ئایا سلێمانی پایتەختی ڕۆشبیرییە ؟ گەشتێک بە شارێکی هەتککراودا

Saturday, 01/04/2017, 6:59

3751 بینراوە


ئەمە گۆڕستانی شەهیدانی شارە! "چ بوێرییەکە، ئاوا شەهیدەکانت لەم گردە چڵکنە کۆبکەیتەوە و لەولاشەوە باسی ئازایەتی و قوربانیدانەکانیان بکەیت و شانازیشیان پێوەبکەیت کە ئەمانە لە پێناو داهاتووی ئەم ووڵاتەدا گیانیان بەخشیوە".
 ئەم گۆڕستانە شپرزەیە پێمان دەڵێت : "ئێمە بە کوێ ئازادی گەیشتووین "! لەکاتێکدا ئەمە گۆڕستانی کەسەکانمان بێت کە گیانی خۆیان خەڵاتی ووڵات و ئازادی ئێمە کردوە، ئەی دەبێت ئەوانەی لە سەر جێگە گیانیان دەردەچێت لەکوێدا لاشەکانیان بشارێتەوە؟ 
من لەسەیری ئەم گۆڕستانە هێندە بێتاقەت و بێحەوسەڵە بووم بیرم کردەوە، کە شەهید بوونی ئەمانە و لە قوربانییەکانیاندا هیچ ڕووی نەداوە، هیچیش ڕوونادات، چونکە ئەم گۆڕستانە و کێلەکان بەر لەهەرشتێک تەعریب کراوە و جێگەیەک نییە کە مانای قوربانی دان بێت..! بەڵکو جێگەیەکە تەنها بۆ شاردنەوەی لاشەکان و هیچی تر.
شەهید بوون پلەیەکە گەیشتنە بەلوتکەی بەرزیی و قوربانیدان، کەچی لەم شارەدا کە مێژوەکەی لە خوێن هەڵکێشراوە ئاوا جێگەیەک بۆ شەهیدەکانی دانراوە، کە مایەی قسەکردنە لەسەری.
جگە لەوە من گومانم نییە کە سەدان ناپاک لەم گردی شەهیدانە نێژراون و لاشەکانیان شاراوەتەوە، بۆیە ئەمەش ئازارێکی ترە بۆ قوربانییەکان.ئەم گۆڕستانە ئەوەمان پێدەڵێت :کە ئەم دەسەڵاتە چەند سوکایەتی بە قوربانییەکانی دەکات؟ووتم چەندە باش دەبوو، کەوا ناوی هەموو شەهیدەکان لەسەر دیوارێک نەنووسیوە، کۆمپیانیایەکی تورکی، یان بازرگانێک کە ساختەکاربێت، یاخوود قەیوان و نۆکانیش دەستیان پێنەگەشتایە، ئەو ئەرکەیان پێ بسپێردرایە و ئەوکاتە ناوی سەدان خۆفرۆشیان لەگەڵ ناوی شەهیدەکاندا تێکەڵ دەکرد، وەک چۆن سەدان جاش و فایلدار و ئەمن و ئیستخبارات و جاش شەعبی لە گەڵ پێشمەرگەدا موچەی خانەنشینی وەردەگرن.ئێرەش وای لێدەهات.
لەکاتێکدا مرۆڤ لەم گۆڕستانە چڵکن و داماوە دەڕوانێت، دەزانێت خەڵکی چۆن ژیان دەکەن لەم شارەدا ؟
پرسیارەکە لەوەدایە داخۆ شارێک پایتەختی ڕۆشبیری بێت، ئەمە گۆڕستانی شارەکەیەتی ؟ 
داخۆ ڕۆشبیریی تەنها قسەیەکی بەتاڵ و بێمانا نییە، کە بە بەرۆکی ئەم شارەیاندا هەڵواسیوە؟ 
ئێمە واز لەدەسەڵات دێنین و لەخەڵکەکەی دەپرسین، ئەرێ گەلۆ ئەم گۆڕستانە ئەتکراوە شایستەی قوربانی و خەڵکەکەیەتی، یان پێچەوانەکەی...؟

گردی شەهیدان
 گۆڕستان لە زۆر جێگەدا لە قوتابخانە دەچێت، بێد نگی لەوێدا حاکمە و خەڵکی بۆ بێدەنگ بوون و ڕوانین و قوڵبونەوە لەمردن و یادێک لەکۆچکراوانیان دەچنە گۆڕستانەکان.زۆرجار گۆڕستان کەشێک دەخوڵقێنێت کە بێدەنگی دەبێتە ناسینی خود و لەوێدا لەداهاتووی گەشتەکەت دەڕوانی.گۆڕستان مۆزەخانەیەکە کە میوان و خەڵکی شار سەردانی دەکەن، بەڵام لەم گۆڕستانە بەسەر یەککەوتوو تێک ترشاوەدا نەک ناتوانی بێدەنگ بیت، بەڵکو ناتوانی هەنگاوێک هەڵهێنی بۆ گۆڕێک بگەڕێیت، نوسراوی سەرکێلێک بخوێنیتەوە، لێرە دەبیتە دڕندە و قێز لەمردن و قوربانییەکانیش دەکەیتەوە.گەر لەم پایتەختی ڕۆشبیرییەدا بتەوێت جێگەیەک بۆ بێدەنگی بدۆزیتەوە، دەستت ناکەوێت.شەقامەکان شەو و ڕۆژ ئۆتۆمبێلەکانی پێدا دەڕوات و بازاڕ و کۆڵانەکانیش پڕە لە خەڵکی ماندوو، ماڵەکانیش هەمووی خەریکی سەیرکردنی درامای تورکین و مزگەوتەکانیش جێگەیەکە بۆ نەسیحەتە شەرعییەکان و ترساندن بەئاگری جەهەندەم، لە پڕێکدا بانگی مزگەوتی گەڕەکەکان بە دەنگی مەلایەکی میسری پڕت دەکات لە ژاوەژاو.
گۆڕی مووچەخۆرێکی سەفارەتی بەعس لە گردی سەلیم بەگ نێژراوە، کارەبای بۆ راکێشراوە و  پاسەوانی بۆ دانراوە
ئەو گۆڕستانانە پێشمان دەڵێت، کەوا هەر چۆن بەرپرسە زیدنووەکان لە ئیستاوە خۆیان لە خەڵکی دوورخستۆتەوە، ئاواش گردی تایبەتیان بۆ خۆیان جیاکردۆتەوە و دەیانەوێت لەوێدا بنێژرێن دوور لەم گۆڕانە، ئەوەتا شێرکۆ بێکەسێکیش کە نەخۆش بوو، لە کوردستان رایکرد و بۆ چارەسەر چووە ئەوروپا، کە مردیش لاشەی خۆی لە ناو شاردا و لە باخچەی گشتیدا بەخۆی رەوا بینی.
 گەشتەکەم لە پایتەختی ڕۆشبیردا درێژەی دەبێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە