ئێمەش هەموو بەو هەواڵە دڵگران بووین و بڕیارماندا هاوبەشی خەمی ئەم ماڵە جوامێرە بکەین، کە وا باوکێک لە قەسابخانەی موسڵ لەدار دەدرێت و پێنچ منداڵ بۆ ناو ئەو ئاژاوەو مەینەتیەی ژیان جێدەهێڵێت.
 هەر ئەو ڕۆژە بڕیارماندا کە بچینە سەردانی پاڵەوانی گەڕەکەمان، ئێمە چەند مێرد منداڵێکی سەرکەش و یاخی بڕیارماندا سەر لە باوکی هاوڕێکەمان بدەین و هاوبەشی لەو ئازارەدا بکەین کە خێزانێکی هەڵدەکێشا لە خەم و بەرگی ڕەشی بەبەر دەبڕین و جێی دەهیشتن بۆ مەینەتەکانی ئەو کاتەی حاکمێتی بەعس.
بەیانی ڕۆژێکی هەینی بوو، چەند پاسێک بەکرێ گیرابوو تا بمانبات بۆ موسڵ شاری تاوان، ئەوەی من لەگەڵیاندا چووم پاسێکی ١٨ نەفەری بوو خاوەنەکەی ناوی" حاجی کەریم" بوو ماڵیان لە گردە بەرزەکەبوو لای کارەباکە و ئەو کاتە حاجی کوڕێکی پێشمەرگەبوو لەقەرەداخ، بۆیە وەک باوکی پاڵەوانێک ڕێزی هەبوولامان و خۆشماندەویست، کات بەهارێکی زووبوو هەمووی چەند ڕۆژێک بوو گەڕەك بە تایەی ئوتۆمۆبێل و نەوت وئاگرو دوکەڵ قاندرابوو، ئەو بەیانی یە گەرچی زۆر زووبوو هێشتا گڵۆپی دارتەلەکان نەکوژابۆوە لەبەردەم ئەوماڵانەدا کە ڕیزە پەنجەرەکەیان لەسەرشەقامەکەبوو بەنزمی چاوەڕێی هاتنی پاسەکەمان دەکرد، هاو سەفەرەکانمان سەر ژمێر دەکرد تا کەس جێنەمێنێت لەسەفەرەکەمان.لەیەک دووپەنجەرەوە چەپکی نێرگز خۆی نمایش دەکرد کە لەناو پەرداخێک ئاو دانرابوون لەناوەڕاستی پەنجەرەکاندا، لەدەرەوە بۆنی نێرگز دەهات چونکە هەموومان ئاشنابووین بەبۆنی ئەو گوڵە کێوییە بەهاریەی بێپەروا شکۆفە دەکات و بەو تەمەنە کەمەیەوە ملیۆنان مرۆڤ شادمان دەکات بەبەبۆنەکەی.
 پاسەکەی ئێمەش گەشت و سواربووین بەرەو شاری موسڵ، هێشتا دنیا تاریک بوو بەڵام لەپشتی چیای گۆیژەوە زەردەیەک پەیامی ڕۆژێکی نوێ دەدا، کەوتینە ڕێگە بێدەنگ، لەناوپاسەکەدا تەنها دەنگی ماشێنەکە دەبیسترا کە حاجی شۆفێر پێی لە بەنزین دەدا، دەنگەکە زیاتر دەبوو کە خێراتر دەڕۆی، من یەکەمین جارم بوو کە بۆشاری موسڵ بچم، ڕەنگە زۆرمان یەکەمین جار بوبێت کە بەرەو ئەوشارە دەچوین؟ 
 کە تۆزێک شار ڕووناک بۆوە ئێمە لەشار دەرچووبووین و گەیشتبوینە پرسگا گەورەکەی تاسڵوجە و لەڕیزی ئەو ئۆتۆمۆبێلانەوە وەستاین کە ڕیزیان بەستبووتا دادگایی بکرێن و پێناسەی سەرنشینەکانی کۆنترۆڵبکرێت، ئەو دەم هێندە ئۆتۆمۆبێل شاری قان نەدابوو، ئێمە زۆر چاوەڕوان نەبووین و نەماینەوەو کەوتینە ڕێگە، دوو دیمەن سەرجی منی ڕاکێشا، یەکەمین گڕکانەکانی بابەگوڕگوڕ بوو کەبەلایدا ڕۆشتین، دوهەمینیان لەنزیکی موسڵ ئەو ڕانە مەڕەبوو کە شوانێکی دزداشە لەبەری لەگەڵدابوو، ڕێک لە وێنەی ناو تەنەکەی" ڕۆنی ڕاعیی" دەچوو، بەهیوام هەمووتان دیمەنی ڕۆنی ڕاعیتان بێتەوە بەرچاو.
 نازانم چەندمان پێچوو ؟ 
بەڵام دەزانم کاتێک گەیشتینە بەر زیندانەکە هێشتا سەردانکەران نەکرابوونە ژوورەوە و خەڵکێکی زۆر لەدەرەوە لەبەردەم دەرگایەکی گەورەی گەراجی بەرری سەوزدا لەشەقامێکی چڵکن و قەرەباڵغدا چاوەڕێمان دەکرد، تابلۆیەک کە بەعەرەبی نوسرابوو بەسەروو دەرگاکەوەبوو چەند دێڕێک بوو، نەمن عەرەبیم دەزانی نە ئەو دەمە مەبەستم بوو بیخوێنمەوە، ڕێزێک دوکاندارو چایخانە بەرامبەر زیندانەکەبوو، بەڕاستیش ئەوان ڕێک لەسەرجان و نیگابانی زیندان دەچوون هەر مۆڕ دەبونەوە و بەگومانەوە لەخەڵکیان دەڕوانی.
 دەرگایەکی بچوک لەناو دەرگا سەوزەگەورەکە ئاوەڵاکراو خەڵکەکە بەدوای یەکدا دەچونە ژوورەوە، لەژوورەوەش یەکە یەکە ناویان دەنوسین و سەیری پێناسەکەیان دەکردین و قامکەکانیان مۆردەکردین و لەدەروازەیەکی ترەوە چوینە ژوورەوە بۆ داڵانێکی نسرم و تەسک کەبەبەردو گەچ دیوارێکی ناشرین و بەرزیان هەڵچنیبوو زیاتر لە ١٠مەتر دەبوو باران دیوارەبەرزەکەی لەهەموو گوناحەکانی شتبۆوە.
لەهەمان داڵاندا دوو ژوور کرابوو زیاتر لەقەفەزی شێر دەچوو بەشیشی ژەنگاوی ئەستور دەوری گیرابوو، لەیەکێک لەو ژوورانەدا زیندانیەک کە دەستو قاچی بەزنجیر بەسرابوو لەوێ بوو، دوای زانیمان کە عەرەبەو لەسەر دەستدرێژی کردن بۆ سەر خوشکی خۆی لەوێ نرابوو، سەرەتا وامان زانی پاڵەوانە، بەڵام دوایی ئەو سۆزەمان نەما بۆی.
لەهەموو گۆشەکانیش دووسەرباز بەڕەشاشەوە ڕوویان لەو داڵانەکردبوو، بۆڕوودانی هەر ئەگەرێک، هەتاو بەتۆپزی دەیدا لەم داڵانە تەسکە بۆیە بۆنێكی ناخۆش و ترسناک بەکەپوماندا دەچوو، دوای ئەوەی هەمووسەردانکەرەکانیان کردە ژوورەوە دەروازەکانیان داخست و پاش کەمێک شەش یان حەوت زیندانی هاتنە ناو خەڵکەکەوە.
زیندانێکان لەگوڵی دەم بەخەندە دەچوون، پێدەچوو ماوەیەکی زۆربووبێت هەتاو لەڕووخساریانی نەدابێت، سپی ببونەوە دەوت خوێن لەجەستەیاندا ناگەڕێت، هەموویان بیجامەیان لەبەردابوو نەعلیان لەپێدابوو شوێن برین بەسەروچاویانەوە دەبینرا، دیمەنی ئەم زیندانیانە چیرۆکی گەشتەکەیان بۆ دەگێڕاینەوە، سەرجانەکان بەبەرگی سەوزو خاڵەکوتراوەکانی سەردەستیان و ڕوخسارە ڕەشەکانیانەوە دیاربوو دەرچووی کامە قوتابخانەبوون کە لەناوماندا دەهاتن و دەچوون ؟
 شەهید "عومەرمیرزا" بەخەندەیەکی پڕ جۆشەوە دەیووت خەم مەخۆن دەستی لەسەر شانی منداڵەکانی دادەناو دەیووت ئەمانە ڕێگە تەواو نەبۆکە م تەواو دەکەن، " مەرگی ئێمە بەردەبازە بۆ پەڕینەوەی گەل بۆ ئازادی".
شەهید" بارزان"یش ڕووی لەبرا بچکۆلەکەی دەکردووتی: من و ئەڵوەند لەتاقی کردنەوەدا گەیشتینە ئێرە، بزانم تۆ دەگەیتە کوێ ؟
 ئەڵوەند برای شەهید بارزان بوو بەر لەماوەیەک لەدار درابوو لەهەمان زیندان.دایکی شەهید بارزان دەیووت دڵنیابە کوڕی خۆم من ئەو ڕۆژەی ڕۆحت دەکێشن بەرگە سورەکە لەبەر دەکەم.
 زیندانیەکی تر کوڕێکی لاوازبوو خەڵکی زاخۆ بوو، ناوەکەیم لەیاد نەماوە بەڵام ئەوەی سەیر بوو لەحوکمە قەرەقوشێکەدا تەمەنی گەورەکرابوو، ئەو کوڕە تەنها دایکی هاتبوو بۆلای، من ئەو شەرەفەم پێبڕا کە دەستە لاوازەکانی بگوشم چەند دڵۆپ فرمێسکی بۆ بڕێژم.
کاتەکە زووڕۆی لێمان پاش کەمێک بەناوی خۆراکەکانەوە کە هێنابوویان لەگەڵ زیندانەکاندا تا ناو دەرگی هاڵەکە چوین و شتکانمان بۆ هەڵگرتن، پێشتر بۆیان باسکردین کە دوو سێ ژووری بەرامبەر یەک کە دەوریان بەفایبەر گیراوە جێگەی لەدار دانی زیندانێکانە.من ئارەزووم بوو گوریسەکان ببینم بەڵام لەدەمی زیندانیەکەوە بیستم کە پێشتر جەلادەکان گوریسەکان لەڕۆن هەڵدەکێشن، زیندانێکانیش بەسرودە شۆڕشگێڕەکانەوە هاوڕێکانیان دەنێرن بۆ بەر پەتی سێدارە.
بەهەمان ڕۆتین کەهاتینە ژوورەوە کراینەدەرەوەو پێناسەکانیان داینەوە وسواری پاسەکان بووین بۆ گەڕانەوە بۆسلێمانی، هەفتەی دادێت ئەو پۆلەزیندانی یە لەدار دەدرێن و لاشەکانیشیان ٢٠ساڵ زیندانی دەکرێت.
 پێم باشە دوا نامەی 
شه هيد ملا على بنوسمەوە کە بەر لەم شەهیدانە لەهەمان زیندان بوە وهەمان پەتی خراوەتە گەردنی بۆ ڕۆحکێشانی.
چاوه‌ڕێی خنكاندنم 
...
نەڵێن ئەمرێ‌ ولەترسی مەرگ پەشێوە
پێشمەرگەبم هەرەكەومە پێش ئێوە
بەمەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسودەم
 ڕوشم زەردی پێ‌ كەنینی هەرپێوە
گەرچی بەرەو دواماڵی ژین بەڕێوەم
یەكەم ماڵی مردنم دیارە لێوەم
بەشم چونكە مردنی ناو جێ‌ نیە
 شادم كەتادوا هەناسەش بەپێوەم
مەرگی ئاوا نا گۆرمەوە بەسەد ژین
ژینێ‌ سەرم بۆدوژمن بێ‌ بەپەرژین
سەربەزی یە كەپێڵاوم ئەبینم
 بەسەرسەری دوژمنەوە لەبەرزیم
لەدوای هێنانەوەی خاڵەشەهاب بۆ سلێمانی، ئیتر بەعسێکان لاشەی لەداردراوەکانی زیندانی دەکرد لە گۆڕستانێک لەموسڵ و پاسەوانی بۆ دانابوون، دوایی ئەم زانیاریانەم لە هاوڕێم عوسمان بیست کە کوڕی شەهید عومەر میرزابوو.
 ئێمە سەر نشینی پاسە ١٨نەفەرێکە خەمبار و تێک شکاو بەرەو سلێمانی کەوتینەوە ڕێگە، بەر لەوەی لەشاری موسڵ دەر چین ژنێکی گەڕەک بەدەنگێکی پڕ نزا بە حاجی کەریمی شوفێری ووت :" ناکرێ سەرێک لە" نەبی یونس" بەین ؟ خۆ ئێمە هەر هاتووین.
ژنێکی تر گەلاوێژی ناو بوو هەر خەڵکی گەڕەکەکەمان بوو، بەدەنگی بەرز ووتی : نەبی یونسی چی....؟ ئەوەتانێ بەبەر چاوی" نەبی یونسەکەتەوە" هەموو کوردی بەشەرەفیان لەدار دا.ئێمە نایەین بۆ سەردانی پێغەمبەرێک بێدەنگی هەڵبژێرێت.
حاجی کەریمیش هیچی نەوت، پێدەچوو وەڵامی گەلاوێژی لەبەر دڵان بێت.بێدەنگ لە موسڵ دەرچووین، گەرچی دنیا سەوزبوو جوانی ئەو سروشتەی نیشتمان بۆ ئێمە هیچ ڕۆڵێکی نەبوو غەمبار بووین و سەدان پرسیار لەهزرماندا گەڵاڵەبوو.
جوێنمان دەدا ڕقمان لەو ناجوامێریە دەبۆوە کە بەعسێکان دەستیان دابویە.
 هاوڕی نوری لەچوارینەیەکدا لەو سەفەرە ڕووی تێکردین ئاوای ووت :
هەرکەسێک دەڵێ من کوردی چاکم 
بۆ "عومەرمیرزا" گەلێک خەمناکم 
ئەگەر ڕاست دەکاو دەرونی داخە 
کوردستان هەمووی تفەنگ و شاخە 
 کە گەیشتینەوە پاش هەفتەیەک هەواڵ هات کە کەسە نزکەکانی شەهید دەتوانن دوا دیداری بکەن.
من و شەهید حەمە بیکەی سی و شەهید فەرەیدوون و هاوڕێ نوری لەدوای ئەو هەواڵە ڕوومان لەچیاکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنمان کەم بوو وەریان نەگرتین بە پێشمەرگە.
شەهید عومەر میرزا
* دوایی داگیر کردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکێکان و ڕوخانی ڕژێمی بەعس تەرمی ئەو شەهیدانە گەڕێنرایەوە سلێمانی و لە گردێک لەخوار خانۆکانی کارگەی جگەرە لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود هەموویان مەزاریان بۆکرا، بیرمە ئەو گردە پایگایەکی پتەوی بەعس بوو زۆر جاران تانکێکیان لێدا دەنا.




(دەنگدراوە: 35 . زۆرباشە: 2.5/5)