لێرەوە لەم ڕۆژەدا، "بەرەی خەڵك" دووڕووی و ساختەیی و ڕووڕەشی بەرەوڕووی: حزبەکان، بەرپرسە حکومی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوە بەناو ئازاد و مەدەنییەکان، کەسایەتییە سیاسی و پەرلەمانی و میدیایی و ڕۆشنبیرەکان دەکاتەوە. دەرکەوت ژیان و بەهای مرۆڤەکان لای ئەم بانگەشەکەرانەی ژیاندۆستی و ئازادی وەک یەک نییە و شیوەن و ماتەمداریان پەیوەستە بە شنەی بەرژەوەندی و دەسەڵاتەوە! ئەمەش تەنها دەمامکداری و ناخە بێبەهاکەی ئەوان و بچووکیان بەدیاردەخا!
بۆیە جێی خۆیەتی کرۆکی ڕاستەقینەی ئەوانە ببینرێت کە پاک و ناپاک و خیانەت و خزمەت لێکجوودا ناکەنەوە، بگرە ئارایشتێکی باشی ڕووە دزێوەکەی دەسەڵاتی ستەم و تاڵان دەکەن!
لەگەڵ ڕێزی "بەرەی خەڵك" بۆ یاسا و دامەزراوەییبوون، جێی داخ و پرسیارە، کە لە ساتی کارایی و ئێستاش کە پارتی کودەتایی بەسەردا کردووە و حزبەکانیش بەم کەڵەگابوونەی پارتی ڕازین و شوورەیی و غیرەت نایانگرێ چ خیانەت و ستەمێک بەرامبەر خاک و خەڵک دەکات، پەرلەمان هیچ ڕۆڵێکی نەبووە بە بەرگرتن لە ستەم و کوشتاری ڕۆژنامەنووسان و دەنگی ئازاد! چونکە پەرلەمان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و شتنەوەی تاوان و تاڵانی حزب و بنەماڵە، کرایە کاریگەرترین قفڵ بۆ بەستنی زاری کۆمەڵگە و بێبەهاکردنی هەموو ناڕەزاییەکان! بۆیە هەرچییەک لێرەدا دەوترێت وتەیە و سانتیمەترێک ئەم گوللەی غەدرانە لە دەنگە ئازا و ئازادەکان دوور ناخاتەوە!
دووبارە دروود بۆ گیانی نوژیان و گشت شەهیدانی دەستی تیرۆری حزب و بنەماڵەکان. بوونی ئەمانە و مانەوەیان لە دەسەڵات، زامنە بۆ کوشتنی هەر دەنگێکی جیاواز و ڕەخنەگر، لە ستەم و تاڵان و خۆسەپاندنیان بەسەر کۆمەڵگەدا! بۆیە هەموو ئەوەتان لەیاد بێ تەنها بە لادان و کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتی تۆقاندن و ئەقڵە داخراو و خۆپەرستە، سەلامەتی بۆ دەنگە ئازادەکان فەراهەم دەبێت.