مسعود عبدالخالق و پەیڕەوى ئەجێندای هیلالی شیعە

Thursday, 23/03/2017, 21:26

2218 بینراوە


ئەوەى لە شەڕ نەبێ، شمشێری تیژە، دەنگى دەهۆڵیش لە دوورەوە خۆشە، ئەگەر یەکێکت لەنزیکەوە نەناسی کورد وتەنێ  گوللە بەتایکیەوە  مەنێ، ئەوەى لە چەند  ڕۆژی رابردوو لێرەو لەوێ نووسەرگەلێ  بەناوى جیاجیا ، هەندێ لەبەرەى بەرگری و هەندێ لەبەرەى دژ  قسەیان کرد ... باس لە ستایش و پیاهەڵگوتنەکان ناکەم، بەڵام ئەوەى سەرسامى کردوم  نووسینى ئەو دەستەواژانەن بەوەى دەزگاى ستاندەر و خودى مسعود عبدالخالق ناوەندێکە بۆ تابووری  پێنجەم  کە لەو رێیەوە برەو بە ئیرهابی فیکری دەدات ئەمەیش بە تێڕوانینى ئەو نووسرانە بۆ ئەزموونى هەرێم تێکدانى ئاشتى کۆمەڵایەتى و ئاوەژووکردنەوەى راستیەکانن بەجۆرێ لەو رێیەوە بوونەتە میدیای چەواشەکار و تۆوى دووبەرەکى و ڕەشبینى و بێ هیوایی دەچێنن، بەکڵۆجێ لەو ڕوانگەوە خزمەت بە نەیاران و ئەجێندای هیلالی شیعە دەکەن ئەوەش کارکردنى دەزگایەکە وەک بنکەیەکى هەواڵگری ناحەز بە ئەزموونى هەرێمى کوردستان بەوەیش راستەوخۆ دژایەتیکردنى سەربەخۆیی کوردستانە.
لەوڕوانگەوە ئەوەى پێویستە ئاماژەى پێ بدەم:
1-   هەر کەسێک دژ بە ئەزموونى کوردستان هەڵسوکەوت بکات دەچێتە بەرەى ناحەز، ئەوە بابەتێکە نکۆڵی لێ ناکرێ بەڵام ئەوەى من وەک لەنزیکەوە بەشداری زۆرێ لەکۆڕوسیمینارەکانى ئەو دەزگایەم کردبێ هەرگیز درکم بەوە نەکردووە بابەتەکان جگە لەخزمەت بە ئەزموونى هەرێم هیچی تر نیە لەکاتێکدا دەست نیشانکردنى کەم و کوڕیەکان بابەتێک نیە بۆ لەکەدارکردن مەگەر  خەمخۆری و پەرۆشیە تا هەمووان لە هەقیقەتەکان ئاگادار بکاتەوە بۆئەوەى رێگەچارەى گونجاو بۆ ئەو بابەتانە دانێت.
2-   میدیا هەرچیەکبێ دەبێ ئاڕاستەیەکى دیاریکراوى هەبێت کە هەمووان لە خەتە گشتەکاندا خزمەت بەم ئەزموونە بگەیەنن، ئەوەى من لەنزیکەوە مامۆستا مسعود عبدالخالق بناسم کەسێکى خودان ئەزموون و رابردوویەکى پاک و کەسێکى نیشتمان پەروەرە و وتە و دیدار و بۆچوونەکانى گەواهی ئەو هەقیقەتە دەدەن، بەراستى دەبێ هەمووان بە هەستەوەریە مامەڵە لەگەڵ میدیا بکەین و بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ میدیاکان بکەین.
3-   ناو و ناتۆرە هەڵبەستن جگە لە تەشهیر و لەکەدارکردن کە کەسەکان وەک خۆی نەخوێنینەوە، لەو سۆنگەوە ئەوەى گرنگە دەبێ بەرپرسانى هەرێم و دام و دەزگا پەیوەندار و نووسەران بە وریاییەوە  مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکەن، خۆ بارودۆخى ناوچەکە ئەوەندە ئارام نییە تا بکەوینە گیانى یەکدی و بەند و بالۆرە بۆ یەک دروست بکەین، مامۆستا مسعود عبدالخالق جگە لەوەى کتێبە دانسقەکانى بەڵگەى رۆشنبیری و سیاسەتوانى ئەو کەسایەتیە دەسەلمێنێ، من وای ەبینم بارودۆخى هەرێم پێویستى بە کەسایەتیەکى وا هەیە وەک راوێژکار پرس و رای وەربگیرێ چونکە لە رابردوودا زۆر قسەى جوانى کرد و قسەکانى دەقاودەق دەرچوون و هەرگیز شتێکى وام لێی نەبیستووە جگە لەراستى و خەمخۆری بۆ کوردستان، جگە لەوەى کەسێکى ئەوەندە میانڕەوە دەکرێ هەموومان شانازى پێوە بکەین نەک تەشهیر و  لەکەدارکردنى لەکاتێکدا رەنگە شتێکى ئاسایی بێت دام و دەزگا پەیوەندارەکان بۆ هەر تێبینیەک دەرهەق بەهەر دەزگایەک رێوشوێنى یاسایی بگرنە بەر نە بابەتەکە ئەوەندە گەورە بکرێ و رێزیش بۆ کەسایەتیەکان بگەرێتەوە.
4-   هیوادارم ئەو بابەتە لەوە زیاتر گەورە نەکرێ و گیانى لێک تێگەیشتن بکرێتە بنەمایەک بۆ زیاتر خزمەتکردن بە دۆزى رەوای گەلەکەمان و ئەو خەونەى مامۆستا مسعود وەک سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەیبینێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە